You Are Here: Home » هەمەجۆر » موسڵمانبوون » هۆی موسڵمان بوونی پزیشكێكی ئەڵمانی

هۆی موسڵمان بوونی پزیشكێكی ئەڵمانی

 

هۆی موسڵمان بوونی پزیشكێكی ئەڵمانی

 

 

 

 

ئەندازیار: عوسمان محمد رشید

 

(أحمد عبدالرحمن الصویان) دەڵێت:

 

لە سەردانێكدا بۆ بنكەی ئیسلامی لە ئەڵمانیا ئافرەتێكی ئەڵمانیی داپۆشراوم بینی, سوپاسی خوام كرد كە موسڵمان بووە و, لەگەڵا مێردەكەیدا كەوتمە گفتوگۆ لە بارەی چیرۆكی موسڵمان بوونی هاوسەرەكەیەوە.

 

بەڕێزی ووتی:

هاوسەرەكەم ئەڵمانییە و پزیشكێكی پسپۆڕە لە نەخۆشییەكانی ژنان و مناڵبووندا, هەروەها لێكۆڵینەوەی زۆریشی لەسەر ئەو نەخۆشییە زایەندییانە هەیە كە تووشی ئافرەتان دەبێت. زۆر لەو نەخۆشانەی كە دەهاتن بۆ لای حاڵەتەكانیانی لای خۆی تۆمار دەكرد تاكو لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكات. بۆ مەبەستی چاكتر كردنی لێكۆڵینەوەكەی پزیشكێكی هاوڕێی پێی ووت كە بچێت بۆ ولاتێكی تر و لەوێش چاوی بە كۆمەڵێك نەخۆشی تر بكەوێت. ئەمیش ڕۆیشت بۆ (نەرویج) و سێ‌ مانگ لەوێ‌ مایەوە. سەیری كرد جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵا ئەڵمانیادا نییە, بۆیە بڕیاری دا بۆ ماوەی ساڵێك لە وڵاتی (سعودیە) كار بكات. كاتێك هات بۆ كاركردن لەم وولاتە, لە دڵەوە بە سووك تەماشای ئافرەتانی داپۆشراوی دەكرد؛ دەیوت چۆن دەبێت ئاوا لە خۆیان بكەن و ئازادییان نەبێت؟.. لەم ووڵاتەدا ناچار بوو شێوە بەرگ و پۆشاكی ژینگەكەی خۆی لەبەر نەكات و هەندێ‌ لە حەز و ئارەزووی خۆدەرخستنی كەم بكاتەوە، لەپێناوی دەسكەوتنی زانیاریی باشدا بۆ تەواوكردنی باسەكەی‍!

چوار مانگ لە “عەیادە”دا ئیشی كرد و ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتانی سعوودی هاتنە بەردەستی, بەڵام سەیر لەوەدا بوو نەخۆشیی زایەندیییان ئەوەندە تێدا نەبوو كە شایانی باس بێت!

پاش ئەو هەوڵە زۆرە و دەست نەكەوتنی هیچ ئەنجامێك، زۆر تووڕە بوو.. یەكێك لە پەرستارەكانی بەردەستی پرسیاری هۆی تووڕەبوونەكەی لـێ‌ كرد, ئەویش وتی: من كە هاتم بۆ ئەم ووڵاتە بۆ مەبەستی ئەو لێكۆڵینەوەیەم بوو كە بە دەستمەوەیە لەسەر نەخۆشییە زایەندیییەكانی ژنان، كەچی لەم ماوەیەدا هیچ دەرەنجامێكم دەست نەكەوتووە.
پەرستارەكەش ووتی: ئەوەی كە دەبینی نەخۆشیی زایەندی لای ئێمە وەكو لای ئێوە نییە، هۆكەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوشت و خووی ئیسلامی و نەبوونی تێكەڵاویی بێ‌ سنووری پیاوان و ئافرەتان, كە ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ فەرمانێكی قورئان كە دەفەرموێ‌:         [ والحافظین فروجهم و الحافظات] (اڵاحزاب:35).
بیستنی ئەم ئایەتە هەست و هۆشی ئەوی هەژاند و ڕاستییەكی خستە بەردەم كە لێی بێ‌ئاگا بوو, ئەمەش بووە سەرەتایەك و خاڵێكی وەرچەرخان و هۆیەك بۆ هەوڵی تێگەیشتن لە ئیسلامی ڕاستەقینە و, كەوتە لێكۆڵینەوەی قورئان و سوننەت و، سەرەنجام موسوڵمان بوو. ئنجا زانیی كە خۆداپۆشینیش فەرمانی خوای گەورەیە, بۆیە خۆی داپۆشی.

 

بە ڕاستی ڕەوشت و خووی بەرز و داوێن پاكی گەورەترین هۆكارن بۆ پارێزگاری كردن و شیرازە نەپچڕانی كۆمەڵگا, و دوور كـەوتنەوە لە گەلـێ‌ نەخۆشی كە كۆمەڵگا جۆراوجۆرەكانی تر پێوەی دەناڵێنن. تەنها ڕێگەش بۆ گەیشتن پێی دەست گرتنە بە بەرنامەی خواوە.

 

 ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (1) دا بڵاوكراوەتەوە

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top