You Are Here: Home » هەمەجۆر » تيشك / 5

تيشك / 5

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زانست لەبرەودایە، بیردۆز و یاساكان دادەڕێژرێن، توێژینەوە ولێكۆڵینەوەكان لەزانكۆ و پەیمانگا و مەڵبەندە زانستییەكان چڕوپڕتر دەبن، زانایان و زانستخوازان  بە پەرۆشن لە بەگەڕخستنی هەموو ئەمانەدا لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ خزمەتكردنی مرۆڤ و ئاوەدانكردنەوەی ئەم سەر زەوییە, مرۆڤیش هەر لەسەرەتاوە كە چاوی كردووەتەوە ژینگەیەكی گونجاو و لەباری بینیوە كە پەروەردگار بۆی ڕەخساندووە [هُۆ الَّذی خَڵقَ ڵكُم مَّا فِی اڵاَرْض جَمِیعاً ثمَّ اسْتَۆی إِڵی السَّمَا‌ء فَسَوَّاهُنَّ سَبْعَ سَمَاۆاتٍ ۆهُۆ بِكُلِّ شَیْ‌وٍ عَلِیمٌ]البقرة-29.
مرۆڤ بە درێژایی قۆناغەكانی مێژوو هەوڵی ئەوەی داوە كە سوود لە پێكهاتەكانی ئەم ژینگەیە وەربگرێت و ئەوەندەی توانیویەتی سەركەوتوو بووە, دارودرەختی بەكارهێناوە بۆ خۆگەرم كردنەوە و دروستكردنی خانوبەرە و ڕاپەڕاندنی كارەكانی، پاشان كار گەیشتووەتە ئەوەی سوود لەكانزاكان وەربگرێت، بەو جۆرە ووردە ووردە توانیویەتی ئامێرەكان دروست بكات  و پاشان ئەم بوارە فراوانتر بكات بە جۆرێك ئەمڕۆ ببێتە خاوەن تەكنۆلۆجیایەكی باش و سوود لە چەندین سەرچاوەی ووزە وەربگرێ‌ و بەمەش بە خۆشگوزەرانی لەسەر زەویدا بژی.
هەموو ئەمانەی باسكران ئەوە دەگەیەنن كە مرۆڤ بۆ دەستەبەركردنی  ژیانێكی ئاسوودەیی بە شێوەیەكی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ بەرهەمە زانستییەكاندا دەكات، بەڵام ئەوەی جێ‌ی سەرنجە و تەواو پێچەوانەی ئەوانەی پێشووە ئەوەیە كە هەندێك جار مامەڵەكە سلبی دەكەوێتەوە و مرۆڤ گیرۆدەی ئەو مامەڵە سلبییە دەبێت, ئەوەی جێ‌ی سەرسوڕمانیشە ئەوەیە كە زانایان هەندێك جار فاكتەری بە گەڕخستنی ئەو لایەنە سلبییەن لە مامەڵە كردن لەكەڵ بەرهەمە زانستییەكاندا و دەبنە پاشكۆی بڕیاردەرانی ئەم جەمسەرە نێگەتیڤە, ئاشكراشە زۆربەی دەرئەنجامە زانستییەكان جووت جەمسەرن، جەمسەرێكی پۆزەتیڤ و جەمسەرێكی نێگەتیڤ وەك زۆربەی پێكهاتەكانی ئەم گەردوونە هەروەك چۆن خێر و شەڕ دوو جەمسەری دژ بەیەكن، سارد و گەرم، ڕووناكی و تاریكی و……هتد.
چەند كارێكی گەورەیە بەهۆی ووزەی ناووكە ئەتۆمەوە كارەبا بخرێتە گەڕ! ژێردەریایییەكان ماوەی دوورودرێژ ببڕن لەژێر ئاودا, بەرامبەر بەوەش چەند ستەمە شارێك یان ووڵاتێك بەهۆی بۆمبێكی ئەتۆمییەوە لەسەر نەخشە بسڕڕێتەوە.
چەند كارێكی گەورەیە بەهۆی ماددە تیشكدەرەكانەوە دەستنیشانی نەخۆشییە ترسناكەكان بكەیت و  لە هەمان كاتیشدا بیكەیتە هۆكاری چارەسەركردن، بەرامبەر بەوەش چەند ستەمە ئەو ماددە تیشكدەرانە خاك و ئاو و ڕووەك و هەوای پێ‌ ژەهراوی بكرێ‌ .
چەند كارێكی گەورەیە بەماددەی تەقێنەرەوە لە چیا و بەرزایییەكان تونێل و ڕێگاوبان دروست بكەیت بەرامبەر بەوەش چەند ستەمە بەو ماددانە مرۆڤەكان ژیانیان لەدەست بدەن….. ئەم دەرەنجامە ترسناكانە دەبنە هۆی لەناو چوونی مرۆڤ و شارستانێتییەكەی, كاتێك بۆ یەكەم جار بۆمبی  ئەتۆم  لە تاقیكردنەوەدا بوو هەندێك لە زانایان كە ئامادەی ئەو تاقیكردنەوانە بوون پەنجەی پەشیمانییان گەست چونكە دەیانزانی بەو كارەیان لەگەڵا جەمسەرە سلبییەكەی ئەم ووزەیەی ئەتۆم مامەڵە دەكەن و لەژێر كۆنترۆڵی ئەماندا نابێ‌, بۆیە پاش ئەوەی دژی (ژاپۆن) بەكارهات دەنگی ناڕەزایی بەرز بووەوە و هەزاران لە زانا و زانست دۆست و كارمەندانی ئەم بوارە دەستیان لە كار هەڵگرت و هەندێكیان سكاڵای ناڕەزایییان ئیمزاكرد.
بۆیە دەڵێین پێویستە هەموو لایەكمان لە بوارە فراوانەكەی جەمسەری پۆزەتیڤ كاربكەین چونكە ئەصڵ لە ژیاندا ئاوەدان كردنەوەی سەر زەوییە…

 

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (5) دا بڵاوكراوەتەوە

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top