You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » پزیشکی و زیندەوەرزانی » ئیعجازی زانستی سەبارەت بە مانای (غیض اڵارحام) لە قورئاندا

ئیعجازی زانستی سەبارەت بە مانای (غیض اڵارحام) لە قورئاندا

 

د. هیوا شفیق نامق
Hiwashafiq80@yahoo.com

كورتەی باس:
لەم لێكۆڵینەوەیەدا باس لە ڕونكردنەوەی مانای (غیض اڵارحام) لەلایەن زانایانی زمان و ڕاڤەكانی قورئانی پیرۆزەوە دەكرێت، پاشان باس لە هاوتابوونی ئەم مانایە لەگەڵ زانستی كۆرپەلەزانی نوێدا دەكرێت، و لە كۆتاییدا لێكۆڵینەوەكە دەگاتە ئەوەی كە: {مانای (غیض اڵارحام) بریتییە لە لەبارچوونی كۆرپەلە پێش دروست بوونی ئەندامەكانی), یاخود ئەو جۆرە كۆرپەلەیەیە كە هەر لە سەرەتای پەیدابوونیەوە لەناودەچێت و مناڵدانی دایك نایهێڵێت و وونی دەكات, هەروەك ئەو ئاوەی كە زەوی دەیخواتەوە و وونی دەكات.
ئەم مانایەش هاوئاهەنگە لەگەڵ لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی كۆرپەلە (early spontaneous abortion) كاتێك كە منداڵدانی دایكەكە پاشماوەكەی فڕێ‌ دەداتە دەرەوە, یاخود بەتەواوەتی لەناو منداڵدانی دایكەكە لەناودەچێت و وون دەبێت، هەروەها ئەم لێكۆڵینەوەیەش لایەنی ئیعجازی زانستی ئەو ڕاستییە ڕوون دەكاتەوە كە لەئایەتی: [اللّهُ ێعْڵمُ مَا تَحْمِلُ كُلُّ أُنثی ۆمَا تَغِیض اڵاَرْحَامُ ۆمَا تَزْدَادُ ۆكُلُّ شَیْ‌ء عِندَهُ بِمِقْدَارٍ] (الرعد:8-9)دا هاتووە.
یەكەم: ڕوونكردنەوەی مانای (غیض):
لە زمانەوانیدا، ووشەی (غیض) بەكاردەهێنرێ‌ بەرامبەر كەمبوونەوە، نەمان، ڕۆیشتن و لەناوچوون, لە فەرهەنگەكانی زماندا دەووترێ: (غاض الما‌ء غیضاً) واتە: ئاوەكە كەمی كرد، یان كەمی كردووە و نەما، یان كەمی كرد و لەناو چوو، یاخود بەناو زەویدا ڕۆچوو و نەما, یان دەووترێ‌ (غیض دمعه) واتە: فرمێسكەكەی كەمی كرد یان قەتیس بووە لەچاویدا ( المعجم الوسیط: 2/668).
لە (المفردات فی غریب القرا‌ن) دا هەردوو ڕستەی (و غیض الما‌ء – و ما تغیض اڵارحام) واتە: ئەوەی كە منداڵدان دەیشێوێنێت و وەك ئەو ئاوەی لێدەكات كە زەوی دەیخواتەوە, ووشەی (الغیضە) واتە ئەو شوێنەی كە ئاوی تێدا دەوەستێ‌ و دوایش دەچێ‌ بەناو زەویدا. (المفردات فی غریب القرا‌ن – ص368).
لە دوو شوێن لە قورئاندا ووشەی ( الغیض) هاتووە: یەكەمیان ئەوەی سورەتی (رعد)ە كە پێشتر باسكرا, دووەمیشیان لەئایەتی: [ۆقِیڵ ێا أَرْض ابْڵعِی مَا‌ءكِ ۆێا سَمَا‌ء أَقْلِعِی ۆغِیض الْمَا‌ء ۆقُضێ اڵاَمْرُ ۆاسْتَۆتْ عَڵی الْجُودِیِّ ۆقِیڵ بُعْداً لِّلْقَوْمِ الظالِمِینَ] (هود:44), بەپێی یاسای ڕاڤەكردنی قورئان بە قورئان، ووشەی (غیض)ی ئایەتەكەی سورەتی (رعد) ڕاڤەدەكرێ‌ بە ووشەی (الغیض) كە لەسورەتی (هود)دا هاتووە, لە سورەتی (هود)دا ووشەی (غیض) بەمانای: وونبوون, ڕۆیشتن، و نەمان هاتووە. ئیمامی (ابن الجوزی) دەڵێت: كە (الزجاج) دەڵێت (غاض الما‌ء) واتە ئاوەكە بەناو زەویدا وونبوو.
ڕاڤەكردنی زانایانی تەفسیر بۆ ووشەی (غیض اڵارحام) لە دوو تەوەرەدایە:
یەكەمیان: ئەو خوێنەی كە لە دامێنی ئافرەتی دووگیاندا دێتە خوارەوە.
دووەمیان: بەواتای لەبارچوون یان لەبارچوونی ناتەواو، یان ئەوەی كە منداڵدان دەیشێوێنێت و وەك ئەو ئاوەی لێدەكات كە زەوی دەیخواتەوە.
1- (غیض) بەمانای لەبارچوون:
زانایان (ابن عباس و قتادە) دەفەرموون: (ۆمَا تَغِیض اڵاَرْحَامُ) واتە لەبارچوون، و (ۆمَا تَزْدَادُ) واتە ئەوەی كە منداڵدان زیادی دەكات لە سكپڕی دوای كەمبوون تا بەتەواوی لەدایك دەبێت.
و (الضحاك) دەڵێت: (ۆمَا تَغِیض اڵاَرْحَامُ) ئەوەیە كە دایكەوە منداڵەكەی لەبارچێت، (ۆمَا تَزْدَادُ) بەماوەی تەواوی سك پڕیدا تێدەپەڕێ و لەدایك دەبێ, ئیمامی (الحسن) دەفەرموێ (الغیض): ئەو كۆرپەلەیە كە لەباردەچێ و ناگاتە كاتی تەواوی خۆی، و (الإزدیاد) مناڵێكی تەواو و پێگەیشتوو ئەگەیەنێت، هەروەها دەڵێ: (ۆمَا تَغِیض اڵاَرْحَامُ) ئەو كۆرپەلەیەی كە لەباردەچێ، (وماتزداد) ئەوەیە كە دایكەكە لەماوەی 9 مانگدا مناڵەكەی دەبێت.
خاوەنی تەفسیری (المنار) دەڵێت: (ۆمَا تَغِیض اڵاَرْحَامُ) ئەوەی كە منداڵدان لەناوی دەبات لە دوای قۆناغی هەڵواسراوەییەوە.
(عبدالرحمن بن ناصر السعدی) دەڵێت: (ۆمَا تَغِیض اڵاَرْحَامُ) واتە لێكەمكردنەوەی منداڵدان بۆ ئەوەی كە لەناویدایە، یان بەلەباربردن یاخود بە شیكردنەوە و لەناوبردنی, و (وماتزداد الارحام) واتە: ئەو كاتەی كە كۆرپەلە گەورە دەبێت و گەشە دەكات لەناویدا.


2- (الغیض) بەمانای هاتنە خوارەوەی خوێنە لە دامێنی دایكی دووگیانەوە:
(أبو حیان) جەخت لەسەر ئەم مانایەی ووشەی (غیض) دەكاتەوە و دەڵێت: (كۆڕای ڕاڤەكاران دەڵێن كە (غیض الرحم) واتە خوێن هاتنە خوارەوە لەكاتی دووگیانیدا، مجاهد دەڵێت: (ۆمَا تَغِیض اڵاَرْحَامُ): ئەو خوێنەیە كە دایك لەكاتی دووگیانیدا دەیبینێت, و كەم بوونەوە و زیادبوونی منداڵدانی بەستووەتەوە بەم خوێنەوە, واتە منداڵدان كەم دەكات بەهاتنە خوارەوەی ئەم خوێنە لە كۆرپەلەوە، و زیاد دەكات ئەگەر بەسەر (9 مانگدا) تێپەڕی، (سعید بن جبیر) لە هەندێك لە ووتەكانیدا سروشتی ئەم خوێنەی دیاری كردووە و دەڵێت (الغیض) بریتییە لە بێنوێژ بوونی دایك بەسەر منداڵەكەیەوە.
كۆڕای زانایان بۆ ووشەی (غیض) بریتییە لە لەبارچوون:
ئەو خوێنەی كە لە ئافرەتی دوگیانەوە دێتە خوارەوە لەسەرتای دووگیانیدا بریتییە  لە یەكێك لەم 5 حاڵەتەی خوارەوە:
یەكەم/ ئەو خوێنەی كە بەهۆی چاندنی كۆرپەلە بەدیواری منداڵدانەوە دێتە خوارەوە.
دووەم/ ئەو خوێنەی كە پێش لەبارچوون دێتە خوارەوە كە پێی دەوترێ‌ (لەبارچوونی هەڕەشەكەر).
سێیەم/ ئەو خوێنەی كە لەگەڵ لەبارچوونی خۆیی كۆرپەلەی سەرەتاییدا ڕوودەدات (الاسقاط التلقائی للجنین المبكر) كە ئەمەش لای ئافرەتان هەندێ‌ جار لەگەڵ سووڕی بێ نوێژیدا تێكەڵاو دەبێت.
چوارەم/ ئەو خوێنەی كە لەگەڵ گەندە سكپڕبووندا ڕوودەدات (الحمل الكاذب).
پێنجەم/ ئەو خوێنەی كە لە حاڵەتی دووانەی ناتەواودا ڕووئەدات بەشێوەیەك كە یەكێكیان لەناو دەچێت و ئەوی دیكەیان دەگاتە لەدایكبوونی ئاسایی.
هەر بۆیە ئەو خوێنەی كە دایكەكە دەیبینێت لەگەڵ مانەوەی سكەكەیدا بەخوێنی بێنوێژی ناژمێردرێت، بەڵكو كاردەكاتە سەر تەمەنی كۆرپەلە و كێشەكەشی, بۆیە دەبینین كە بەشێوەیەكی گشتی ئەو كۆرپەلەیەی كە حاڵەتی لەبارچوونی هەڕەشەكەری بەسەردا دێت پێش 9 مانگ لەدایك دەبێ، یاخود كێشی تەواو نابێت لەكاتی لەدایك بووندا, بۆیە بەم شێوەیە هەر بۆچوونێك كە لاوازبوونی كۆرپەلە یان زیادبوونی تەمەنی لە 9 مانگ زیاتر دەبەستێتەوە بەو خوێنەی كە لەدامێنی دووگیانەوە دێت، ئەوا بۆچوونێكی ناتەواوە و بەڵگەی زانستی لەسەر نییە.
لەسەر ئەم بناغەیەش دەتوانین بڵێین كە پێناسەكردنی هەندێك لە زانایانی پێشین بۆ ووشەی(الغیض) بەوەی كە ئەو خوێنە بێت كە ئافرەتی دووگیان دەیبینێت ئەوا زیاتر پەیوەندی هەیە بە لەبارچوونەوە، بەڵكو بەشێكە لە حاڵەتی لەبارچوون چونكە زۆربەی كات خوێن لە پێش، یان لە كاتی لەبارچووندا دێتە خوارەوە، بۆیە بەم شێوەیە دەڵێین كە ڕأڤەكردنی مانای (غیض) بەرامبەر لەبارچوون، ڕای كۆی زانایانە.
ئایا (غیض) لەبارچوون بە ڕەهایی یاخود لەبارچوونی سەرەتایی دەگەیەنێ‌؟
ئەو ماوەیەی كە تیایدا لەبارچوونی خۆیی مانای ووشەی (غیض) دەگەیەنێ‌ كە لەقورئاندا هاتووە، دەكەوێتە ماوەی دروست بوونی ئەندامەكانی لەشی كۆرپەلەوە، كە ئەمەش لە پێگەیشتنی هەردوو ئاوی دایك و باوكەوە دەست پێدەكات، بەهەردوو قۆناغی هەڵواسراوە و بە قۆناغی گۆشتپارەدا تێدەپەڕێ‌ تا ئەو كاتەی ڕۆح دەكرێ‌ بەبەری كۆرپەلەكەدا.
بەڵگەش لەسەر ئەوە پرسیاری فریشتەی سپێردراوە بە منداڵانی دایك كە پرسیار دەكات لە خوای متعال لەبارەی داهاتوو و چارەنووسی هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی كۆرپەلە كە ئایا هەریەك لە قۆناغەكان دروست دەبێ‌ یان نا؟.
ئیمامی (بوخاری و موسلیم) لە (ئەنەسی كوڕی مالیك)ەوە دەگێڕنەوە كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرموویوتی: (خوای گەورە فریشتەیەكی سپاردووە بە منداڵدانی دایك, و دەپرسێ لە خوای گەورە كە ئایا ئەم كۆرپەلەیە دەگاتە قۆناغی هەڵواسراو؟ دەگاتە قۆناغی گۆشتپارە؟ كە لەم قۆناغەدا كۆرپەلەكە وەكو پارچە گۆشتێكی جووراو دەردەكەوێ‌ لەناو سكی دایكیدا؟ پاشان ئەگەر خودا وویستی لەسەر ئەم قۆناغانە بێت، دوایی دەپرسێ ئایا نێردەبێ‌ یان مێ‌؟ خۆشبەخت دەبێ یان بەدبەخت؟ و ئایا ڕزقی چەند دەبێت؟ و ئایا تەمەنی چەند دەبێ؟ بەم شێوەیە ئەم نهێنیانە هەمووی لەناوسكی دایكیدا دیاریدەكرێ‌.
هەریەك لە پرسیارەكانی فریشتەكە سەبارەت بەو قۆناغانە بریتییە لە پرسیار سەبارەت بەئەنجامی ئەم قۆناغانە كە ئایا كۆرپەلە دەیگاتێ‌ یان نا؟ و ئایا منداڵدانی دایك دەیخواتەوە یان نا؟.
لەوانەیە هەر لەسەرەتاوە فریشتەكە پرسیارێكی گشتگیر بكات، ئایا ئەم دڵۆپە ئاوە ئەندامەكانی لێ دروست دەبێ‌ یان نا؟ ئەگەر دروست بوو ئەوا پرسیاری سیفەتەكانی لێدەكات، ئەگەر ئەندامەكانی دروست نەبوون ئەوا منداڵدانی دایك هەر لە قۆناغی خوێنپارەییدا دەیخواتەوە, ئەمەش بەپێی ئەو فەرموودە بەرزكراوەیە كە ( ابن جریر) دەیگێڕێتەوە لە (ابن مسعود)ەوە كە دەفەرموێ: (هەركاتێ‌ كە دڵۆپە ئاوەكە (كە لە دایك و باوكەوە هاتووە) گەیشتە ناو منداڵدان، خوای گەورە فریشتەیەك دەنێرێت، پاشان ئەویش دەپرسێ ئایا خوایە ئەندامەكانی لێ دروست دەكرێ‌ یان نا؟ ئەگەر دروست نابێت ئەوا منداڵدان دەیخواتەوە و نایهێڵێت، وە ئەگەر فەرمووی بەڵێ, دروست دەبێ, ئەوا دەپرسێ نێر دەبێ یاخود مێ؟ ڕۆزی چەند دەبێ كەی دەمرێ‌؟ خۆشبەخت دەبێ یان بەدبەخت؟ و ئەوكاتەش بە فریشتەكە دەووترێ‌ كە بچێت وێنەی سیفەتەكانی ئەم كۆرپەلەیە لە (أم الكتاب)وە كە لە (لوح المحفوظ)دایە وەربگرێ‌ و تا دواهەمین سیفەتەكانی بۆ دیاری بكات.
ئەم فەرموودەیەش بەڕوونی ئاماژە دەكات بەماوەی ڕوودانی (الغیض) یاخود لەبارچوونی خۆیی كە دەكەوێتە ماوەی دروست بوونی ئەندامەكانی كۆرپەلەكە, ئەمەش لە 6 هەفتەی یەكەمدا ڕوودەدات.
لەبارچوون چییە و چی دەگەیەنێ‌ لە زانستی كۆرپەلەزانی نوێدا؟
دەتوانین بڵێین كە ئەو لەبارچوونەی ڕاڤەی ووشەی (غیض) دەكات و زانایانی تەفسیر و زمان مەبەستیانە بریتییە لەو كۆرپەلەیەی كە لەسكی دایكیدا لەباردەچێت پێش ئەوەی ئەندامەكانی لەشی دروست بێ، یان ئەو كۆرپەلەیەیە كە لەناو منداڵدانی دایكدا دەمرێ‌، پاشان شی دەبێتەوە و لەناو دەچێ و پاشماوەی دیارنامێنێت لەناو منداڵداندا, و ئەو پێناسەیەش بەسەریدا جێبەجێ دەبێت كە منداڵدان دەیخواتەوە هەروەكو چۆن زەوی ئاو دەخواتەوە.
لێرەدا دەپرسین: ئایا ئەم مانایە یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پێناسەی كۆرپەلەزانی نوێدا؟
دەڵێین: بەڵێ بە دڵنیاییەوە, چونكە كۆرپەلە كاتێ‌ لە هەشت حەفتەی یەكەمدا لەناودەچێ‌ ئەوا یان دەكرێتە دەرەوەی منداڵدان، و یان شیدەبێتەوە و بەتەواوەتی لەناو منداڵدانی دایكدا دیارنامێنێت, زانایانی كۆرپەلە زانی بە هەردوو ئەم شێوەیە دەڵێن: لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی، و ئەمەش بە تەواوی یەكدەگرێتەوە لەگەڵ پێناسەی زانایانی زمانەوانی و تەفسیر بۆ ووشەی (غیض), بۆیە دەتوانین بڵێین كە (غیض اڵارحام) بریتییە لە لەبارچوونی خۆیی كۆرپەلەی سەرەتایی.
دووەم: ڕوونكردنەوەی لایەنی زانستی باسەكە:
1) لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی چییە (Spontaneous Abortion)؟
ئەو جۆرە لەبارچوونەیە كە تیایدا كۆرپەلە لە خۆییەوە لەباردەچێت پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە (20 هەفتە) لەناوسكی دایكیدا، یان كاتێ‌ كە كێشی دەگاتە كەمتر لە 500 گم, زۆربەی حاڵەتەكانی لەبارچوونی خۆیی لەماوەی 8 هەفتەی یەكەمدا ڕوودەدات، لەم كاتەشدا پێی دەوترێ‌ لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی. كە حاڵەتێكی بڵاوە و ڕێژەی ڕوودانی زۆرە, و زۆربەی جار ڕوودەدات بێ ئەوەی دایكەكە بزانێ‌ سكی هەیە. زۆركاتیش ئەو ئافرەتەی كە سووڕی بێنوێژی هەفتەیەك یان دووهەفتە دوا دەكەوێت، یاخود لە سووڕەكەیدا خوێنێكی زۆری نائاسایی هەبێت ئەوا بەحاڵەتی لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی دادەنرێت, ڕێژەی ئەم جۆرە لەبارچوونەش زۆر بەرزە بەتایبەت پێش 4 هەفتەی یەكەمی سك پڕبووندا كە دەگاتە نزیكەی 40%.
هەندێك لە لێكۆڵینەوەران هەستاون بە كۆمەڵێك تاقیكردنەوە بۆ دیاری كردنی ڕێژەی لەبارچوونی كۆرپەلە لە ماوەی هەرە سەرەتای سكپڕیدا.


لە ساڵی (1982)دا ئیدمۆندز و هاوڕێكانی هەستان بەتاقیكردنەوەی سكپڕی بۆ دۆزینەوەی هۆرمۆنی سكپڕی لە (میز)ی 198 ئافرەتی تەواو گونجاو بۆ سكپڕبوون، لەم كاتەدا 118 ئافرەتیان بینرا كە سكیان هەیە، بەڵام هەر لەسەرەتای دووگیانیدا 67 ئافرەتیان سكەكەیان لەدەستدا بێ‌ ئەوەی بزانن كە سكپڕبوون, ئەم ڕێژەیەش یەكسانە بە 60%ی ئافرەتەكان, لە كۆمەڵێك لەو لەبارچووە سەرەتاییانەدا كۆرپەلەكە نەبینراوە، واتە كۆرپەلەكە شیبۆتەوە و لەناومناڵداندا وونبووە, ئەگەر لەناو كیسی كۆریەلەدا كۆرپەلە نەبینرێت ئەوا پێی دەووترێت كیسی كۆرپەلەی بەتاڵ, ئەم حاڵەتەش زۆر بڵاوە لەو دیاردانەدا كە پێی دەوترێ‌ دیاردەی دووانەی ناتەواو كە یەكێك لە كیسەكانی كۆرپەلە بەتاڵ دەبێ و ئەوی دیكەیان كۆرپەلەی تیادایە.
هەندێك جار پاشماوەی سكەكە سەربەخۆ ناكەوێتە خوارەوە لە دامێنی دایكەكەوە, بەڵكو ماوەیەكی زۆر لەناو مناڵداندا دەمێنێتەوە و پێی دەووترێ‌ لەبارچوونی شارراوە (missed abortion)، لەم كاتەشدا قەبارەی مناڵدان دەگۆڕێ‌ و بچووكتر دەبێتەوە بەهۆی مژینی شلەی ئەمنیۆنی و ڕوودانی شیبوونەوەی لەشی كۆرپەلەكە, زۆربەی زۆری ئەم جۆرە لەبارچوونە چارەنووسەكەی بریتییە لە لەبارچوونی خۆیی كە تیایدا پاشماوەی سكەكە دەكەوێتە خوارەوە، بەڵام هەندێ جار كۆرپەلە دەپوكێتەوە و دیارنامێنێت لەناو كیسی كۆرپەلەدا.
سەرچاوە پزیشكییەكان دەڵێن هێشتا وەڵامی ئەمە ڕوون نییە كە بۆچی هەندێ كۆرپەلە لەدوای مردنی دەكەوێتە خوارەوە بەڵام هەندێكی دیكەیان ناكەوێتـە خوارەوە؟
2) بەڵگەی زانستی لەسەر ئەوەی كە مەبەست لەم لەبارچوونە لەبارچوونی سەرەتاییە:
بەڵگەی یەكەم: ووشەی (الغیض) لەئایەتەكەدا پێش ووشەی (الزیادة) هاتووە, (وما تغیض اڵارحام وما تزداد)، ئایەتە پیرۆزەكە ووشەی (الزیادة) لەدوای ووشەی (الغیض)ەوە باسكردووە, و لەڕووی زانستەوە ئەمەش زانراوە كە لەماوەی هەشت هەفتەی یەكەمی كۆرپەلەدا قەبارەی منداڵدان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد ناكات، و ئەو گۆڕانكاریانەش كەبەسەریدا دێت تەنها گۆڕانێكی فسیۆلۆجییە لە شانەكانیدا و بەهۆی هۆرمۆنەكانی سكپڕبونەوە ڕوودەدات, بەڵام زیادبوونی ڕاستەقینە لەقەبارەی منداڵداندا لە دوای قۆناغی دروست بوونیئەندامەكانەوە ڕوودەدات لەسەرەتای هەفتەی نۆهەمدا.
كە ئەمەش پەیوەندی هەیە بە گەشەی كۆرپەلەكەوە و بەردەوامیش دەبێ‌ تا كۆتایی دووگیانیی, سەیری وێنەی (1) بكە كە تیایدا وشەی (غیض) كە بەرامبەر ووشەی (ازدیاد) بەكارهێنراوە, كە تەنها ماوەی دروستبوونی ئەندامەكانی دەگەیەنێت كە لە هەشت هەفتەی یەكەمدا ڕوودەدات.
بەڵگەی دووەم: كۆرپەلە ناپوكێتەوە و لەناوناچێت تەنها لە قۆناغی دروست بوونی ئەندامەكانیدا نەبێ‌, شێوەیەك دۆزراوەتەوە كە كۆرپەلەی پووكاوە پاشماوەكەی لەناو منداڵداندا وون نابێت تەنها لەماوەی دروست بوونی ئەندامەكانیدا نەبێت (مرحلة التخلیق), سەرچاوەیەكی پزیشكی دەڵێ‌: ئەوەی كە جێگای سەرنجە ئەوەیە كە مردنی كۆرپەلە و پاشان پوكانەوە و شیبوونەوە و هەڵمژینەوەی لەلایەن منداڵدانەوە ڕوونادات تەنها لە 3 هەفتەی یەكەمدا نەبێت، و تاكۆتایییەكەی (واتە دوومانگ و نیو دوای پیتاندن), سەرچاوەیەكی پزیشكی دی دەڵێ‌: كاتێ‌ كە گەشەی كۆرپەلە لەماوەی 3 مانگی یەكەمدا توشی وەستان دەبێت، ئەوا تووشی شیبوونەوە و هەڵمژین دەبێ‌ لەلایەن منداڵدانەوە (جاینیكۆس 1988).


بەڵام ئەگەر كۆرپەلە لە ماوەی 3 مانگی داهاتوودا بمرێت، ئەو كاتە شینابێتەوە و وون نابێت لەناو منداڵداندا، بەڵكو دەپەستێورێت و دەچێتەوەیەك  تاكو وەكو وەرەقە تەنك دەبێتەوە, و پێی دوترێت (كۆرپەلەی وەرەقەیی) و بەو پێیەش كە مەبەست لە (غیض) یەكێ لەم دوومانایە دەگرێتەوە: یان لەباربردنی كۆرپەلە بۆ دەرەوەی مناڵدان، و یان ئەو كۆرپەلەیەی كە شیدەبێتەوە و ووندەبێ‌ لەناو منداڵداندا، هەربۆیە ناكرێ‌ كە مەبەست لە ووشەی (الغیض) بریتی بێت لە لەبارچوونی كۆرپەلە لەهەر قۆناغێكدا، بەڵكو تەنها ئەو لەبارچوونە دەگرێتەوە كە لە قۆناغی درووست بوونی ئەندامەكاندا ڕووئەدات, لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانەدا ئەوە جێگیر دەبێت كە لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی هەردوو كۆرپەلەی هاتە خوارەوە لە منداڵدانەوە دەگرێتەوە, لەگەڵ ئەوەشیان كە نایەتە خوارەوە بەڵكو شیدەبێـەوە و نامێنێت لەناو منداڵداندا.
سێ‌یەم: هاومانابوونی مانای (الغیض) لەگەڵ لەبارچوونی خۆیی سەرەتاییدا:
بەڵگە زمانەوانییەكانی مانای ووشەی (غیض) هاوتایە لەگەڵ دیاردەی لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی بەهەردوو جۆرەكەیەوە بەپێی زاراوەی پزیشكی, كە ئەو كۆرپەلەیە دەگرێتەوە كە منداڵدان فڕێ‌ی دەداتە دەرەوە لەگەڵ ئەوەش كە لەناو منداڵداندا شی دەبێتەوە.
كەواتە ئەو واتایەیكە ووشەی (الغیض) دەیبەخشێ‌ لەبارەی شیبوونەوە و نەمانی كۆرپەلە، هاوتایە لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی كە بەسەر هەندێ‌ لە كۆرپەلەدا دێت، بەشێوەیەك هیچ پاشماوەیەك لە كۆرپەلە لەناو منداڵداندا نامێنێتەوە، وەك ئەم نموونانەی لای خوارەوە:
أ) حاڵەتی هێلكەی تێكچوو (Blighted ova) یاخود كیسی كۆرپەلەی بەتاڵ: لەم حاڵەتەدا كۆرپەلە شیدەبێتەوە و پێكهاتەكانیشی هەڵدەوەرێت, و هیچ پاشماوەیەكی لەناو منداڵداندا نامێنێ‌, ئەم حاڵەتەش نزیكەی نیوەی حاڵەتەكانی لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی دەنوێنێ‌, لە لێكۆڵینەوەیەكیشدا كە (هیرتج و شیلدۆن) پێی هەستاوون لەسەر هەزار حاڵەتی لەبارچوونی خۆیی لە ساڵی (1943)دا بینیان كە بە ڕێژەی 49% حاڵەتەكان تیایدا كۆرپەلەكە شیدەبێتەوە, و بەتەواوەتی ووندەبێت, لەپاش دۆزینەوەی ئامێری سۆنەر و بەكارهێنانی لەهەڵسەنگاندنی باری تەندروستی ئافرەتی دووگیاندا، دڵنیا بوونەوە لە پووكانەوە و لەناوچوونی كۆرپەلە لەناو منداڵداندا كە بەم حاڵەش دەووترێ‌ كیسی كۆرپەلەی بەتاڵ. (سەیری وێنەی 3 بكە).
ب) حاڵەتەكانی دووانەی ناتەواو: هەندێ‌ لە لێكۆڵینەوە نوێكان زۆری ڕوودانی ئەم حاڵەتەیان دووپات كردەوە، كە دەگاتە 50%ی دووانە سكپڕبوون, یەكێك لە سەرچاوە پزیشكیەكان دەڵێت: یەكێك لە دووانەكە شیدەبێتەوە و ووندەبێت بەتەواوەتی لەناو منداڵداندا ئەمەش لەسەرەتای ماوەی سكپڕیدا, ئەمەش لە ڕێگای بەكارهێنانی سۆنەرەوە دۆزراوەتەوە، بەشێوەیەك كە بینراوە تەنها یەكێك لە دوو كۆرپەلەكە دەردەكەوێت و لە تەنیشتییەوە كیسێكی بچووك هەیە و ماددەیەكی چڕی تێدایە كە بەڵگەیە لەسەر مردنی یەكێك لە كۆرپەلەكان, لە ماوەی (4-6) هەفتەدا ئەم كیسەش بەتەواوی دیارنامێنێ‌.
هەروەها هەندێ‌ جار لە سكپڕبوونی فرە كۆرپەلەدا، دەبینرێ‌ كە چەند كیسێك هەیە بەڵام تەنها یەك كۆرپەلەی زیندووی تیایە ولەكاتی مناڵبوونیشدا تەنها یەك مناڵ لەدایك دەبێت، كیسە كۆرپەلەییەكانی دیكەش لەناو دەچن و منداڵدان هەڵیاندەمژێت, هەریەك لە (ڕۆبنسۆن و جانیس) لە ساڵی (1977)دا بەهۆی دەزگای سۆنەرەوە چاودێری 30 ئافرەتی دووگیانیان كرد كە هەریەكیان دووانە لەسكیاندا بوو، ئەمەش لەماوەی 3 مانگی یەكەمدا كرا, ئەنجامەكان بەم شێوەیە بوون: (14) دایك دووانەیان بوو، (11) یان تەنها یەك منداڵیان بوو, و ئەوانی دیكەیان بریتی بوون لە كیسی كۆرپەلەی بەتاڵ, و (4)یشیان هیچیان بۆ لەدایك نەبوو، واتە كۆرپەلەكانیان لەناو چوون و منداڵدانیان هەڵیمژیبوون, (1) دایكیش هیچی بۆ لەدایك نەبوو بەڵام تووشی لەبارچوونی شارراوە بوو لەگەڵ بوونی كیسی كۆرپەلەی بەتاڵ. وێنەی (4).


ج) لەبارچوونی شارراوە: لەهەندێ‌ باری لەبارچوونی شارراوەدا كۆرپەلەكە تێكدەچێت و ئەڕزێ‌ و هیچ پاشماوەیەكی لەناو كیسی كۆرپەلەدا نامێنێ‌، لەم كاتەشدا كۆرپەلەكە سەبارەت بە منداڵدان وەك ئەو ئاوە وایە كە زەوی دەیخواتەوە. كە ئەمەش یەكێكە لە پێناسە زمانەوانییەكانی ووشەی (غیض). وێنەی (5).
بۆیە لەم حاڵەتانەدا پاشماوەی لەبارچوونەكە نابینرێ‌، و ناشتوانرێ‌ بە ووردی وەسفی ئەم حاڵەتە بكرێ‌ تەنها بە ووشەی (الغیض) نەبێت كە مانای پوكانەوە و شیبوونەوە و نەمانی تەواوەتی دەگەیەنێت.
2) هەروەها ووشەی (الغیض) كە بەمانای پوكانەوە و نەمانی دێت: هاوتایە لەگەڵ ئەو حاڵەتەی كە بەسەر بۆشاییەكانی دەوری كۆرپەلە دێت كە پڕن لە شلەمەنی و ئاو, وەكو بۆشایی كۆریۆن و موولولە خوێنە كۆبووەكانی نێوان مەمیلەكان كەوا لە كۆرپەلەدەكات لەناوەندێكی شلدا بژی, و لەكاتی مردنی كۆرپەلەشدا دەردراوی هۆرمۆنی منداڵدان كەم دەبێتەوە لەگەڵ هەموو ئەو مولولە خوێن و شانە و ڕژێنەكانی دەوروبەری كۆرپەلە، بەشێوەیەك دەردانی ڕژێنەكان نامێنێت و موولولە خوێنەكان دەگیرێن و خوێنەكەی ناوەوە و نێوانیان دەیبەستێ‌، بەم شێوەیە ووشك دەبێتەوە و شێوە دەریا ئاوییەكانی دیواری ناوەوەی منداڵدانیش كۆتایی پێدێت و نامێنێ‌, بۆیە بەم شێوەیە مانای (غیض) بۆ منداڵدان مانایەكی ڕاستەقینەی دەبێت. وێنەی (6-7).

 

3) ووشەی (الغیض) مانای قەتیس بوون و كەم بوونەوە دەگرێتەوە: هەروەها ئەم مانایەی ووشەی (غیض)یش هاوتایە لەگەڵ ئەو حاڵەتەی كە بەسەر هەندێ‌ لە كۆرپەلەدا دێت بەشێوەیەك كە

 دەمرێت, بەڵام ناكەوێتە خوارەوە بەڵكو لەناو دیواری منداڵداندا قەتیس دەمێنێ‌ – هەندێ‌ جاریش ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە و دەڕزێ‌ و شیدەبێتەوە – لەگەڵ ووشكبوونەوەی زۆربەی شلەكانی

 ناوەوەو دەرەوەی كۆرپەلە، پاشان منداڵدان دەچێتەوەیەك و كێش و قەبارەی كەم دەبێتەوە، هەروەكو چۆن ئەمەش بەسەر هەندێ حاڵەتی لەبارچوونی شارراوەدا دێت، وێنەی (8).

 

بەم شێوەیە زاراوەی (الغیض) جوانترین و ووردترین زاراوەیە لە جیاتی ووشەی لەبارچوون (السقط), چونكە ووشەی (الغیض) هەردوو دیاردەكە ئەگرێتەوە: كە یەكەمیان ئەو كۆرپەلەیە

 دەگرێتەوە كە نامێنێ‌ و پاشماوەكەشی ووندەبێت لەناو منداڵداندا، و دووەمیان ئەو كۆرپەلە دەگرێتەوە كە لەباردەچێ و منداڵدانیش فڕێ‌ی دەداتە دەرەوە و بەدوایدا خوێن دێت.

 


زانایانی ئیسلام ئەم ڕاستییە ڕادەگەیەنن پێش دۆزینەوەی ئامێرە نوێیەكان:
چەند سەدەیەك لەمەوبەر (ابن عطیەی ئەندەلوسی) ئاماژە دەكات بۆ كۆرپەلەی لەناوچوو لەناو منداڵداندا, و لە بەرامبەر مانای (الغیض)دا دەڵێت: بریتیە لە لەناوچوونی شتێك لەناو منداڵداندا و پاشان نەمانی, هەروەها خاوەنی كتێبی (المفردات فی غریب القران) بەڕوونی وەسفی كردووە و دەڵێت (الغیض) ئەوەیە كە منداڵدان لەناوی دەبات و هەڵیدەمژێ‌ هەروەك ئەو ئاوەی كە زەوی هەڵیدەمژێت. لەوەش سەیرتر ئەوەیە كە شێخی (السعدی) ڕاڤەی ووشەی (الغیض)ی بە هەردوو حاڵەتەكەیەوە كردووە, وەكو ئەوەی نوێترین سەرچاوەی زانستی لابێت لەبارەی چارەنووسی كۆرپەلەی مردوو لەناو منداڵدانی دایكدا.
دەڵێت: (وما تغیچ اڵارحام) واتە كەمكردنەوەی منداڵدان بۆ ئەوەی كە تیایدایە، ئیتر یان كۆرپەلەكە فڕێ‌ دەدرێتە دەرەوە و لەباردەچێت، یاخود شی دەبێتەوە و دەڕزێ‌ و وون دەبێت لەناو منداڵداندا.


ئیعجازی زانستی لەسەر مانای (الغیض):
بەكارهێنانی دەستەواژەی (غیض اڵارحام) لەبەرامبەر لەبارچوونی خۆیی سەرەتایی بەهەردوو شێوەكەیەوە، واتە ڕزاندن و كەوتنە خوارەوەی كۆرپەلە لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی كە بەدوایدا دێت لەبارەی كەم بوونەوەی بۆشایییە شلەییەكان و ئەو موولوولە خوێنییانەی كە دەوری كۆرپەلەیان داوە، لەڕاستیدا ئیعجازێكی زانستی كۆرپەلەزانی ئاشكرایە, گەلی عەرەبیش سەرەڕای ئەوەی كە لەڕووی زمانەوانییەوە مانای ( الغیض) دەزانن, بەڵام هەرگیز دستەواژەی (غیض اڵارحام)یان پێش دابەزینی قورئان بەكارنەهێناوە.
ئێستاش لەم سەردەمەدا زۆر بەدڵنیاییەوە ئەوە ڕوون بوەتەوە – لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی كۆرپەلەزانیدا لەڕووی وەسفی و تاقیكاریدا- كە ووشەی (الغیض) زۆر بە ووردی بەكارهێنراوە بەرامبەر هەموو ئەو ڕووداوانەی كەبەسەر كۆرپەلەی مردوودا دێت لە قۆناغی دروست بوونی ئەندامەكاندا, كە هەندێكیان منداڵدان فڕێ‌ی دەداتە دەرەوە و پاشماوەكەشی لەدەرەوە دەبینرێ‌، و هەندێكی تریشیان شی دەبێتەوە و وون دەبێت و پاشماوەی نابینرێ‌، ئەوەشی بەسەردا جێگیر دەبێ‌ كە منداڵدان هەڵی مژیوە وەكو چۆن زەوی ئاو هەڵدەمژێ, ئەم ڕاستییەش پێشتر نەزانراوە تەنها لەم سەدەیەدا نەبێت، پاش پێشكەوتنی دەزگای نوێ و تاقیكردنەوەی وورد، و بەووردیش دیارینەكراوە تەنها پاش بەكارهێنانی ئامێری سۆنەر نەبێت كە لەم دواییانەدا دۆزرایەوە.
بەم شێوەیە زانست ووردی و گشتگیری ئەم زاراوەیەی سەلماند، و پێشكەوتنی قورئانیش بەسەر زانستدا لەبارەی ئەم ئاماژە زانستیانەوە سەلمێنرا، چونكە زانستی سەردەم تەنها لە نیوەی دووەمی ئەم سەدەیەدا توانیویەتی ئەم ڕاستیانە بسەلمێنێ‌, ئەمەش ووتەی پیرۆزی خوای متعال بەراست دەخاتەوە كە دەفەرموێت: [إِنْ هُۆ إِلَّا ذكْرٌ لِّلْعَاڵمِینَ, ۆڵتَعْڵمُنَّ نَبَأَهُ بَعْدَ حِینٍ] (ص:87-88).


سەرچاوە: بابەتی (الإعجاز العلمی للقرا‌ن والسنة فی دلالة: غیض اڵارحام)/ نووسینی: د. عبدالجواد الصاوی/ وەرگیراوە لە ئینتەرنێت لە سایتی (الهیئة العالمیة للإعجاز العلمی في القران والسنة): (www.nooran.org).

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (11) و دووبارە لە ژمارە (25) ژمارە نایاب دا بڵاوكراوەتەوە

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top