You Are Here: Home » هەمەجۆر » تيشك / 6

تيشك / 6

 

مەریوان ئەحمەد رەشید

لە ژمارە (3)ی گۆڤاری (علوم المستقبل)دا برای بەڕێزم (د. أیاد عبدالعزیز العانی) مامۆستای گەردوونزانی لە زانكۆی (النهرین) بابەتێكی بە ناونیشانی (التنجیم بین الحقیقة و الوهم) (ئەستێرەگەری لە نێوان راستیی و خەیاڵ)دا بڵاوكردەوە, كە تیایدا بە شێوەیەكی زانستی باسی لە دیاردە گەردوونییەكان دەكات و زانستی گەردوون (علم الفلك) بە تەواوی لە ئەستێرەگەری (التنجیم) جیا دەكاتەوە.
كاتێك لە بەغداد سەردانی بەڕێزیانم كرد باسی كرد كە زۆر جار پرسیاری دەربارەی گەردوونزانی و ئەستێرەگەری ئاراستە دەكرێ‌ و بۆ یەكاڵا بوونەوەی ئەم دوو زاراوەیە ئەو ووتارەی بڵاو كردووەتەوە, لە بابەتەكەی (د.أیاد)دا هاتووە كە زۆر لە مێژەوە خەڵكی گرنگی داوە بە مەسەلەی ئەستێرەگەری و كاریگەری ئەستێرە و تەنە گەردوونییەكان لەسەر چارەنووسی مرۆڤ و كۆمەڵگاكەی و وای لێكداوەتەوە كە ئەم دیاردانە سەرەتا و پێشبینی نەخۆشی و جەنگ  و لافاو و نەهامەتییەكانن بۆ خەڵكی سەر زەوی, و بە ناچاری بە پیرۆزی و بە ووردی تەماشای ئەم دیاردە گەردوونییانەیان كردووە, تا كار گەشتۆتە ئەوەی كە بیانپەرستێت!!. هەر لەبەر ئەوە بۆ زۆرێك لە دیاردە و دیمەنەكان خوایەكی داناوە!!, لەوانە هەسارەی (زوهرە)ی بە خوای جوانی (Venus) داناوە, و بۆ شەو, بۆ رۆژ, بۆ ئاسمان و هەموو ئەمانە و چەندینی تر هەر یەكە خوایەكی بۆ داناوە!!.
هەر لە ووتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە چۆن هەندێك بە هەڵە لە بورجەكان تێگەیشتوون و بورجەكان تەنها ئەوەندە نین كە شێوە پشتێنەیەكیان دروست كردووە و ژمارەیان (12)بورجە و كاتێك زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە و لە شوێنێكەوە دەچێت بۆ شوێنێكی تر وا دەزانین كە خۆر لە بورجێكەوە چۆتە بورجێكی تر, بەڵكو ئەم بورجانە نین لە گەردووندا, هەروەها باس لەوە دەكات كە گەردوونزانی نوێ‌ زانیاری باشی پێ‌بەخشین لەسەر بورجەكان و ئەو ئەستێرەگەرییەی ئێستا باس لە چارەنووسی مرۆڤ دەكات و پشت دەبەستێت بە زانیاری (19)سەدە لەمەو پێش, و باسكردن لە رۆژی لە دایكبوونی منداڵا و بەستنەوەی بە بورجەكانەوە هەمووی دوورە لە گەردوونزانییەوە.
هەر لە ووتارەكەیدا بەڕێز (د. أیاد) باسی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەكات كە چۆن پەروەردگار لە چەند جێگایەك باس لە بورجەكان دەكات وەك بەرز راگرتنی پێكهاتەی ئەم بورجانە هەروەك لە سوورەتی پیرۆزی (البروج)دا ئایەتی (1) دەفەرموێت: [ۆالسَّمَا‌ء ذاتِ الْبُرُوجِ], پەروەردگار سوێند دەخوات بە ئاسمان كە ئەم بورجانەی تێدایە, و ئاماژەیەكی تەواوە بەوەی مرۆڤ بیر لە لێكۆڵینەوەی بورجەكان بكاتەوە و دیراسەیان بكات.
پێغەمبەری ئیسلام محمد(صلى الله عليه وسلم) لە كاتی مردنی ئیبراهیمی كوڕیدا, كاتێك خۆر گیرا خەڵكی ووتیان بە هۆی مردنی ئیبراهیمەوەیە, دەست بەجێ‌ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) ئەوەی رەتكردەوە و فەرمووی: [خۆر و مانگ بۆ ژیان و مردنی كەس ناگیرین بەڵكو دوو بەڵگەی دەسەڵاتی پەروەردگارن].
لە كۆتاییدا دەڵێین ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەردەم هاندەری مرۆڤە بۆ زانست و تێڕوانین و لێكۆڵینەوە و جێ‌ی خۆیەتی ئێمەی مرۆڤیش لەو روانگەیەوە برەو بە گەردوونزانی بدەین و هەوڵ بدەین بۆ زانستی نوێ‌.
خوێنەری بەڕێز… بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن ووتارەكەی ئاماژەمان پێدا بخوێننەوە لە گۆڤاری (علوم المستقبل) ژمارە (3), كە بە ووردی و بەشێوەیەكی زانستییانە باس لەو مەسەلەیە دەكات, و ئێمە لەبەر كەمی ماوە نەمانتوانی هەموو بابەتەكە بە درێژی لەم سەر ووتارەدا باس بكەین………….

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (6) دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top