هەڵسەنگاندنی لێدانەکانی دڵ و فشاری خوێن لە جووڵە جیاوازەکانی نوێژدا

هەڵسەنگاندنی لێدانەکانی دڵ و فشاری خوێن لە جووڵە جیاوازەکانی نوێژدا

ئامادەکردنی: تــارا محەمەد

نوێژ، یەکێک لە پایەکانی ئیسلامە، پەرستشێکی بەردەوامە کە مسوڵمان بۆ پەروەردگار ئەنجامی دەدات، هەروەها  کەشێکی ڕۆحی و کۆمەڵێک جووڵەی جەستەیی بۆ نوێژخوێن دەستەبەر دەکات کە جەستە و دەروونی ئارام دەکات. ئەو جووڵانەی لە نوێژێکدا دەکرێت: (وەستان، ڕکوع، سجود و دانیشتن بۆ تەحیات)ە. مسوڵمان لە ڕۆژێکدا جگە لە نوێژە سوننەتەکان، پێنج نوێژی لە سەر فەرزە و هەر نوێژێک بە تکبیر دەست پێ دەکات و بە سەلامدانەوە بۆ شانی چەپ کۆتایی دێت.

نوێژ جگە لەوەی لە سەر مسوڵمان فەرزە، زۆر مەبەستی گەورەی تێدایە، بۆ نموونە؛ مسوڵمان فێری ڕێکخستن و باش بەڕێوەبردنی کات دەکات، بە هۆی ئەوەی هەر نوێژێک کاتی دیاریکراوی خۆی هەیە بۆ بەجێهێنان.

لێدانی دڵ نیشانەیە بۆ زانینی چۆنێتیی باش کارکردنی دڵ، دەتوانرێت لە ڕێی ئامێری (ECG)یەوە بپێورێت کە خوێندنەوەکەی یەک لێدانە لە چرکەیەکدا. لێدانەکانی دڵ دەگۆڕێن بە هۆی کاردانەوەی بۆ زۆر هۆکاری فسیۆلۆژی، وەک: ڕاهێنان و وەرزش، لایەنی دەروونی، ژینگە و باری وەستانی جەستە و هتد… هەموو ئەم هۆکارانە، بە هەمان شێوە کاریگەریی لە سەر پەستانی خوێن دادەنێن. پەستانی خوێن یەکێک لە گرنگترین پێوەرە فسیۆلۆژییەکانە بۆ هەڵسەنگاندنی تەندروستیی نەخۆش، کە بە مانای ئەو فشارە دێت لە سەر دیواری بۆرییەکانی خوێن دروست دەبێت لە کاتی تێپەڕبوونی خوێن بە ناو جەستەدا.

مێدیتەیشن (ڕامان و پشووی ڕۆحی) کە لە نوێژدا بەدەست دێت، توێژینەوەکان بەڵگەی بەهێزیان خستۆتە ڕوو کە وا کار دەکاتە سەر پێوەرە فسیۆلۆژییەکانی جەستە، وەک؛ لێدانەکانی دڵ، هەناسەدان و دابەزینی پەستانی خوێن لەو کەسانەدا کە تووشی بەرزەفشاری خوێن بوون.

لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە، کە باس لە هاوپەیوەندیی نێوان مێدیتەیشن و باری وەستانی جەستە و کاریگەرییەکانی لە سەر لێدانەکانی دڵ و پەستانی خوێن و سووڕی خوێن بەگشتی دەکات.

له‌گه‌ڵ چوونەسەرەوەی تەمەندا، گۆڕانی خێرایی لێدانی دڵ كه‌م ده‌بێته‌وه‌ به‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی جووڵەی جەستەوە. خێرایی لێدانی دڵ له‌ كه‌سی ته‌ندروستدا ( 70-75bpm)ە و لە کاتی پشوودا (bpm 60-80 )ە2.

له‌ توێژینەوەیەکدا کە لە سەر 24 كه‌س ئەنجام دراوە[1]،  10 كه‌سیان ڕەگه‌زی نێر و 14‌یان ڕە‌گه‌زی مێن، له‌ نێوان ته‌مه‌نه‌كانی 20 بۆ 36 ساڵدا كه‌ له ‌ڕووی ته‌ندروستیی جه‌سته‌وه‌ بێ کێشە بوون، له‌ ڕێگه‌ی ئامێری نه‌خشه‌كێشی  دڵECG  کە کارەبای دڵ دەپێوێت، خێرایی لێدانی دڵیان بۆ پێورابوو‌ بۆ 5 خولەک‌ له‌ كاتی پشوو و‌ پاشان له ‌كاتی نوێژكردندا، ئەم ئەنجامانەی خوارەوە تۆمار کران:

خێرایی لێدانی دڵ له‌ كاتی نوێژكردندا:

پشوو (پێنج خولەک پێش نوێژ) 78 ± 13

وەستان لە نوێژدا 85 ± 11

ڕكوع 80 ± 10

سجوود 73 ± 9

ته‌حیات 78 ± 12

ئەم پێوانانە ئەوە دەردەخات کە وا بە درێژایی جووڵەکانی نوێژ، گۆڕانێکی ورد و ناوازە لە لێدانی دڵی نوێژخوێنەکەدا بەدی دەکرێت، کە بەرزترین پێوانە لە وەستان (قیام) و نزمترینی لە (سجود)دایە.ئەم بەرزونزمییە لە دوای یەکەش لە لێدانی دڵدا کار دەکاتە سەر باشتر کارکردنی دڵ و ناردنی خوێن بۆ ئەندامەکانی جەستە.

لە توێژینەوەیەکی تردا کە لەلایەن دوو پزیشكەوە لە وڵاتی مالیزیا ئەنجام دراوە[2]، بە هەمان شێوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کراوە کە لە لێدانەکانی دڵ و پەستانی خوێندا ڕوو دەدات لە کاتی ئەنجامدانی جووڵەکانی نوێژدا، هەروەها کاریگەریی خوێندنی ئایەت و زیکرەکان لە نوێژدا لە سەر لێدانی دڵ و پەستانی خوێنی نوێژخوێن.

توێژینەوەکە لە سەر ٣٠ پیاو کراوە کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵدا بووە و هیچ کێشەیەکی دڵ و سووڕی خوێنیان نەبووە. داوایان لێ کراوە بە ئەنجامدانی نوێژ و لە ڕێی بەکارهێنانی چەند ئامێرێکەوە کە لە سنگی خۆبەخشەکان بەستراوە، چاودێریی لێدانی دڵ و پەستانی خوێنیان کراوە لە کاتی هەر جووڵەیەکی نوێژەکەیاندا.

ئەم تاقیکردنەوەیەیان لە دوو باردا پێ ئەنجام داون: جارێک بە ئەنجامدانی نوێژی ڕاستەقینە و جارێکیش بە ئەنجامدانی نوێژێکی ڕوواڵەتی (واتە تەنها جووڵەکانی نوێژ و بەبێ خوێندنی قورئان و زیکرەکانی ناو نوێژ).

لە ئاکامی توێژینەوەکەیاندا، دەرکەوت لە کاتی وەستانەکانی نوێژدا (قیام)، بەرزترین لێدانی دڵ تۆمار دەکرێت و لە چەمانەوە (سجود)یشدا نزمترین، ئەمەش بە هۆی ئەوەیە لە کاتی وەستاندا بە هۆی هێزی ڕاکێشانی زەوییەوە خوێن لە خوێنهێنەرەکانی خوارەوەی جەستە و پەلەکانەوە کەمتر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەوە. بەڵام لە سوجدەدا بە هۆی زیادبوونی گەڕانەوەی خوێن لە خوێنهێنەرەکانەوە و نزمیی ئاستی مێشک لەچاو دڵ و بەشەکانی تری جەستەدا، بە هۆی هێزی ڕاکێشانی زەوییەوە، خوێن زۆرتر بەرەو مێشك دەچێت، بەمەش ڕێژەیەکی زۆری ئۆکسجین بە مێشک دەگات، کە ئۆکسجین پێویستیی بنەڕەتیی خانەکانی مێشکە بۆ کارکردن. ڕێژەی بەرزی ئۆکسجین لە خانەکانی مێشکدا دەبێتە هۆی زیادبوونی تەرکیز، یادگە، بینین و بیستن، هەر بۆیە ئەو کەسانەی بەڕیکوپێکی نوێژ ئەنجام دەدەن، ئاسانتر دەتوانن بە سەر کێشە فیزیکی و هزرییەکاندا زاڵ بن. بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لێدانەکانی دڵ لە سوجدەی نوێژی ڕاستەقینەدا زیاتر تۆمار کراوە وەک لە نوێژە ڕوواڵەتییەکە، ئەویش بە هۆی خوێندنی ئایەت و زیکرەکانەوە کە پێویستیی ڕەوانەکردنی خوێن بۆ ماسوولکە و جومگەکانی مل و دەم زیاتر دەکات.

پاشان لە پێش و پاش ئەنجامدانی نوێژ ، پەستانی خوێنی خۆبەخشەکان پێورا و دەرکەوت لە پاش هەردوو نوێژەکە، پەستانی خوێنی خۆبەخشەکان دابەزی. بۆیە توێژینەوەکە دەریخست فشاری خوێن بە کاریگەریی نوێژ دادەبەزێت، کە ئەویش دەبێتە هۆی زاڵبوونی سیستمی دەماریی پاراسیمپاثی لە جەستەدا، کە ئەرکی ڕاگرتنی هاوسەنگیی جەستەیە لە کاتی پشوودا.

بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەرکەوت جووڵەکانی نوێژ وەرزشێکی گونجاوە، کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی توانای دڵ. بەم ئاکامەش، نوێژ دەکرێت وەک چارەسەر بۆ نەخۆشانی دڵ بەکار بێت.

لێدانی دڵ لە نوێژی ڕاستەقینەدا بەرزتر بەدی کرا وەک لە نوێژی ڕوواڵەتی، بە هۆی خوێندنی ئایەت و زیکرەکانەوە کە ئەویش سوودی زیاتری فسیۆلۆژی بۆ جەستە دەستەبەر دەکات.

ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، بناغەیە بۆ دۆزینەوەی زیاتری سوودە گەورە و گرنگەکانی نوێژ بۆ جەستەی مرۆڤ لە لێکۆڵینەوەکانی داهاتوودا.

بێ باوەڕان لافی ئەوە لێدەدەن کە دین تەنها کۆمەڵێک پەرستش و عاداتە کە هیچ کەڵک و فایدەیەکی نیە، بەڵام سوپاس بۆ خوا لێکۆڵینەوە زانستیەکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕاستیی و پێویستی ئیسلام و فەرمانەکانی دەردەخەن. نوێژیش یەکێکە لەوانەی بێ باکانە دەروازەی بۆ چەندین توێژینەوە کردۆتەوە. کاتێک خوای گەورەش لەپاش ئیمان هێنان و شهادەت داوای ئەنجامدانی نوێژمان لێدەکات بێگومان بۆ نزیکبونەوەمان لە خۆی و بۆ بەهێزی و پارێزگاری کردنمانە لە نەخۆشیە جەستەیی و ڕۆحییەکان.

نوێژ ئەگەر بە ڕێک و دروستی و لە کاتی خۆیدا ئەنجام درا، ئەوا کاریگەریی گەورە لە جەستە و دەرووندا جێ دەهێڵێت، هەر بۆیە لە پەرستشە مەزنەکانە و یەکەمین پەرستشە کە لە گۆڕدا پرسیاری لەبارەوە دەکرێت. لە قورئانی پیرۆزدا بە چەندین شێواز و لە ٦٣ شوێندا وشەی (الصلاة) هاتووە و باسی لەبارەوە کراوە. خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَاسْتَعِينُواْ بِالصَّبْرِ وَالصَّلاَةِ وَإِنَّهَا لَكَبِيرَةٌ إِلاَّ عَلَى الْخَاشِعِينَ﴾ [البقرة: 45]

﴿حَافِظُواْ عَلَى الصَّلَوَاتِ والصَّلاَةِ الْوُسْطَى وَقُومُواْ لِلّهِ قَانِتِينَ﴾ [البقرة: 238]

هەروەها پێغەمبەریش نوێژی بە نووری چاو ناو ناوە و تا کۆتاییەکانی ژیانی زۆر بە چێژ و گەرموگوڕییەوە ئەنجامی داوە. 

بەم جۆرە پێناسەی نوێژی بۆکردووین کە دەفەرموێت: «مَا مِنْ مُسْلِمٍ يَتَوَضَّأ فَيُحْسِنُ وُضُوءَهُ، ثُمَّ يَقُومُ فَيُصَلِّي رَكْعَتَيْنِ، مُقْبِلٌ عَلَيْهِمَا بِقَلْبِهِ وَوَجْهِهِ، إِلا وَجَبَتْ لَهُ الجَنَّةُ». أخرجه مسلم

[1] – Doufesh, H., Ibrahim, F., Ismail, N.A. and Ahmad, W.A.W., 2013. Assessment of heart rates and blood pressure in different salat positions. Journal of Physical Therapy Science25(2), pp.211-214.

[2] – Ibrahim, F. and Ahmad, W.W., 2008. Study of heart rate changes in different Salat’s positions. In 4th Kuala Lumpur International Conference on Biomedical Engineering 2008 (pp. 687-690). Springer, Berlin, Heidelberg

ئەم بابەتە لە ژمارە 50 ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوکراوەتەوە.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved