You Are Here: Home » هەمەجۆر » چالاکییەکان » سەرۆكی ناوەند بۆ هەیڤ دەدوێت

سەرۆكی ناوەند بۆ هەیڤ دەدوێت

 

بەڕێز مامۆستا نەشئەت غەفور سعید وەك كەساییەتیەكی ناسراوی زانستی و خاوەن ئەزموون پاش ئەوەی كە لەگەڵ چەند مامۆستاو پسپۆڕو زانستمەندی تردا ( ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا ) یان ڕاگەیاندو بەڕێزیشیان وەك سەرۆكی ناوەند هەڵبژێردران ، بە پێویستمان زانی بۆ ژمارە (1) ی (هەیڤ) چاوپێكەوتنێكی كورتیان لەگەڵدا ساز بدەین سەبارەت بە ناوەندو چەندیەتی ئەندام و كارو پرۆژەوچەند مەسەلەیەكی گرنگ سەبارەت بەناوەند بخەینە بەر باس و لێدوان :

 

_ ئامانجتان لە دروست كردنی ئەم ناوەندە چییە ؟

+ مەبەستی سەرەكی ئێمە لە دروست كردنی ئەم ناوەندە  فراوانكردنی ڕۆشنبیری قورئانیە , هاوكات لەگەڵ بەخشینی ڕۆشنبیری لەسەر فەرموودە شیرینەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەتایبەت لە بواری (ئیعجازی زانستی) دا.

 

_ ئەو هۆكارانەی كە بوونە هاندەرتان بۆ دروست كردنی ئەم ناوەندە ؟

+ هەست و نەستی پیرۆزی كۆمەڵێك لە لاوی ڕۆشنبیر بوو كە زۆرینەیان لەپزیشك و مامۆستای زانكۆو ئەندازیارو هەڵگری بڕوانامەی زانكۆیین كە دەركیان بە بوونی بۆشاییەك لەم بوارەدا كردووە ، لەگەڵ بوونی ئەو دەستەو ناوەندە زۆرانەی كە لە جیهانی ئیسلامیداو لەم بوارەدا هەن ….. پاش كۆبوونەوەمان بە دڵ و دەروونێكی پڕ لە ئیمان و دڵسۆزی بۆ خزمەت كردن بە قورئانی پیرۆزو سوننەتی پێغەمبەری نازدار (صلى الله عليه وسلم) وە گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون لە نێوانماندا و سازدانی چەندین دانیشتن و پێشكەشكردنی داواكارییەكەمان بەلایەنی تایبەتمەند بەبوونی پرۆژەیەك و پەیڕەو و پرۆگرامێك سەبارەت بە ناوەندێك گەیشتینە ئەوەی كە لە بەرواری 5/5/2001 دا بە ڕەسمی مۆڵەتی كاركردنمان پێ‌درا.

 

_ لە چ ڕێگایەكەوە ئەم مەبەستانەتان بەدی دەهێنن ؟

+ بێگومان لەو ڕێگایانەوە كە لەگەڵ سروشت و ئەدگاری ئاوا ناوەندێكدا گونجاوبن وەكو: سازدانی كۆڕ و دیمانە و كۆباس و سیمینار و پەیڤین و چاوپێكەوتنی زانستی و فیكری و سوود وەرگرتن لە میكانیزمەكانی ڕاگەیاندن و كەناڵ و تریبۆن و ڕۆژنامە و گۆڤار و ……. هتد.
وە لە سازدانی دوو سیمیناری ڕابوردووشدا بە سوود وەرگرتن لە هۆڵی هاوچەرخ و بڵاوكردنەوەی لە كەناڵەكانی تەلەفزێۆنەوە، تامەزرۆیی خەڵكمان بینی و هەست و شعوری جوانمان دەرك پێ‌ كرد لە پێشوازی كردنی ئاوا كارێكدا.

 

_ ئایا ناوەندەكەتان سەربەخۆیە یان وابەستەیە ؟

ئێمە لە دانیشتنی بەرایی ناوەندەكەماندا و تا ئەمڕۆ و داهاتووش جەخت لەسەر سەربەخۆیی تەواوی ناوەندەكەمان كردۆتەوە و ئەكەینەو ەو خۆپارێزی لە هەموو جۆرێكی لەدەستدانی سەربەخۆیی خۆمان ئەكەین (چ بەنهێنی و چ بەئاشكرا) كە دڵنیاین ئەمە لە سوودی ناوەند و ئەندامەكانیش و مەبەستەكەشماندایە.

 

– بودجەی ناوەند لە چییەوە سەرچاوە دەگرێ‌ ؟

+ هەروەكو پێشتر ئاماژەمان پێ‌كرد، ناوەندەكەمان بە ڕەسمی مۆلەَتی وەرگرتووە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێ‌ی یاسای كۆمەڵەكان ئێمەش لە لایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پشتگیری ماددی بێ‌ مەرج ئەكرێین. هەر بەو بۆنەیەوە بەناوی ناوەندەكەمانەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و تەواوی ئەو وەزیر و وەزارەتانەی كارئاسانیان بۆ كردووین ڕائەگەیەنین.. چونكە یارمەتی و پشتگیری ئەوان بۆ ئێمە خزمەت كردنە بە ئاین و ئیمانی گەلی كوردی موسوڵمان و قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەری ئازیز (صلى الله عليه وسلم).

 

_ ئایا لە بیرتاندا هەیە دەرگا لە بەردەم كەسانی تردا بكەنەوە و بێنە ناو ناوەندەكەتانەوە ، مەرجتان بۆ وەرگرتنی ئەندام چییە ؟

+بێگومان فراوان كردن و زۆركردنی ئەندامانی ناوەند كارێكی باشە, بەڵام بۆ ئەم ساتە وەختە كە لە قۆناغی دروست بوون و هەنگاوەكانی بەرایی و كرانەوەداین، ئەمانەوێت هەنگاو بە هەنگاو بە حاڵەتی ئاسایی گەشە بكەین..
بۆ مەرجی وەرگرتنی ئەندامیش لە پەیڕەو و پرۆگرامی ناوەنددا ئاماژەمان بەسێ‌ خاڵی گشتی كردووە:
1- ئارەزوومەند بێت لە بواری ئیعجازی زانستیدا و بایەخی زۆری پێ‌ بدات.
2- بە نوسراوێك بەڵێن بدات كە پابەند بێت بە پەیڕەوی ناوخۆی ناوەندەوە.
3- فۆرمی داواكردنی بوون بە ئەندام پڕبكاتەوە و ڕەزامەندی (10) ئەندامی دەستەی باڵا بە دەست بێنێت.
_ پەیوەندیتان لەگەڵ دەزگاكانی ڕگەیاندن چۆنە لەناو هەرێمدا ؟
+ بەپێ‌ی ئەوەی ئەزموونمان كرد لە دوو سیمیناری ڕابردوودا كە ناوەند سازی كرد لە (مۆتێل میر) بە دەعوەتی تایبەتی كەسانی گرنگیدەر بە بوارەكە لە نێواندا كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیشمان دەعوەت كرد، كە هەندێكیان _ بەسوپاسەوە _ وەڵامیان داینەوە و بڵاویشیان كردەوە..
بە هیواین بۆ داهاتوو هاوكاری زیاترمان بكەن و ئێمەش بەرنامەی تایبەتمان لە كەناڵەكاندا هەبێت _پشت بەخوا _.

 

_ ئێوە وەك ناوەندێكی پسپۆڕی ئایا سەرچاوە و ژێدەری زانستیتان چۆن دەست دەخەن؟

+دەیان لێكۆڵینەوە و توێژینەوە سەبارەت بە قورئانی پیرۆز و فەرمودەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبەردەستدا هەن.. كە سەرەتاكەیان لە كتێبی (الظاهرة القرانیة) ی (مالك بن نبی) و نووسینەكانی پرۆفیسۆر عبدالمجید زیندانی و بڵاوكراوەكانی (هیئة الإعجاز العلمي فی القران والسنة) و نووسینەكانی د.محمد العفیفی و ئەندازیار عدنان الرفاعی و نوسراوەكانی د. محمد زغلول النجار و …… هتد.
هەروەها لە بواری بەرنامەی تەلەفزێۆنی چەند بەرنامەیەكی كەناڵە ئاسمانییەكان هەیە كە مایەی سوود وەرگرتنن وەك بەرنامەكانی ئیعجازی زانستی مامۆستایان : د. مصطفی محمود و د. ئەحمەد شەوقی ابراهیم و پرۆفیسۆر  زیندانی و … هتد.
هاوكات لەگەڵ ئەوانەشدا ڕۆژانە سوود لە سایتەكانی ئەنتەرنێت وەردەگرین بۆ ئەم بوارە.

 

_ بۆ شەش مانگی داهاتووتان پرۆژەتان چییە ؟

+ بەهیواین _ پشت بەخوا _ گۆڤاری هەیڤ _ بكەوێتە گەڕ و خۆی بە خوێنەران بناسێنێ، پاشان:
1- بەشداریمان لە ئەنتەرنیتدا بە عەرەبی و كوردی هەبێت.
2- كردنەوەی خولی فیكری بۆ ئەندامانی ناوەند و ئارەزومەندانی ئەم بوارە و دواهەمین ئیعجازەكانی زانست لەم لایەنەوە.
3- هەڵسان بە سازدانی – بەلایەنی كەمەوە – سێ‌ سیمینار بۆ ئەندامانی ناوەند لە چەند بواری جیاوازدا.
4- ڕێكخستنی بەرنامەی ڕادیۆیی و پاشان تەلەفزیۆنی و بڵاوكردنەوەی لە كەناڵە جیاوازەكانی هەرێم دا.
5- كردنی چەند كاری تر كە لە پڕۆژەی ناوەند دا هەیە لەسەر ڕەویە و مەرجی ڕێكەوتن لە نێوان ئەندامانی ناوەند دا.

 

_ دوا ووتەی بەڕێزتان بۆ خوێنەرانی (هەیڤ) ؟

+ ئەمە سروور و خۆشحاڵییەكی گەورەیە.. كە خوای میهرەبان بە ئێمەی بەخشیوە..دروست بوونی (ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی لە قورئان و سوننەتدا)… كە هەوڵدانمان لەناوەند دا جەخت لە بەشداری كورد دەكات، لە نەوەكانی صلاح الدینی ئەیوبی… لە خزمەت كردن بە قورئانی پیرۆز لە چوار چێوەی هاوچەرخیەتی ئیعجازی زانستی دا… و نزیكایەتی گەلەكەمان نیشان دەدات بە مێژووی بەرز و پیرۆزی خزمەت كردنی بە ئایین و عەقیدە و كتێبی خوا و سوننەتی پێغەمبەری پێشەوا (صلى الله عليه وسلم).
بەڕاستی دڵخۆشین بەم دەستكەوتە كە ئەمڕۆ ئەندامێكمان هەڵدەستێ‌ بە كوردی باس لە ئیعجازی زانستی نوێ‌ دەكات لە هەركام لە بوارەكانی زانستدا، داواكارین خوای گەورە گشت لایەكمان سەركەوتوو بكات و بە سەرفرازی گەورەتر شادمان بكات.

 

_ مامۆستا زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەت و دیمانەیە.

+ ئێوەش سەرفرازو سەركەوتووبن. 

 

 ئەم بابەتە لە گۆڤاری هەیڤ ژمارە (1) دا بڵاوكراوەتەوە

 

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top