You Are Here: Home » ئیعجازی زانستی » پزیشکی و زیندەوەرزانی » لایەنی دەروونی ڕۆژوو

لایەنی دەروونی ڕۆژوو

 

لایەنی دەروونی ڕۆژوو

 

 

ئامادەكردنی: سەروەر حسن

ئەگەر بمانەوێت باس لە سوودە دەروونیەكانی ڕۆژوو بكەین، دەبێت باس لە بابەتی تێربوونی دەستبەجێ‌ و دواخستنی تێربوونی پێداویستی و ئارەزووەكانی مرۆڤ بكەین… ڕۆژووگرتن خۆگرتنەوە

و ڕێگرتنە لە تێربوونی هەندێك لە ئارەزووەكانی دەروون و هەندێك لە پێداویستییەكانی جەستەی مرۆڤ، ئەوەش لە بانگی بەیانیەوەیە تا خۆرئاوابوون.

لە ڕۆژووگرتندا خۆگرتنەوە هەیە لە خواردن ئەگەر برسیمان بوو، لە خواردنەوە ئەگەر تینوومان بوو، هەروەها خۆگرتنەوە لە وەڵامدانەوەی دەمودەستی هەندێك لە ئارەزووەكان. ئەم خۆگرتنەوە و

ڕێ‌ لەخۆگرتنە مەشقكردنە بە دەروون كە زانایانی دەروونناس ناویناوە “دواخستنی تێربوون”… جێی باسە توانای (دواخستنی تێربوونی ئارەزووەكان) جیاكارییە لەنێوان منداڵ و كەسی

پێگەیشتوودا، جیاكارییە لەنێوان كەسێتی پێگەیشتوو و كەم گەشەكردوو و لاوازدا.

ئەگەر منداڵ ئارەزووی شتێكی كرد، پێداگری لەسەر دەكات تا بۆی جێبەجێ‌ دەكرێت و دەیدرێتێ‌… هەموو بیركردنەوەی لەو شتەدایە كە مەیلی دەكات، ئارامی نییە لەسەر مەحروم بوونی لەو

 ئارەزووەی تا بەدەستی دێنێت. زۆربەی جار ئەگەر منداڵ دەمودەست ئارەزووەكەی بۆ جێبەجێ نەكرا و نەیكرد، دەگری و هاواردەكات، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەنیدا، ئەم منداڵە لەڕووی

دەروونییەوە گەشە دەكات و پتر ئارام دەگرێت لەسەر جێبەجێنەبوون و دەستنەكەوتنی دەستبەجێی ئارەزوو و خواستەكانی.

ئەم حاڵەتە لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی تر دەگۆڕێت. لەڕاستیدا گەورەكانیش لە ئارامگریاندا لەسەر دەستبەجێ‌ دەستەبەربوونی ئارەزوو و خواستەكانیان و دوانەكەوتنی، جیاوازیان هەیە.

تەنانەت لەدوای گەیشتنی مرۆڤ بە قۆناغی گەشەكردنی تەواویش، هێشتا جێگایەك دەمێنێتەوە بۆ پێگەیشتنی زیاتری كەسێتێی و دەستخستنی توانای زیاتر لە سەر “دواخستنی باری تێربوون”.

نەبوونی ئارامگریی لەسەر دەستبەجێ‌ دەستنەكەوتنی ئارەزوو و مەیلەكانی دەروون، لایەنێكی گرنگی لایەنەكانی پێگەیشتنی كەسێتی مرۆڤە.

ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان بەجێگای خولێكی ڕاهێنانی ساڵانەیە لەسەر ئەو ئارامگرییە، بەجێی پاڵنەرێكی نوێیە ڕووەو پێگەیشتن و كامڵبوونی زیاتری كەسێتی باوەڕدار.

پەلەكردن لە بەدەستهێنان و دەستخستنی مەیل و ئارەزووەكانی دەروون، سیفەتێكی مرۆڤە، ئەم سیفەتە زۆر بەهێزتر دەبێت لای كەسێك بە ئیمان و باوەڕ دەروونی پاڵفت نەكردبێت.

پەروەردگار دەفەرموێت: [ۆێدْعُ الإِنسَانُ بِالشَّرِّ دُعَا‌ءهُ بِالْخَیْڕ ۆكَانَ الإِنسَانُ عَجُولاً]الإسراء/11، واتە: مرۆڤ كاتێك تەنگەتاو دەبێت دوعا و نزای شەڕ دەكات، هەروەك چۆن لەكاتی ئاسایدا نزای خێر

دەكات، مرۆڤ هەمیشە و بەردەوام بە پەلە و هەڵەشەیە.  

ڕۆژوو و دووربوون لە بەدڕەفتاری

خوای پەروەردگار ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر فەرزكرووین تاكو لە تەقوا و پارێزكاریمان نزیك بخاتەوە و بمانخاتە نێو بازنەی تەقواوە، خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [ێا أَیُّهَا الَّذینَ ا‌مَنُواْ كُتِبَ

عَڵیْكُمُ الصِّێامُ كَمَا كُتِبَ عَڵی الَّذینَ مِن قَبْلِكُمْ ڵعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ]البقرة/183، واتە: ئەی ئەو كەسانەی باوەڕتان هێناوە، ڕۆژوی ڕەمەزان لەسەرتان پێویست كراوە، هەروەكو لەسەر گەلانی پێش ئێوە

پێویست كرابوو، بۆئەوەی خواناسی و پارێزكاری بكەن.

خواردنەوەی ڕق و لێبوردەیی بەرامبەر بە خەڵك لە بنەماكانی تەقوایە كەئامانجی ڕۆژووە. پەروەردگار لە ئایەتی (134)ی سورەتی (ا‌ل عمران)دا هەندێك لە سیفەتەكانی پارێزكاران (متقین)

باسدەكات و دەفەرموێت: [الَّذینَ یُنفِقُونَ فِی السَّرَّا‌ء ۆالضرَّا‌ء ۆالْكَاظمِینَ الْغَیْظ ۆالْعَافِینَ عَنِ النَّاسِ ۆاللّهُ یُحِبُّ الْمُحْسِنِینَ] واتە: ئەوانەی لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە هەرزانی و گرانیدا ماڵ و سامانیان

دەبەخشن، ڕق و كینەی خۆیان دەخۆنەوە و خۆگرن، لە خەڵكی خۆشدەبن و لێبوردەن، خوای میهرەبانیش چاكەكار و چاكەخوازانی خۆشدەوێت.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فێرمان دەكات، هەركات توشی نەزانی و بەدڕەفتاری كەسێك بووینەوە، جوێنی پێداین یان ناڕەحەت و بێزاری كردین، لەوكاتەدا بڵێن: “من بەڕۆژووم… من

بەڕۆژووم” لەبەرئەوەی ئارام بگرین و كۆنترۆڵی خۆمان بكەین، وەڵامی كەسەكە بەشێوەی خۆی نەدەینەوە و نەكەوینە نێو مشتومڕ و ڕكابەرییەوە لەگەڵیدا.

ڕۆژووەوان لە عیبادەتدایە، كەسێكیش لە عیبادەتدا بێت، بەرزتر دەبێت لەوەی كاردانەوەی هاوشێوەی بۆ ئەو جۆرە هەڵوێستانە هەبێت.

لە ڕەمەزانی پیرۆزدا ڕەوشت و ڕەفتارەكانی ڕۆژووەوان (كەسی پارێزكار یان موتتەقی) زۆر باش و پەسەند دەبێت، بەڵام ئاخۆ بۆچی هەندێكمان میزاژ گەرم دەبین و بەرامبەر هۆكارێكی سادە توڕە

 دەبین و هیچ ئامادەباشیەكمان بۆ قەبوڵكردن و تەحەمولی خەڵك نییە، خزمەتی خەڵك ناكەین، ئەگەرچی بەشێكیش بێت لە كار و پیشەكەمان، ئەو كەسانەمان دەڵێین بەڕۆژووین و ئاراممان نییە…

ڕۆژووەوانی لەوجۆرە، تاڕادەیەكی زۆر كەمبەرهەم دەبێت..  بەڵام ئاخۆ دەبێت ڕۆژووگرتن هۆكاری ئەو حاڵەتە خراپانە بێت؟ باشە چۆن دەبێتەهۆی ئەوانە لە كاتێكدا كە گرتنەوەی ڕق و لێبوردەیی

بەرامبەر خەڵك لە ڕەوشتەكانی كەسی پارێزكارە، ئەی باشە دەبێت هەڵەكە لە كوێدا بێت؟

ڕاستە تینوێتی و برسێتی زۆر وا لە مرۆڤ دەكەن میزاژی گەرم بێت، بەڵام ئەوە لەسەر كارمەندێكی میریی بەڕۆژوو ناچەسپێت كە هەندێكجار تەمبەڵی و توڕەییەكەی لە كاتژمێر 8ی بەیانیەوە

دەستپێدەكات، خۆ ناكرێت ڕۆژووەوان هەر لەبەیانیەوە پاساوی برسێتی و تینوێتی بۆ بەدڕفتاریی لەگەڵ خەڵك و دەوروبەریدا بێنێتەوە.

هۆكاری ڕاستەقینەی خراپ ڕەفتاركردنی هەندێك لە ڕۆژووەوانان لە ڕەمەزاندا ئەوەیە كە پاساو و بیانو دەبیننەوە بەوەی بەڕۆژوون، تاكو ڕەوشتە خراپەكانیان ئەنجام بدەن… ئەو كەسانە ڕەفتاری

خراپ دەكەن،  تاڕادەیەك دڵنیاییان هەیە كە كۆمەڵگا تەحەمولی ڕەفتارەكانیان دەكات و لێیان خۆش دەبێت، بەلەبەرچاوگرتنی بەڕۆژووبوونیان.

لەڕاستیدا ئەو ڕەفتارانە لە مەبەستی سەرەكی ڕۆژوگرتنەوە دوورن و جێگای لێپرسینەوەن، چونكە ئەو جۆرە كەسانە كە لەڕەمەزاندا پاساوی ڕۆژووگرتنیان هەیە، ئەگەر لەدوای ڕۆژووگرتنیش

بۆیان بلوێت، ئەگەری زۆر هەیە هەمان ڕەوشت و ڕەفتاریان هەبێت.

هەندێكجار توڕەیی و گەرمی میزاژ بەهۆی ئالودەبوونی پێشووی كەسەكەوەیە بە جگەرەكێشان یاخود چا و قاوەوە كە وریاكەرەوەن، بۆیە دەبێت ئەو كەسانەی لەسەر كافایین ئالودە بوون بە

پلەبەندیی و بەر هاتنی ڕەمەزان خواردنەوەی چا و قاوە كەم بكەنەوە، وەك ئامادەباشی بۆ ڕۆژووگرتن، هەروەها لە پارشێوانیشدا كەمێك بخۆنەوە تاكو لەكاتی ڕۆژووگرتندا لە نیشانەكانی لێ‌ مەحروم

بوونی بەدووربن و دووریش بن لە توڕەبوونی بێهۆ یان بەهۆی كاری سادەوە… لێبوردەیی و خۆشەویستی و كاری جیددی بكەنە هاوەڵی ڕۆژووگرتنەكەیان.

ڕۆژوو ئارامگریی و پابەندبوونە

ڕۆژووگرتن مەشقكردنە لەسەر ئارامیی، ڕۆژوو وەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت بەشێكی ئارامگرییە، ئارامگریش بەشێكی باوەڕە.

ئارامگرتن لە ناوەڕۆكدا بریتییە لە ڕازیبوون، كە مرۆڤ بە ڕٍۆژوو دەبێت، بەڕۆژوو دەبێت و قایلە بەو ڕۆژووە. تەنانەت لە نهێنیشدا بۆڵەبۆڵ و سكاڵا ناكات.. خودكارانە خۆی لە خواردن و

خواردنەوە و ڕۆژوو شكێنەكان دەگرێتەوە، هەر لەبەیانیەوە تا خۆرئاوابوون پابەندە، ڕۆژووەوان پێویستی بە چاودێر نییە، ئەم پابەندبوونە بە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بەبێ‌ بەرامبەرە

و تەنها لەبەر ڕەزامەندی خوای پەروەردگارە، بۆیە ڕۆژووەوان ئەم خۆگرتنەوەیەی زۆر لەلا ئاسانترە لەوەی كە ئەگەر بەهۆی ڕێگریەكی دەرەكییەوە بێت، دروست وەك ئەوەی كەسێك نەهێڵێت

خواردن و خواردنەوە بخۆیت. ئەگەر وەها بێت، ئەوكاتە تینوێتی و برسێتی توندتر و ناڕەحەتتر دەبێت، ئەمەی دەیڵێین تاقیكردنەوە دەروونییەكان سەلماندوویانە.

سەلماندوویانە كە “پابەندبوون پاڵنەر دەگۆڕێت”… لە یەكێك لە تاقیكردنەوەكاندا ئەو كەسانەی تاقیكردنەوەكەیان لەسەر ئەنجام دەدرا ماوەی چەند كاتژمێرێك بەر لە ئامادەبوونیان هیچیان نەدەخوارد

و نەدەخواردەوە… پاشان داوا لە هەندێكیان كرا بەبێ‌ خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەكی تر بمێننەوە بەبێ‌ هیچ بەرامبەرێكی ماددیی یان ناماددیی، واتە خۆیان بەوەوە پابەند بكەن، واتە

ڕۆژووەكەیان لە پابەندبوونی خۆیانەوە و بە ئازادی بڕیاریان لەسەر داوە ئەگەرچی لەسەر داوای توێژەرانیش بوو.

خۆبەخشەكانی تری تاقیكردنەوەكە ئەو داوایەیان لێنەكرا،  بەڵكو دەستی- دەستیان پێكرا و بێ‌ خواردن و خواردنەوە وازیان لێهێنرا، وەها پێشان درا مەسەلەكە بەبێ‌ مەبەستە، لەكۆتاییدا لەسەر

هەموویان تاقیكردنەوەی دەروونی ئەنجامدرا بۆ زانینی توندیی تینوێتی و برسێتیان، لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوت:

ئەو كەسانەی خۆیان پابەندی خۆگرتنەوە بوون لە خواردن و خواردنەوە كەمتر برسی و تینوو بوون، وەك لەوانەی دەستی-دەستیان پێكرابوو، لەگەڵ ئەوەش هەردوو كۆمەڵەكە وەك یەك خواردن و

خواردنەوەیان لێ گیرایەوە…

هەروەها پێوانەی ترشە چەورییە ئازادەكان (الحموض الدهنیة الحرة)ی خوێنیان كرد، هەركات برسێتی مرۆڤ زیادیكرد، ئەم ماددەیە لە خوێندا زیاددەكات، بینرا لای ئەو كەسانەی ئازادانە خۆیان

پابەندی ڕۆژوەكە بوون، كەمتر لەوانی تر زیادی كردووە.

بۆیە پابەندبوون بە ڕۆژووەوە بۆ چەند كاتژمێرێكی درێژ، تەنانەت لەسەر كاردانەوەی فسیۆلۆژی جەستەشیان كاریگەریی هەبوو.

لە لێكۆڵینەوەیەكی تردا زانایان دیراسەی پابەندبوونیان بە تینوێتیەوە كرد، بۆیان دەركەوت: تینوێتی لای ئەو كەسەی ئارەزوومەندانە خۆی پابەند كردووە بە خۆگرتنەوە لە ئاوخواردنەوە،

كاریگەریی تینوێتی لەسەری كەمترە وەك لەوەی بە مەبەستی تر بۆ ماوەیەك لێی قەدەغە كرابێت.

ئارامگرتن،  لەڕاستیدا پابەندبوون و ڕازیبوونە بەو حاڵەی خوای گەورە بۆمانی پێشدێنێت، چونكە ڕازیبوون (تەنانەت بە بەڵا و كارەساتەكانیش) وێكچووی پابەندبوونە پێیانەوە، دروست وەك ئەو

كەسەی خوای گەورە بە هەژاریی یان نەخۆشی یاخود لەدەستدانی ئازیزێكی تاقیدەكاتەوە، ئەو كەسە خۆی گرتووەتەوە لەو شتەی لێی مەحروم بووە، خۆگرتنەوە بە ڕەزامەندی و قەناعەتەوە،

خۆگرتنەوەیەكی هاوشێوەیە بە خۆگرتنەوەی ڕۆژووەوان. جیاواز لەوەی كە ئەگەر حاڵەتی مەحروم بوونەكەی ڕەت بكاتەوە هیچ لە واقیعی ئەو ناگۆڕێت، بەڵام لە ڕەتكردنەوەی ڕۆژوودا دەكرێت

خواردن و خواردنەوە بخورێت.

ئەو خۆگرتنەوانەی ڕەزامەندانەیە كەمتر لەسەر دەروون قورسن و كاریگەریی ناڕەحەت و نەخواستراویان دەبێت، بە بەراورد بەوەی كە ئەگەر بە توڕەیی و سكاڵا و بۆڵە بۆڵ پێشوازی لە بەڵا و

كارەسات بكرێت. 

ڕۆژوو پاڵفتەكردنی دەروونە

خەڵك جیاوازیان هەیە لەڕووی فەزڵی خوا بەسەریانەوە، هەندێك بەهێز و هەندێك لاواز، دەوڵەمەند و هەژار، خاوەن توانا و دەسەڵات و كەسی ئاسایی.. كاتێك خوای پەروەردگار فەزڵی خۆی زیاتر بە

كەسێك دەدات، پێدەچێت كەسەكە بیری بچێتەوە كە هێز و تواناییەكەی یان دەوڵەمەندیی و دەسەڵاتی، بە فەزڵی خوای پەروەردگارەوەیە، تاقیكردنەوەیە بۆی.

ئەگەر ئەو ڕاستیەی لەبیركرد، بەهۆی توانا و سامانیەوە لەخۆی بایی بوو، ئەوە وایلێدەكات خۆی بە گەورە بزانێت بەسەر خەڵكیدا و توانای خوای بەدەسەڵات لەسەر خۆی لەیاد بكات…

لە ڕەمەزاندا موسڵمان بەڕۆژوو دەبێت و كاتانێكی زۆر بەبێ‌ خواردن و خواردنەوە بەسەر دەبات، هەست بە لاوازییەك دەكات لە هێز و توانایدا، هەست بە پێداویستی دەكات بۆ خواردن و خواردنەوە،

دڵخۆش دەبێت خۆر ئاوا ببێت تا بتوانێت دیسان بخوات و بخواتەوە… ڕۆژووەوان بەهۆی ڕۆژووەكەیەوە هەست بە لاوازیی مرۆیی خۆی دەكات و بەوەش لەخۆبایبوونی بەهۆی هێز و دەسەڵات و

سامانیەوە (ئەگەر هەیبێت) كەم دەبێتەوە، خۆی پاك دەكاتەوە لە خۆنواندن و دەسەڵاتخوازی و ستەمكاری. چۆن مرۆڤ خۆبەزل دەزانێت لەكاتێكدا كە نەیتوانیوە زیاتر لە چەند كاتژمێرێك بەبێ‌

خواردن و خواردنەوە بمێنێتەوە؟! ڕەنگە ئەوە لە سوودە دەروونیە گرنگەكانی ڕۆژوو بێت، چونكە كەسی لەخۆبایی دەگێڕێتەوە بۆ واقیع و ڕزگاری دەكات لەگرێی خۆبەزل زانین و دەسەڵاتخوارزی

نێو دەروونی.

ڕۆژوو لە دەروونی ڕۆژووەواندا هەستكردن بە لاوازیی و پێویستی بە پاروەنانێك یان قومەئاوێك دەخوڵقێنێت، تەنانەت كاریگەریی ئەو ئایەتانەش لەسەر كەسەكە پتر دەكات كە پەیمانی جۆرەكانی

خواردن و خواردنەوە بە باوەڕداران دەدەن (لەڕۆژی دواییدا).

ڕۆژوو وادەكات ئەو ئایەتانە كاریگەریان لەسەر دەروونی كەسەكە زیاتر بێت وەك لەوەی ئەگەر بهاتایەو ئەو كەسە بەهۆی ئەو بەخششە زەوەندانەی خوای گەورە پێیی بەخشیوە بەبێ‌ برسیبوون و

تینوبوون تەمەنی بەسەر ببردایە.

هەروەك چۆن وتراوە تەندروستی تاجێكە بەسەری كەسی تەندروست باشەوە كە تەنها نەخۆشەكان دەیبینن، بەهەمان شێوە خواردن و خواردنەوەش بەخششی خوای گەورەن كە تەنها كەسی برسی و

تینوو بەتەواوی نرخی دەزانن.

لە لێكۆڵینەوەیەكیدا “د.كاتمان” لە زانكۆی (برنستۆن)ی ئەمریكی دووپاتیكردەوە كە زۆریی هەڵبژاردەكان و دەستنەگرتن بەسەر ئارەزووەكاندا –بەپێی لێكۆڵینەوە مەیدانییەكەی- دەبێتەهۆی

زیادبوونی هەستكردن بە خەمۆكی، بەڵكو دەركەوتنی تێكڕاییەكانی خەمۆكی، بەڕادەیەك كە پێچەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ زۆریی هەڵبژاردەكاندا… ئەم زانایە ئاماژەی بەوە داوە كە خەڵك ڕێگایەكیان

نەزانیوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئارەزووەكانیان.

“د.تفیرسكی” لە زانكۆی (ستانفۆرد) گەیشتوەتە هەمان ئەنجام… دواجار لە ساڵی (2004)دا لێكۆڵینەوەی “باری شوارتز” بڵاوبووەوە كە تیایدا هاتووە: بەرزبوونەوەی تێكڕاییەكانی نەخۆشی

خەمۆكی و هەستەكانی بێئومێدی و بەدبەختی زیاددەكات لە ئاكامی زۆرو زەوەندەیی هەڵبژاردەكان و نەبوونی قەناعەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە زۆرینەی ئەندامەكانی كۆمەڵگا ڕێگایەك نازانن

بۆ كۆنترۆڵكردن و لەقاڵبدانی خراپی ئارەزووەكانیان.

هەموو ئەم لێكۆڵینەوانە و جگە لەوانەش پێویستیی ڕاهێنانی مرۆڤ دووپات دەكەنەوە، (ئەگەر بۆ چەند هەفتەیەكی دیاریكراویش بێت) لەسەر ئەم شێوازە لە كۆنترۆڵكردنی خودیی ئارەزووەكان و

بەدوایدا غەریزە و هەڵچوونەكان و ڕەفتار… واتە پێویستی فێربوونی كۆنترۆڵكردنی ئارەزووەكان بە ڕۆژووگرتن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.

ئێستا لە ڕۆژئاوا، لە وڵاتەكانی سوید و پورتوگال، سەنتەری پزیشكی تایبەت هەن كە چارەسەركردن تیایاندا بە ڕۆژووگرتنی نەخۆشەكانە. 

ڕۆژوو یارمەتی تێكشاندنی فێڵە دەروونیەكان دەدات

فێڵە دەروونیەكان ئەو فێڵ و شێوازە نەستیانەن كە تاك پەنای بۆ دەبات بۆ شێواندن و سڕینەوەی ئەو ڕاستییەی نایەوێت ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی ببێتەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ڕزگاری ببێت لە

 بەرپرسیارێتی و حاڵەتی ڕاڕایی و دڵەڕاوكێی بەرهەمهاتوو لە بینینی ئەو واقیعەی هەڕەشە لە ئاسایشی دەروونی و ڕێز لەخۆگرتنی دەكات.

نموونەی ئەوانە وەك ئەو درۆیانەی گەیشتونەتە پلەی بەڕاستزانین و هاوەڵیكردنی لەسەر ئاستی نەست… ئەو فێڵە دەروونیانە چەند جۆرێكیان هەیە: وەك چەپاندن و تۆمەت خستنە سەر كەسێك یان

شتێكی تر و نكوڵیكردن…

 یەكێك لە فێڵە دەروونیەكان ئەوەیە كە تاك تێگەیشتنی بەد و خراپ لەجێی تێگەیشتنی ڕاست و دروست بەكاردێنێت.

لەڕاستیدا زۆرینەی ئەم فێڵە دەروونیانەی ڕێگری بەردەم گەشەی مرۆڤن، لەمیانەی ڕۆژووگرتن و دانیشتنەكانی چارەسەری دەروونیدا بەتەوای لاواز دەبن و كەم دەبنەوە. لەگەڵ ڕۆژووگرتندا ئەم

فێڵە بەرگریكارانە زۆر كەم دەبنەوە یان بەتەواوی نامێنن، ئەوەش بەزیادبوونی خشوع و ڕاستگۆیی كەسەكە بەهۆی ڕۆژووگرتنەكەیەوە. 

* ڕۆژوو یارمەتی مومارەسەی دانیشتنە چارەسەركارییەكان و تێڕامان دەدات، یارمەتی تاك دەدات بۆ دەرچوون لە گێژاوی ململانێكانی ڕۆژانە و ڕاڕایی و بەهەدەردانی وزە دەروونی و زەینیەكان،

دەرچوونی فەرمانەكان لە ئەقڵەوە بۆ لێبوردەیی و لێبووردن بەرامبەر بە خەڵك. 

*لەكاتی ڕۆژووگرتندا ڕێكسازی بەردەوام هەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خۆكردن و ئەوەی تاك بەدرێژایی ڕۆژ بەخۆیی دەڵێت لە دەستەواژە و ڕستەگەلێك كە كار لە هزر و هەڵچوونەكانی دەكات… ڕۆژوو

لەگەڵ زیكر و دوعا و عیبادەتەكانی تردا دەرفەتێكە بۆ چاندنی مانا و دەستەواژە ئیجابییەكان لە ناخی ڕۆژووەواندا. 

*لە چوارچێوەی بنەماكانی زانستی دەروونناسی نوێدا سەلمێنراوە، فێربوون لەڕێی دووپاتكردنەوە و پەیڕەویكردنی ڕێسای فێربوونی پلەبەندی بەشداریكردن… هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی

سیستمێكی كامڵە كە ئاسانكارییە بۆ دووبارە بەرنامەڕێژكردنەوەی ڕاست و دروستی كۆئەندامی دەمار و ڕەفتارەكان. لەگەڵ ڕێكسازی بیركردنەوە و گۆڕینی خوو و نەریتەكان. ڕۆژوو دەبێتە

پەرستش و تێڕامان، هەروەها ڕێككاری دەروونی مرۆڤ و ڕزگاربوون لە هەڵچوون و شپرزەییە دەروونییەكان و دەرچوونی وزەكانی ئەقڵ. 

لەكۆتاییدا دەڵێین: ڕۆژوو پایەیەكی ئاینی پیرۆزی ئیسلامە و فەرمانێكی خوای گەورەیە، بۆیە ئارەزوومەندانە و تەنها بەوەی فەرمانێكی پەروەردگارە ڕۆژوو دەگرین… خۆ كاتێك موسڵمان ئەو

 گەلەسوودەی ڕۆژووگرتن دەبینێت خۆشحاڵتر دەبێت بە عیبادەتەكە و دڵیشی ئارام و جێگیرتر دەبێت لەسەر ئاینە پەیڕەوكراوەكەی كە ڕۆژوو پایەیەكییەتی.

  

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top