You Are Here: Home » زانستە مرۆییەكان » کۆمەڵناسی » موعجیزەی دووئایەت

موعجیزەی دووئایەت

موعجیزەی دووئایەت

 

لەزەمانی پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم خورافات لە زۆر بواردا مرۆڤی ئەو زەمانەی سەرقاڵ كرد بوو، بۆ نمونە زۆر ناو دەریایان لا ترسناك بوو، تەنانەت میسرییەكان كە خاوەن شارستانیش بوون، گیریان خواردبوو بەدەست خورافاتێكەوە كە ناچار بڕواشیان پێ‌ی هێنابوو ، ئەویش ئەوەبوو ساڵانە ئاوی نیل كەمی دەكرد، بۆیە دایك و باوكی كچێكیان ڕازی دەكرد ، كە كچەكەیان ببەخشن و بیڕازێننەوەو بیخەنە ناوی ئاوی نیلەوە، بۆ ئەوەی ئاوەكە زیاد بكاتەوە و لێ‌یان ڕازی بێت !!

دیارە ئەمەش لوتكەی نەفامی و نەزانی و خورافاتە …

ئالەو باروزروفەدا كە ئەوەحاڵی میسریە پێشكەوتووەكان بێ‌، ئاخۆ حاڵی خەڵكی ئەو سەردەمە و زانیاریان لەبارەی دەریاكانەوە چەند بووبێ‌ كە ئەوەندە بەلایانەوە ترسناك بووە نەیان وێراوە زۆر بچنە دەریاوە . ئالەم كات و زەمانەدا قورئان هات و باسێكی دەریاكانی كرد كە بەڵگەیەكی ڕوون و ئاشكرایە كە زادەی بیری ئەو سەردەمانە نیە، بگرە لەم سەدەی بیستەمەدا پاش لێكۆڵینەوە و گەڕانی زۆر لە دەریاكاندا ، ئنجا دۆزراونەتەوە، بۆ نمونە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت:

[مرج البحرین یلتقیان بینهما برزخ لا یبغیان، فبأی الا‌ء ربكما تكذبان، یخرج منهما اللؤلؤ و المرجان فبأی الا‌ء ربكما تكذبان ] الرحمان .

واتە : خوای پەروەردگار دوو دەریای سوێری لەپاڵ یەكدا داناوە بەیەكتری دەگەن ، لەنێوانیاندا بەربەستێك هەیە (ناوچەیەك هەیە) نایەڵێ‌ بەیەكجاری تێكەڵ ببن و وەك یەكیان لێ‌ بێت.

جا ئیتر ئەی گرۆی ئادەمی و پەری بەكام لەناز و نیعمەتەكانی پەروەردگار بڕواناكەن و كامی پەسەند ناكەن، لەو دوو دەریایە مرواری و مەرجان دەردەهێنن كە بەنرخن و بۆ خشڵ و خۆڕازاندنەوە بەركاردێن، جا ئیتر ئەی گرۆی ئادەمی و پەری بەكام لە ناز و نیعمەتەكانی پەروەردگار بڕواناكەن و كامی پەسەند ناكەن …

(ئەم دوو دەریایەش وەكو دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسی ، دەریای سوور و دەریای عەرەب ..) وە لەبەر ئەوەی دەفەرموێ‌ كە لەهەردوكیان (منهما) (لؤلؤ)  دەردەچێ‌ دیارە هەردوكیان مەبەست پێ‌یان دوو دەریای سوێرە چونكە (مرواری) تەنها لە ئاوی سوێردا دەردەهێنرێ‌ …

ئەم ئایەتە موعجیزەیەكی گەورەی قورئانە ، چونكە لەدوای ساڵی (1950 ز) ەوە زانایان چەندەها بنكەیان دانا لەناو دەریادا و بۆیان دەركەوت كەلەنێوان دوو دەریادا ، پلەی گەرمی و جۆری گیاندار و ڕووەك و سوێری و … هتد جیاوازن ، تێگەیشتن كە هەمووی وەك یەك نیە و بەیەكجاری تێكەڵ نابن و هەروەك ئەوەی بەربەستێكی ئاوی هەبێ‌ لەنێوانیاندا . پاشان بۆیان دەركەوت لەنێوان دوودەریاكەدا ناوچەیەكی چەند كیلۆمەتری هەیە كە هەمووشتێكی لە دوو دەریاكە جیاوازە ، پلەی گەرمی و زیندەوەر و ڕووەك و هتد …  كە ئەوەش پێ‌ی دەوترێ‌ (برزخ) …

قورئان بۆ ئاوی شیرین و سوێریش هەمان باس دەكات كە بەیەكجاری تێكەڵ بەیەك نابن بەجۆرێك وەك یەكیان لێ‌بێ‌ ، وە بەربەست هەیە لەنێوانیاندا و (برزخ) یش هەیە بەڵام ئەم بەرزەخە جیاوازە لەوەی پێشوو چونكە ماسییەكان و گیاندارانی ناوی نابێ‌ دەرچن بۆ ئاوەشیرینەكە یان ئاوە سوێرەكە ، وە هەروەها نابێ‌ هیچ گیانلەبەرێ‌ بێتە ئەو ناوچەیەوە لە ئاوە شیرینەكەوە یان لە ئاوە سوێرەكەوە ،چونكە ئەو گیانلەبەرانەی لەم (برزخ)ە دا دەژین ناتوانن لەشوێنیتردا واتە لە ئاوەشیرینەكە یان سوێرەكە دابژین … لەكاتێكدا لەنێوان دوو دەریای سوێرەكەشدا (برزخ) هەیە بەڵام (حجرا محجورا) نیە ، واتە گیانلەبەرانی ئەو ناوچەیەی ناوەڕاست ئاسایییە كە بچنە هەریەكە لە دەریاكانەوە چونكە هەردوكیان سوێرن . باشە حەزرەت (صلى الله عليه وسلم) ئەگەر خوا فێری نەكات ، چوزانێت كە بەناوچەی نێوان دودەریای سوێر بڵێت (برزخ) ، ئنجا وەسفێكی زیاتر بۆ ناوچەی نێوان دەریایەكی سوێر و یەكێكی شیرین بكات و بفەرموێ‌ (حجرا محجورا) یە هەروەك دەفەرموێ‌:

[وهو الذی مرج البحرین هذا عذب فرات و هذا ملح اجاج و جعل بینهما برزخاً و حجرا محجورا] الفرقان : 53 واتە : خوایەكە دوو ئاوی شیرین و سوێری لای یەكەوە داناوە و ناهێڵێ‌ بەیەكجاری تێكەڵ بن و یەكێكیان ئەوی تریان نەهێڵێ‌ ، واتە بۆ چەند كیلۆ مەترێك تێكەڵ دەبن ئاوی سوێر و شیرینەكە ناوچەیەك دروست دەكەن لەنێوان هەردولادا كە(برزخ) ە، ئەو ناوچەیە سیفاتەكانی وەك شیرینی و جۆری زیندەوەرو چڕی و گەرمی و سوێری و … هتد، جیاوازە لەئاوە شیرینەكە و لەئاوە سوێرەكەش وە نابێ‌ هیچ گیانلەبەرێك لەملاو ئەولایەوە بێتە ناوی و نابێ‌ لێشی دەرچن …

بەراستی ئەم وەسفە ورد و جوانە تەنها لەدەست خوا دێت كە عالمی غەیب و شەهادەتە ، ئەو خوایەی كە هیچی لێ‌ ون نابێت و زانایە بەهەموو دروستكراوانی .

مامۆستا (عبدالمجید الزندانی) دەڵێ‌: ئەم ئایەتانە و چەند باسێكیتری قورئانیمان لەبارەی دەریاوە خستە بەردەم زانایەكی پسپۆڕی دەریایی هیندی ، پاش باس و خواسێكی زۆر دانی نا بەوەدا كە ئەم قورئانە لەخواوەیە، بەڵام نەی دەوێرا ئیسلامەتی خۆی ڕابگەیەنێ‌ لەترسی كەس و كار و ماڵ و منداڵی، تا ڕۆژێك بینیمەوە زۆر پەشۆكا بوو لێم پرسی چیتە ئاوا شپرزەبوویت ؟ وتی: كێشەیەكم بۆ دروست بووە لەگەڵ فەرمانبەرێكدا لەفەرمانگەیەدا و زۆر زیانم لێ‌ دەكەوێ‌ و پێ‌ی عەیب دار دەبم … منیش ویستم زیاتر خوای  پێبناسێنم و لەخوای نزیك بكەمەوە ، وتم ئەگەر دەتەوێت كێشەكەت چارەسەر ببێ‌، لەسێ‌یەكی دوایی شەودا هەستە و خوای گەورە هەمووشەوێ‌ لەوكاتەدا دێتە ئاسمانی دنیاوە و چیت هەیە داوای لێ‌ بكە دوعات (ان شا‌ء الله)  قبوڵ دەبێت … پاشان ئەویش بەقسەی كردم و هەستا بۆ دوعاكردن ، بەیانی كە دەچێ‌ بۆ فەرمانگەكە ، فەرمانبەرەكە لە دوورەوە بانگی دەكات و دەڵێت: فڵان، فڵان، كێشەكە چارەسەر بوو ، هەقیقەتمان بۆ ڕوون بویەوە

 ئەمەش وای لەو زانایە كرد كە چاكتر موسڵمان ببێ‌ و زیاتر ڕووبكاتە خوا …

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top