You Are Here: Home » هەمەجۆر » موسڵمانبوون » چیرۆكی موسوڵمان بوونی دكتۆری فەڕەنسی (مۆریس بوكای)

چیرۆكی موسوڵمان بوونی دكتۆری فەڕەنسی (مۆریس بوكای)

چیرۆكی موسوڵمان بوونی دكتۆری فەڕەنسی (مۆریس بوكای)

بە پێنووسی (د. یحیی الغوثانی)  

وەرگێڕانی: هێمن محی الدین عبدالرحمن/ بەكالۆریۆسی بایۆلۆجی

ئەو كاتەی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی فەرەنسا درا بە سەرۆكی كۆچ كردووی فەرەنسی (فرانسوا میتران) لەساڵی (1981), لە كۆتایی هەشتاكاندا فەرەنسا داوای لە (میسر) كرد بۆ میوانداری كردنی لاشەی مۆمیا كراوی فیرعەون بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی شوێنەواری و ئەسەری, لەپاش ڕەزامەندی وەرگرتن جەستەی بەناوبانگترین ستەمكار كە زەوی ناسیویەتی گوێزرایەوە بۆ فەڕەنسا, لەلای پەیژەی فڕۆكەكەوە سەرۆكی فەڕەنسی و وەزیرەكانی و گەورە پیاوانی فەرەنسی دەستەونەزەر ئامادەی پێشوازی كردنی بوون.


پاش كۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی پێشوازی شاهانە لە لاشـــــەی فیـرعـــەون لــــەســـەر زەوی فـــــەرەنسا, لاشـــــە مۆمیاكراوەكەی فیرعەون گوێزرایەوە لە كەژاوەیەكدا كە كەمتر نەبوو لە پێشوازییەكەی, و پاشان گوێزرایەوە بۆ بەشێكی تایبەت لە (ناوەندی توێژینەوەی شوێنەواری فەرەنسی) بۆ دەست پێكردنی توێژینەوەكان كە لە لایەن زانایانی شوێنەواری فەرەنسی, و دكتۆری نەشتەگەری و توێكارییەوە بەڕێوە دەچوو, ئەمەش بۆ لێكۆڵینەوە و دەرخستنی نهێنییەكانی ئەم لاشە مۆمیا كراوە, سەرۆكی نەشتەرگەرەكان و لێپرسراوی یەكەم لە لێكۆڵینەوە كردنەكە پڕۆفیسۆر (مۆریس بوكای) بوو, توێژەرەوەكان گرنگییان دەدا بە پاككردنەوە و رێكخستنەوەی ماددەی مۆمیاكە, بەڵام گرنگیدانی د. مۆریس بریتی بوو لە هەنگاونان بۆ دەرخستنی چۆنێتی مردنی ئەم پاشا فیرعەونییە, لە كاتژمێرە درەنگەكانی شەو ئەنجامە كۆتایییەكان دەركەوتن… كە پاشماوەی خوێ‌ی قەتیسماو لە لاشەكەدا دەبینرا كە ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مردنەكەی بەهۆی خنكانەوە بووە لە دەریادا, و هەروەها هێنانە دەرەوەی لاشەكە پاش خنكانی بەخێرایی, و هەروەها بەخێرای لاشەكە بۆنخۆش (تحنیط – مۆمیا) كراوە بۆ مانەوەی جەستەكە.


بەڵام پرسیارێكی سەرسوڕهێنەر بەردەوام مۆریسی سەرسام كردبوو: ئەویش چۆن ئەم لاشەیە بەشێوەیەكی زۆر جوان ماوەتەوە؟ بەچاو لاشەی مۆمیاكراوەكانی ترەوە, لە كاتێكدا ئەم لاشەیە لەنێو ئاوی دەریادا هێنراوەتە دەرەوە!! (مۆریس بوكای) راپۆرتی كۆتایی ئامادەكرد سەبارەت بە دۆزینەوەیەكی تازە لەسەر لاشەی فیرعەون كە ئەوەیە: لەناو ئاودا خنكاوە و پاشان دەرهێنراوە و بۆنخۆش (مۆمیا) كراوە ڕاستەوخۆ دوای خنكانی لە ئاوەكەدا, یەكێك لە هاوكارانی بەگوێ‌یدا چرپاند و پێ‌ی ووت: پەلە مەكە لەبەر ئەوەی موسوڵمانان دواون سەبارەت بە نوقم بوونی ئەم مۆمیایە, بەڵام مۆریس بە توندی نكۆڵی ئەم هەواڵەی كردوو بەدووری زانی و ووتی: نموونەی ئەم دۆزینەوەیە ناتوانرێت بزانرێت تەنها بە بەرەو -پێشچوونی زانیــــاری ســــەردەم و بە ئــامێری ئــــــــەلیكترۆنی ووردی سەردەم نەبێت, یەكێك لـــــــــە هاوكارانی پێ‌ی ووت: كە ئەو قورئانەی موسوڵمانان باوەڕیان پێ‌ی هەیە چیرۆكی خنكان و پاراستنی لاشەكـــــــەی دوای خنكــــــانی دەگێڕێتەوە, ئەوەندی تر سەری سوڕما و ئەم پرسیارەی لەلا دروستبوو: ئەمە چۆن دەبێت لە كاتێكدا ئەم مۆمیایە نەدۆزراوەتەوە تا ساڵی( 1898 ز)؟ لـــــە كاتێكدا قورئانەكەیان پتر لــــە (1400) ساڵ لەمەوپێش هاتووە؟ ئەمە چۆن ژیریی قوبووڵی دەكات؟! لــە كاتێكدا نەك عەرەب بەڵكو مرۆڤایەتی بە گشتیش هیچ زانیارییەكیان نەبووە سەبارەت بە مۆمیاكردنی لاشەی فیرعەونەكان, تەنها پێش چەند دەیان ساڵێك لەمەوپێش نەبێت!!

(مۆریس بوكای) ئەو شەوە مایەوە بە بیركردنەوە, و تێڕوان زۆر بە ووردی لە لاشەی فیرعەون و ئەو قسانەی كە هاوڕێكەی سەبارەت بە قورئانی موسڵمانان بۆی كرد, سەبارەت بە ڕزگاربونی لاشەكە پاش خنكانی لە دەریاكەدا, لەكاتێكدا پەرتووكە موقەددەسەكەیان (ئینجیل) باس لە خنكانی فیرعەون دەكات لە كاتێكدا كە بەرەنگاری موسا پێغەمبەر (سەلامی خوای لێ‌بێت) بوویەوە, بەبێ‌ باس كردنی چارەنووسی لاشەی فیرعەون.
بۆیە مۆریس لە دڵی خۆیدا ووتی: ئایا دەگونجێ‌ و ژیریم قوبووڵی دەكات كە ئەم لاشەیەی لەبەردەممدایە ئەو فیرعەونە بێت كە بەرەنگاری موسای كردووە؟ ئایا ژیریی دان بەوەدا دەنێت كە (محمد)ی پێغەمبەریان ئەمەی زانیوە پێش لە هەزار ساڵ زیاتر؟ ئەو شەوە مۆریس نەیتوانی بنوێ‌، و داوای كرد كە تەوراتی بۆ بێنن، و كردیەوە و ئەم چەند دێڕەی خوێندەوە كە دەڵێ‌:(((( (فرَجع الماء وغطى مركبات وفرسان جميع جيش فرعون الذي دخل وراءهم في البحر ولم يبقى منهم ولا واحد) واتە: (ئاوەكە گەڕایەوە و هەموو كەشتی و سوپا و سەربازەكانی فیرعەون كە چوونە ناوەوە لەدوای فیرعەون بۆ ناو ئاوەكە هیچیان نەمان تەنانەت یەك دانەشیان), پاشان مۆریس تێڕاما, و هەروەها لە ئینجیلیشدا باس لە ڕزگاربوونی ئەم لاشەیە و هاتنە دەرەوەی نەكراوە.
لە پاش تەواوبوونی توێژینەوە لەسەر لاشەی فیرعەون لە فەرەنساوە گوێزرایەوە بۆ میسر, بەڵام مۆریس دڵخۆش نەبوو بۆ بڕیارەكە و سەرخۆ نەكەوتەوە لەدوای ڕاچڵەكانی بەو هەواڵەی كە قورئانی موسوڵمانان سەبارەت بە ڕزگاربوونی لاشەی فیرعەون داویەتی, ئەوەبوو كەلوپەلی پێچایەوە و بڕیاریدا بە سەفەركردن بۆ ووڵاتی موسوڵمانان, بە مەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ كۆمەڵێك لە زاناكانی موسوڵمانان لە بواری توێكاریدا, و یەكەم چاوپێكەوتنی لەگەڵیاندا سازدا سەبارەت بە دۆزینەوەكەی, و ڕزگاربوونی لاشەی فیرعەون دوای خنكانی لە ئاوەكەدا, یەكێك لە زانا موسوڵمانەكان هەستا و قورئانێكی بۆ كردەوە و ئەم ئایەتەی بۆ خوێندەوە: [فَالْيَوْمَ نُنَجِّيكَ بِبَدَنِكَ لِتَكُونَ لِمَنْ خَلْفَكَ آيَةً وَإِنَّ كَثِيرًا مِّنَ النَّاسِ عَنْ آيَاتِنَا لَغَافِلُونَ] (یونس 92), واتە: ئەمڕۆ ئیتر لاشەی مردووی تۆ رزگار دەكەین (لە دەریاكە و لە خواردنی ماسی) تا ببێتە موعجیزە و پەند و ئامۆژگاری بۆ ئەوانەی دوای تۆ دێن, بەڵام بەڕاستی زۆربەی خەڵكی لە ئایەت و موعجیزەكانی ئێمە غافڵا و بێئاگان.
لە ڕاستیدا ئەم ئایەتە زۆر توند كاری تێ‌كرد, و ناخی ڕاچڵەكان بەجۆرێك كە لە بەرامبەر ئامادەبووان بە دەنگێكی بەرز هاواری كرد: ئەوە هاتمە ناو ئیسلامەوە و باوەڕم بەم قورئانە هێنا.
لە پاشان (مۆریس بوكای) گەڕایەوە بۆ فەڕەنسا بەڵام بەسەر و سیمایەك جیاواز لەوەی كە پێوەی ڕۆشتبوو, پاشان بۆ ماوەی (10 ساڵ) سەرقاڵ بوو بە دیراسە كردنی سنووری گونجاندن ولێكچوونی راستییە زانستیەكان و دۆزینەوە تازەكان لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا, هەروەها لێكۆڵینەوە لە دژیەكبوونێكی زانستی لەگەڵ ئەوانەی قورئان باسی كردوون, تاوەكو دڵنیابێت لە بەرئەنجامێك كە خوای گەورە دەفەرموێت: [لاَ يَأْتِيهِ البَاطِلُ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَلاَ مِنْ خَلْفِهِ تَنْزِيلٌ مِنْ حَكِيمٍ حَمِيد].


بەرهەمی ئەو ساڵانەی كە زانای فەرەنسی مۆریس سەرقاڵی دراسە كردن بوو بریتی بوو لە دانانی پەرتووكێك سەبارەت بە قورئانی پیرۆز, كە بووە هۆی هێنانە لەرزەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕاچڵەكاندنی زاناكانی رۆژئاوا بە ڕاچڵەكاندنێكی بەهێز, كە پەرتووكەكە لە ژێر ناونیشانی: (قورئان و تەورات و ئینجیل و زانست: توێژینەوە لە كتێبە پیرۆزەكان لەژێر ڕووناكی زانستە نوێكاندا) بوو, لە یەكەم چاپیدا لە هەموو كتێبخانەكاندا فرۆشرا و تەواوبوو، لە پاشان چاپی تری لێ‌گیرایەوە بە سەدان هەزار دانە، و دواتر گۆڕدرایە سەر زمانەكانی: ((عەرەبی، ئینگلیزی، ئەندەنووسی، فارسی، سڕبكرواتی، توركی، ئاردیی، كەجوڕاتی، ئەڵمانی)) و پاشان بە هەموو كتێبخانەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بڵاوبوویەوە.
لەڕاستیدا هەندێك لەوانەی كە خوای گەورە ڕۆشنایی دڵ و چاویانی كوژاندۆتەوە لە بەناو زانایانی جولەكە و گاور هەوڵیاندا كە دژی ئەم نووسراوە بوەستنەوە, بەڵام هیچیان بۆ نەكرا جگە لە چەند هەنگاوێكی لە بارچوو كە وەسوەسەكانی شەیتان بۆی جوان دەكردن، و كۆتایییان (د.ویلیام كامبل) بوو لە كتێبەكەیدا كە بە ناونیشانی: (قورئان و كتێبی پیرۆز لەژێر ڕۆشنایی زانست و مێژوودا), ئەم كتێبە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كرد بەڵام نەیتوانی هیچ شتێك لە ڕاستی وەلانێ‌.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە هەندێك لە زانایانی ڕۆژئاوا دەستیان دایە نوسین بۆ بەرپەرچ دانەوەی كتێبەكەی (د. مۆریس) بەڵام لە كۆتاییدا كە بە تەواوی لە كتێبەكەی مۆریس ڕۆچوون تەسلیم بوون و باوەڕیان هێنا و موسوڵمان بوون.

ڕزگار بوونی فیرعەون بە لاشە و مانەوەی تا ئەمڕۆ

بە پێنووسی: فراس نور الحق
وەرگێڕانی: هێمن محی الدین عبدالرحمن/ بەكالۆریۆسی بایۆلۆجی

(د. مۆریس بوكای) ئاشكرای كرد لە كتێبی (قورئان و زانستی سەردەم)دا نهێنی لە یەكچوونی قورئانی پیرۆز سەبارەت بە چارەنووسی فیرعـــــەونی سەردەمی موسا پێغەمبەر(علیە السلام) لەدوای خنكانی لـــــە دەریاكەدا لەگەڵ ڕاستێتی مانەوەی جەستەكەی تــــــــــا ڕۆژی ئەمڕۆمان, ئەویش بۆ بوونی بە بەڵگەیەكی ئاشكرا بۆ هەموو خەڵكی, هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: [فَالْيَوْمَ نُنَجِّيكَ بِبَدَنِكَ لِتَكُونَ لِمَنْ خَلْفَكَ آيَةً وَإِنَّ كَثِيرًا مِّنَ النَّاسِ عَنْ آيَاتِنَا لَغَافِلُونَ] (یونس/92).
(د. بۆكای) دەڵێت: گێڕانەوەی تەورات سەبارەت بە هاتنە دەرەوەی جوولەكەكان لەگەڵ مـــوسا پێغەمبەر لە میسر ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگرە دەربارەی ئەوەی دەڵێن مینفیتاح (Mineptah) جێنشینی رەمسیسی دووەم بریتییە لە فیرعەونی میسر لـــە سەردەمی موسا پێغەمبەردا، و توێژینەوە پزیشكییەكانیش لەسەر مۆمیای مینفیتاح (Mineptah) كۆمەڵێك بەڵگەی زۆر بەسوودیان بۆ ڕوون كردووینەتەوە سەبارەت بە هۆكارەكانی كۆچی دوایی ئەم فیرعەونە, تەورات یادمان دەخاتەوە كە ئەم لاشەیە دەریا لووشی داوە بەڵام هیچ ڕوونكردنەوەیەكی تری نەداوە سەبارەت بە دوای ئەم ڕووداوە.
بەڵام قورئان یادمان دەخاتەوە كە لاشەی فیرعەونی نەفرەت لێ‌كراو لە دوای كەوتنە ناو ئاوەكەوە پاش ماوەیەك دەرهێنراوەتەوە لە ئاوەكە, هەروەك چۆن ئایەتەكەی سەرەوە ئیشارەتی پێ‌دا.
توێژینەوە پزیشكییەكان دەریانخست كە ئەم لاشەیە ماوەیەكی زۆر لەناو ئاودا نەماوەتەوە, و هیچ نیشانەیەك دەرنەكەوتووە لەسەر خراپ بوونی تەواوەتی بەهۆی مانەوەی ماوەیەكی زۆر لەئاودا.
(د. مۆریس) یادمان دەخاتەوە لەم چەند دێڕەیدا كە دەڵێت: (ئەنجامە پزیشكییە ڕاستەقینەكان دەركەوتن بۆ پاڵپشت كردنی گریمانەكەی سەرەوە، ئەوەبوو لە ساڵی (1975)دا لە قاهیرە پارچەیەكی بچووك لە شانەی ماسولكەی لاشەكە لێكرایەوە بۆ توێژینەوە كە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر (Michfl Durigon) بوو, و توێژینەوە ووردبینییەكە مانەوە و پاراستنی هەموو پێكهاتە توێكارییە بچووكەكانی ماسولكەكەی دەرخست, ئەم راستییە ئاماژەدان بوو بەوەی كە نموونەی ئەم جۆرە پاراستنە ناگونجێت ئەگەر لاشەكە مابێتەوە لە ناو ئاوەكەدا, و هەروەها مانەوەی لە دەرەوەی ئاویش بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ پێش ئەوەی كاری مۆمیا كردنی بۆ كرابێت، و لەوە زیاتر كارمان كردووە و گرنگیمان داوە بە لێكۆڵینەوە سەبارەت بە هۆكارەكانی مردنی فیرعەون.
چەند توێژینەوەیەكی پزیشكی ڕێپێدراو بۆ مۆمیاكە كرا بە یارمەتی (Ceccaldi)كە بەڕێوەبەری تاقیگەی ناسنامەی یاسایییە (مختبر الهویە القضائیە)یە لە پاریس، و پرۆفیسۆر (Durigon) ڕێ‌ی پێداین بە بەدوادا چوون بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی هۆكارێك بۆ مردنێكی زۆر خێرا بۆی, ئەویش بەهۆی چەند پیاكێشانێك و برینداریی ئێسكی و مۆخی بووە, كە بووە هۆی بۆشایییەكی گەورە لە بەشی لاتەنیشت و دواوەوەی مێشك, هەموو ئەم لێكۆڵینەوانە ڕوونی دەكەنەوە و یەكدەنگن لەگەڵ چیرۆكەكانی كتێبە پیرۆزەكان كە ئاماژە دەكەن بۆ مردنی فیرعەون كاتێك كە شەپۆلی ئاوەكە دایەوە بەسەریا.
(د. بوكای) ڕووە ئیعجازییە زانستییەكەی ئەم باسە ڕووندەكاتەوە كە دەڵێت: (لەو سەردەمەی كە قورئانی پیرۆز هاتە خوارەوە بۆ خەڵكی لە ڕێگەی محمد (صلى الله عليه ولم ), لاشەی هەموو ئەو فیرعەونانەی كەوا خەڵكی گومانیان هەبوو لە سەردەمی نوێ‌دا كە ئایە ڕاست بێت یان هەڵە, كەوا پەیوەندییان هەبێت بە چوونە دەرەوەی (موسا و نەتەوەكەی), هەموویان نێژرابوون لە (وادی الملوك – دۆڵی پاشاكان) لە (طیبە) لە بەری ئەوبەری كەناری ڕووباری نیل لــــەبەردەم شاری (اڵاقصر)ی ئێستا, لــە سەردەمی پێغەمبەر محمد (صلى الله عليه وسلم )دا هەموو شتێك نادیار بوو سەبارەت بەم باسە و هەموو ئەم لاشانە ئاشكرا نەكرابوون تا كۆتایی سەردەمی نۆزدەهەم نەبێت.


لەبەرئەوە لاشەی فیرعەونی سەردەمی موسا كە تا ئێستاش ماوەتەوە وەكو بەڵگەیەك بە بەرچاوەوە كە شایەتییەكی بەرجەستەیە لەلاشەیەكی مۆمیاكراودا بۆ كەسێك كـــــە موسا (علیە السلام)ی نـــــــاسیوە, و دژی داواكارییەكانی وەستاوەتەوە, و دەری كردووە و ڕاوی ناوە, و لــــــە كاتی ڕاونانەكەدا مردووە, و خوای گەورە لاشەكەی پاراستووە لە لەناوچوونی تەواوەتی تاوەكو ببێتە بەڵگەیەك بۆ خەڵكی.
هەروەك قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێكردووە, و ئەم زانیارییە مێژوویییە سەبارەت بە چارەنووسی لاشەی فیرعەون لەژیری هیچ كەسێكدا نەبووە نە لەكاتی دابەزینی قورئاندا و نە لەدوای دابەزینی بە چەند سەدان ساڵێكی زۆر, بەڵام لە قورئانی پیرۆزدا ڕوون كراوەتەوە لە پتر لە هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوبەر…

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ گۆڤاری هه‌يڤ ژماره‌ ٩ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top