You Are Here: Home » بابەتەكانمان » سەعیدی نوورسی و .. چەند تیرۆژێك لە نێوان “زانست” و “ئیمان‏”دا

سەعیدی نوورسی و .. چەند تیرۆژێك لە نێوان “زانست” و “ئیمان‏”دا

سەعیدی نوورسی و .. چەند تیرۆژێك لە نێوان “زانست” و “ئیمان‏”دا

بە پێنووسی: وەجدی خاشقچی / كۆلیجی پەروەردە – مەدینەی منەووەرە


   وەرگێڕانی بۆ كوردی: فارووق رەسوول یەحیا

لەبەر ئەوەی هۆكاری ڕێزنانی خوای گەورە لە مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو توانستە ژیرەكییەی كە خواوەند لە مرۆڤ‏دا بەدییهێناوە، ئەوا مرۆڤ كاتێ‌ كە بۆ بنیاتنانی بۆچوون و فەلسەفەی تایبەتیی خۆی ئەو توانستەی بەكارهێناوە، مامەڵەی لەگەڵ سێ‌ كێشەدا كردووە: بوون.. زانین.. بەهاكان.. ئنجا لەبەر تیشكی ڕووناكیی ئەمانەدا بۆ كارلێكە ژیارییەكانی لەمەڕ ژیان‏ چالاكییەكانی خۆی خستۆتەگەڕ تاكو پارێزگاریی ئەو ڕێزلێنانە بكات كە پەروەردگاری پێی بەخشیوە و تاقانەیی خۆی لەم بوارەدا لە نێوان هەموو بوونەوەرانی تردا پێش‏چاو بخات.
جا لەبەر ئەوەی بڕیاردان لەسەر: حەق یان ناحەقی.. جوانی یان ناشیرینیی ئەو كارلێكانەی كە لە مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن پێویستی بە پێوەرێكی ڕاست و دروست و ورد دەبێت، ئەوا دەبێ‌ دانەری ئەو پێوەرە شتێكی تری جگە لە مرۆڤ بێت كە خاوەنی ئەو كارلێك و كردارانەیە. دیارە زەروورەت ئەوە بە پێویست دادەنێت كە خاوەنی بڕیار لەسەر ئەو كردارانە دەبێ‌ هەر تەنها بەدیهێنەری مرۆڤ بێت كە هەردوو نیعمەتی: “بەدیهێنان” و “ڕێنمایی” پێ‌ بەخشیوە. چونكە كردگاری هەر سنعەت و بەدیهاتوویەك لە هەموو كەسێكی دیكە شارەزا و ئاگادارترە بەو شتانەی كە هۆكاری چاكسازین لەو سنعەتەیدا. لەبەر ئەوە, پێوەری بڕیاردان لەسەر ئەو چالاكییە مرۆیییانە تەنها مەودای “نزیكی” یان “دووری”یانە لە ڕێنمایییەكانی بەدیهێنەرەوە، كەواتە هەتا بە شێوەیەكی تەواوتر بەو ڕێنمایییانەوە پابەند بێت زیاتر ئەو كار و چالاكییانە ڕاست و دروست دەردەچن. پێچەوانەكەی ئەمەش دیارە بە پێچەوانەی ئەم دەرەنجامەوەیە.
بە تێڕامانێك لە ڕەوتی شارستانێتیی ئیسلام بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو شارستانێتییە لەسەر دوو ستوون بنیات نراوە: “ئیمان” و “كردەوەی چاك”(1). بۆ ئەمەش لە سۆنگەی مەرجەعیەتی خۆیەوە بۆ دەست‏ نیشانكردنی مەعالیمی فەلسەفە و بۆچوونەكانیەوە دەڕوانێت و هەنگاو دەنێت، كە بریتییە لەو ئایدۆلۆژییەتەی ملی بۆ كەچ كردووە و لەم ڕێ‌یەوە پابەندی گوفتارەكانی ئەو خواوەندە بووە كە هەمیشە “ئیمان” و “كردەوەی چاك” پێكەوە گرێ‌ دەدات. ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێ‌:

[ الَّذینَ كَفَرُوا ۆصَدُّوا عَنْ سَبِیلِ اللهِ أَضلَّ أَعْمَاڵهُمْ ، ۆالَّذینَ ا‌مَنُوا ۆعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ۆا‌مَنُوا بِمَا نُزِّڵ عَڵی مُحَمَّدٍ ۆهُۆ الْحَقُّ مِنْ رَبِّهِمْ كَفَّرَ عَنْهُمْ سَیِّئَاتِهِمْ ۆأَصْڵحَ بَاڵهُمْ ، ذلِكَ بِأَنَّ الَّذینَ كَفَرُوا اتَّبَعُوا الْبَاطڵ ۆأَنَّ الَّذینَ امَنُوا اتَّبَعُوا الْحَقَّ مِنْ رَبِّهِمْ  كَذلِكَ ێضڕبُ اللهُ لِلنَّاسِ أَمْثاڵهُمْ ](محمد:1-3).

 

جا لەبەر ئەوەی فەلسەفە و بۆچوونە مرۆیییەكان – بەهۆی جیاوازیی سۆنگە و مەرجەعیەتیان – لە نێوان خۆیان‏دا جیا جیا و جۆراوجۆرن و، هەندێكیان سەرتاپا دانراوی مرۆڤن و لەبەر ناتەواوی و كەمتوانایی مرۆڤ ئەوانیش كەم و كووڕ و ناتەواون و، هەندێكی تریشیان ئایینین، كە ئەمانیش بەشێكیان ڕاستن و پشتیان پێ‌ دەبەسترێت، بەڵام بەشێكی تری تەحریف كراوە و گومان لە چەسپاندنیدا هەیە.. لەبەر ئەم جیاوازی و جۆراوجۆرییەی كە لە فەلسەفە مرۆیییەكان‏دا بەدی دەكرێت، ئەوا بێ‌گومان كارلێك و مومارەسە ژیارییەكانی خاوەنەكانیشیان جیا جیا و جۆراوجۆر دەرچوون و، لە ئەنجام‏دا ململانێی توندوتیژ كەوتۆتە نێوانیانەوە. هەرچی شارستانێتیی ئیسلامیشە ئەوا ڕووبەڕووی دژوارترین جۆرەكانی ململانێ‌ بووەتەوە لە ناوەندی ئەو دڕپێدان(إختراق)ە زۆرانەی كە سەرجەمی سیستەمە ژیارییە جۆراوجۆرەكانی ئەوی گرتەوە، كە بەرهەمی (كردەوە چاكەكان)ی بوون، وەك: ڕژێمی ڕامیاری و، سیستەمی پەروەردەیی و، ئابووری و، ڕاگەیاندن. ئەمەش دڕی بە تایبەتكاریی ئەو شارستانێتییە دا (كە فەرهەنگ و ڕۆشنبیرێتییەكەتی) لە ڕێی شێواندنی فەلسەفەكەی لەمەڕ: بوون و، زانین و، بەهاكان، كە ئەویش لەسەر بناغەی باوەڕ بە خوای گەورە بنیات نراوە. تەنانەت ڕقی دوژمن لەم ململانێ‌ و دەست وەشاندنە –كۆن و نوێ‌یەدا – گەیشتە ئاستی ڕیشەكەن كردنی سەرجەم سەرچاوە مرۆیییەكانی ئەو شارستانێتییە.
لە ئەنجامی ئەمەش‏دا، ئەركەكانی ڕووبەڕوو بوونەوە و ململانێ‌ ئەوەیان لە نوێكارانی نەتەوەكەمان خواست كە لە سەرجەمی بوارەكان‏دا كار بۆ پاراستنی هەردوو ستوونی شارستانێتیی ئیسلام بكەن كە بریتییە لە: “ئیمان” و “كردەوەی چاك” و هەر هزر و مومارەسەیەكیش كە لەو دوو ستوونەوە سەرچاوەیان گرتبێت.

یەكێك لەو نوێكارانەی كە خواوەند پشتی گرت و لە پارێزگاریی شانازییەكانی نەتەوەی ئیسلام‏دا خستیە كار: ئیمامی ڕەببانی سەعیدی نوورسی بوو – خوا لێی خۆش بێت – كە لە قۆناغێكی یەكجار توندو تێژ و هەرە دژواری ململانێی نێوان نەتەوەی ئیسلام و دوژمنانیدا (1294-1379ك / 1876-1960ز) ژیانی بەسەر برد، كە ئەو سەردەمە بوو دوژمنان یەكێك لە كردەوە چاكە هەرە ئاشكراكانی نەتەوەی ئیسلامیان لەناوبرد كە بریتی بوو لە ڕژێمە ڕامیارییەكەی و لە خەلافەتی ئیسلامیدا خۆی دەنواند. هەروەك ئەو دوژمنانە لەو دەمەدا تیرەكانی خۆیان ئاراستەی خاڵی سەرەكی و لەسەر ڕاوەستاوی فەلسەفەی ئەم نەتەوەیە كرد تاكو لە ڕێی ورووژاندنی ئارەزووەكان و بڵاوكردنەوەی گومانەكانەوە لەو پاڵپشتەی بێ‌بەشی بكەن. ئەو ڕێگایەش كە بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجانە گرتیانەبەر بڵاوكردنەوەی ئەو چەشنە زانینە ماددییانە بوو كە لەسەر بناغەی ئیلحاد و باوەڕبوون بە هۆكارەكان، نەك بە هۆساز و بەڕێوەبەری هۆكارەكان، دامەزرابوون.
لەبەر ئەوە، ئیمامی نوورسی پەرپرسیی پاراستنی ئەو زانینە ئیمانییە تەواو كامڵەی خستە ئەستۆی خۆی كە لە ناوەندی زانستەوە ڕێ‌یەك بۆ باوەڕهێنان بە سازێنەر و بەدیهێنەر و بەڕێوەبەری هۆكارەكان دەگرێتە بەر، لە نێوان ڕێبازێكی كامڵا و خاوەن مەعالیمی ڕوون و لەبەرچاودا. كە “ئەدیب دەبباغ” ڕوخسارەكانی ئەو ڕێبازەی بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوون كردووەتەوە:
(ئەم مەعریفە ئیمانییەی كە نوورسی وێنەی ڕوخسارەكان و هێڵی سنوورەكانی كێشاوە، لە تێگەیشتنیەوە لەم ئایەتە پیرۆزەوە سەری هەڵداوە كە دەفەرموێ‌: [سَنُریهِمْ ا‌یاتِنا فی اڵافاقِ وفی أنفُسِهِمْ حتَّی ێتَبَیَّنَ ڵهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ](فصلت:52). چونكە لە بەر ڕووناكیی ئەم ئایەتە مەزنەدا پێی وایە كە: هەر زانینێك ژیرییەكان لە نێوان خۆیان‏دا بیگۆڕنەوە و تاوتوێی بكەن دەبێ‌ لە بناغەدا بگەڕێتەوە بۆ یەكێك لەم سیانەی خوارەوە:

1 – مەعریفەیەكی “گەردوونی”ی ئەوتۆ كە سەرجەم زانستەكانی ناو ئاسمانەكان و زەوی و هی نێوانیان و تەنانەت ناو زەویش، بگرێتەوە.
2 – مەعریفەیەكی “مرۆیی” ئەوتۆ كە بوونی مرۆڤ و هەرچی پەیوەندیی بە ڕواڵەت و دەرەوەی هەر تاكێكی مرۆڤەوە هەیە، بگرێتەوە.
3 – مەعریفەیەكی “خواناسی”ی وەها كە پەیوەندیی بە “بوون” و “پەروەردگارێتی” و “كاروبارەكانی خواوەند”ەوە ببێت لە بەدیهاتووانیدا.

ئەم سێ‌ جۆرە مەعریفەیە پەیوەندییەكی هێندە توندوتۆڵا و دەست لەملان و هاوكار لە نێوانیاندا هەیە كە پشتی یەكتر دەگرن و دەبن بە بەڵگە لەسەر یەكتری و سۆز و خۆشەویستییەكی بەردەوام و نەپساو یەكیان دەخات. كەواتە هەرگیز زانینێكی تاقانە و سەربەخۆ و دابڕاو لەوانی تر لەم جیهانەدا لە گۆڕێ‌دا نییە)(2)!

 ئامانجی نوورسی لە بەدەست‏هێنانی مەعریفەی ئیمانی‏دا: ناسینی خواوەند و بەهرەمەند بوون بووە بە ڕەزامەندییەكەی. دیارە ناسینی خوای گەورەش لە ڕێی گەلـێ‌ بەڵگەی زۆر و زەبەندەوە دێتەدی كە بەشێكی زۆری ئەو بەڵگانەشی لە پەیام و دانراوەكانیدا خستووەتە ڕوو، هەروەك لەم وتەیەی خوارەوەیدا هەندێكیانی باس كردووە:
(ئامانج و داخوازمان بریتییە لــە: [ اللهُ لا إلهَ إلاّ هۆ الْحَیُّ الْقَیُّوم ]. جا لە نێوان بەڵگە لەژمارەبەدەرەكانیدا چواریان لێرەدا باس دەكەین:
بەڵگەی یەكەم: پێغەمبەرمان حەزرەتی محمدە صلى الله عليه وسلم.
بەڵگەی دووهەم: ئەم گەردوونەیە، كە مرۆڤێكی یەكجار مەزن و كتێبێكی گەورەی لە بەرچاوە.
بەڵگەی سێ‌هەم: قورئانی پیرۆزە. كە كتێبێكی گومان لـێ‌ نەكراوە و، گوفتارێكی پیرۆز و خاوێنە.
بەڵگەی چوارەم: “ویجدانی زیندوو” یان “فیگرەتی هەستیار”ە. كە وەك بەرزەخ و خاڵێكی بەیەك‏گەیشتن وایە لە نێوان هەردوو جیهانی ئاشكرا و پەنهان‏دا. جا ئەو فیگرەتە هەستیارە یان ئەو “ویجدان”ە پەنجەرەیەكە بەسەر ڕووی “ژیری”دا كراوەتەوە و، لەوێوە تیشكی “تەوحید” بڵاو دەكاتەوە)(3).
جا بۆ ئەوەی نوورسی ئاواتەكانی خۆی لە پێكهێنانی ناسینێكی ئیمانیدا بهێنێتەدی، ئەوا سوور بووە لەسەر ئەوەی كە “قورئانی پیرۆز” تەوەرەی ئەو ناسینە ئیمانییە بێت. هەروەك قوتابییەكانی خۆیشی بە پەیوەندییەكی توندوتۆڵا پەیوەست و هۆگری قورئانی پیرۆز كردووە. چونكە لە قورئانەوە ڕێی ناسینی شەریعەتی خوای گەورە دەدۆزرێتەوە، كە پێی وایە ئەو شەریعەتەی خواوەند دوو شەریعەتە، وەك خۆی باسی دەكات:
(شەریعەتی خواوەند دوانن:
یەكێكیان ئەو شەریعەتەیە كە لە سیفەتی: “الكلام”ی خوای گەورەوە هاتووە و، كاروباری ئیختیاریی بەندەكان ڕێك دەخات.
دووهەمیان: ئەو شەریعەتەیە كە لە سیفەتی “الإرادة”ی خواوەندەوە هاتووە و پێی دەوترێت: “فەرمانە تەكوینییەكان” و “شەریعەتی فیگری”. كە بریتییە لە سەرجەمی یاساكانی عادەتی خوای گەورە، كە لە گەردوون‏دا كار دەكەن.
جا هەروەك شەریعەتی یەكەمیان چەند یاسایەكی ئەوتۆیە كە ژیریی مرۆڤ وەریان دەگرێت و لێیان تێ‌دەگات، شەریعەتی دووهەمیش كۆمەڵە یاسایەكی ئیعتیباری(گوێرەیی)ن و، بە هەڵە ناوی “سروشت”یان لـێ‌ نراوە. ئەم یاسایانە دارای “كاریگەریی ڕاستەقینە” و “بەدیهێنان” نین، كە دوو كاری تایبەتیی سیفەتی “توانست”ی خوای گەورەن)(4).
بەڵگەی دووهەمیش لەسەر “تەوحید” ئەم گەردوونە ماددییەیە، كە بەم جۆرە لەبارەیەوە دەدوێت:
(ئیعجازی ئاشكرای دیاردەكانی: “ڕێسا” و “ڕێك‏وپێكی” و “بەردەوامی” كە لە كتێبی گەورەی گەردوون‏دا (واتە بەڵگەی دووهەممان لەسەر تەوحید) بە ڕوونی دەبینرێت، بە ئەندازەی ڕووناكیی خۆری ئاسمان دەریدەخات كە: ئەم گەردوونە و هەرچییەكی تێدایە جگە لە چەند ئاسەوارێكی توانستێكی بێ‌سنوور و ویستێكی ئەزەلی، هیچی تر نییە)(5).
سەبارەت بە بەڵگەی سێ‌هەمیش لەسەر “تەوحید” كە “قورئانی پیرۆز”ە، ئەوا نوورسی توانای خۆی لە تێڕامان و لێكۆڵینەوەی ئاراستەكردنی گوفتاری قورئان و ڕێبازی بەڵگەهێنانەوەیدا خستووەتەكار، تاكو لەم ڕێ‌یەوە بگاتە ئامانجی قورئان لە باسكردنی گەلـێ‌ بابەت‏دا، بە تایبەت كە “گەردوون” یەكێكە لە بابەتە سەرەكییەكانی قورئان و، لە لایەكی تریشەوە توانای دۆزینەوەی یاسا ماددییەكانی گەردوون یەكێك بوو لە هۆكارەكانی شانازی و بەخۆنازینی شارستانێتیی خۆرئاوا بەسەر غەیری خۆیان‏دا. لەبەر ئەوە، نوورسی كەوتە سەرنجدان و تێڕامانی شێوازی قورئانی پیرۆز لە باسكردنی شتانی ناو گەردوون‏دا، تاكو بگاتە هۆی باسكردنیان لە قورئان‏دا و، ئەم تێگەیشتنەش ببێت بە ڕێنما و ڕابەرێك بۆ بیرلێكردنەوە و تێڕامانێكی ساغ و ڕەسەن لە قورئان‏دا. چونكە پێی وایە “گەردوون” پەڕاوی بینراوی خواوەندە و بەڵگەكانی باوەڕ بە خواوەندی لەخۆ گرتووە. ئەمەش لەو وتەیەیدا ڕەچاو دەكەین كە لەبارەی “خۆر”ەوە وتوویەتی:
(قورئانی پیرۆز كاتێ‌ باسی بوونەوەران دەكات، بۆ ئەوە باسیان دەكات كە بیانكات بە بەڵگە لەسەر زات و سیفات و ناوە جوانەكانی خوای گەورە. واتە: واتاكانی كتێبی گەورەی گەردوون لە خەڵك تێ‌دەگەیەنێت، تاكو بەدیهێنەری گەردوونیان پێ‌‏ بناسێنێت. بەو واتایەی كە قورئانی پیرۆز “بوونەوەران” لە پێناوی بەدیهێنەرەكەیان‏دا بەكاردەهێنێت، نەك لە پێناوی خودی ئەو بەدیهێنراوانەدا! ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە قورئان لە قسە و گوفتاری‏دا ڕوو لە جەماوەر دەكات)(6).
بەڵام فەلسەفە و زانستی مرۆڤ لەبەر خودی بوونەوران بۆیان دەڕوانێت و لێیان دەكۆڵێتەوە و، گوفتاریشی تەنها ئاراستەی كەسانی زانا و شارەزا دەكات.
(پاشان مادەم قورئان ڕابەرە، ئەوا بەلاغەتی ڕابەرایەتی‏كردن لەوەدایە كە لەگەڵا بیركردنەوە و ڕوانینی عەوام(زۆرینە)ی خەڵكیدا بڕوات و، هەستەكانیان ڕەچاو بكات و، بێزاری لە بیری جەماوەردا لاببات، تاكو ڕوانینیان بە بێ‌هوودە و بێ‌‏سوود گرفتاری بێزاری‏ و نەشازی نەبێت و، بیركردنەوەشیان چەواشە نەكات و، هەستیان – بە بێ‌ هیچ سوودێك – پەرتەوازە نەبێت.. كەواتە ڕەوانترین گوفتارێك ئاراستەی ئەوان بكرێت و، باشترین ڕێنمایی‏ بۆیان ئەوەیە كە ئاشكرا و ئاسان و كورت بێت، تاكو بە ئاسانی لێی تێ‌‏بگەن و لێی بێزار نەبن و، لەو شتانەدا كە ئەوان پێویستیان بە درێژەپێدانی نی‏یە، ئەم بە كورتی بۆیان باس بكات و، بۆ شتە وردەكانیش نموونە بهێنێتەوە، تاكو بەم كارە لە تێگەیشتنی ئەوان نزیكیان بخاتەوە.
جا لەبەر ئەوەی كە قورئان ڕابەرە بۆ هەموو چینەكانی مرۆڤایەتی، ئەوا بەلاغەتی ڕابەرایەتی وا پێویست دەكات كە شتێك باس نەكات زۆربەی خەڵك بخاتە هەڵەكاری و سەرپێچی‏كردنەوە سەبارەت بەو شتانەی كە بە گوێرەی ڕواڵەت‏بینیی خۆیان بە بەدیهیی دەزانن و، ئەو شتانەی هەستی پێ‌‏ دەكەن و لەناویان‏دا باوە  – بە بێ‌ هیچ پێویستی‏یەك بە گۆڕین – نەگۆڕرێن و، ئەو شتانەش كە ئەوان لە كار و فەرمانبەری و ئەركی سەرەكی‏یان‏دا پێویستیان پێی نی‏یە، ئەم هەر باسیان نەكات، یان ئەگەر باسیشی كردن، بە پوختی لە بارەیانەوە بدوێت..
بۆ نموونە: قورئان باسی “خۆر” دەكات، بەڵام نەك لەبەر خۆر خۆی و چییەتی‏یەكەی، بەڵكو لەبەر ئەو كەسەی كە ڕووناكی كردووەتەوە و كردوویەتی بە چرا و، لە بارەی كارمەندی‏یەكەی خۆرەوە دەدوێت كە لەوەدایە بووە بە تەوەرەیەك بۆ دەرخستنی سنعەتی كردگار و ڕێك‏وپێكیی بەدیهێنراوان‏. خۆ ڕێكخستن و ڕێك‏وپێكیش بریتین لە چەند ئاوێنەیەك كە بەدیهێنەری مەزنمان پێ‌دەناسێنن.
كەواتە قورئان بە پیشاندانی ڕێك‏وپێكی لە تان‏وپۆی چنینی بەدیهێنراوان‏دا، كەماڵاتی بەدیهێنەری دانا و زانامان پێ‌ دەناسێنێت و، كە دەفـــــەرمـــوێ‌: [ والشَّــــمْـــسُ تجری ] (یس:38) تێمان دەگەیەنێت و بێدارمان دەكاتەوە بۆ هەڵس‏وكەوتەكانی توانستی گەورەی خواوەند لە جیاوازیی نێوان شەو و ڕۆژ و، بە دوای یەكدا هاتنی هاوین و زستان‏دا. بەم سەرنج‏ڕاكێشانەش گوێ‌بیست بۆ گەورەیی دەستەڵات و توانای كردگار و یەكتایی لە پەروەردگاری‏یەكەی خوادا، بێدار دەكاتەوە) (7).
*  *  *
تێبینی
ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی لە ژمارە (6)ی گۆڤاری (الإعجاز العلمي)دا بڵاو كراوەتەوە، كە گۆڤارێكە (دەستەی ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەت‏دا) لە شاری مەككەی پیرۆز دەریدەكەن.
*  *  *
پەراوێزەكان
(1) یەكێك لەو لێكۆلێنەوە ژیارییە دێرینانەی كە جەختی لەسەر ئەو دوو ستوونە كردووە و بەسەركردنەوەی كارێكی جوان و شیاوە كتێبی: (الحضارة الإسلامیة وأسسها)ی (أبو الاعلی المودودی)‏یە.
(2) أدیب إبراهیم الدباغ، (مطارحات فی المعرفة الإیمانیة عند النورسی). ط1، القاهرة، مركز الكتاب للنشر،1997، ص 41.
(3) بدیع الزمان سعید النورسی، المثنوی العربی النوری، ط2، استانبول، دار سوزلر للنشر،1994 ص 421. بۆ وەرگێڕراوی كوردیی ئەم باسە بڕوانە: (ڕاستیی تەوحید یان تەوحیدی ڕاستەقینە) لاپەڕە: 143. بۆ زیادە تێگەیشتن لە بەڵگەی ویجدان بڕوانە: (قەدەر لە ڕووناكیی قورئان و سوننەت‏دا) ل 45-51 هەروەها ل 110-121.
(4) سەرچاوەی پێشوو: ص 426. بڕوانە: (ڕاستیی تەوحید یان تەوحیدی ڕاستەقینە) لاپەڕە: 153.
(5) سەرچاوەی پێشوو: ص 426. بڕوانە: (ڕاستیی تەوحید یان تەوحیدی ڕاستەقینە) لاپەڕە: 154.
(6) سەرجەمی پەیامەكانی نوور، بدیع الزمان سەعیدی نوورسی، بەرگی یەكەم: (وتەكان) وەرگێڕانی فاروق رسول یحیـی ل 325.
(7) سەرچاوەی پێشوو ل 326.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (2،3) دا بڵاوكراوەتەوە



Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top