You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » فیزیا و گه‌ردوونی » بوونەوەر.. حەوت چینی ئاسمان و حەوت چینی زەوی

بوونەوەر.. حەوت چینی ئاسمان و حەوت چینی زەوی

 

بوونەوەر.. حەوت چینی ئاسمان و حەوت چینی زەوی

 

وەرگێڕانی: سیروان محسن أنور

گەردوون یان بوونەوەر پێكهاتووە لەچەند شتێكی خاوەنی بوون كە جیاوازن لە ڕووی پێكهاتەوە, وەك: (ماددە، ووزە، كات و شوێن) و ئەوەیشی كە لەمانە پێكهاتووە لە هەموو ماددەكان و زیندەوەران، لەبەر ئەوە بەشێكی گرنگی زانستی مرۆڤایەتی تەرخان كراوە سەبارەت بە تێگەیشتن لە نهێنییەكانی بوونەوەر, كە باسی بوونەوەر دەكرَیت مەبەست پێ‌ی تەنها مرۆڤەكان نییە, بەڵكو بابەتی گەورەتر دەگرێتەوە لە: دەستووری گشتی تەنە ئاسمانییەكان, لەوەی كە هەستی پێ‌دەكرێت یان ئەوەشی هەستی پێ‌ناكرێت: لە شێوە و قەبارە و بارستە و دووری (درێژی، قوڵی و پانی) و جووڵەی تەنە ئاسمانییەكان, و پەیوەندی نێوانیان بەیەكەوە, و پێكهاتەی كیمیایی, و سیفاتی فیزیایییان و ئەو پێكهاتە جیاوازانەی كە ڕێكیان دەخات, چۆنیەتی گەشەكردن و مێژوویان و ئەو سەرەنجام و ئاكامەی كە چاوەڕوانییان دەكات.
لەبەرئەمانەیە كە لێكۆڵینەوە گەردوونییەكان دابەش دەكرێن بۆ دوو تەوەری سەرەكی:
1-علم الكون (Cosmology): زانستی گەردوونزانی.
2-علم أصل الكون (Cosmogenesis): زانستی بنچینە و سەرەتای بوونەوەر, ئەم دووبەشە لە زانستە هەمەلایەنەكانن) كە چەندەها لقی زانستیی پەیوەندیدار لەخۆ دەگرن.
بێ‌گومان مرۆڤەكان لە سەرەتای دابەزینیانەوە بۆ سەر زەوی گرنگی زۆریان داوە بە بیركردنەوە و وەرگرتنی زانیاری دەربارەی بوونەوەر, لەهەمان كاتدا خوای پەروەرردگار هاوكاری زۆر و هەمە چەشنەی مرۆڤی كردووە لەم بوارەدا, بە سرووش و نیگای ئاسمانی ڕێگای بۆ ڕۆشن كردۆتەوە سەبارەت بە ڕۆڵی بوونی و پەیامی لەم بوونەوەرەدا, و چۆنیەتی پەیوەندیشی بە گەردوونەوە بۆ دیاری كراوە لە لایەن پەروەردگارەوە, مرۆڤەكان كەی پشتیان لەبەرنامەكەی خوا كردبێت بوون بەخاوەنی بیر كردنەوەی پڕو پووچ و ئەفسانەیی, خۆشیان بە گەورە دەزانن كاتێك یەكێك لە نهێنییەكانی بوەنەوەریان بۆ دەركەوێت لەئەنجامی بەدوادا چوونیان بۆ دیاردە سروشتییەكان.


قورئانی پیرۆز بیروبۆچوونی ئەم جۆرە كەسانەی ڕوون كردۆتەوە بە: [ێعْڵمُونَ ظاهِرَاً مِّنَ الحَیاەِ الدُّنْیا ۆ هُمْ عَنِ اڵاخِرَەِ هُمْ غافِلُونَ], مێژوو تۆماری كردووە كە تەنانەت شارستانییەتە كۆنەكانیش گرنگی زۆریان داوە بە تەنە ئاسمانییەكان و جم وجووڵیان, زانستی ماتماتیكیان بەكارهێناوە بۆ چۆنیەتی و پێوانی ئەو پەیوەندی و گۆڕانكارییانەی بەسەریان دێت, وەك: ئەو بارانەی كە بەسەر مانگدا دێت یان پەیوەندی نێوان خۆر و زەوی, دەركەوتنی ئەستێرەكان یان وون بوونیان, (لە كوردەواریدا وەك دەركەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ), یان دیاردەی خۆر و مانگ گیران.


سەردەمانێكی زۆر دوور نییە كە مرۆڤ پێ‌ی وابوو زەوی سەنتەری بوونەوەرە و هەرچی هەیە لە بوونەوەردا بەدەوری زەویدا دەسووڕیتەوە, تاوەكو لێكۆڵینەوەی زانستیی نوێ‌ سەلماندی كە زەوی بەشێكی زۆر بچووكە لە پێكهاتەی زۆر وورد و رێك وپێكی گەردوون, ئەو پێكهاتە فراوانە لە زەوی و مانگ و خۆر و چەندان هەسارەی ترەوە دەست پێدەكات, كە ئەمانە كۆمەڵەی خۆر پێكدێنن,  ئەم كۆمەڵەیە لەگەڵ چەندین ئەستێرەی تر پێكهاتەیەكی تر لە گەردووندا پێكدێنن كە گەلەئەستێرەی (رێگای كاكێشان)ە كە زیاد لە (400هەزار ملیۆن) ئەستێرەی تر لەخۆ دەگرێت, كە خۆری خۆمان یەكێكە لەو (400000)ملێون ئەستێرەیە, بۆ هەموو یەكێك لەمانەش هەسارەی شوێنكەوتووی هەیە، بەهەمان شێوە هەموو یەكێك لەو هەسارانەش كۆمەڵێك لەمانگ و هاوپێچیان هەیە.
ئەم گەلەئەستێرەیەی ئێمەش بەشێكە لەو هێشووە گەلەستێرەی ناسراون بە كۆمەڵەی خۆماڵی (المجموعە المحلیەLOCAL GROUP ) كە ئەندازەی تیرەكەی بە دەیان هەزار ساڵی ڕووناكی مەزەندە دەكرێت (ساڵی ڕووناكیش یەكسانە بە 9.5 تریلیۆن كیلۆمەتر), ئەم كۆمەڵەی خۆماڵییە بەشێكە لە هێشووە گەلەستێرەی گەورەتر و مەزنتر (CLUSTERS SUPER), كە ئەمانیش پێكهێنەری گەلەستێرە مەزنەكانن (GALAXIES SUPER), زانایان خەمڵاندوویانە كە زیاتر لە 2هەزار ملیۆن گەلەستێرە داگیر كەری بەشێكی زۆری ئەم بوونەوەرەن و لە بۆشایی گەردووندا لەسەر شێوەی كۆمەڵی و هێشوویی مەلەدەكەن, كە بە خێرایییەكی هێجگار زۆر لەیەك دوور دەكەونەوە كە خەمڵێنراوە ئەم خێرایییە نزیكە لە خێرایی رووناكی واتە: (300000) كیلۆمەتر لە یەك چركەدا (كە ئەمە گەورەترین خێراییشە لە گەردووندا), ئەم جووڵە و خێرایییە لە لایەن مرۆڤەوە هەستی پێناكرێت, و بەردەوام بینراوە كە بۆشایی- یەكانی گەردوون پڕدەبێتەوە بە ماددەی تازە دروستبوو كە هیچ كەسێك نازانێت لە كوێوە پەیدا دەبێت, لەبەر ئەوەی زۆربەی زانیاری ئێمە دەربارەی بوونەوەر پەیوەستە و وەرگیراوە لە زانیارییەكانمان دەربارەی زەوی, لەبەر ئەمە پێویست دەكات قسەكانمان دەربارەی گەردوون لە هەسارەی زەوییەوە دەست پێ‌ بكەین.

زەوی (اڵارض)
مرۆڤ لەسەر هەسارەیەك دەژی كە زەوییە, بریتییە لە نیمچەتۆپێكی بەردین كە ناوەندی تیرەكەی دەگاتە (12.740كیلۆمەتر) و ناوەندی چێوەكەی دەگاتە (40.042 كم), و ڕووبەری ڕووەكەی دەگاتە زیاتر لە (510ملیۆن كیلۆمەتر), و قەبارەكەی دەگاتە زیاتر لە (ملیۆن ملیۆن (واتە: ترلیۆن)) كیلۆمەتر چوارگۆشە, و ناوەندی چڕییەكەی دەگاتە (5.5 گم/ سم سێ‌جا), لەمەوە بارستەكەی دادەنرێت بە (5976ملیۆن ملیۆن ملیۆن تەن), بەلای كەمەوە سێ لەسەر چواری ڕووبەری ڕووی زەوی داپۆشراوە بە توێژاڵێكی ئاو كە ئەندازەی ناوەندی ئەستوورییەكەی دەگاتە نزیكەی (3790 مەتر) واتە (4كم), و ئەندازەی ناوەندی بەرزیی ڕووی زەوی دەگاتە 840 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە, بەرزترین لوتكە لەرووی زەوییەوە(كە لوتكەی ئێڤێرێستە لە زنجیرە چیای هیمالایا) دەگاتە (8848مەتر) لە ئاستی ڕووی دەریاوە, و قووڵترین نزمایی لەناو دەریاشدا بریتییە لەو قووڵییەی كە نزیك دورگەكانی فیلیپینە كە (11.033مەتر) قووڵە, دەوروبەری زەوی دەورە دراوە بە بەرگێكی هەوایی كە پێك هاتووە لە چەند پێكهاتەیەكی كیمیاوی دیاری كراو, كێش و پەستانی ئەم بەرگەهەوایە كەم دەبێتەوە لەكاتی بەرزبوونەوەدا كە هەست بەو بەرگە هەوایییە ناكرێت لە سەرووی 40 كم دا, لەگەڵا ئەوەشدا كە لەسەروو ئەم بەرگە هەوایییە و لەنێوان ئەستێرەكاندا بە تەواوەتی بۆش نییە بەڵكو ماددەیەك هەیە كە پێ‌ی دەووترێت ماددەی نێوان ئەستێرەكان (Inter-Stellar Matter).
لەسەر زەوی و لە ناو ئاوەكاندا و لەژێر بەرگە هەواكەیدا گیانداری جۆراوجۆری لەشێوەی ئاژەڵی و رووەكی و مرۆیی و جنۆكەیی (پەری) دەژین بە بلیۆنەها, كە تەنها 2ملیۆن جۆری لێ‌ دۆزراوەتەوە كە جیا كراونەتەوە بۆ جۆر و خێزان و پلە و كۆمەڵ و تیرەی جیاوازەوە, زانایان بەردەوام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێكۆڵینەوە دەكەن دەربارەی ئەو جۆرە ژیانانە, و جۆر و خێزانی نوێ‌ دەدۆزنەوە, بەڕاستی خوای پەروەردگار زۆر جوانی فەرمووە: [ؤمَا مِن دَا‌بَّةٍ فِي الَاَرْضِ ؤلَا طَائِرٍ يَطِيرُ بِجَنَاحَيْهِ إِلاَّ أُمَمٌ أَمْثَالُكُم مَّا فَرَّطْنَا فِي الكِتَابِ مِن شَيْ‌ء ثُمَّ إِلَي رَبِّهِمْ يُحْشَرُونَ] (الانعام -38-).
ماددە لەنێوان زەوی و ئاو و هەوا و شێوەكانی ژیان لەسەری, بەڵكو لە نێوان ئێمە و ئەو بەشەشی دركی پێكراوە لە گەردوون لە جووڵەیەكی بەردەوامدایە و ناوەستێت لە پێناو درێژەدان بەژیان.
زەوی بەرگێك و داپۆشەرێكی بەردینی هەیە كە ئەستوورییەكەی نزیكەی (105,62كم) و پێك دێت لە:
1)-توێكڵی زەوی (قشرە اڵارض Earth‌s Crust): كە ئەستوورییەكەی لە نێوان (30-50كیلۆمەتردایە) لە كیشوەرەكان و (5-8كیلۆ مەترە) لە بنی زەریا و دەریاكاندا.
2)-بەرگی هەرە سەرەوەی داپۆشەری زەوی (الوشاح اڵاعلی من أوشحە اڵارضUppermost Mantle): ئەستوورییەكەی لەنێوان (35-100 كیلۆمەتردایە) لە كیشوەرەكان و (57-65كیلۆمەتر) لە بنی زەریا و دەریاكاندا.
بەدەوری ئەم بەرگە بەردینەی زەویدا, زەوی خۆی لە چەند پشتێنێكی ناوەوە پێكدێت, كە بەم شێوەیە ڕیزبوون:
3)-پشتێنەی لاوازی زەوی (نطاق الضعف اڵارضی Asthenosphere): بریتییە لە پشتێنەی سەرەوە لە بەرگی داپۆشەر (Upper Mantle), كە بۆ قووڵی (700كم) درێژدەبێتەوە لەناو زەویدا, ئەم چینە لە حاڵەتێكی شلیی نیمچە تواوەدایە و لەژێر پەستانێكی زۆر بەرزدایە, لە پلەیەكی گەرمی نزیك توانەوە, ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە ماددەی ئەم چینە رەوشتێكی نەرمیان هەبێت.
4),5)-بەرگەكانی ناوەڕاست و خوارەوەی داپۆشەری زەوی (الوشاحان اڵاوسط و اڵادنیMiddle and Lower Mantle) كە درێژ دەبنەوە بۆ قووڵی (2900كم) بە ناخی زەویدا, ئەم دوو چینە لە ماددەیەكی رەقی خاوەن چڕییەكی بەرز پێكدێن, كە لە پلەیەكی  گەرمی هەرە بەرزدان و لەژێر پەستانێكی زۆر بەرزدان (ئەم سیفاتانە زیاد دەكەن لەگەڵا زیادبوونی قووڵیدا).
6)-ناوكی دەرەوەی زەوی (اللب الخارجی لڵارض Outer Core): پێك دێت لە ماددەی تواوە كە بە پلەی یەكەم (ئاسن و نیكل)ە و كەمێك لە گۆگرد یان سیلیكۆن, بۆ قووڵی (5200كم) درێژ دەبێتەوە و پێشی دەووترێت ناوكی تواوەی زەوی (اللب السائل أو اللب المائع لڵارضLiquid or Fluid Core).


7)-ناوكی ناوەوەی زەوی (اللب الداخلی لڵارض Inner Core): كە بریتییە لە توپێكی تۆكمە لە ئاسن و نیكل لەگەڵا هەندێك توخمی تردا وەك: گۆگرد و سیلیكۆن, نیوەتیرەی ئەم ناوكە دەگاتە (1170كم), هەروەها ناودەبرێت بە ناوكی رەقی زەوی (اللب الصلب لڵارض Solid Core أو نواە اڵارض الصلبە Solid Earth‌s Core).
لەوانەیە ئەم حەوت چینە هەمان ئەو حەوت زەوییە بێت كە ئاماژەی پێ كراوە لە قورئاندا لە كۆتایی سوورەتی (الطلاق): [اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاؤاتٍ ؤمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ يَتَنَزَّلُ الْأَمْرُ بَيْنَهُنَّ لِتَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ عَلَي كُلِّ شَيْ‌وٍ قَدِيرٌ ؤأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْ‌ء عِلْمًا{7}], واتە: پەروەردگاری ئێوە ئەو خودایەیە كەحەوت بەشی زەوی دروست كردووە بەرانبەر بەو حەوت ئاسمانەی كە هەیە, هەروەها لە فەرموودەیەكی پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە: [مَن ظَلَمَ قَيْدَ شِبْرٍ طَوَّقَهُ مِنْ سَبْعِ أَرَضين]رواه البخاري و مسلم و اللفظ للبخاري, واتە: هەر كەسێك بەقەدەر بستێك ستەم بكات خوای گەورە دەیبات بەناو حەوت چینی زەویدا و لەوێ‌ توندی دەكات و سزای دەدات, بەڕاستی ئەم ئاماژەیە ئیعجازێكی زانستی گەورەی قورئان و سوننەتە كە لە رۆژگاری زانستیی ئەمڕۆماندا دەركەوتووە, پاش تێپەڕبوونی 1400ساڵ بەسەر دابەزینیدا, كە دەیسەلمێنێت ووتەی خودایە.
هەروەك چۆن ئاسمانەكان لەحەوت چین پێك هاتوون كە یەكسانن و هاوشێوەن و داپۆشەری یەكترین (واتە ئەوەی دەرەوە ئەوەی ناوەوە دادەپۆشێت), ئاسمانی یەكەم داخەری یان شارەوەی ئاسمانەكانی ترە بە گوێرەی پێناسەی قورئان: [الَّذی خَڵقَ سَبْعَ سَمَاۆاتٍ طبَاقًا]الملك3, بەهەمان شێوە دەبێت زەویش وەك ئاسمانەكان وابێت (بەپێ‌ی دەقی ئایەتەكەی پێشوو)بەو مانایەی كە هەر حەوت چینەكەی داپۆشەری یەكتری بن, ئەمەش وەك بینیمان بە ئاشكرا لە لێكۆڵینەوەی جیۆلۆجی چینەكانی زەویدا دەركەوتووە.
بەرگی بەردینی زەوی (Lithosphere) پێكدێت لە هەموو توێكڵی زەوی و بەرگی هەرە سەرەوە, ئەم بەرگە بەردینە پارچە پارچە بووە بە توێڕێكی مەزن لە درز و قڵیش كە چواردەوری هەموو زەوی داوە بۆ قووڵی (62-150كم), ئەم درزانە بووەتە  هۆی دابەشكردنی ئەم بەرگە بەردینە بۆ چەند پارچەیەك (پلێتێك Plates) كە پێ‌یان دەووترێت (پلێتەكانی بەرگی بەردینی زەوی Lithosphere Plates), ئەم پلێتانە دەجووڵێن بەهۆی كاریگەری شەپۆلەكانی هەڵگرتنی ناو زەوی (تیارات الحمل اڵارضی) لە پشتێنەی لاوازی زەویدا, كە دەبێتە هۆی دووركەوتنەوەی پلێتەكان لە یەكتری و فراوان بوونی بنی زەریا و دەریاكان (Sea-Floor Spreading), یان دەیانكێشێت بەیەكدا و زنجیرە شاخەكانیان لێ‌دروست دەكات, یان لەسەر یەكتری دەیان خلیسكێنێت و دەبێتە هۆی دروست بوونی بوومەلەرزە و شۆڕشە گڕكانییەكان (الثورات البركانیە) لە سنووری پلێتەكاندا بە تایبەتی لە شوێنی بەیەكدا كێشاندا, جووڵەی ئەم پلێتانە زۆر هێواشە كە تێكڕاكەی بریتییە لە (1-10سم) لە ساڵێكدا و كاریگەرییەكەی بە تێپەڕبوونی سەدەكان ئینجا زیاد دەكات.
زەوی سێ‌یەم هەسارەی جووڵاوە لە دووریدا لە خۆرەوە, ناوەندی دوورییەكەی لە خۆرەوە دەگاتە نزیكەی (150ملیۆن كم), دەخولێتەوە بە دەوری خۆردا لە خولگەیەكی شێوە نیمچەبازنەیی, خێرایییەكەی دەگاتە (30كم) لە چركەیەكدا (29,6كم/چركە) بۆ ئەوەی ماوەی سووڕەكەی خۆی بەدەوری خۆردا تەواو بكات لە ماوەی ساڵێكی هەتاویدا, كە ئەندازەكەی نزیكەی 365ڕۆژ و چارەكێكە (365رۆژ و 6سەعات و 9دەقیقە و 9,6چركە).
لەگەڵا ئەمەی ئاماژەی پێ‌كرا زەوی جووڵەیەكی تری هەیە كە بەدەوری خۆیدایە و لەشێوەی ئیسپرینگ یان لوولپێچدایە (مغزلی), خێرایییەكەی دەگاتە (27.8كم) لەیەك خولەكدا(دەقیقە), كە دەبێتە مایەی دروستبوونی شەو و ڕۆژ, كە ئەمیش زیاد و كەم دەكات بە گوێرەی وەرزەكان بەهۆی لاریی تەوەری زەوی لەكاتی سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا بە گۆشەی (23,30پلە).
لەماوەی هەموو سەدەیەكدا خێرایی سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا بە ئەندازەی بەشێكی چركەیەك كەم دەبێتەوە, ئەمەش بەهۆی كرداری هەڵچوون و داچوونی زەریا و دەریاكان كە ڕۆڵی برێك (ئیستۆپی) سەیارە دەبینن لە كەم كردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلدا.
ئەم كەم بوونەوەی خێرایی سووڕانەوەی زەوییە بە دەوری خۆیدا بەردەوامە لە ڕۆژی دروست بوونییەوە, و بەڵگەیە لەسەر ئەو خێرایییە زۆرەی كە زەوی پێ‌ی دەسووڕایەوە بەدەوری خۆیدا, سەرەتا ڕۆژ زۆر كورت بووە بەئەندازەی كەمتر لە چوارسەعات كە دابەش كراوە بەسەر شەو و ڕۆژدا, ئەمەش بووەتە هۆی زۆربوونی ڕۆژەكانی ساڵ (2200رۆژ), تا ووردە ووردە گەیشتووتە ژماەی ئێستا كە(365) ڕۆژە, پاك و بێگەردی بۆ ئەو خوایەی كە لە قورئاندا پێش هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەو بەر باسی لێكردووە: [إِنَّ رَبَّكُمُ اللّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاؤاتِ ؤالَاَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَؤي عَلَي الْعَرْشِ يُغْشِي اللَّيْلَ النَّهَارَ يَطْلُبُهُ حَثِيثًا]الَاعراف54, ئەم ئایەتە تەنها ئایەتێكە كە باس لە خێرایی بە دواییەكدا هاتنی شەو و ڕۆژ دەكات, (حَپِیپًا): بە مانای خێرایییەكی زۆر, كە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە سەرەتای دروست بوونی بوونەوەردا زەوی بەخێرایییەكی زۆر دەسووڕایەوە و شەو و رۆژی تێدا زۆر بە خێرایی بەدوای یەكدا دەهاتن.


درود وسڵاویش بۆ گیانی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) كە لەپێش هەزار و چوار سەد و ئەوەندە ساڵ لەمەوبەر باسی یەكێك لە نیشانە گەورەكانی نزیك بوونەوەی ڕۆژی دوایی كردووە كە ئەویش هەڵهاتنی خۆرە لە خۆرئاواوە: [لا تَقومُ الساعَەُ حتَّی تَطلُعَ الشَمسُ من مَغْڕبِها]رواه البخاری و مسلم, لەگەڵ ئەوەشدا خۆر لە خۆر هەڵاتەوە هەڵ دێت و لە خۆرئاواوە ئاوا دەبێت, ئەم كارەساتە ماوەیەك دەخایەنێت كە ڕۆژ تیایدا درێژ دەبێت بە شێوەیەكی نائاسایی, زانستی نوێ‌ی ئەمڕۆش هاتووە باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە لەگەڵا بەردەوام بوونی خاو بوونەوەی سووڕانەوەی  زەوی بە دەوری خۆیدا, بەدڵنیایییەوە رۆژێك دێت كە زەوی لە سووڕانەوە دەوەستێت و دەست دەكات بە سووڕانەوە بە شێوەیەكی پێچەوانە كە سەرەنجامی ئەمە دەبێتە هۆی هەڵهاتنی رۆژ لە رۆژئاواوە, بەڵام لەپێش ئەمەدا وەك فەرموودەكە فەرموویەتی درێژ بوونەوەیەكی نائاسایی روودەدات لە ماوەی رۆژدا.
زەوی لە بارێكی هاوسەنگی و خۆ ڕاگرتنێكی سەرسوڕهێنەردایە, چونكە ئەگەر هێزی ڕاكێشانی نەبووایە نەیدەتوانی ئەوەی كە لەسەریەتی ڕایبگرێت و شێوەی تۆپی وەردەگرت, ئەگەر زەوی سووڕانەوەی ئاسایی بەدەوری خۆی نەبووایە ئەوا شێوەی دەبووە نیمچەتۆپ, ئەگەر چینە بەردینەكانی ژێر زەوی لە پێك هاتەی زەویدا بەشێوەیەكی كیمیاوی بەو چڕوپڕییە نەبووایە ئەوا چڕییەكەی تێكدەچوو و جیاوازی نەدەبینرا لەڕووی بەرزی ونزمییەكانی  و بنی دەریا و زەریاكان رۆدەچوونە خوارەوە و بەرزیی شاخەكان زۆر زۆر دەبوو, ئەگەر جووڵەی ناوەكی زەوی نەبووایە و هەڵگەڕانەوەش نەبووایە لەسەر تویژاڵە بەردینەكان و جم وجۆڵی بەردەوامیان نەبووایە لەسەر زەوی و نا ئاوەكاندا و ئەگەر ئەو پارچە نەیزەكانەی نەكەوتنایە سەر زەوی و نەمانایە, ئەوا ژیانیش لەسەرزەوی نەدەما, لە كۆتایی ئەم باسەماندا با بچینە سەر باس كردنی تەنها هاوپێچی زەویمان كە بریتییە لە مانگ, كە ئاشكرایە كاریگەرییەكی زۆر گەورە و راستەوخۆی هەیە لەسەر ژیان لەسەر زەویدا و لەسەر زەوی خۆی.

مانگ (القمر)
بریتییە لە هاوپێچێكی بچووكی زەوی, تیرەكەی چواریەكی تیرەی زەوییە و دەگاتە (3476كم), رووبەری رووەكەی دەگاتە (38ملیۆن كیلۆمەتر دووجا), ناوەندی چڕییەكەی دەگاتە (3,36گم\سم سێجا), هێزی كێشكردنی شەش یەكی كێشكردنی زەوییە, مانگ بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە لە خولگەیەكی نیمچە بازنەییدا, ناوەندی دووریی لەزەوییەوە دەگاتە (384هەزار كم), مانگ هەمان ماوەی پێ‌دەچێت لە سووڕانەوەی بە دەوری خۆیدا وەك سووڕانەوەی بەدەوری زەویدا كە لە 27,5رۆژدا تەواوی دەكات, پلەی گەرمی لەسەر رووی مانگ لەنێوان -173پلەی سەدییە (پلەی سفری پەتی)دایە لە شەودا و 127پلەی سەدی لە نیوەڕۆدا, لەبەر ئەوەی مانگ نزیكترین تەنە ئاسمانی یەكانە لێمانەوە هەر لە كۆنەوە سووڕەكەی بە دەوری زەویدا بریتییە لە ووردترین هۆكاری رۆژ ژمێری لەسەر زەویدا.
سەرچاوە: بابەتی (الكون… سبع أراض و سبع سماوات)/ نووسینی (د.زغلول النجار), لە سایتی: Islamonline.net

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (6) دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top