You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » فیزیا و گه‌ردوونی » سه‌ربان له زيو، بۆچي زيو ؟

سه‌ربان له زيو، بۆچي زيو ؟

سەربان لە زیو، بۆچی زیو؟

 

ن.: یەحیا وەزیری/ دكتۆرا لە هەندەسەی مەدەنی
و. بە دەستكارییەوە: هاوژین طالب
hawzhin@gmx.de

خوای پەروەردگار دەفەرموێت:

(وَلَوْلَا أَن يَكُونَ النَّاسُ أُمَّةً وَاحِدَةً لَّجَعَلْنَا لِمَن يَكْفُرُ بِالرَّحْمَـٰنِ لِبُيُوتِهِمْ سُقُفًا مِّن فِضَّةٍ وَمَعَارِجَ عَلَيْهَا يَظْهَرُونَ ﴿٣٣﴾وَلِبُيُوتِهِمْ أَبْوَابًا وَسُرُرًا عَلَيْهَا يَتَّكِئُونَ ﴿٣٤﴾ وَزُخْرُفًا ۚ وَإِن كُلُّ ذَٰلِكَ لَمَّا مَتَاعُ الْحَيَاةِ الدُّنْيَا ۚ وَالْآخِرَةُ عِندَ رَبِّكَ لِلْمُتَّقِينَ ﴿٣٥﴾)(زخرف)

واتە: ئەگەر لەبەرئــەوە نەبووایە خەڵكی هەموو لەسەر كوفر دەبوونە یەك پارچە، هەركەس باوەڕی بە خـوای بەخشــندە نەبووایە ئەوا خوای گەورە بنمچی ماڵەكانیانی لە زیو بۆ درووستدەكردن، پلیكانەی ماڵیشــــیان هەر لە زیو هەتا لەسەری سەركەون و بچنە بڵندی، هەروەها دەرگای ماڵەكانیان و خەوگەكانیشیان تا پشتی پێوە بدەنەوە، بە هەموو جۆرە خشڵ و نیگارێك ماڵی كافرانی دەڕازاندەوە، هەموو ئەوانە تەنها خۆشی دنیان، بـەڵام ئاخیـرەت لەلای پــەروەردگـار بـۆ ئـەوانـەیـە بـەئـاگـان و خـۆ لە گـونـاهـە دەپارێزن.‌
هەندێك لێكۆڵەرەوە هەوڵیانداوە بزانن بۆچی ئەم ئایەتە پیـــرۆزانە بەتایبەتی باســـیان لە زیــــو كردووە؟! هەندێكیان پێـیان وابوو بنمچی درووسـتكراو لە زیـو كە لە ئایەتە پیـــرۆزەكانــ‌دا هاتووە شـــانە خۆرییە نوێكانن كە پێـكهاتەكانیـان لە زیـو درووســـت دەكرێـن (1).
كۆمەڵێكی تر لە شـارەزایان (2) دەســـتەواژەی (سقف من فضە) كە لە ئایەتە پیـرۆزەكاندا هاتووە بە كەشــتییەكانی ئاســـمان (موشەك) تەفسـیركردووە،‌ چونكە بەرگی دەرەوەی كەشــــتییەكانی ئاســـمان لە چەند چیـــنێك لە كانزای زیــو درووســـت دەكرێت، واتە ئەم كۆمەڵەی دووەم پێی وایە رووی ئیعجازی زانستی لەم ئایەتە پیرۆزانەدا پێش بینی دەركەوتنی كەشـــتییەكانی ئاسمانیان لەســـەردەمی نوێدا كردووە.
لە راستیدا ئەوان مانای راســتیی وشەی (سقف) یان وازلێهێـناوەو خـوازە ‌(مەجاز) یان لە جێی بەكارهێـناوە، وشەی راســـتییش ئەو وتە بەكاربراوەیە كە بۆ مانای راســـتیی بنچینەیی وشــەكە دانراوە، بەڵام خوازە یـان واتەگۆڕِی ئەو وتە بەكاربراوەیــە كە ناهێڵێت مانای بنەڕەتی وشــەكە بدات (3).
بەڵام ئێمە بۆچـوونی ترمان لە تەفســـیـركردنی ئەو ئایەتە پیــــرۆزانەدا هەیـــە، و هەر ئەوەشـە هەوڵ دەدەین لەم چەند دێڕەی داهاتوودا روونی بكەینەوە.
دەبینیـــن لـە فەرهەنگەكاندا وشـــەی (ســــقـف) بەم شـــێوەیە هاتووە: وشەی (الســقـــف) ئەگەر سینەكەی سەری لەسەربێت و قافەكەشی زەننە (سـكون) بێت، ئەوە بە مانای ســـەربانی خانوو دێت واتە لای ســـەرووی ماڵ كە بەرامبەر زەوییەكەیەتی، كۆی وشەی (الســـقـــف)یش بریتییە لە ‌(سقوف) و (أسقف) بەڵام لە هەندێ فەرهەنگی تردا هاتووە كە كۆی وشەی (الســـقـــف) وشەی (سـُقـُـف) ‌ە ئەوكاتەی كە هەردوو پیـتی ســــیـن و قـاف بۆریان لەســەر بێـت، بەڵام هەندێ زمانەوان و موفەســیرەكان ئەمە رەت دەكەنەوەو دەڵێن (سـُقـُـف) كۆی وشـــەی (سقوف)ە یان كۆی وشــەی (سقیفە)یە كە لە كوردیدا بەمانای كەپر دێت (4).
ئیمامی قورتوبیش (5) دەڵێت:” فكل ما علاك فأظلك فهو سقف وسـما‌ء، وكل ما أقلك فهو أرض، وكل ما سترك من جهاتك اڵاربع فهو جدار، فإذا انتظمت واتصلت فهو بیت“. واتە: هەر شـــتێك بەلای ســـەرووتەوەیەو وەك ســـێبەر بەسەر زەوییەوە ئەوە بنمچ و ئاسمانە، هەموو ئەوەش كە لە خوارتەوەیەو هەڵیگرتووی زەوییە، هەموو ئەوەش كە لە هەر چوارلاتەوە دایپۆشـــیوی ئەوە دیوارە، خۆ ئەگەر دیوارەكان رێكخران و بەیەكەوەنران ئەوە خانووە. ‌
كەواتە وشەی (ســـقف) كە لە ئایـەتە پیـرۆزەكەدا هاتووە بەمانای شــانە خۆرییەكان نایەت، هەروەها مانای كەشــــتییەكانی ئاســـمانیش نادات كە مرۆڤ لە سەدەی بیستدا درووستی كردوون، بەڵكو دەبێ شـوێن مانای راسـتیی وشەكە بكەوین، بزانین ئەو وشــەیە ‌لای عەرەب پێش ناردنی قورئان چ مانایەكی بەخشـیوە، لە راســـتیدا هەر ئەو مانایە دەبەخشـــێ كە لەگەڵ مانا زمانەوانییەكەو ئەو گەلە وشانەی لە ئایەتە پیــرۆزەكەدا هاتووەو پەیـوەندی بە بیـنا‌وە هەیـە یـەكدەگرێـتەوە كە بریـتیـن: (لبیـوتهم) ماڵ ـ (أبوابا) دەرگا ـ (ســـررا) خەوگە ـ (معارج علیها یظهرون) پلیـكانە، ئەمانە وتەگەلێـكن هەموویان لە رەگەزەكانی بەنایـــن (میعماری)، واتە پەیوەندییان بە ماڵ و درووستكردنی خانوو بەرەوە هەیە.
جا ئایا دەكرێ ماددەیـەكی بەنایــی بەتەســـمیمی دیاریكراو لە درووســـتكردنی بینایەك یان كۆشـكێكدا بەكاربێت بەجۆرێك ببێتە مایەی فیتنەو شـــەیداكردن واتە مرۆڤەكان لە كوفرەوە بۆ ئیـــمان بگوازێتەوە ئەگەر كافربن، لە ئیمانیشەوە بۆ كوفر ئەگەر باوەڕداربن؟
بە وردبوونەوە لە هەندێ ئایەت كە لە دەقەكانی قورئانی پیــرۆزدا هاتوون، دەتوانیـــن وەڵامی پرســـیارەكەی پێشــوو بدەینەوە، ئەوەتا ئایەتە پیرۆزەكان وەسفی ئەو كۆشــكە دەكەن كە ســـولەیـــمان پێـــغەمبەر ســـــەلامی خـوای گەورەی لێــبێــت لە پێشوازیكردنی بەلقیس شــــاژنی یەمەندا درووستیكرد، خوای گەورە دەفەرموێت:

(قِيلَ لَهَا ادْخُلِي الصَّرْحَ ۖ فَلَمَّا رَأَتْهُ حَسِبَتْهُ لُجَّةً وَكَشَفَتْ عَن سَاقَيْهَا ۚ قَالَ إِنَّهُ صَرْحٌ مُّمَرَّدٌ مِّن قَوَارِيرَ ۗ قَالَتْ رَبِّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي وَأَسْلَمْتُ مَعَ سُلَيْمَانَ لِلَّـهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ ﴿٤٤) (نمل)، واتـــــە: فەرموویان لە بەلقیس كرد تا بچێتە كۆشكەكەوە، ئەو كۆشكەی سولەیمان گۆڕەپانەكەی لە شـــووشـــەیەكی سپی و شەپۆلاوی درووســتكردبوو، جا كاتێك بەلقیس گۆڕەپانی كۆشـكەكەی بەوشـــێوەیە بینی وای زانی ئاوە بۆیە خۆی هەڵكرد هەتا جلەكانی تەڕ نەبێت، ســـولەیمان وتی: ئەوە ئاو نیـیـەو ئەو گۆڕەپانە ســـافە بە شـــووشـــە سەریگیراوە.
بەڵێ ســـولەیمان ئەو كۆشـــكەی لە شووشە لەسەر ئاو درووستكردبوو، ناو ئاوەكەش ماسی و نەهەنگەكانی تێدابوو هەتا موڵكێكی گەورەتر لەوەی بەلقیس هەیبوو پیشانی بەلقیس بدات.
ئایەتە پیرۆزەكەی پێشوو روونی دەكاتەوە سولەیـمان پێغەمبەر (سەلامی خوای گەورەی لێبێت) بۆ بانگەوازكردنی شاژنی (سەبە‌ء) كۆشكێـكی بەنایـی كە لەوپەڕی جوانی و داهێنانی هونەریدا بوو بەكارهێناوە هەتا بەلقیـس باوەڕ بە خوای گەورە بهێنێ و بێتە ئیسلامەوە.
ئەم نموونە قورئانییە ئەو راســـتییە دەچەســـپێنێت كە دەكرێت بەكارهێنانی ماددەی زیو لە درووســتكرنی بینادا یان لە ســـــواغدانی كۆتایی ماڵەكاندا ببێـــتە مایـــەی شــــەیدابوونی خەڵك، تەنانەت باوەڕدارانیـــش یان بەلایـەنی كەمەوە هەندێـكیـان لەئەنجامی خۆشـــویـســـتنی دنیـادا لەگەڵ كافرەكان لەســــەر كوفـر كۆببنەوەو ببنە یەك میـــللەت هەر وەك ئایەتە پیــرۆزەكەی ســــوڕەتی زوخروف هەواڵی پێداوین، هەروەها مانای راستی وشەی (سـقف) یان ( لبیوتهم) دەچەسپێنێت كە ناكرێ ‌هیچ مانایەكی تری خوازراو هەڵبگرێت.

رووی ئیعجاز:
بۆ ئەوەی بزانین بۆچی خوای گەورە ماددەی زیـــوی بەتایــبەت هەڵبژاردووە كە دەكرێت لە سواغدانـی رووی دەرەوەی سەربانی ماڵی كافرەكاندا بەكاربهێنرێت، بۆ ئەمە سەرەتا‌ پێویست دەكات هەندێ لە خاسیەتەكانی كانزای زیو بزانین.
زیـــو گەوهەرێكی زەوییەو ئەگەر خاوێـــن بێت رەنگێكی ســـپی روونی هەیە، زیـــو چەند خاســـیەتێكی هەیە كە لە هیچ كام لە میــتاڵەكانی تری زەویــدا نییە، لەوســـیفەتانەش هەندێكیان باس دەكەین:
1ـ زیو چاكترین گەوهەرەكانی زەوییە (میتاڵ) لە گواســـتنەوەو گەیاندنی گەرمیدا، لەم سیفەتەشدا هیچ میتاڵێك یان ماددەیەكی كیمیایی درووستكراویش شان لە شانی نادات، هەر بۆیە زیو وەك ماددەیەكی پێوانەیــی بەكاردەهێنرێت بۆ زانینی بڕی گەیاندنی گەرمی رەگەزەكانی تر بە ‌بەراوردكردنیان بە زیو.
2 ـ لەبەرئەوەی زیو چاكترین میتاڵە لە گەیاندنی كارەباداو كەمترین بەرگری تەزووی كارەبا دەكات، بۆیە زیو بەشێوەیەكی بەر فراوان لە پیشەسازی ئامێرە كارەباییەكاندا بەكاردێت.
3 ـ زیــو توانایەكی زۆری لە پەرچدانەوەی رووناكی بینراودا هەیە، هەر بۆیە لە پیشەسازی ئاوێنەكاندا بەكاردێت، بۆ ئەم مەبەستەش زیو لە رێی نیشــاندنی كیمیایی یان كارەبایی یان بە هەڵمبوون لەســـەر شـــووشە یان هەندێ میتاڵی تر ســواغ دەدرێ، ئەگەر نیشـــاندنی زیـو لەســـەر ئەو ماددانەش تازە بێت و كۆن نەبووبێت ئەوكاتە زیـو چاكترین پەرچدانەوەی رووناكی دەبێت.
4ـ زیو لە هەموو میتاڵەكانی تری زەوی سپی ترە.
5 ـ زیو زایەڵەیەكی دەنگیی جوان و جیاكەرەوەی هەیە، زایەڵەی زیویش لەزرنگانەوەی هەموو میتاڵەكانی تر چاكترە تەنانەت لە ئاڵتوونیش، هەر بۆیە زیو بە چاكترین ماددە دادەنرێ لە پیشەسازی زەنگەكان و ئامێرە مۆسیقییەكاندا.
6 ـ یەكێك لە خاسیەتە گەورەكانی زیو توانای كوشتنی بەكتریای هەیە، زیو لە كاتێكدا ماددەیەكی ژەهراوی و كوژەری میكرۆبەكانە، بەڵام هیچ زیانێك لە زیندەوەرە باڵاكانی تر نادات وەك بوونەوەرە سەرەكییەكان و مرۆڤەكان.
كەواتە لەبەر ئەم خاســـییەتە ئەندازەییە بە نرخانەی زیو‌ كە لە میـــتاڵەكانی تری جیا دەكاتەوە لەوانەش بەتایـــبەتی ئاڵتون، بۆیـــە هەڵبژاردنی كانزای زیــو بـــۆ درووســــت كردنی بنمچی ماڵی كافرەكان بەهەموو پێوانەیەك بە ئیــعجازێكی زانســــتی دادەنرێ، لێرەدا پرسیارێكی گرنگی تر دێتە پێشەوە… چۆن بەكارهێنانی كانزای زیو لە درووســتكردنی بنمچی ماڵی كافرەكاندا دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی هەموو لەســەر كوفر ببن بەیەك میللەت؟
وەڵامی ئەم پرســـیـارەش‌ خۆی لە دوو خاســـیـەتی گرنگـی كانزای زیـــو دا دەبیــنێــتەوە، خاســـیەتی یەكەم زیــو لە هەموو میتاڵەكانی تر ســـپیترە، خاســـیەتی دووەمیـش هەر كاتێك نیشــاندنی زیو لەسەر ماددەی تر تازە بێت ئەوە دەبێتە چاكتریـن پێچەوانەبووی روناكی، واتە ئەگەر لە كاتی رۆژدا تیشــكی خۆر لەسەربانی ماڵی كافرەكان بدات ئەوە زۆر بە توندی رووناكییان لێوە پێچەوانە دەبێتەوە، بێگومان سەربانیش تەنها ئاماژەدانە بەیەكێك لە رەگەزەكانی بیناســـازی، چونكە كەســـێك بتوانێت سـەربان لە زیو درووست بكات ئەوا ئاســـانتر دەتوانێت زیـو لە دیوارو دەرگاو پەنجەرەدا بەكاربهێنێت، هەروەها ئایەتە پیرۆزەكە بە شـێوەی كۆ باسـی ماڵەكان دەكات (لبیوتهم) ئەمەش واتە ئەو ماڵانە هەموو پێــكەوە گەڕەكێــك یان كۆڵانێــكی نیــشـــتەجێبوون پێــك دەهێــنن، لەبەر توندی هەڵگەڕانەوەی رووناكیش ئەم ماڵانە وەك ئەســـتێرەی پرشـــنگدار دەردەكەون، لە هەندێ كاتی دیاریكراویشـــدا وەك ئەوەی رووناكی لە ماڵەكانەوە دەربچێ، رووناكیـــش لە ئایینی ئیســـلامدا رەمزی رێنمویی و رێنشــاندەرییە، لەگەڵ پێشكەوتنی تەقەنی و بەكارهێنانی رووناكی دەســـتكردیشـــدا دەكرێ هەڵگەڕانەوەی رووناكی لە ماڵەكانەوە بەشـــەویـش هەر بەردەوام بێـــت،‌ ئیتر هەركاتێـــك بە رۆژ یان بە شـــەو خەڵكی ســـەیـــری ماڵەكان بكەن دەبینن دەدرەوشێنەوە، بەڵكو لەوە دەچێ وابزانن رووناكیش لەوانەوە سەرچاوە بگرێ.
جا لەم ساتانەدا ئەم ماڵانە خەڵكی تووشــی شەیدابوون و سەرسوڕمان دەكەن، هەندێك لە ئیـــمان دەردەچن و خۆیان بە كوفر دەگەیەنن هەتا ئەوانیـش لەو جوانیــیــە ســـەرنج راكێشەی دنیا لەزەت وەربگرن، نموونەی ئەمانەش وەك ئەو قەومەی نەوەی ئیســرائیلن كاتێــك قارون خۆی پیـشـــاندان و هاتە دەرێ بۆ لایـان بەو جوانی و خۆشـــییـانەی دنیا كە قارون هەیـــبوو فریـویان خواردو تەمەنایانكرد ئەوانیش وەك ئەوەی قارونیان هەبووایە، هەندێكی تریش لەبەر لاوازی ئیــمانیان لە ئیـمانەوە بۆ كوفر دەچن چونكە دەبینن ماڵی كافرەكان بە شـــەوو بە رۆژ دەدرەوشـــێنەوە لەكاتێكدا ماڵی مســـوڵمانەكان بەوشــێوەیە نابینن، بۆیە وادەزانن كافرەكان لەسەر هەقن و خوای گەورە پاداشتی داونەتەوە كاتێك ماڵی كافرەكان وەك ئەستێرەكان بریقەدارو بەشەوق و رووناكن.
لێرەدا دەكرێ پرســـیارێكی گرنگ بكەین: ئەگەر بەكارهێنانی كانزای زیو بەو خاسـیەتە جیـــاكەرەوانەی پێشـــتر باســـكرا دەكرێ ببێـــتە مایـــەی شـــەیـــداكردنی هەموو خەڵك و كۆكردنەوەیان لەســـەر كوفر، ئیتر بۆچی هەتا ئێســـتا كافرەكان زیـــو بۆ ئەم مەبەســـتە بەكارناهێنن؟
وەڵامی ئەم پرسـیارەش لە هەندێ خاســـیەتی زیو ســـەرچاوە دەگرێ، جا لەسەر ئاســتی بوونی زیو لە ســـرووشـــتدا بێت یان لە هەندێ خاســـیەتی سـرووشتی زیودا، زیو لە دوای جیـــوە بەدەگمەنتریـــن كانزا دائەنرێ لە توێـــكڵی زەویـــدا (8)، ڕێژەی بوونی زیو تەنها نزیكەی (0.00004)ە، شـــێوەی (1)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە حاڵەتی بەكارهێنانی زیــو بۆ ســـواغدانی ســـەربان و دیـــوارو دەرگاو پەنجەرەی ماڵەكان یـــان لەهەر كارێكی بەنایی ناوەوەی ماڵەكاندا تەكلیف زۆر دەكات، لەبەرئەوەی ئەو كارە درووســـتكارییانە پێـــوەرێـكی گەورەیـان هەیەو پێـویـســـت بەوە دەكات رێـژەیـــەكی زۆر گەورە لە زیـــو بۆ داپۆشینیان بەكاربهێنرێت.

شێوەی1: ئەم وێنە بەیانییە‌ دەریدەخات كانزای زیو بە ‌بەراوردكردنی بە ‌كانزاكانی تر كەمترین رێژەی سەدی بوونی هەیە.

هەروەها وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا یەكێك لە خاسییەتە سرووشــتییەكانی زیو ئەوەیە كە لە ‌هەموو كانزاكانی تر زیـــاتر توانای پەرچدانەوەی رووناكی هەیـــە بەڕێــژەی %95 (9)، كەواتـە ئەگـەر مـاددەی زیـــو بەكارهێـــنرا لە ســــواغدانــی ماڵ و گەڕەكــی كافرەكاندا ئەوا بە تێـپەڕبوونی كات كاریـگەری لەســـەر هەســـتی بیـنیـن دەكات بۆ ئەو كەســـانەی سەیری ماڵی كافرەكان دەكەن، هەروەها لەســـەر دانیشـــتوانی ئەو ماڵانەش ـ كافرەكان ـ، بەشـــێـوەیەك لەوانەیـە بەتێـپەڕبوونی كات ببێـتە مایـەی لاوازبوون یـــان نەهێشتنی هەستی بینین.
ئەمەش كاتێـــك راســـتە ئەگەر هەوا پیـــس نەبێت، بەڵام لە حاڵێـــكدا وەك لە ناوچە پیشـەسـازییەكان یان شـارە گەورەكاندا كە هەوا پاك نییەو ئاوێـتەكانی گۆگرد یان ئۆزۆن لە هەوادا هەن، ئەوە لەو شـــوێنانە زیو بریقەكەی نامێنێ ئەوەش ناســراوە بە دیاردەی كوژانەوەی زیو، بوونی ئەو تێكەڵانە لە هەوادا چینێكی رەساسی یان رەش لە گۆگردیدی زیو لەسەر رووی زیو پێك دەهێنێ، بەوەش زیو شەوقەكەی نامێنێ، لەبەرئەوەی لە ســـەردەمی تازەشـــدا لە هەموو كات زیـــاتر بەهۆی بوونی ئەو ئاوێـــتە گۆگردیـــیــانە گیـــروگرفتی پیـــس بوونی هەوا گەورەترە(10)، بۆیە لەكاتی بەكارهێـنانی كانزای زیـــو لە ماڵی كافرەكاندا گەورەترین خاســـیەتی خۆی لە دەســت دەدات كە بریتین لە بریقەو پێچەوانەكردنەوەی رووناكی بینراو.

شێوە 2: مۆزەخانەی گوگنهایم لە شاری بیلباوی ئیسپانیا، نموونەیەكی تازە لە بەكارهێنانی كانزای تیـتانیۆم، بیرۆكەی بەكارهێنانی كانزاش لە سەربان و دیواری بینادا پێش (14) سەدە قورئان باسیكردووە.

دەكرێـت هۆیـەكی تریـش زیـادبكەیـن كە رێـگرە لەبەردەم بەكارهێـنانی كانزای زیــــو لە ماڵی كافرەكاندا هەروەك لە ئایـەتە پیـرۆزەكەدا هاتووە، ئەویش توانای كانزای زیوە بۆ گەیاندن و گواســتنەوەی گەرمی كە هیچ میتاڵێكی تر ئەم خاسیەتەی كانزای زیوی نییە تەنانەت مس و ئاڵتونیش، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت هەركاتێك تیشـــكی خۆر ‌كەوتە سـەر ئەو ســـەربان و دیـوارو دەرگاو یـان هەر رەگەزێـكی درووســـتكاری تر كە لە كانزای زیــو درووســــتكرابێـت ئەوا پلەی گەرمیـیـان بە رێـژەیـەكـی گـەورە بـەرز دەبـێـتـەوە، ئەمەش بەربەستێكی تر دەبێت لەبەردەم‌ بەكارهێنانی زیو لە ماڵەكاندا.
ئەمەی باســـمان كرد هەندێـــك رووی ئیـــعجازی قورئانە لە هەڵبـــژاردنــــی كانزای زیـــو بەتایــــبەتی، ئەویــــش كاتێك زیــــو خاوەنی خاســــییەت گەلێكە كە دەكرێ بەهۆیـــانەوە شێوەیەكی سەرنج راكێش بدات، بەتایبەتی لە ژێر رووناكی سرووشتی لە رۆژداو لە ژێر رووناكی دەســـتكردیـش لە شــــەودا، هەروەها لە هەمان كاتدا وەك پێشتر ئاماژەشــــمان بە هەندێـــك خاسیەتی تری زیوكرد روویەكی ئیعجاز لە ئایەتەكەدا ئەوەیە كە زیو خۆی رێگرە لەوەی كافران بتوانن بۆ شەیدا كردنی خەڵك بەكاری بهێنن، ئەمەش‌ بەزەیی و بەخشـشی خوای گەورەیە كاتێك قورئان زیــــوی بەتایـــبەتی بەو خاســــیـــیـەتە دیــاریــــكراوانەوە هەڵبژاردووە لە كاتێـــكا لەسەردەمی هاتنە خوارەوەی قورئاندا ئەو خاسیەتانەی زیــو بەتەواوی نەزانرابوون، لە هەمان كاتیشدا زیـــو خاوەنی ئەو خاسیەتانەشە كە رێگرەو ناهێڵێ كافرەكان بۆ سەرنج راكێشــــان و شـــەیداكردنی بەندە باوەڕدارەكانی خوای گەورە بەكاری بهێـــنن، ئەمــەش یەكەم نیشانەی ئیعجازییە لە ئایەتە پیرۆزەكەدا.
وەڵامی ئەمەش ئاســـانە… ئەمە قورئانی پیــــرۆزە لەلای خوای گەورەوە بۆ پێـــغەمبەرە بەڕێزەكەی (صلی اللە علیەو سلم) هاتۆتە خوارێ، خوای گەورە دەفەرموێت:

(إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ لِّلْعَالَمِينَ ﴿٨٧﴾ وَلَتَعْلَمُنَّ نَبَأَهُ بَعْدَ حِينٍ ﴿٨٨) (ص) واتە: قورئان یادتان دەخاتەوەو ئامۆژگاریــتان دەكات، دواتریش هەواڵی راستگۆیی قورئانتان پێدەگات.

پەڕاوێزەكان:
1 (محمد عبد القادر الفقی) (2004) الاعجاز العلمی فی قوله تعالی:”سقف من فضە” كتاب بحوث المؤتمر العالمی السابع للإعجاز العلمی فی القران والسنە، المجلد(3) دبی.
2 خاوەنی ئەم بیرۆكەیە (دكتور منصور حسب النبی) لە یەكێك لە كتێبەكانیدا سەبارەت بە ئیعجازی زانستی لە قورئانی پیرۆزدا، هەروەها‌ (دكتور كریم حسنین) ئەم بیرۆكەیەی لە پێگەی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت لە ژێر ناونیشانی: WWW.read&think.com بڵاوكردۆتەوە .
3 (محمد سعاد جلال) (1982) الچوابگ العلمیە لبیان معانی ألفاڤ القرێ‌ن الكریم. مجلە الهلال، عدد مارس (1982)، القاهرە، (ص22) وما بعدها.
4 (محمد عبد القادر الفقی): سەرچاوەی پێشوو، (لا 8).
5 سەیری تەفسیری الإمام القرگبی سورەتی نەحل ئایەتی (80) بكە.
8 (أحمد علی العریان) و (عبد الكریم عطا) (1976). المواد الهندسیە مقاومتها واختباراتها (ج1 ط3). عالم الكتب، القاهرە، (لا 22).
9 هەمان سەرچاوە، (لا 33).
10 (محمد عبد القادر الفقی) : سەرچاوەی پێشوو، (لا 16).
ســەرچاوە: گۆڤاری (الإعجاز العلمی- ژمارە 25 أكتوبر 2006ز) الهیئە العالمیە للإعجاز العلمی فی القران والسنە- مكە المكرمە.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (26) بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top