تيشك/4

 

                                                                                                                                                   د. مەریوان ئەحمەد رەشید

ووزە هۆكارێكی بنەڕەتی ژیانە لە سەر ڕووی ئەم هەسارەیەی ئێمە , چونكە مرۆڤ و هەموو گیانلەبەرانی ترو ڕوەكەكەكانیش ناتوانن كردارە زیندەگیەكان بە ئەنجام بگەیەنن گەر بڕەووزەی گونجاو مسۆگەر نەبێت…..
تەنانەت ئاڵوگۆڕی ووزە لە نێوان تەنە گەردوونیەكاندا بنەمایەكی سەرەكی بەردەوام بوونی ئەم گەردوونە بینراوەیە.
گەر بگەڕێینەوە سەرەتای دروستكردنی گەردوون , یەكێك لە پێكهاتە بنەڕەتیەكان كەباسی لێوە دەكرێت ووزەیەو بە پلەی یەكەمیش باسكردنە لەو پلە گەرمیە بەرزەی كە گەردوون هەیبووەو پاشان ووردە ووردە بەتێپەڕبوونی كات گەرمیەكە كەمتربوەتەوە .
بەدروستبوونی ئەستێرەو گەلەئەستێرە و تەنە گەردوونیەكانی تر ئاڵوگۆڕی ووزە بەردەوام بووە و مرۆڤیش ئەمڕۆ لە دووتوێ‌ی یاسای دووەمی دینامیكای گەرمیدا باس لە چارەنووسی گەردوون دەكات.  
پێش نزیكەی پێنج هەزار ملیۆن ساڵ كاتێك كۆمەڵەی خۆر دروستكراوە , چەقی ئەو هەورە ساردە گەردوونیە لە ئەنجامی سوڕاندنەوە پلەی گەرمیەكەی بەرز بۆتەوەو بە بەردەوامبوونی ئەو سوڕاندنەوەیە چەند پارچەیەكی جیا بۆتەوە وبە هۆی هێزی كێشكردنەوە لەگەڵ ئەو چەقەدا بەدووری جیاواز لەنگەریان گرت و لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ بەدەوریدا دەسوڕێنەوەو ئەو چەقە بوە ئەو خۆرەی كە هەموومان دەیبینین وپارچەیەكیش لەو پارچانە هەسارەكەی خۆمانە كە زەوییە .        
پەروەردگار ئەوچەقەی كردە سەرچاوەی ووزە بۆ هەموو هەسارەكان بە هەسارەكەی خۆشمانەوە , بۆیە ووزەو ژیان لە سەر زەویدا پێكەوە گرێدران و بەڵگەنەویستە كە بەبێ‌ سەرچاوەی ووزە پێكهاتەكانی ئەم هەسارەیە ناتونن بەردەوام ببن .
كاتێك دەریاو ئۆقیانوسەكان لە هەسارەی خۆماندا درووستبوون و دوای ئەوانیش ڕوەكە سەوزەكان, هەموو ئەمانە بەردەوامبوونیان بەند بووبە سەرچاوەی ووزەكەوە كە خۆرەو گەر ئەو سەرچاوەیە نەبوایە دەریا دەیبەست و كرداری بە هەڵم بوون و خەست بوونەوە و ڕۆشنەپێكهاتن هیچ مانایەكی نەدەبوو , كەواتە ووزە پێویست بوو بۆیە پەروەردگار بۆ زەویەكەمانی مسۆگەر كرد تەنانەت ماوەیەكی زۆر پێش ئەوەی دروستبوونی پێكهاتەكانی زەوی تەواو بن , بەڵكو ئەو پێكهاتوانەش جارێكی تر بەند بوونەوە بە سەرچاوەی ووزەكەوە .
بۆ نمونە: كاتێك پێكهاتەكانی بەرگە هەوا لە ئۆكسجین وەردەگرین دەزانین كە ئەنجامی ڕۆشنە پێكهاتن بەهۆی خۆرەوە هاتووەتە بەرگە هەواوە لە ڕێگەی ڕووەكە سەوزەكانەوە و زەویش هەر بەهۆی ئەو كردارەوە لەبڕی زۆری دووەم ئۆكسیدی كاربۆن ڕزگاری بووە , ئەویش لە پێناو ئەوەدا كە مرۆڤ و گیانلەبەرانی تر بتوانن بە هۆیەوە لەسەر زەوی دا بژین .
 لەمەوە ئەو ڕاستیە ئاشكرا دەبێت كە خاوەنی ئەم زەوییە خۆری ڕەخساندووە بۆ ژیانی بەندەكانی خۆی: [ۆسَخَّرَ ڵكُمُ الشَّمْسَ ۆالْقَمَرَ دَائِبَیْنِ ۆسَخَّرَ ڵكُمُ اللَّیْڵ ۆالنَّهَارَ, ۆا‌تَاكُمْ مِنْ كُلِّ مَا سَأَلْتُمُوهُ ۆإِنْ تَعُدُّوا نِعْمَتَ اللَّهِ لا تُحْصُوهَا إِنَّ الْإنْسَانَ ڵظلُومٌ كَفَّارٌ) (إبراهیم:33-34).
ئەمڕۆ كە مرۆڤ لەسەردەمی زانست و تەكنەلۆجیادا دەژی و سەرگەرمی گەڕانە بەشوێن سەرچاوەیەكی ووزەی نەبڕاوەدا , چونكە خەڵوزو نەوت و گازو تەنانەت ووزەی ئەتۆمیش جێگای متمانە نین بۆ داهاتوویەكی دووری مرۆڤ , لەبەرئەوەی ڕۆژێك دێت دوور نیە لە چەند سەد ساڵێك تێپەڕ نەكات ئەو سەرچاوانە بنەبڕببن وئەوكاتەش مرۆڤ بەبێ‌ووزە ژیانی مەحاڵ ئەبێت , بۆیە لەم  ساڵانەی دواییدا مرۆڤ جارێكی تر توانی جوان ئایەتی (ۆسَخَّرَ ڵكُمُ الشَّمْسَ ۆالْقَمَرَ) بخوێنێتەوە و بەشێوەیەكی زانستیانە و بەپشت بەستن بەو هۆش و بیرەی پەروەردگار پێی بەخشیوە سوود لەم سەرچاوەی ووزەیە وەربگرێت , هەر لەبەر ئەمە مرۆڤ ئێستا لەهەوڵی ئەوەدایە كەژیان و ووزە یان ڕاستتر بڵێن ژیان و خۆر كە دوو دروستكراوی پەروەردگارن پێكەوە گرێ‌ بدات لە سەردەمی زانست و تەكنەلۆجیادا , چونكەتا ئەو  كاتەی خۆر ژیانی بۆ نوسرابێت زەوی بێ‌ ووزە نابێت و ئەو كاتەش كە خۆر نەما ئەوا زانست و تەكنەلۆجیاش هیچ مانایەكی نامێنێ‌ , بەڵام بۆ سەرچاوەكانی تری ووزە ئەم دەرەنجامە ڕاست نیە چونكە دەشێت خۆر بەردەوام بێت بەڵام ووزەو سەرچاوەكانی ووزەی سەر زەوی تەواو ببن و ئەو كاتە ژیان لەسەر زەویدا مەحاڵ دەبێت .
 لەبەر ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت جارێكی تر بە حاڵەتە سەرەتایییەكە دەست پێ‌ بكاتەوە بۆیە زانایان هەستیان بەو ڕاستیە كردووە و هەرلە ئێستاوە هەوڵیان خستۆتەگەڕ كە بە هۆی خۆرە خانە (سۆلار) نیمچە گەیەنەرەكانەوە بێت یان كۆكەرەوەكانی ووزەی خۆر سووتەمەنی و ڕوناككردنەوەو گەرمكردنەوەو هەموو پێداویستیەكانی تر بۆ مرۆڤ و ئامێرەكان مسۆگەر بكەن .
ئەم فڕنە ناوكە ئەتۆمیە كە خۆرەو بە هۆی كرداری ناوكە یەكبوونەوە ووزە دەبەخشێت بە ئێمەو وەك باسكرا نزیكەی پێنج هەزار ملیۆن ساڵە كاردەكات وزانایان وای بۆدەچن (گەر پەروەردگاربە هۆكارێكی تر نەیكوژێنێتەوە ) تا پێنج هەزار ملیۆن ساڵ و هەندێكی تر دەڵێن تا دە هەزار ملیۆن ساڵی تر بەردەوام دەبێت , كەواتە زەوییەكەشمان گەر پەروەردگار بە هۆكارێكی تر ژیانی لەسەر هەڵنەگرێت تا ئەو كاتە سوودمەند ئەبێت لەم سەرچاوەی ووزەیە .
ئێستا جێ‌ی خۆیەتی بڵێین لە توانا ی كێدایە جگە لە پەروەردگار سەرچاوەیەكیووزەی بەوجۆرە بخاتە گەڕ, ئایا مرۆڤ دەستەوستان نیەلە ئەنجامدانی كارێكی درێژخایەنی لەو جۆرە , ئایا ئەمە خۆی بۆ خۆی موعجیزەیكی تری پەروەردگار نیە ؟!!!
*****

 ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (4) دا بڵاوكراوەتەوە

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top