You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » پزیشکی و زیندەوەرزانی » دیاردەی مەرگی كتوپڕ لە نێوان زانست و ئاین دا

دیاردەی مەرگی كتوپڕ لە نێوان زانست و ئاین دا

 

دیاردەی مەرگی كتوپڕ لە نێوان زانست و ئاین دا

 

د. فرمێسك عباس طاهر
بەكالۆریۆس لە پزیشكیی ‌و نەشتەرگەری گشتیدا

پێشەكی:
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (إن من امارات الساعة أن یظهر موت الفجأة) رواه الطبرانی. واتە: (لە نیشانەكانی كاتی ڕۆژی دوایی مەرگی كتوپڕ دەردەكەوێت).
ئەم فەرمودەیەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتییە لە موعجیزەیەكی زانستی كە لە ناوەڕۆكی بابەتەكەماندا دەیسلمێنین بە بەڵگەی پزیشكی, و ئەم موعجیزەیە شایەتی بۆ پێغەمبەر دەدات كە نێردراوی خوایەو هەموو قسەكانیشی پەیامی خوای گەورەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان هەموو ساڵێك سەرژمێری تازەمان پێدەڵێن سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی وەستانی دڵ ‌و مێشك دەمرن. و ئەم ژمارانە لە زیادبوونێكی بەردەوامدان.
ئەم سەرژمێریانە پێمان دەڵێن كە نەخۆشیەكانی دڵ هۆكاری یەكەمی مردنن لە جیهاندا.
لەم لێكۆڵینەوەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هیچ كەسێكی سەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشبینی ئەوەی نەكردووە كە ڕۆژانێك بێت و مەرگی كتوپڕ تیایدا دەركەوێت و زیادبێت مەگەر پەیوەندی بە سرووش و نیگاوە هەبێت ‌و لەلایەن خوای گەورەوە ئەم زانیارییانەی پێدرابێـت.
دیاردەی مەرگی كتوپڕ دیاردەیەكی نوێیە تا ڕادەیەك, یەكەمین لێكۆڵینەوەش لێكۆڵینەوەكەی فرامینگهام بوو لە ساڵی ( 1948 )دا (Framingham heart study), نیوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەشدارییان لە لێكۆڵینەوەكەدا كردبوو ئێستا لە ژیاندا نەماون.
فرامینگهام پێناسەی مەرگی كتوپڕ دەكات بەومەرگەی كە دوای كەمتر لە كاتژمێرێك لە دەركەوتنی نیشانەكانی روودەدات.
دەركەوتووە كە زۆربەی حاڵەتەكانی مەرگی كتوپڕ بەهۆی نەخۆشییەكانی شاخوێنبەری دڵەوەیە، ئەم جۆرە مردنەش پێی دەووترێت (SCD) sudden cardiac death لە لێكۆڵینەوەكەشدا دەركەوتووە كە ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە نێوان ( 45 – 75 ) ساڵیدا بووە و بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە مردون, (60%) یان بەمەرگی كتوپڕ مردوون بەبێ‌ هیچ نیشانەیەكی پێشتر!!
هەروەها لێكۆڵینەوەكەش ئەوەی دەرخستووە مەرگی كتوپڕی دڵ بریتیە لە تێكچوونی كتوپڕ كە ئەمەش لە ئەنجامی حاڵەتی ناجێگیری دەروونیەوە دروست دەبێت. سەرەڕای چاودێری زۆر و خێرا فریاكەوتنی نەخۆشیشەوە بەهەموو ڕێگاكان بەڵام ئەم نەخۆشییە سەركەوتووە لە كارەكەیدا!

مەرگی كتوپڕ چییە؟

پێشینان ووتویانە (هۆكارەكان زۆرن ‌و مەرگیش تاقانەیە).
دەتوانین لەم پەندەوە بیروباوەڕی ساكاری پێشینانمان بۆ دەربكەوێت دەربارەی مردن، پێشینان باوەڕیان وابووە كە مردن هۆكارێكی هەیە ئەویش بریتییە لە نەخۆشی، كارەسات، خۆكوشتن یان هەرشتێكیتر، بەڵام كە باس لە مردنی بێ‌ هۆكار بكەین ئەوە مەرگی كتوپڕە كە پێشتر نەزانرابوو.
هۆكاری سەرەكی مردن لەم چەرخەدا بریتییە لە جەڵتەی لەناكاوی دڵ كە بەبێ‌ هیچ ئاگاداركردنەوەیەك دێت، و دەركەوتووە نیوەی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكانی دڵ دەبن، بەمەرگی كتوپڕ دەمردن!! مەرگی كتوپڕ هێرش دەباتە سەر مرۆڤی نەخۆش تەنانەت ئەگەر لەنەخۆشخانەو لەژێر چاودێریشدا بێت، لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە ( 10% ) یان بەشێوەیەكی كتوپڕ لەناو نەخۆشخانەدا ئەمرن ‌و ( 90% ) یان لە دەرەوەی نەخۆشخانە.

 

سەرژمێرییەكان:
هۆكاری یەكەمی مردن لە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بریتییە لە نەخۆشیەكانی دڵ (جەڵتەی دڵ) بەڕێژەی نزیكەی ( 28% )ی كۆی مردنەكان ئەبێت.ڕاپۆرتەكانی سەرژمێری ئەوە دووپات دەكەنەوە كە لەساڵی (2001) تەنها لەئەمەریكادا نزیكەی (700 هەزار) كەس مردوون بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە.
بەڵام ئەی ژمارەی ئەوانەی كە ساڵانە بەهۆی مەرگی كتوپڕەوە دەمردن چەندە؟
لە ولاتە یەكگرتووە كان ساڵانە زیاتر لە ( 300 هەزار) كەس دەمرن بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە، سەرژمێرییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ڕێژەی مەرگی كتوپڕی دڵ زیاد دەكات بەشێوەیەكی گشتی لەهەموو جیهاندا، و پیاوان زیاتر لە ژنان تووشی دەبن بەڕێژەی (3 بۆ 1), مەرگی كتوپڕ ڕوودەدات بەبێ‌ هیچ ئاگادارییەكی پێش وەخت تەنانەت هەندێ جار بەبێ‌ هیچ نیشانەیەكی نەخۆشی دڵ سەرەڕای ئەو ملیۆنەها دۆلارەش كە خەرج دەكرێت لە لێكۆڵینەوەكانی نەخۆشییەكانی دڵدا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.لەگەڵ ئەوەی كە توانیویانە ئەو ژمارەیە كەم بكەنەوە كە لە ئەنجامی نەخۆشی دڵی كتوپڕەوە دەمرن بەڵام ڕێژەی مەرگی كتوپڕ بەجێگیری ماوەتەوە!

 

جگەرە كێشان و ئاڵۆزی دەروونی:
جگەرەكێشان ئەگەری ڕوودانی مەرگی كتوپڕ سێ‌ هێندە بەرز دەكاتەوە! و جگەرەكێشان بەرپرسیارە لە ( 1/4 )ی نەخۆشییەكانی دڵ لە جیهاندا, و ئەم نەخۆشییانە زۆربەیان كۆتاییان دێت بە مەرگی كتوپڕ.
ئاڵۆزییە دەروونیەكان كار لە زیادبوونی مەرگی كتوپڕ دەكەن، و هەروەها لێكۆڵینەوەكانی قۆناغەكانی تەمەن ڕوونیان كردۆتەوە كە لە بارترین قۆناغی تەمەن بۆتووش بوونیان بەمەرگی كتوپڕ بریتییە لە تەمەنی چلەكان‌و پەنجاكان. لەم قۆناغەی تەمەندا ژیری مرۆڤ پێ دەگات.
هەروەها ئەوانەی كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە ئەگەری تووش بوونیان بەم مەرگە زیاترە.

ئایا چارەسەری پزیشكی هەیە بۆ ئەم دیاردەیە؟
زۆربەی پزیشكەكان باس لەچارەسەری دوای روِودانی نەخۆشییەكە دەكەن (وەستانی كتوپڕی دڵ یان مێشك) لەبەرئەوەی هەتا ئێستاش چارەسەری ئەم نەخۆشییە ترسناكە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری ڕزگاربوون لەم مردنە زۆر كزە.
پزیشكەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ڕێگای نموونەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مردنە بریتیە لە دەستكەوتنی بەرزترین پلە لە جێگیریی كارەكانی دڵدا.
ئەو چارەسەرانەی كە ئێستا هەن ئەوەیە كە نەخۆشەكە لەژێر چاودێرییەكی وورددا بێت دوای ئەوەی نەشتەرگەرییەكی خێرای بۆ دەكرێت بەڵام ئەم ڕێگای چارەسەرە هیچ ئەنجامێكی نابێت تەنها لەچەند حاڵەتێكی كەمدا نەبێت. ئامۆژگاری پزیشكان بەكەم كردنەوەی ڕێژەی شەكر و كۆلیسترۆڵ لە خواردنی ئەو نەخۆشانەدا هیچ گرنگییەكی نییە لەم حاڵەتەدا.
بەڵام ئەی چارەسەری ئەوانە چییە كە بەخۆیان نازانن ‌و كەسیش چاوەڕِوانی مردنی كتوپڕ یان لێناكات؟
زانستی پزیشكی نەیتوانیوە پێشتر درك بەم حاڵەتانە بكات، بەڵام ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەمانەی پشتگوێ خستووە یان چارەسەری بۆ دانەناون؟

ئایا چارەسەری  قورئان و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چییە بۆ ئەم حاڵەتانە؟
خوای گەورە ئاماژەی بە وشەی دڵ (القلب) كردووە لە زۆربەی ئایەتە پیرۆزەكاندا: دڵ هەیە نەخۆشە، دڵ هەیە ڕق ‌و بێ‌ بەزەییە، دڵ هەیە كوێرەو نابینێ‌، دڵ هەیە نابیستێ‌، دڵ هەیە لە خوای گەورە دەترسێت و ئارامە، دڵ هەیە دەفامێت ‌و ژیر دەبێت.
كەواتە دڵ تەنها تروومپایەك نییە بۆ پاڵنانی خوێن بەڵكو دەزگایەكی تەواوەو بەرپرسیارە لە جێگیریی و ئارامی دەروونی لە مرۆڤدا.
یادكردنەوەی خوای گەورە باشترین ڕێگایە بۆ ئارامی و هێور بوونەوەی دڵەكان چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: (الَّذِينَ آمَنُوا وَتَطْمَئِنُّ قُلُوبُهُمْ بِذِكْرِ اللَّهِ أَلا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ) (الرعد:28). واتە: ئەوانەی باوەڕیان هێناوەو بەیادی خوای گەورە دڵ ئارام دەبن، دڵنیابن كە بە یادی خوا دڵەكان ئارام دەبێت.
لەبەرئەوە هەركاتێك ئیماندار یادی خوای خۆی دەكاتەوە، ئەوا دڵكەی ئارام دەبێت ‌و تووشی هیچ تێكچوونێك (اضطراب) نابێت.
تۆش ئەی خوێنەری بەڕێز ئەتوانیت چاوەكانت دابخەیت, ‌و وا لە دڵت بكەیت كە بترسێت و مەزنی و گەورەیی خودا یادبكاتەوە، بۆ نموونە بڵێ‌ (لا إله إلا الله) سەیركەو بزانە چ هەستێكت لا دروست دەبێت. ئایا هەست ناكەیت لە هەموو كەس زیاتر هێمن‌و ئارام و دڵنیاتریت! وەكو بینیمان كەوا هۆكاری مەرگی كتوپڕ بریتییە لە تێكچوونی لەناكاو لە ئیشەكانی دڵدا، لەبەرئەوە پزیشكان نەیانتوانیوە هەتا ئێستا چارەسەری ئەم دیاردەیە بكەن، بەڵام قورئانی پیرۆز چارەسەری كردووە بەم ئایەتە پیرۆزە.
جا ئەی خوێنەری بەڕێز ئەگەر قورئانی پیرۆزت لەبەر بێت و جێگیربێت لە سینەتدا، ئایا پێشینی ئەوە ناكەیت كە لەهەموو كەس ئارامتربیت!
پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) فێری دووعایەكی گەورەی كردوین، كە هەموو ڕۆژێك خوێندوویەتی.
دەفەرموێت: (ما من عبد یقول صباح كل یوم ومسا‌ء كل لیلة: بسم الله الذي لایضر مع إسمه شی‌ء فی اڵارض ولا فی السما‌ء وهو السمیع العلیم، لم یصبه فجأة بلا‌ء) رواه أبو داود.
واتە: هیچ بەندەیەك نییە بەیانیانی هەموو ڕۆژێك و ئێوارانی هەموو شەوێك بڵێت: (بسم الله الذی لایضر مع إسمه شی‌ء فی اڵارض و لا فی السما‌ء و هو السمیع العلیم) هیچ بەڵایەكی كتوپڕ توشی نابێت.
هەروەها پێغەمبەری مەزن ئەم دوعایەشی دەخوێند: (اللهم احفظني من بین یدی ومن خلفی ومن یمینی وعن شمالی ومن فوقی وأعوذ بك أن أغتال من تحتی) رواه الترمذی.

رووی ئیعجاز لە فەرموودەكەدا:
دەتوانین ڕوی ئیعجاز كورت بكەینەوە لەم فەرموودە پیرۆزەدا:
1) كەس ناتوانێت پێشبینی زۆربوونی مەرگی كتوپڕ بكات، لەبەرئەوەی كەس نەیتوانیوە ئەم دیاردەیە بناسێت هەتا ئەم چەند ساڵە كەمەی دوایی نەبێت، كاتێك زانایان توانییان سەرژمێری وورد بكەن، سەیریش لەوەدا بوو كە ئەو ژمارانەی دەستیان كەوتبوو پیَِشبینی نە دەكرا چونكە ژمارەی ئەوانەی بەمەرگی كتوپڕ مردبوون زۆر بەرز بوو.
2) زانایانی ئەمڕۆ دەڵێن: دیاردەی مەرگی كتوپڕ جیانەكراوەتەوەو نەناسراوە هەتاوەكو ( 50 ) ساڵ پێش ئێستا! لێكۆڵینەوەی پزیشكی بۆ نەكرابوو هەتاوەكو (20) ساڵ پێش ئێستا. ئەمڕۆ زانایان هەوڵ دەدەن بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانەی كە بەرەنگاری ئەم مەرگە بكاتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان درك بە گەورەیی كێشەكە دەكەن، بەڵام هەوڵەكانیان بێ‌ سوودە.
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەوا ئەم دیاردەیە لە زیاد بوونێكی بەردەوامدایەو زانایانیش دەستیان كردووە بە ناسینی هۆكارەكانی ئەم مردنە. ئەمەش ڕاستی ووتەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەردەخات كە دەفەرموێت: (إن من إمارات الساعە أن یظهر موت الفجأە), یەكێك لە واتاكانی ووشەی (یظهر) بە واتای (یتبین) دێت, واتە روون دەبێتەوە وەك لە (القاموس المحیط)دا هاتووە, هەروەك بینیشمان ئەم مردنە نزیكەی ( 20 ) ساڵە روون بۆتەوە.
3) هەندێ لە گوماندارو بێباوەڕان بانگەشەی ئەوە دەكەن كەوا ئەم مەرگە هەرناسراوە لەسەردەمی كۆنەوە، ئێمەش دەڵێین: ئەم مەرگە لەسەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) نەناسرابوو هەر لەبەرئەوەش لە ووتەی شاعیرو ئەدیبەكانی ئەوسەردەمەدا ئاماژەی پێنەدراوەو بەڵگەش بۆئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەركەوتنی ئەم مەرگەی داناوە بە نیشانەیەكی رۆژی دوایی, ئەگەر ئەم مەرگە لەو كاتەدا بناسرایە ئەوا بەدڵنیاییەوە بێباوەڕەكانی ئەو سەردەمە ڕەخنەیان لەم فەرموودەیە دەگرت!.
هەروەكو دەزانین بێباوەڕان هیچ شتێكیان بەبێ‌ ڕەخنە بەجێ نەهێشتووە، ئەگەر ئەم دیاردەیە بڵاوبووایە لەوسەردەمەدا، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات ‌و دەركەوتنی ئەم دیاردەیەی دانا بەنزیك بوونەوەی ڕۆژی قیامەت، ئەگەر ئەمە ڕوویبدایە خەڵكی ئەم فەرموودەیەیان پێ سەیر دەبوو كە چۆن باسی شتێكیان بۆ دەكات كە بوونی هەیە!! لەبەرئەوە دەتوانین ئەم فەرموودەیە دابنێن بەموعجیزەیەكی پزیشكی لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) كە باس لە دیاردەیەك دەكات كە زانایانی ڕۆژئاوا نەیان زانیبوو هەتا ئەم چەند ساڵانەی دوایی نەبێت.

سەرچاوە: www.kaheel7.com

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژ (12) و ژ (25) ژمارە نایاب دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top