You Are Here: Home » بابەتەكانمان » کاریگەريی قورئان لە سەر لابردنی فشارە دەروونییەکان

کاریگەريی قورئان لە سەر لابردنی فشارە دەروونییەکان

کاریگەريی قورئان لە سەر لابردنی فشارە دەروونییەکان

 

 

 

ئامادەکردنی: سۆزیار مەحموود عەزیز

مرۆڤ مەخلوقێکە لە دوو بەش پێک ھاتووە؛ بەشێکی جەستەیە و بەشەکەی تری گیان و ڕۆحە, ھەروەک چۆن ئامێر بەبێ بزوێنەر کار ناکات, مرۆڤیش بەبێ ڕۆح لە جەستەیەکی ساردوسڕ زیاتر ھیچی تر نیيە. مرۆڤەکان ھەریەکەیان ڕێگایەکی تایبەت بە خۆیان گرتووە بۆ پەروەردە کردنی لایەنی ڕۆحی و دەروونیيان؛ کۆمەڵێک بە وەرزش, کۆمەڵێک بە نووسین, کۆمەڵێکی تر بە موزیک. 
ئەی چی ئەگەر ئەو ڕێگایەی مرۆڤ دەیگرێتە بەر بۆ پەروەردەکردن و ئارامی و ئاسوودەيی دەروونی, قورئانی پیرۆز بێت کە کەلامی خالقەکەیەتی! ئایا توێژینەوەکان چیمان پێ دەڵێن لەم بارەیەوە؟
١ فشارە دەروونیيەکانی ماوەی دووگیانی

خانمانی دووگیان لە ماوەی دووگیانیيەکەیاندا دوور نین لە فشارە دەروونیيەکان، قورئانی پیرۆزیش جیاوازی ناکات لە نێوان تاکەکان و بارودۆخەکان, وەک گوفتارێکی ئیلاھی ھەموو کات شیفابەخشە. ئەوەی لەم توێژینەوەدا دەردەکەوێت, کاریگەريی گوێگرتنە لە قورئانی پیرۆز لە سەر باری دەروونی (سترێس، بێتاقەتی، خەمۆکی)ى ئافرەتانی دووگیان. توێژینەوەکە لە ساڵی٢٠١٧ بڵاو کراوەتەوە[1] ، کە تیایدا ١٦٨ ئافرەتی دووگیان بەشداريیان کردووە، دوای ئەوەی دابەش کران بە سەر سێ گرووپدا: گرووپی یەکەم گوێیان بۆ قورئانی پیرۆز و تەفسیرەکەی گرت، گرووپی دووەم گوێیان بۆ قورئانی پیرۆز گرت بەبێ تەفسیر، گرووپی سێیەمیش گوێیان بۆ قورئانی پیرۆز نەگرت. لە کۆتایی توێژینەوەکەدا, توێژەرەکان ئەوەی بەدییان کرد نزمبوونەوەی ئاستی سترێس و نیگەرانی و خەمۆکی بوو لە گرووپی یەکەم و دووەم بە ڕێژەیەکی بەرچاو بە بەراورد لەگەڵ گروپی سێیەم. 
٢ خەمۆکيی گەورە

سوورەتی (الرحمن) یەکێکە لەو سوورەتە پیرۆزانەی قورئان کە پڕیەتی لە ڕیتمی تایبەت و ڕوانبێژی، بە بەکارھێنانی ئەو بنەمایەی کە چارەسەرکردن بە موزیک و ئاوازە تایبەتەکان ھۆکارە بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی. یەکێک لە توێژینەوەکان, سوورەتی (الرحمن)ی وەک چارەسەرێک بۆ خەمۆکی لای ئەو خانمە مسوڵمانانەی سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە, بۆتە بابەتی توێژینەوەکەیان. توێژینەوەکە لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاو کراوەتەوە[2] لە نێوان ١٢ ئافرەت, کە بە ھۆی خەمۆکيی گەورەوە داخڵی نەخۆشخانە کرابوون . نەخۆشەکان دابەش کران بە سەر دوو گرووپی یەکساندا, پێش تاقیکردنەوەکە بە بەکارھێنانی

 (Beck Depression Inventory -II), ئاستی خەمۆکيی ھەردوو گرووپ دیاری کرا و بینرا جیاوازیيەکی ئەوتۆ لە ئاستی خەمۆکيی نێوان ئەم دوو گرووپەدا نيیە لە پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە. پاشان گروپێکیان گوێی بۆ سوورەتی (الرحمن) گرت بە دەنگی قورئانخوێن (شيخ عبدالباسط عبدالصمد ) و گرووپی دووەم گوێیان بۆ جۆرە موزیکێک گرت کە بەکار دەھێنرێت بۆ ئارامبوونەوە و چارەسەری خەمۆکی. بۆ ماوەی مانگێک, دوو جار لە ھەر ڕۆژێکدا ٢٢ خولەک لەم کارەیان بەردەوام بوون. ئەوەی لە کۆتاییدا توێژەران بەدییان کرد لە ھەردوو گرووپدا, ڕێژەی خەمۆکی کەمی کردبوو, بەڵام ئەو گرووپەی کە گوێیان بۆ سوورەتی (الرحمن) گرتبوو, ڕێژەی خەمۆکیيان زۆر زیاتر کەمی کردبوو بە بەراورد بە ئەو گرووپەی کە گوێیان بۆ موزیک گرتبوو.

٣-  نیگەرانيی خوێندکاران پێش چوونە ھۆڵی تاقیکردنەوە  

لە یەکێکی تر لە توێژینەوەکان کە لە ساڵی ٢٠١١ بڵاو کراوەتەوە[3], تیشک خراوەتە سەر کاریگەريی قورئانی پیرۆز لە سەر کەمکردنەوەی نیگەرانی لای قوتابیان پێش چوونیان بۆ ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە. لە توێژینەوەکەدا ٦٢ قوتابيی یەکێک لە قوتابخانە ئامادەییەکان بەشداريیان پێ کرا و کران بە دوو گروپی یەکسانەوە؛ گرووپێکیان بۆ ماوەی ٢٠ خولەک تەنھا دانیشتن و پشوویان وەرگرت و گرووپەکەی تر بۆ ماوەی ٢٠ خولەک گوێیان لە قورئانی پیرۆز گرت. لە کۆتاییدا ئەوەی بەدی کرا, ئاستی نیگەرانی لای ئەو خوێندکارانەی کە گوێیان بۆ قورئانی پیرۆز گرتبوو, لە ١٧،٥٢ کەم بووبۆوە بۆ ١٤،٤٨، لە کاتێکدا ئەو خوێندکارانەی کە تەنھا پشوویان وەرگرتبوو, ئاستی نیگەرانی لایان لە ١٧،٣٩ کەم بووبۆوە بۆ ١٧،١.

٤-  سترێس لای نەخۆش پێش ھەناوبینی(endoscopy )

لەم توێژینەوەیەدا, بەراورد کراوە لە نێوان کاریگەريی گوێگرتن لە موزیک و قورئانی پیرۆز لە سەر کەمکردنەوەی سترێس لای ئەو نەخۆشانەی کە کردەی ھەناوبینیان بۆ ئەنجام دەدرێت. ئەم پشکنینە لای زۆرێک لە نەخۆشەکان کارێکی بێزارکەرە و تا ڕادەیەک نەخۆش تووشی نیگەرانی و سترێس دەکات. ئەم توێژینەوەیە لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو کراوەتەوە[4] لە نێوان ٦٠ نەخۆشدا. نەخۆشەکان دابەش کران بۆ سێ گرووپ: گرووپی یەکەم گوێیان بۆ قورئانی پیرۆز گرت و گرووپی دووەم گوێیان بۆ موزیک گرت و گرووپی سێیەم گوێیان لە ھیچ شتێک نەگرت. لە کۆتايیدا توێژەران ئەوەی بەديیان کرد, کەمبوونەوەی ئاستی سترێس بوو لای نەخۆشەکانی گرووپی یەکەم و دووەم کە گوێیان لە قورئان و موزیک گرتبوو. بەڵام لە گرووپی یەکەمدا کە گوێیان بۆ قورئانی پیرۆز گرتبوو, ئەم ڕێژەیە زۆر زیاتر کەمی کردبوو بە بەراورد بە گرووپی دووەم کە گوێیان بۆ موزیک گرتبوو. لە کۆتايیدا باس لەوە دەکات کە دەکرێت گوێگرتن لە قورئانی پیرۆز بەکار بھێنرێت لە ھەر پڕۆسیجەرێکدا, کە نەخۆش تووشی سترێس دەکات. 
پاکوبێگەردی بۆ ئەو خودایەی کە لە کیتابەکەیدا ئایەتانێک دادەبەزێنێت, کە شیفا و ڕەحمەتە بۆ بەندەکانی {وَنُنَزِّلُ مِنَ الْقُرْآنِ مَا هُوَ شِفَاءٌ وَرَحْمَةٌ لِّلْمُؤْمِنِينَ ۙ ..} ( الإسراء: 82)
واتە:  “ئێمه له قورئاندا ئایه‌ت و سووره‌تانێك داده‌به‌زێنین، که ببێته هۆی شیفا و چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشيیه ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌کان, هه‌روه‌ها ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانیيش بۆ ئیمانداران.”

[1] –  Jabbari, B., Mirghafourvand, M., Sehhatie, F. and Mohammad-Alizadeh-Charandabi, S., 2017. The effect of holly Quran voice with and without translation on stress, anxiety and depression during pregnancy: a randomized controlled trial. Journal of religion and health, pp.1-11.

[2] – Rafique, R., Anjum, A. and Raheem, S.S., 2017. Efficacy of Surah Al-Rehman in Managing Depression in Muslim Women. Journal of religion and health, pp.1-11.

[3] – Ghorbani, F., Ghorbani, Z. and Avazeh, A., 2014. The Effect of Listening to the Holy Quran on the Level of Pre-Exam Anxiety of Secondary School Students in Zanjan City, in 2011. Journal of Zanjan University of Medical Sciences & Health Services22(90).

[4] -Heidari, M. and Shahbazi, S., 2013. Effect of Quran and music on anxiety in patients during endoscopy‏. Knowledge and Health8(2).

ئەم بابەتە لە ژمارە 50 ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوکراوەتەوە.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top