You Are Here: Home » بابەتەكانمان » گرنگی مانگی ڕەمەزان لە ئیسلامدا

گرنگی مانگی ڕەمەزان لە ئیسلامدا

گرنگی مانگی ڕەمەزان لە ئیسلامدا

 

 

شوان ڕابەر

دەسپێك: بێگومان مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا مانگێكی زۆر گەورە و گرنگ و بە نرخە و قورئان و سونەت زۆر گرنگیان پێ داوە بە جۆرێ كە دەیان ئایەت و حەدیس لەسەر پلە و پایە و لایەنەكانی ئەم مانگەن چونكە خاوەنی چەندان ئیجابیات و ئیمتیازات و دەسكەوت و شتی گرنگە كە هەر هەموویان لەم مانگەدا ڕوویان داوە و بە دەست دێن, بۆیە دەبێ‌ ئێمەش هەمیشە لە ژیاندا بەو پەڕی دڵ و پەرۆشەوە زۆر بە گەرمی و ئەوینەوە پێشوازی لەم مانگە پیرۆزە و پڕ خێر و بەرەكەتە بكەین و گرنگی پێ بدەین, بە جۆرێ كە هەموو…… كارێكی چاكە چاكی تیادا ئەنجام بدەین, خوای گەورە لە خۆمان ڕازی بكەین و خۆمان بەوە لە گوناه و تاوانەكان پاك بكەینەوە بۆ ئەوەی سەرەنجام و ئایندەمان باش بێ بۆیە بە پێویستی دەزانم كە بە كورتی لە چەند پرسیار و تەوەرێكدا هەندێ لایەنی ئەم مانگەتان بۆ باس بكەم لە ڕووانگەی ئیسلامەوە تا باش خۆی بۆ ئامادە بكەین..
یەكەم / پێناسەی ڕەمەزان: خوای گەورە سەبارەت بەو مانكە دەفەرمووێ: (إن عدة الشهور عند الله اثناعشر شهراً فی كتاب الله) توبة/ 36, واتە: ژمارەی مانگەكانی ساڵ لای خوا لە پەرتوكی خۆیدا دوانزە مانگن, مانگی نۆیەمینە لە ساڵی هەتاوی كە (30) ڕۆژە.
وە لە ڕووی زمانەوانیەوە: ووشەی رمضان لە عەرەبی لە چاوگی ( رمض )ەوە هاتووە, واتە: زۆر گەرمی, ئەو پەڕی گەرما, الرمض + الرمضاء: بە زەوی و ناوچەیەكی زۆر گەرم دەگوترێ وە بەو بارانە دەگووترێ كە پێش پایزان لە زەویەكی زۆر گەرم دەدا و هەڵمی لێ هەڵدەستێ یا تیشكی خۆر لە زەوی دەدا و زۆر گەرمی دەكا….
ووشەی رەمەزان تاكە و كۆیەكەی بریتییە لە: رمضانات, رماضین, أرمضان, أرمضة, ارمُض.
وە لە ڕووی چەمك و زاراوەییەوە: ڕەمەزان واتە: دەست هەڵگرتن لە بارێكەوە بۆ بارێكی تر, یانی لە بارێكی خراپتری پێش رەمەزان بۆ بارێكی چاكتر و پڕ خواپەرستی ناو ڕەمەزان و واز هێنان لە گوناه و تاوان و خراپەكاری, مانگی بە ڕۆژوبوونی موسوڵمانانە كە ڕوكنێكە لە ڕوكنەكانی ئیسلام كە لە ڕۆژی  دوایی ڕۆژو شەقامەت بۆ ڕۆژو گر لە خوا دەكات بۆ چونە بەهەشت.
دووەم/ چۆن دەزاندرێ ڕەمەزانە؟: بۆ ئەوەی بە تەوقیتێكی شەرعی بە ڕۆژوو بین دیارە بەم شێوەیە دەزاندرێ ڕەمەزانە و دەبێتە ڕەمەزان…
1- بە بینینی مانگ لە لایەن كەسێك یا زیاتر, بە مەرجێ(موسڵمان و ئاقڵ و بالغ بن), وەك خوای گەورە دەفەرمووێ‌: (فمن شهد منكم الشهد فلیصمە) بقرة/185, واتە: هەر كەسێك لە ئێوە مانگی ڕەمەزانی بینی, یا هەواڵی پێ درا كە ڕەمەزانە و مانگ بینراوە, دەبێ‌ بە ڕۆژوو بێ, وە عەبدوڵڵای گوڕی ئیمامی عومەر دەڵێ: ( تراى  الناس الهلال فأخبرت رسول الله (صلی الله علیه وسلم) أنی رأیتەُ فقامە و أمر الناس بصیامه ) ابو دردا‌ء/2339 صحیح, واتە: خەڵك سەیری مانگیان دەكرد و مانگیان پێشانی یەكتر دەدا منیش خەبەرم دایە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) كە مانگم دیتووە ئەویش بۆ خۆی بە ڕۆژوو بوو و فەرمانی بە خەڵك كرد كە بە ڕۆژوو بن.
2- ئەگەر لە شەوی 29ی شەعباندا لەبەر هەور و تەپ و تۆز و تەم و مژ مانگ نەبیندرا دەبێ سی ڕۆژی شەعبان تەواو بكرێ ئەوسا بكرێتە ڕەمەزان, وەك پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرمووێ: (صوموا لرؤیته, أفطروا لرؤیته, فإن غمّ علیكم فأكملوا عدة شعبان ثلاثین) بخاری/1909, واتە: بە دیتنی مانگی یەك شەوی ڕەمەزان بە ڕۆژوو بن و بە دیتنی مانگی یەك شەوەی شەوالیش ڕۆژو بشكێنن و واز لە ڕەمەزان بێنن وە ئەگەر لێتان بوو بە هەور و تەم و مژ ئەوا سی ڕۆژی شەعبان  پڕ بكەن).
سێ‌ یەم / فەزل و خێر و پلە و پایە و گەورەیی و گرنگی مانگی ڕەمەزان لە ئیسلامدا:
1- لە قورئاندا: ووشەی ڕەمەزان یەك جار لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە هەروەك خوای گەورە دەفەرمووێت ( شهر رمضان الذی انزل فیه القرا‌ن ) بقرة/185, واتە: مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە قورئانی پیرۆزی تێدا لە لایەن خوای گەورە دابەزیوە بۆ بەرنامەی بوونەوەر جا قورئانی پیرۆز كە بەرنامەی ژیانە بەو هەموو ئیجابیات و ئیمتیازانەوە لەم مانگەدا دابەزیوە وەك دەفەرمووێت: ( إنا أنزلناه فی لیلة القدر ) واتە: ئێمە ئەم قورئانەمان لە شەوی قەدر دابەزاندووە كە شەوێكە لە شەوەكانی ڕەمەزان یا دەفەرمووێ : (إنا انزلناه فی لیلة مباركة) دخان/2, واتە: ئێمە ئەم قورئانەمان لە شەوێكی پیرۆزدا دابەزاندوە كە لە مانگی ڕەمەزانە و شەوی قەدرە.
ئیتر نەك هەر قورئان بەڵكو پەرتوكەكانی تریش بۆ پێغەمبەرانی تر هەر لە مانگی ڕەمەزاندا دابەزیون, هەروەك پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێ: ( أنزلت صحف ابراهیم فی اول لیلة من رمضان, و انزلت التوراة لستِ رمضین, والانجیل لثلاث عشرٍ خلت من رمضانٍ أو انزل الله القرا‌ن ڵاربع و عشرین خلت من رمضانٍ) مند إمام أحمد.
2- لە سوننەی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم): 1- لە مانگی ڕەمەزاندا شەیتانەكان كۆت و زنجیر دەكرێن و بواری خەڵك هەڵخەڵەتاندن و گوناه كردن بە خەڵك یان لێ تەسك دەكرێتەوە دەرگاكانی بەهەشت دەكرێنەوە و دەرگاكانی دۆزەخ دادەخرێن و خوای گەورە لە مردوان خۆش دەبێ, هەر وەك پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرمووێ: ( إذا دخل رمضان فتحت أبواب السما‌ء و اغلقت أبواب جهنم و سُللت الشیاطین) بخاری/1899.
2- خوا پەرستی لە هەموو مانگی ڕەمەزاندا لە چاو مانگەكانی تر خێر و پلە و پایەی زیاترە, نەخاسمە لە شەوانی قەدر دا كە قورئانی تیادا دابەزیوە وخێری خوا پەرستی بەقەد (83) ساڵە وە تا بەیانی لەو شەوەدا بە ڕوخسەتی خوا فریشتەكان دادەبەزن و ئاشتی بەرپا دەبێ هەروەكو خوای گەورە دەفەرمووێ: ( لیلة القدر خیر من الف شهر, تنزل الملائكة والروح فیها بإذن ربهم من كل أمرٍ, سلام هی حتی مطلع الفجر).
3- بە ڕۆژوو بوون لەم مانگەدا دەبێتە هۆی سڕینەوەی گوناه و تاوانەكان ئەگەر خوا حەز بكا, هەروەك پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ: ( من صام رمضان إماناً و إحتساباً غفر له ما تقدم من ذنبه ) بخاری/ 1901, واتە: هەر كەسێ‌ مانگی ڕەمەزان بە بیر و باوەڕ و دڵسۆزیەوە تەنها بۆ خوای گەورە بەڕۆژوو بێ‌ خوا لە تاوانەكانی ڕابردووی خۆش دەبێ.. وە دەفەرموێ: ( رمضان الی رمضان مكفرات بینهن اذا إجتنبت الكبائر) مسلم, واتە: ڕەمەزان بۆ ڕەمەزان لێخۆشبەرە ئەگەر ئینسان لە گوناهە گەروەكان خۆی بپارێزێ.
ئیمامی نەوەوی: ئەم لێخۆشبوونە تایبەتە بە گوناهە گەورەكاننیش بە تەوبەی ڕاستەقینە ڕەش دەبنەوە.
4- لە ڕەمەزاندا دوعا و نزا و پاڕانەوە گیرا دەبێت, پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرمووێت: ( لكل مسلم دعوة مستجابة یدعو بها فی رمضان ) أحمد عن جابر, واتە: هەر موسڵمانێك داوایەكی هەیە ئەگەر بیكا گیرا دەبێ لە ڕەمەزاندا جا بەپێی هەندێ بەڵگە و فەرموودە ئەو كاتە كاتی بەربانگ شكاندن كە دوعا قەبوڵ دەبێ.
5- لە ڕەمەزاندا بواری خێر و چاكە و خوا پەرستی و بەندایەتی كردن زۆر فراوانتر دەبێ بە جۆرێ ئینسان دەتوانێ چەندان كاری چاك بكا و خێر و دەسكەوت بە دەست بێنێ كە هەندێكیان لە كاتەكانی تردا نابن یا ناكرێن, وەك: بەڕۆژووبوون كە ڕوكنێكە لە ڕوكنەكانی ئیسلام و چەندان ئایەت و حەدیسی لەسەرن, وە نوێژی تەڕاویح كردنی شەوانە, یا هەستانەوە بۆ شەو نوێژ, زیندو كردنەوەی شەوانی قەدر و بە دەستهێنانی ئەم خێر و پلە و پایەیە, زەكات دان لە ڕەمەزان كە ڕوكنێكە, خێر كردن و ماڵ بەخشین, خواردن دانە ڕۆژوو گران, ئیعتكاف كردن, وە هەروەها لە خێری تر … هەروەك پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دەفەرمووێ: (كان النبی (صلی الله علیە وسلم)  أجود الناس بالخیر, وكان أجود ما یكون فی رمضان حین یلقاه جبریل و كان جبریل یلقاه كل لیلة فی رمضان حتی ینسلخ, یعرض علیه النبی (صلی الله علیە وسلم) القران, فإذا لقیه جبریل كان أجود بالخیر فی الریح المرسلة) بخاری عن ابن عباس.
6- مانگی ڕەحمەت و بەرەكەت و خێر و خۆشی و لێبردن و چاكەكردنە هەروەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمووێ: ( اتاكم رمضان شهر بركة, یغشاكم الله فیه, فیحط فیه الخطایا, و یستجیب منه الدعا‌ء, ینظر الله فیه الی تنافسكم فیه, و یُباهی بكم ملائكته فأروا الله فی أنفسكم خیراً, وإن الشقیَّ مَن حرم من رحمة الله عز و جل) أحمد.
واتە: ڕەمەزان مانگی خێر و بەرەكەتە بۆتان, خوا لەو مانگەدا داتان دەپۆشێ و لێتان دەبورێ و گوناه و تاوانەكان ڕەش دەكاتەوە, وەڵامی داواكان دەداتەوە و گیریان دەكا, خوای گەورە لەو مانگەدا تەماشای پێشبڕكێی ئێوە دەكا ئاخۆ كێ زیاتر كاری چاكتر دەكا, وە فریشتەكانی خوا خۆ بە ئێوە هەڵا دەكێشن لەبەر كردەوەی چاكتان, خوای گەروە بە چاوی خێر و ڕەحمەت و سۆز و لێبوردن سەیری بەندەكانی دەكات, وە بەدبەخت ئەو كەسەیە كە لە ڕەحمەتی خوای گەورە بێ بەش دەبێت.
چوارەم/ گرنگی و ڕێزی ڕەمەزان لای خەڵك و هاوەڵان: لەبەر گەورەیی ئەم مانگە سەحابەكان زۆر ڕێزیان لەم مانگەوە ناوە و گرنگیان پێ دەدا و بە گەرمی پێشوازیان دەكرد, وە خەڵكیش بە گشتی ڕێز لەم مانگە دەگرن و گرنگی پێ دەدەن تەنانەت لە سەردەمی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دیانی وا هەبوو كە كوڕی خۆی محاسبە كردووە لەسەر ئەوەی لەم مانگە بە ئاشكرا لە دەرەوە شتی خواردووە وە تابیعیەكان جیلی دوای هاوەڵان تا شەش مانگ دوای ڕەمەزان دوعای قەبول بوونی عیبادەتەكانیان دەكرد و شەش مانگی تریش دوعایان دەكرد بە خزمەت ڕەمەزان بگەنەوە.

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top