You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » پزیشکی و زیندەوەرزانی » موعجیزەی هێنانی ناوی خوا لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ دا

موعجیزەی هێنانی ناوی خوا لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ دا

 

موعجیزەی هێنانی ناوی خوا لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ دا

 

ئا: تیمێكی زانستی لە پزیشكان و پسپۆڕانی بواری زانستی

بەشی یەكەم:
ئەوە شارستانی سەدەی بیستەو داهێنانە سەردەمییەكانی مرۆڤەكان لە چڵەپۆپەی پێشكەوتندان، زەویش ژمارەیەكی زۆر دانیشتوانی لەخۆگرتووە بە شێوەیەك كە زەوی پێشتر نموونەی وای بەخۆوە نەبینیوە، بەڵام لەهەمانكاتدا هەڵگری جۆرەها نەخۆشیی كوشندەشە بەمەش وەك ئەوەی لێهاتووە كە بەردەوام ڕیسەكەی خۆی دەكاتەوە بە خوری.
هەرچەندە لەم سەردەمەدا مرۆڤەكان پێشكەوتن و گەشەكردنیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەو مەسەلەگەلانەی لە ڕووی مرۆڤایەتیدا دەوەستن بەشێوەیەك زۆربوون كە ئەگەر تەنها فریای لێكۆڵینەوەی بابەتەكان بكەون، چ جای ئەوەی بتوانن چارەسەریان بۆ پێشكەش بكەن.
هەندێك لە موستەشریقەكان دەڵێن سەربڕینی گیانلەبەرو پەلەوەرەكان هەر مردنە ! جا ئایا ئاژەڵی بێزمان لە كاتی سەربڕین و گیانەڵادا لە زمانی عەرەبی یان لە هەر زمانێكی تر تێدەگات؟ تا لە كاتی سەربڕیندا ناوی خوای لەسەر بهێنرێت، بەڵكو ئەو گۆشتەش نەخورێت كە ناوی خوای لەسەر نەهێنرابێت .
هەروەها دەڵێن ئێمەی رۆژهەڵاتیی خۆمان بە كارە بێكەڵكەكانەوە خەریك دەكەین كە هیچ سوودێكیان نییە، بە نموونە شتە غەیبییەكان كە نە لێیان تێدەگەین و نە دەیانزانین.
ئایا دەبێت هێنانی ناوی خوا لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵدا چ سوودێكی هەبێت، لە كاتێكدا ئاژەڵەكە لە ژێر تیغی چەقۆدایەو هیچیش تێناگات ؟
ئایا هێنانی ناوی خوا لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵدا تەنها خواپەرستییە، یان بنەڕەتی زانستی وردی هەیە كە كاریگەری گەورەی هەبێت، بەڵام خەڵكی لێی بێ ئاگابوون و وازیان لێهێنابێت.
ئێستاش با ڕووبكەینە خەڵك و بۆچوونیان دەربارەی گرنگی هێنانی ناوی خوا لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵدا وەربگرین:
– بەخوا كە بزانم (الله اكبر)ی لەسەركراوە لێی دەخۆم، كە بشزانم (الله اكبر)ی لەسەرنەكراوە نایخۆم.
– لە ڕووی دینییەوە پێویستە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە پێویست ناكات.
– ئەگەر یەكێك بیری چووبێت گرفت نییە، بەڵام ئەگەر یەكێك لە خۆیەوە نەیكات حەرامەو ناگونجێت.
– ئەگەر (الله اكبر)ی لەسەرنەكرا نابێت بخورێت، بەڵام ئەگەر لەبیری چوو ئاساییە، بەڵام باشترە سەربرڕاو (الله اكبر)ی لەسەر بكرێت.
– ئەگەر (الله اكبر)ی لەسەركرا باشە، بەڵام باشترە كە (الله اكبر)ی لەسەر بكرێت و بە دەنگی بەرز ناوی خوای لەسەر بهێنرێت.
– بەخوا ئەوە ئیتر خۆت و ویژدانی قەسابەكە، گۆشت لای قەساب دەهێنین، تۆ چوو زانیت (الله اكبر)ی لەسەركراوە یان نا.
– بە نموونە ئێستا ئەگەر من بمەوێت لە گۆشتی سەربرڕاو بخۆم، ناكرێت بزانم ئەوەی سەری بڕیوە ناوی خوای لەسەر هێناوە یان نا، بۆیە من ناوی خوا دەهێنم و بە ئیزنی خوا كارەكە بەوە تەواو دەبێت .
– لە كتێبی (سبل السلام)ی پێشەوا (الصنعانی)دا هاتووە كە خاتوو عائیشە خوا لێی رازی بێت وتی: ئەی پێغەمبەری خوا خەڵكانێك گۆشتمان بۆ دەنهێنن و، ئێمە نازانین ناوی خوایان لەسەر هێناوە یان نا، پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم فەرمووی ئێوە خۆتان ناوی خوای لەسەر بهێنن و بیخۆن.
– دەتوانرێت لەسەر هەر سەربرڕاوێك الله أكبر بخوێنرێت، بەڵام ئەگەر كۆمەڵێك بوون لە یەك جێگاشدا بوون دەتوانرێت واتە نیەتی سەربڕینی هەموویان بهێنێت بە یەك الله أكبر. 
هێنانی ناوی خوا لەسەر گیانلەبەرو پەلەوەر لەكاتی سەربڕینیاندا پەیوەندی بە هەموو شەریعەتەكانی ئاسمانەوە هەیە كە پێغەمبەران بۆ میللەتەكانی خۆیان هێناوە.
عبدالقادر الدیرانی دەڵێت: (بەڵێ‌ هەموو ئایینە ئاسمانییەكان بانگەشە بۆ هێنانی ناوی خوا لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵدا دەكەن، وەك ئەهلی كیتاب و موسڵمانان، لەبەرئەوەی بنەڕەتیشیان یەكەو هەموو وەچەی پێغەمبەر ئادەمن سەلامی خوای گەورەی لێبێت، بنەڕەتی دینیش هەر یەكە بەبەڵگەی ئەو ئایەتەی دەفەرموێت:  {كَانَ النَّاسُ أُمَّەً ۆاحِدَەً} ئەو كاتە خەڵكی بێباوەڕ نەبوو، بەڵكو گوێڕایەڵ و گوناهكار هەبوو {فَبَعَث اللَّهُ النَّبِیِّینَ مُبَشِّڕینَ ۆمُنذڕینَ } {مُبَشِّڕینَ}: گوێڕایەڵەكان و {ۆمُنژِڕینَ}: گوناهكاران.
هەروەها ئایەتی: {شَرَعَ ڵكُمْ مِنْ الدِّینِ مَا ۆصَّی بِهِ نُوحًا ۆالَّذی أَوْحَیْنَا إِڵیْكَ ۆمَا ۆصَّیْنَا بِهِ إِبْرَاهِیمَ ۆمُوسَی ۆعِیسَی أَنْ أَقِیمُوا الدِّینَ ۆڵا تَتَفَرَّقُوا فِیهِ} سورە الشوری (13) بە ڕوونی دەریدەخات كە بنەڕەتی ئایین یەكە.
دووبارەكردنەوەی ئەو ئایەتانەش كە تایبەتن بە (تكبیر) هەشت جار بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر كارێكی زۆر گرنگ).
ئێمە لە سەردەمێكداین بەهۆی كەمتەرخەمی و لە بیرچوونەوە ناوی خوا لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ دا ناهێنرێت ؟! ئەمەش بێگومان لەبەرئەوەیە كە خەڵكی لە مەبەست و حیكمەتەكانی ئەو كارە بێئاگان.
بەڵام ویستی خوای گەورە وایە كە بەردەوام مرۆڤەكان بۆ ڕاستێتی مرۆڤایەتییان بگەڕێنێتەوە، ئەوەتا بانگەشەی یەكێك لە زانا گەورەكانی دیمەشق (محمد أمین شیخو) دەنگی دایەوە كە داوای كرد لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵدا ناوی خوا هێنان و (الله أكبر)كردن مەرج بێت، ئەو كاتەش لە تاقیگەكاندا موعجیزە ڕوویدا.

بەشی دووەم:
ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم ڕاستییەكی پزیشكی شیكاریدا دەوەستین كە كردنی (الله اكبر)ە لەسەر سەربڕاوەكان، دوای توێژینەوەیەكی زانستی نایاب كە تیمێكی زانستی لە پزیشكانی بەرگ سپی و كەسانی پسپۆڕ لە بواری شیكاریدا پێی هەستان، ئەوانەی كە بە زانست جەنگ لەگەڵ میكرۆبە كوشندەكاندا دەكەن، تاریكایی و پڕوپووچیی و جادووگەریی دەشكێنن و ، دەبنە مایەی ئەوەی كولتوری ئایینە ئاسمانییە پیرۆزەكان كە بە نەزانی نەفامەكان گەردی گرتووە بڕەوێننەوە. 

 
گرنگی هێنانی ناوی خواو (الله أكبر) كردن لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵداو كەمتەرخەمی خەڵكی لەم بابەتەدا، وای كرد لە مامۆستا (عبدالقادر الدیرانی) ئەم بابەتە بە شێوازێكی ئەكادیمی زانستی پێشكەشبكات و مەترسی ئەم بابەتە بۆ مرۆڤایەتی دەربخات، ئەوەش بینا لەسەر لێكۆڵینەوە قورئانییە دەستنووسەكانی مامۆستا (محمد أمین شیخو) لە كتێبی (تأویل القران العظیم)، لێرەوە مامۆستا (الدیرانی) هەستا بە پەیوەندیكردن بە دیارترین زاناو مامۆستاو پزیشكە پسپۆڕەكانی ئەم بوارەوەو رێكەوتن لەسەر ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی تێروتەسەل لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەن.
عبدالقادر الدیرانی دەڵێت: (دەستمانكرد بە كۆبوونەوەی چڕوپڕ لەگەڵا پزیشكەكانداو بۆم ڕوون كردنەوە كە زانای گەورە (محمد أمین شیخو) زیاد لە چل ساڵە بۆ مرۆڤایەتی و نەوەكانمانی ڕوونكردۆتەوە، كە (الله أكبر) كردن لەسەر سەربڕاوەكان دەبێتە مایەی حەوانەوە بۆ سەربڕاوەكەو پیسی و نەخۆشی و میكرۆبی تیاناهێڵێت و داوی لە بڕواداران كردووە كە ئەو گۆشتە نەخۆن كە لەكاتی سەربڕیندا ناوی خوای لەسەر نەهاتووە: {ۆڵا تَأْكُلُواْ مِمَّا ڵمْ یُذكَڕ اسْمُ اللّهِ عَڵیْهِ ……}من الایة اڵانعام121 چونكە لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵدا خوێنە پیسەكەی لێدەرناچێت و میكرۆب و پیسییەكان لە سەربڕاوەكەدا دەمێنێتەوە).
(د. سعد مخلص یعقوب) پزیشكی پسپۆڕ لە بواری تاقیگەدا لە فەرەنسا دەڵێت: (نەخشەیەكی كاركردنی زانستی وامان دانا كە چەند هەنگاوێك بوو لەگەڵ مەبەستی گەڕاندا یەكیدەگرتەوە بە شێوەیەك كە هەموو گومانەكان لەم بابەتەدا نەهێڵێت.
لە دوای كۆبوونەوەو نەخشەدانان كارەكانمان دەست پێكرد سەرەتای لێكۆڵینەوە لەم كارە لە كوشتارگەكانەوە دەستی پێكرد، ئەمەش بە مەبەستی وەرگرتنی چەند نموونەیەك لە گۆشتی جیاواز  (ئەوانەی لەكاتی سەربڕیندا ناوی خوایان لەسەر دێت و ئەوانەی ناوی خوایان لەسەر نایەت) بە مەبەستی پشكنینی پزیشكی و زانستی جیاواز، بۆ زانینی بوونی جیاوازی لە نێوان ئەو ئاژەڵانەی كە بسم الله و الله اكبر ی لەسەر دەكرێت).
لە سەرەتادا تیمی لێكۆڵینەوە مەسەلەی هێنانی ناوی (خوا)یان لەسەر سەربڕاو بە جۆرێك لە دوودڵی و ساردی وەرگرت، بەڵام بە دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكان تیمەكە سەرسام بوون.. ئەم سەرسامییە لە ماوەی لێكۆڵینەوەكەدا بەردەوام زیاتر دەبوو … لە ڕاستیدا هێنانی ناوی خوا لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵدا ئەنجامێكی دا بە دەستەوە كە چاوەڕوان نەدەكرا، بەڵام واقیعی بوو.
ئەم ئەنجامانە شوێنی تێڕامان بوون بۆ تیمی پزیشكی كە بە لێكۆڵینەوەكە هەستان، كە ئەنجامەكەی ئەوەبوو ئەو گۆشتانەی لەكاتی سەربڕیندا ناوی خوای لەسەر هاتبوو شانەكانی لە خوێن پاك ببوونەوە، بە پێچەوانەی ئەو سەربڕاوانەی تر كە ناوی خوایان لەسەر نەهێنرابوو گۆشتەكانیان پڕبوون لە خوێن و كۆڵۆنیای بەكتییری.
تیمی لێكۆڵینەوە بۆ دەرخستنی كاریگەری هێنانی ناوی خواو (الله أكبر) كردن لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵدا پێشكەوتووترین شێوازی پزیشكی و زانستیی پشت پێبەستراوی جیهانییان بەكارهێنا.
(د.محمد نبیل شریف) ڕاگری پێشووی كۆلیژی دەرمانسازی لە زانكۆی دیمەشق دەڵێت: (لێكۆڵینەوەیەكی زانستی ڤایرۆسیمان كرد لەسەر چەند نموونەیەك لە گۆشتی گوێرەكە كە بەپێ‌ی شەریعەت سەربڕدراوە و (الله اكبر) ی لەسەر كراوەو چەند نموونەیەكی تر لەهەمان گۆشت كە (اللە اكبر)ی لەسەر نەكراوە، هەروەك لێكۆڵینەوەی ڤایرۆسی هاوشێوەمان كرد لەسەر پەلەوەری حەڵاڵ كە لە كاتی سەربڕین (الله اكبر) ی لەسەر كراوە و پەلەوەری تر كە سەربڕاوە و (الله اكبر) ی لەسەر نەكراوە.
چەند نموونەیەكمان وەرگرت و پارچەی بچووكمان لێ‌ بڕی. هەر نموونەیەكمان خستە ناوگیراوەی دیتۆڵەوە (10%) ئەمەش بە مەبەستی پاكردنەوەی ڕووەكەی بە جوانی ئەمەش بۆ نەهێشتنی ئەو گومانەی كە ڤایرۆسی دەوری ڕووەكەی بۆ هاتووە.
دوای كاتژمێرێكی تەواو لە پاكردنەوە بە دیتۆڵ (10%) پارچە گۆشتەكان ئەوانەی كە وەك نموونە وەرگیرابوون، بە هەردوو جۆرەكەیەوە ئەوانەی لەكاتی سەربڕین (الله اكبر)ی لەسەر كراوەو ئەوانەش كە (الله اكبر)ی لەسەر نەكراوە، لە جۆرەكانی گوێرەكەو پەلەوەر، هەموویان لە ناوەندی سیۆغلیكۆلات چێنران(زرعت). پاشان لە شوێنێكی تایبەتدا بۆ پارێزگاری لێكردنی دانران بۆ ماوەی 24 كاتژێر).

بەشی سێیەم:
سەرنجی یەكەم بریتی بوو لە:
– هەموو جۆرەكانی گۆشتی گوێرەكەو پەلەوەر كە لەكاتی سەربڕیندا (الله اكبر)ی لەسەر كراوە هیچ گەشەكردنێكی ڤایرۆسی بە خۆیەوە نەدیوە، ئەو ناوەندەش خاوێن بووەو گەشە كردنی ڤایرۆس تیایدا نەزۆك بووە.
– بەڵام ئەوانەی كە (الله اكبر)ی لەسەر نەكراوە گەشەكردنێكی ڤایرۆسی بەهێزی پێوەیە.
دوای (24) كاتژمێر هەستاین بە گواستنەوە بە شێوەیەكی زانستی لە ناوەندی سیۆغلیكۆلاتەوە بۆ سێ‌ ناوەندی تر:
ناوەندی یەكەم: ناوەندێكی سرێژكراوی خۆراكی.
ناوەندی دووەم: ناوەندێكی دیاریكردنی EMB .
ناوەندی سێیەم: ناوەندێكی دیاریكردنی خوێن.
پاشان كاری گواستنەوەی نموونەكان دەستی پێكردو دوای 48 كاتژمێر لە ئەنجامدانی كاری گواستنەوە ئەوە دەركەوت كە پارچە چێنراوەكان لە گوێرەكەو پەلەوەر كە ناوی خوایان لەسەر هاتووە.. لە ڕووی گەشەكردنی ڤایرۆسەوە نەزۆك بوون بە ڕێژەی 99%. بەڵام گوێرەكەو پەلەوەر كە بەبێ‌ (الله اكبر) كردن سەربڕابوون دەركەوت كە گەشەكردنێكی زۆری ڤایرۆسی هەیە. هەروەها لە ناوەندی EMB تێبینی ئەوە كرا كە گەشەكردنێكی گەورەی ڤایرۆسی هەیە بە شێوەیەكی سلبی.
لەسەر ناوەندی سرێژكراوی خۆراكی دەركەوت ئەو گوێرەكەو پەلەوەرانەی كە بەبێ‌ (الله اكبر) كردن سەربڕابوون گەشەكردنێكی زۆری ڤایرۆسییان هەیە، لە كاتێكدا گۆشتی ئەو گوێرەكەو پەلەوەرانەی كە لەكاتی سەربڕیندا (الله اكبر)یان لەسەر كرابوو هیچ گەشەكردنێكی ڤایرۆسییان بە خۆوە نەدیوە لە هەرسێ‌ ناوەندەكەدا (خۆراك و EMB و خوێن)دا.
تێبینی ئەوە كرا كە جیاوازی لە ڕەنگدا هەیە لە نێوان ئەو گۆشتەی كە (الله اكبر)ی لەسەر كراوەو ئەوەی لەسەری نەكراوە، ڕەنگی ئەو گۆشتەی كە (الله اكبر)ی لەسەر كرا بوو ڕەنگی گوڵی كراوە واتە سورێكی كاڵ، بەڵام  ئەوەی كە ناوی خوای لەسەر نەهاتووە ڕەنگەكەی سورێكی تاریكەو شینەوەبووش دەردەكەوێت.
لەكاتی ئەنجامدانی شیكاری لەسەر نموونەكان ئەو گۆشتەی (الله اكبر)ی لەسەر كرابوو ڕەنگەكەی سورێكی كاڵ دەرچوو، بەڵام ڕەنگی ئەو گۆشتەی كە (الله اكبر)ی لەسەر نەكراوە سورێكی تاریك بوو كە بەلای شینیدا دەیڕوانی.
ئەم بڕگانە توێكاری شانەیی گۆشتی گوێرەكەن، ئەوە گۆشتێكە كە (الله أكبر)ی لەسەر كراوەو ئەوەش گۆشتێكە كە (الله أكبر)ی لەسەر نەكراوە، ئەو بڕگانەی تریش هی گۆشتی پەلەوەرن، ئەوەی ئاماژەی بۆ كراوە ئەوە (الله أكبر)ی لەسەركراوەو ڕەنگەكەی كاڵەو گونجاوە، بەڵام ئەوانەی تر ئەوەن كە (الله أكبر)ی لەسەر نەكراوە ڕەنگەكەیان لەوەی یەكەم تۆخترە. ئەم بڕگە شانەییە وێنەیەكی وردبینی گۆشتی گوێرەكەیە كە (الله أكبر)ی لەسەركراوە تێبینی دەكرێت كە خڕۆكەی سپی هەوكردنی لەسەر نییەو خڕۆكەی سووریشی كەمە، بەڵام ئەم بڕگەیەی تر ئەوە گۆشتی گوێرەكەیە كە (الله أكبر)ی لەسەر نەكراوە تێبینی دەكەین خڕۆكەی سپی هەوكردنی زۆری لەسەرە لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی زۆر لە خرۆكەی سوور. ئەمەش بڕگەیەكە لە گۆشتی مریشك كە (الله أكبر)ی لەسەركراوە تێبینی جیاوازییان دەكەین لەگەڵ ئەو بڕگە شانەییەی گۆشتی مریشك كە (الله أكبر)ی لەسەر نەكراوە لەم وێنەیەدا.
بەم جۆرە ئەو ئەنجامەمان لا دەستەبەر دەبێت كە كردنی (الله اكبر) لە ئیعجازەوە نزیكەو لەسەرسوڕمانێكی زانستیشەوە لە هەمان كاتدا.. چۆن دەبێت ئەم ئاژەڵە كە (الله اكبر)ی لەسەر كراوەو سەربڕاوەو دوای كاری سەربڕین و (الله اكبر) بۆتە گۆشتێكی پاكژ، لە كاتێكدا ئەو ئاژەڵانەی كە (الله اكبر)ی لەسەر نەكراوەو خوێنەكەی تیایدا ماوەتەوە گۆشتەكەی ڤایرۆساوییە.
ئەنجامەكان بۆ تیمەكە جێی سەرسوڕمان بوو، وا گومان نەدەبرا كە وتەی (اللە أكبر) بەو شێوە گەورەو فراوانە كاریگەری هەبێت.
هەموو پشكنینەكانی خوێن و شانە لەگەڵ وتنی (الله أكبر) بوون لەسەر گۆشت، ئەو گۆشتەی (اللە أكبر)ی لەسەر كرابوو پاك و خاوێن بوون و خەریكە بڵێین هیچ پیسیی و پەڵەی خوێن و میكرۆب و كۆڵۆنیای بەكتییری پێوە نەبوو، بەڵام ئەو گۆشتەی (الله أكبر)ی لەسەر نەكرابوو دەبینین پشكنینەكان لە ڕووی خوێن و شانەوەو هەروەها ئەو وێنانەی كە لەم بابەتەدا نیشاندران زۆر پیس بوون بە شێوەیەك كە ناكرێت بایەخی پێنەدرێت و چاوپۆشی لێبكرێت.
(د.مروان السبع) دەڵێت: تاقیكردنەوە گەورەترین بەڵگەیە.. بەشەكانی توێكاریمان لایەو شیكاریەكانی تاقیگە كە لەسەر نموونەی گۆشتەكان و خوێن كراوە.. ئەوە دەردەخات كە جیاوازییەكی گەورە هەیە لە نێوان ئەو گۆشتەی كە ناوی خوای لەسەر هاتووەو ئەوەی ناوی خوای لەسەر نەهاتووە، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەردەمێكداین ئەوەی بەڵگەو شیكاری لەگەڵدا نەبێت وەرناگیرێت.. بۆیە فەرموو وەرن ئەوە تاقیبكەنەوە كە ئێمە دەیڵێین هەتا ڕاستی ئەو قسانەی ئێمەتان بۆ دەركەوێت.

تێبینی: كورتكراوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (16)دا بڵاوكراوەتەوە.

 

 

 

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top