You Are Here: Home » بابەتەكانمان » پەروەردەكارانی ئەمریكا (بیردۆزی گەشەكردن) لەكار دەخەن

پەروەردەكارانی ئەمریكا (بیردۆزی گەشەكردن) لەكار دەخەن

پەروەردەكارانی ئەمریكا (بیردۆزی گەشەكردن) لەكار دەخەن

نووسینی: د. أحمد نبیل أبو خطوە

وەرگێڕانی: دایكی لانە

ڕۆژی 4شەممە (11ی ئابی 1999) ڕۆژێكی یەكلا كەرەوە بوو لە مێژووی فێركردنی گشتی لە وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا, كاتێك (بەڕێوەبەرایەتی فێركردن) لە وویلایەتی (كانساس Kansas) لەوەی بۆ دەیان ساڵا باوبوو دەرچوو, بەوەی بە زۆرینەی (6 دەنگ) بەرامبەر بە (4 دەنگ) بڕیارێكی بوێرانەی پەسەند كرد بە لەكار خستنی بیردۆزی گەشەكردن یان گەشەسەندن (Evolution)ی تایبەت بە ڕەچەڵەكی مرۆڤ (أصل الإنسان), و بیردۆزی لێدانی مەزن (Big Bang)ی تایبەت بە دروست بوونی زەوی, بە جۆرێك ئەم بڕیارە هەموو قۆناغەكانی خوێندنی میریی لەو وویلایەتە بگرێتەوە.

ئەم بڕیارە لێدانێك بوو بۆ لایەنگرانی داروین (Darwinism) و بیردۆزەكەی, بە تایبەتی لەكاتێكدا بوو كە جیهان بەرەو هەزارەی سێهەم هەنگاوی دەنا, لە بەرامبەردا لایەنگرانی بیردۆزی دروست بوون (الخلق) كە باوەڕیان وایە (سیفری دروست بوون) كە لە (إنجیل)دا هاتووە ڕەچەڵەكی مرۆڤ روون دەكاتەوە خۆشحاڵییان بەم بڕیارە دەربڕی، یەكێك لە پیاوە ئاینییەكان دەڵێت: (لە كاتی ئێستادا هیچ بیردۆزێك نییە بتوانێت باوەڕی پتەومان لەق بكات كە (الله) داهێنەری هەموو گەردوونە)، هەندێ‌ لە مامۆستایان داوایان كرد كە كەمێك ئازادییان پێ‌ بدرێت كە هەڵە و كەم وكوڕییەكانی بیردۆزی گەشەكردن بۆ قوتابیان ڕوون بكەنەوە, بەتایبەت ناتەبایی ئەو بیردۆزە لەگەڵ سادەترین پرەنسیبە زانستی و كیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجییەكاندا.

بەڵام ئەو كۆمەڵانەی كە لە دژی ئەوەن دین بخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە, ئەم بڕیارە بە تێكشكان و پاشەكشەی خوێندنی ئەمریكی بۆ (100) ساڵ بەر لە ئێستا دەبینن، تەنانەت یەكێكیان لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی هەواڵی (CNN) ڕایگەیاند كە: (لابردنی بیردۆزی گەشەكردن لە پڕۆسەی خوێندندا وەك لابردنی خشتەی خولییە لە زانستی كیمیا, یان لابردنی سەرۆك (لینكۆڵن)ە لە ماددەی مێژوودا).

  

 

ئەمەش لە كاتێكدا زۆرێك لە میانڕەوەكان ڕایان وایە هەردوو بیردۆزەكە بەیەكەوە بخوێندرێت لە قوتابخانەكاندا, یان لە رێ‌ی ماددەیەك یان دوو ماددە لە بابەتی مێژووی ئاینەكاندا یان لە ماددەی ئاینی بەراورددا, كە دەتوانێت باسی راستییەكانی زانستی سەردەم بكات و بیبەستێتەوە بە ناوەڕۆكی پەیامە ئاسمانییەكانەوە.

گومانی تێدا نییە كە ئەو دەنگانەی داوای گەڕانەوە بۆ ئاین دەكەن زیادی كردووە, و گوێ‌یان لێ‌دەگیرێت بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەو ووڵاتە (واتە ئەمریكا) زنجیرەیەك لە توندوتیژی و كوشتنی هەڕەمەكی لەناو قوتابخانەكاندا بەخۆوە بینی, و دەیان قوتابی بوونە قوربانی لە ماوەی شەش مانگدا, كە بووە هۆی ئەو بێدار بوونەوەیە و گەڕانەوەیە بۆ دەستگرتن بە ئاینەوە.

سەرەتای پریشك:

بڕیاری وویلایەتی (كەنساس) وەك یەكەم پریشك بوو بۆ دەربڕینی تووڕەیی زۆرێك لە پارێزكاران (محافظین) كە باوەڕیان وایە پابەند نەبوون بە ئایین گرنگترین هۆی لێك ترازانی كۆمەڵایەتی و تاوانەكانی توند و تیژییە لەلای لاوان, هەر بە كاریگەریی گەورەی ئەم بڕیارە بەڕێوبەرایەتی فێركردن لە هەریەك لە وویلایەتەكانی (تینیسی Tennessee) و (لویزیانا Louisiana) ڕایانگەیاند كە قوتابخانەی حكومی مافی دەركردنی هەر مامۆستایەكی هەیە كە بیردۆزی گەشەكردن وەك ڕاستییەكی زانستی باوەڕپێكراو شیبكاتەوە, هەروەها ئەنجومەنی وولایەتی (جۆرجیا Georgia) بڕیاری پێویستی خوێندنی هەموو بیردۆزەكانی ڕەچەڵەكی ژیان و لە ناویاندا بیردۆزی (دروست بوونی تایبەت)ی دەركرد وەك ئەركی هەموو قوتابخانە حكومییەكان بەبێ‌ جیاوازی, و ئەنجومەنی باڵای فێركردنی گشتی وویلایەتەكانی (واشنتۆن Washington) و (ئۆهایو Ohio) ڕایانگەیاند كە داوا دەكەن كتێبی (پاندا و خەڵك) (Pandas & people) بخوێنرێت كە هەموو لاپەڕەكانی هێرشی توندی تێدایە بۆ سەر بیردۆزی گەشەكردن.

 

 لەڕاستیدا بڕیاری وویلایەتی (كانساس) ئەوە دەگەیەنێت كە (بیردۆزی دروست بوون) لە شەو و ڕۆژێكدا جێگای بیردۆزی (گەشەكردن) دەگرێتەوە، بەڵكو مانای وایە كە زۆركردن نییە لە قوتابخانەكاندا بۆ خوێندنی بیردۆزی گەشەكردن (یان گەشە سەندن), و قوتابیانیش تاقیكردنەوەی تێ‌دا ناكەن, چونكە بەپێ‌ی ئەم بڕیارە مامۆستا ناتوانێت لە تاقیكردنەوە گشتییەكاندا پرسیاری لەسەر دابنێت, هەندێك ڕایان وایە ئەم بڕیارە كاریگەریی دەبێت بۆ چاو خشاندنەوە بە هەندێك بابەتی تری خوێندن كە بووەتە جێ‌ی مشتومڕ, وەك ماددەی ڕۆشنبیریی سیكسی (Sex Education) كە ئێستا لە هەندێك لە قوتابخانەكاندا ناوەكەی گۆڕڕاوە بە ماددەی فێربوونی یان رۆشنبیری ژیانی خێزانی (Family Life Education).

بیردۆزی گەشەكردن لە فێركردندا:

مێژووی دانانی بیردۆزی گەشەكردن لە فێركردنی گشتی قوتابخانەكانی ئەمریكادا, بە تایبەتی لە زانستی زیندەوەرزانیدا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 30 ساڵ بەر لە ئێستا, كاتێك دادگای فیدڕاڵی بڕیاری جیاكردنەوەی دینی دەركرد لە فێركردن لە ساڵی(1968)دا بەپێ‌ی پرەنسیپی ئازادی رادەبڕین كە مادەی یەكەمی دەستورە, لەدوای ئەوە چەند هەوڵێكی سەرنەكەوتوو درا بۆ بەزاندنی ئەم بڕیارە و كار پێ‌نەكردنی, بۆ نمونە لە حەفتاكاندا وویلایەتی (ئاركنساس Arkansas) و وویلایەتی (لویزیانا Louisiana) رایانگەیاند كە ڕێگە دراوە بە تەرخان كردنی دووكاتی وەك یەك بۆ خوێندنی هەردوو بیردۆزی دروست بوون و گەشەكردن، بەڵام دادگای باڵادەستی خستەوە ئەم مەسەلەیە و ڕاگەیاندنەكەی ڕەتكردەوە, دوا بڕیاری وویلایەتی كەنساس بە زیرەكانە وەسف دەكرێت لەبەر ئەوەی خوێندنی بیردۆزی گەشە كردنی بە ڕاشكاوی ڕەت نەكردووەتەوە, بەڵكو داوای لابردنی كردووە لە خوێندنی ئیلزامیدا, بۆ نموونە مامۆستا دەتوانێت لە پۆلدا ئەم بیردۆزە شی بكاتەوە و ووتووێژی لەسەر بكات, بەڵام زۆر لە قوتابی ناكرێت تاقیكردنەوەی تێ‌دا بدات, و ئەمەش بە هیچ شێوەیەك شكاندنی دەستووری تێ‌دا نییە.

گەلی ئەمریكی بە شێوەیەكی گشتی لەمبارەیەوە دابەش بووە، لە دوا ڕیفراندۆمدا (46%)ی خەڵك بە بەڵێ‌ بۆ راستی بیردۆزی گەشەكردن, و (68%) بە بەڵێ‌ بۆ راستی بیردۆزی دروست بوون دەنگیاندا، بەڵام قوتابیانی قۆناغە سەرەتایییەكانی خوێندن ڕایەكی تریان هەبوو، (80%)یان كۆكبوون لەسەرئەوەی كە (الله) داهێنەری گەردوون و هەموو ئەوانەیە كە تیایدان !.

ڕای سیاسییەكان:

ئەم كێشەیە دەنگدانەوەی سیاسی زۆری هەبوو, و هەندێك لە سیاسییەكان و پاڵێوراوانی سەرۆكایەتی بەكاریان هێنا بۆ بەدەست هێنانی دەنگی زیاتر، ووتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند كە (سەرۆك كلنتۆن) (سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا), بە پێویستی دەزانێ‌ كە هەموو لایەك پابەند بێت بە بڕیاری دادگای باڵا بە جیاكردنەوەی دین لە فێركردن, و ووتی: (بە هیچ شێوەیەك دژی ئەم بڕیارە كارناكەین), لە كاتێكدا جێگری ئەو كاتەی سەرۆك (ا‌ل گور) كە خۆی ئامادە دەكرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی ڕایگەیاند: (كە ئەو بە باشی دەزانێ‌ قوتابخانەكان پاپەند بن بە خوێندنی ئەو بیردۆزەی گەشە كردن كە لەگەڵ دۆزینەوەكانی ئێستادا ڕێك دەكەوێت, و لەهەمان كاتدا كاتێك تەرخان بكرێت بۆ هەر قوتابخانەیەك كە بیەوێت بیردۆزی دروستبوون بخوێنێت), (جۆرج بۆش) حاكمی ئەو كاتەی وویلایەتی (تەكساس) (و سەرۆكی ئێستا) ڕایگەیاند: كە ئەو بە باشی دەزانێ‌ رێگابدرێت بە خوێندنی هەردوو بیردۆزەكە بەبێ‌ جیاوازی, و ئەم كارە بەجێ‌ بهێڵرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی فێركردن لە وویلایەتەكاندا بەبێ‌ دەست تێوەردانی حكومەتی فیدڕاڵی, كاندیدێكی تری كۆمارییەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەو كاتە ملیۆنێر (ستیف فوربس) ئەو وێنە شیكارییانەی كە بۆ بیردۆزی گەشەكردن لە كتێبەكانی خوێندندا بەكاردەهێنرێت بە فێڵێكی گەورە (Massive Fraud) و درۆ و شێواندنی زۆری ڕاستییەكانی وەسف كرد.

كاندیدێكی تری ئەو كاتەی كۆمارییەكان بەناوی (پات بوكانون) لە دیدارێكیدا لەگەڵ پەیامنێری كەناڵی (A.B.C.)دا ووتی: (من لە ڕەچەڵەكی مەیموون نیم), و (ئەو بیردۆزی گەشەكردن بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكاتەوە), هەروەها ووتی: (نابێت قوتابییەكانمان بەو ووتە پڕوپووچانە فێربكرێن), و ووتی: ئەو باوەڕی هەیە كە (الله) گەردوونی دروست كردووە, هەتا ئێستا هیچ وولاتێكی ڕۆژئاوا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ گۆڕینی مەنهەجەكانی خوێندنی كە پشت ئەستورە بە بیردۆزی گەشەكردن, لەبەرئەوەی بەڕێوبەرایەتییەكانی فێركردن لەم ووڵاتانە هێشتا لەو باوەڕەدان كە ئەم بیردۆزە لەگەڵ زانستی هاوچەرخدا دەگونجێت، (ستیف گۆلد) لە ووتارێكی گۆڤاری (تایم)دا كە بابەتی بەرگەكەی گەشە كردن بوو, لەسەرەوە ئەم ناونیشانە هەبوو (هەستان لە مەیموونەوە Up from Apes) دەڵێت: (هۆكاری پەیوەست بوون بە بیردۆزی گەشەكردنەوە ئەوەیە لە كاتی ئێستادا هیچ بیردۆزێكی تر نییە جێگای بگرێتەوە, و ئەمەش بەتەواوی وەك بیردۆزی سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا ڕاستییەكی بێ‌ هاوتایە).

بیردۆزەكانی ڕەچەڵەكی ژیان:

لەڕاستیدا هیچ بەڵگەیەكی ماددی لەبەردەستدا نییە لەسەر ئەوەی كەی و چۆن ژیان دروست بووە؟ لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەی هەست پێ‌كراو و بیروباوەڕییانە و زانستیی جۆراوجۆر هەیە كە وای كردووە ڕای مرۆڤەكان دابەش بن, و گریمانە و بیردۆزی زۆر بۆ ڕوون كردنەوەی دەست پێكردنی ژیان دابنرێت, لەم بیردۆزانەش بیردۆزی (پەیدابوون یان سەرهەڵدانی خۆیی Spontaneous Generation) كە دەڵێت ژیان لە ماددەی نازیندوەوە دەست پێ‌دەكات و سەرهەڵدەدات؟! بۆ نموونە مشك لە كەڵەكەی خۆڵا و خاشاك و پاشماوەوە, و مێش لە پەنیری ترشاوەوە دروست دەبن، بەڵام لویس پاستێر (1822-1895ز) و هەندێك لە زانایانی تر ناڕاستی و شكستی تەواوی ئەم بیردۆزەیان سەلماندووە.

بیردۆزێكی تر هەیە بەناوی (ماوەی گەردوونی) (الحقبە الكونیە Cosmozoic Theory) كە دەڵێت: (تۆوی ژیان) لە ڕێگای تەنی گەردوونییەوە هاتۆتە سەر زەوی بە گەشتێكی زەمەنی دوورودرێژ، ئەم بیردۆزەش جێی باوەڕ نییە, لەبەرئەوەی ڕەچاوی كەش و هەوای نادروست بۆ ژیان لە دەرەوەی هەسارەی زەوی ناكات, هەروەها ئەم بیردۆزە چۆنێتی دروست بوونی (تۆوی ژیان) ڕوون ناكاتەوە, تەنها بیردۆزێكی تر كە مابێت بریتییە لە بیردۆزی (گەشەكردنی كیمیایی Chemical Evolution), كە دەڵێت ژیان پێش ماوەیەكی دوورودرێژ دەستی پێ‌كردووە, دوای ئەوەی كە زەوی جێگیر بووە بەهۆی ئەوەی كە پێی دەوترێ‌ لێدانی مەزن (الچربە الداویە), ژیان لە ماددەی ساكاری مردوو لەناو دەریایەكی سەرەتایییدا (Primordial Sea) دروستبووە, كە لە سروشت و پێكهاتەكانیدا لە ئاوی دەریاكانی ئێستا جیاوازە.

بیردۆزی گەشەكردنی ئەندامی (Organic Evolution) كە تەواكەری بیردۆزەكەی پێشووە دەڵێت: هەموو بوونەوەرێكی زیندوو لە زیندەوەرێكی پێش خۆی دروست بووە, و ئەم گۆڕانە لە شێوەدا پێویستی بە سێ‌ مەرج هەیە كە بریتین لە مەرجەكانی: گۆشەگیری جوگرافی (العزل الجغرافی Geographic Isolation), و هەڵبژاردنی سروشتی (الإنتخاب الطبیعی Natural Selection) و ماوەیەكی زەمەنی دوورودرێژ, هەموو ئەم بیردۆزانەش كە بە گشتی بە بیردۆزی گەشەكردن دەناسرێن چارلز داروین (1809-1882ز) لە سەدەی (19)دا بناغەی داڕشت, و پێی وایە كە جیاوازییە سروشتییەكان كە لە سیفەتە بۆماوەیییەكانی هەموو بوونەوەرێكدا هەیە لەژێر بارودۆخی جیاكردنەوە (عزل), و مانەوە بۆ باشتر (البقاء لڵاصلح)دا دەبێتە هۆی دروست كردنی تاكێكی تر كە سیفاتی نوێ‌ی هەبێت و لە هاوشێوەكانی باڵاتر بێت، بە تێپەڕ بوونی كات تاكە لاوازەكان لەناو دەچن و بەهێزەكان دەمێننەوە, و سیفەتە-كانیان بەهۆی نەوە لە دوای یەكەكانیانەوە دەگوازرێنەوە.

وا پێویست دەكات كرداری گەشەكردن لە هەموو زیندەوەراندا نەوەستێت جگە لە مرۆڤ, بەڵام خاوەنانی ئەم بیردۆزە دەڵێن كە مرۆڤ لە گەشە كردن وەستاوە بەهۆی نەبوونی مەرجی گۆشەگیریی جوگرافی, بە بەڵگەی ئەوەی كە مرۆڤ (ناوە زانستیەكەی بریتییە لە: Homo sapiens واتە: مرۆڤی ژیر) ئێستا دوور لە مرۆڤایەتی ناتوانێت بژی.

زۆر لە خەڵك بڕوایان وایە كە بیردۆزی گەشەكردن بەو شێوەیەی كە زانا ماددییەكان تەفسیری ژیانی پێدەكەن بێحورمەتی كردنە بە بیروباوەڕە پیرۆزەكان, و دژی بیردۆزی دروست بوونە, لە گەورەترین دامەزراوەی زانستی دژی بۆ چوونی گەشەكردن لە ئەمەریكادا بریتییە لە دامەزراوەی لێكۆڵینەوەكانی دروست بوون (هیئە أبحاث الخلق The Institute for Creation Research) لە (كالیفۆرنیا), كە لە ساڵی (1975)دا دامەزراوە, و لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنیدا 8 زانای لێهاتووی لەخۆگرتووە لە بواری پسپۆڕی خۆیاندا, لە گرنگترین ئامانجە ڕاگەیاندراوەكانیان:

گەڕانەوەیە بۆ سیفری درووست بوون (سفر التكوین), و لە چالاكییە دیارەكانیان بەستنی كۆڕ و موحازەرات و سازدانی دیدار لەگەڵ مامۆستا و قوتابیاندا (بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای (الله)ی دروست كەری ئەم گەردوونە.

لە دیدارێكدا لەگەڵ بەرنامەی (Insight) كە ڕۆژانە لە كەناڵی (CNN) پێشكەش دەكرێت یەكێك لە ئەندامانی ووتی: {ئێمە وەك زانایانی فیزیایی و بیركاری و بایۆلۆجی, بیردۆزی گەشەكردن بە تەواوی ڕەت دەكەینەوە, لەبەر ئەوەی لەگەڵ سادەترین پرەنسیپی زانستیدا ناگونجێت, بە تایبەت پرەنسیپی یاسای دووەمی دینامیكی گەرمی (Second Law of Thermodynamics) كە دەڵێت: هەموو گۆڕانە فیزیایی وكیمیایییەكان كە بەسەر هەر سیستمێكدا بێت بەردەوام دەبێت هەتا هەڕەمەكی (Entropy) زیاد دەكات تا ئەو كاتەی ئەو سیستمە دەگاتە خاڵی هاوسەنگی}, ئەم یاسایەش ئەوە ئەگەیەنێت كە هەتا هەڕەمەكی سیستم زیاد بكات بە تێپەڕبوونی كات لەناو دەچێت و بەردەوام نابێت، لەبەرئەوەی سیستمە جیاوازەكان بە تێپەڕبوونی كات تووشی تێكچوون و (فوضی) دەبن، هۆی ئەمەش ئەوەیە كە ڕێگای زۆر هەیە بۆ دروست بوونی ناڕێكی وهەڕەمەكی (عشوائیە), لە كاتێكدا كە ڕێگای دیاری كراو هەیە بۆ گەڕاندنەوەی سیستم و رێكوپێكی.

سیستمی ڕێك خستنی گەرد و گەردیلەكان و پاشان كۆكردنەوەیان بۆ دروست بوونی خانە و و شانە و ئەندامەكانی لەش (كە بیردۆزی گەشەكردن باسی دەكات), ئەگەر بەبێ‌ دەست تێوەردانی (تدخل)ی خوای گەورە بەجێ‌ بهێڵرایە دروست نەئەبوو، هەروەها ئەم زانایانە دەڵێن: تەمەنی زەوی (4.5 بلیۆن) ساڵ نییە, وەك خاوەنانی بیردۆزی گەشەكردنی بێ‌خودا باسی دەكەن, بەڵكو (10000 ساڵە) ئەمەش بەس نیە بۆ ئەو گەشەكردنە باس لێكراوە، هەروەها ئەڵێن كە هێڵكاری ژیانی ناسراو بە دی ئێن ئەی (DNA) بە هۆكارێكی زیرەكانەی لەڕاددەبەدەر نەبێت (Intelligent Agent) دروست نابێت, ئەمە ووتەی زانایانی دامەزراوەی توێژینەوەكانی دروست بوونە.

ئێمە وەك كەسێكی موسوڵمان بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ بیردۆزی گەشەكردن ڕێك ناكەوین ئەگەر ڕەچاوی دەسەڵاتی خوای گەورە نەكات, ئەو دەقانەی لە قورئان و سوننەتدا هەیە باس لە دروست كردنی مرۆڤ دەكات بەڕوونی, كە خوای گەورە مرۆڤی لە سەرەتادا لە قوڕ دروست كردووە (مِنْ طِیْن), پاشان لە قوڕێكی تێكچوو و گۆڕڕاو (مِنْ حَمَإٍ مَّسْنٌون) و دواتر لە قوڕێكی ووشكەوەبوو وەك فەخفوری (مِنْ صَلْصَالٍ كَالفَخّار), هەروەها لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە لە ئاو دروستی كردووە، و بەپێی ئەو دەقانە مرۆڤ بە شێوەیەكی تایبەت و جیا دروست كراوە, نەك بە ڕێگای گەشەكردن لە جۆرێكی تر لە زیندەوەران: [ڵقَدْ خَڵقْنَا الْإِنسَانَ فِی أَحْسَنِ تَقْوِیمٍ] (التین:4), هەروەها لە ئایەتێكی تردا هاتووە: [ۆڵقَدْ خَڵقْنَا الْإِنسَانَ مِن سُڵاڵەٍ مِّن طِینٍ] (المۆمنون:12), هەروەها هەرچی لە گەردووندا هەیە دروست كراوی خوای گەورەیە.

زۆر لە زانایان بڕوایان هەیە كە بەدیهێنەر (خوای پەروەردگار) مرۆڤەكان و هەموو بوونەوەرەكانی تری بەجیا لەیەك دروست كردووە, بەهەمان شێوەشن كە یەكەم جار دروستی كردوون, لەمەدا ئەمانیش پشت ئەستوورن بەوەی كە هیچ بەڵگەیەك نییە بۆ بوونی قۆناغی ناوەڕاست لە گەشەكردنی هیچ بوونەوەرێكدا, كە ئاماژە بدات بە تێپەڕبوونی بەو بارەدا, هەروەها ئەو ئەڵقە وونەی (قۆناغە ناوەڕاستەی) گەشەكردنی مرۆڤ هەتا ئێستا وونە، دوای ئەوەی لەم دوایییانەدا لە (حەبەشە) پەیكەرە ئێسكێك دۆزرایەوە لە سەرەتادا وایان دەزانی كە ئەو ئەڵقە زەمینییە وونەیان دۆزیوەتەوە لە پلەی گەشەكردنی مرۆڤدا؟! بەڵام  لە دواییدا دەركەوت كە ئەوە ئێسقانی ئاژەڵێكە (نەك مرۆڤ) بەناوی مێرووخۆر (اكل النمل), كە لە پەیكەری مرۆڤ دەچێت, جگە لەوەش بیردۆزی گەشەكردن لە ڕاستیدا زانست نیە بە تەنها.

لەبەرئەوەی هەرگیز ناتوانرێت تاقیكردنەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت و گرنتی دووبارە بوونەوەی نییە لەداهاتوودا.

سـەرچـاوە:

گــۆڤــــاری (الإعــجــــاز العلمی)/ ژمارە (5)/ كــە دەردەچێت لـــــەلایەن: (هیئـە الإعجاز العلمی فی القرأن والسنە).

 

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ ١٠ ی گۆڤاری هه‌يڤ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top