بەساڵاچوون

بەساڵاچوون

نووسینی : دكتۆرمحمد دودح

و: هێڤين زاهير

خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَمَنْ نُعَمِّرْهُ نُنَكِّسْهُ فِي الْخَلْقِ أَفَلا يَعْقِلُونَ﴾ (يس: ٦٨)، واتە: “خۆ ئاشکرایە ئەوەی تەمەنی درێژی پێ ببەخشین، جوانی ڕوواڵەتی بۆ ناهێڵین، ئەوە بۆ ژیریان ناخەنە کار؟” هەوروەها خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَاللَّهُ خَلَقَكُمْ ثُمَّ يَتَوَفَّاكُمْ وَمِنْكُمْ مَنْ يُرَدُّ إِلَى أَرْذَلِ الْعُمُرِ لِكَيْ لَا يَعْلَمَ بَعْدَ عِلْمٍ شَيْئًا﴾ (النحل:٧٠)، واتە: “(خەڵکینە) بەڕاستی هەر خودا دروستی کردوون و پاشان هەر ئەویش دەتانمرێنێت، هەتانە تەمەنی درێژ دەبێت و دەبرێتەوە بۆ تەمەنی سەردەمی لاوازی و بێهێزی و کەنەفتی و کەفتەکاری، تاوەکو دەگاتە ڕادەیەک کە دوای ئەو هەموو زانست و زانیاری و تێگەیشتنەی کە هەیبوو، هەموو شتێکی بیر دەچێتەوە و هیچ نازانێت، بەڕاستی هەر خودا تەواو زانا و بەدەسەڵاتە.”

دەلالەت و مانای دەقی:

(التنكيس) سەرەوژێربوون و ئاوەژووبونەوە: بریتییە لە هەڵگەڕانەوەی شێوە وەکو وێناکردنێک بۆ گۆڕانکاریی سروشتی دانراو. حاڵەتی پیری بەستراوەتەوە بە تەمەنی مرۆڤ، هەتا ئەگەر تووشی هیچ نەخۆشیەکیش نەهاتبێت و شێوە و ئیشوکاریش دەگرێتەوە و کار لە هەموو ئەندامەکانی جەستە دەکات.  لە گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانە؛ لەدەستدانی توانای ژیرییە بۆ فێربوون. خودای گەورە دەفەرمووێت:  {وَمِنْكُمْ مَنْ يُرَدُّ إِلَى أَرْذَلِ الْعُمُرِ لِكَيْلَا يَعْلَمَ مِنْ بَعْدِ عِلْمٍ شَيْئًا} (النحل:٧٠)، واتە: خودای پاک و بێگەرد لەم ئایەتە پیرۆزەدا باسی ئەوەی کردووە کە وا ئەوەی تەمەنی درێژ بێت، پێکهاتە و سروشتی سەرەوژێر دەبێتەوە، واتە بارودۆخی هەڵدەگەڕێتەوە و هێز و توانای کەم دەبێتەوە و بەرەو پاش دەچێتەوە، تواناکانی ژیری و هۆشیاریی لاواز دەبێت و لاوازی دەستی بەسەردا دەگرێت، بۆیە وەکو ئەو کەسەی لێ دێت کە سەرەوژێر دەبێتەوە. زانست ئەم وەسفە وردەی ئاشکرا کردووە دەربارەی ئەو بارودۆخە لە گەڕانەوە بۆ دواوە و هەڵگەڕانەوە و سەرەوژێربوونەوە کە وا فراوان دەبێتەوە (بەربڵاو دەبێتەوە)، تاوەکو هەموو گۆڕانکارییە دیار و شاراوەکان لەخۆ بگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی وشەی (خلق: دروستکراو و بەدیهێنراو)، هەموو پێکهاتەکان و چالاکییە لاشەییەکان لەخۆ دەگرێت.

هەر وەکو زانراوە لەوەتەی قورئانی پیرۆز لە سەدەی حەوتەمدا دابەزیوە هەتا سەردەمێکی کەم بەر لە ئێستا، هەموو ئەوانە زانراو نەبوون لە لای مرۆڤەکان، تەنیا ئەو گۆڕانکارییە دیار و ڕووکەشییانە نەبێت کە لە شێوە و دیمەنی دەرەوە  ڕوو دەدەن، بەڵام لەگەڵ بەردەستبوونی ئەو تەکنیکانە و بەرەوپێشچوونی توێژینەوەکان لەلایەن زاناکانەوە، ئەوە جێگیر بوو کە وا ئەوەی ڕوو دەدات لە کاتی بەساڵاچوونی تەمەنی مرۆڤ و ڕۆچوونی لە پیری، لەوە دەرینەکرد کە وا ئەمڕۆ زانست پێی گەیشتووە و ئاشکرای کردووە دەربارەی ئەم وەسفە کۆکەرەوە و گشتگیرە و چوونیەکە لەگەڵ واتای ئەو دەقە (ئایەتە).

یەکەمین کەس کە وا ئاگادار بووەوە و هەستی بەو دیاردەی بەساڵاچوونە کردووە، وەکو حالەتێکی گەڕانەوە و هەڵگەڕانەوەی جەستەیی و کەمهێنان لە توانایی ئیشوکارەوە وەکو کاریگەرییەکی جێگیر و پەیوەست بە تەمەن، دکتۆری فەرەنسی (شارکۆت) بوو لە ساڵی (۱۸۸۱)، زۆر لە توێژەرەکان هاوڕا نەبوون لەگەڵی هەتا سەدەی بیستەم، هەر بۆیەش تووشی سەرسوڕمان دەبین کاتێک دەبینین قورئانی پیرۆز ڕەچاوی بابەتی پیری و بەساڵاچوونی کردووە و گرنگیی پێ داوە بە زیاتر لە (۱٠) سەدە پێش ئەو کاتە، لە کاتێدا وەسفێک بەو شێوە تەواوە، دەلالەت لەو هەڵگەڕانەوە و بەرەوپاشچوونەوە و سەرەوژێربوونەوە بکات کە وا هەموو ڕووالەتە زیندەگییەکانی مرۆڤ بگرێتەوە و هیچ کتێبێک نابینیتەوە کە وا هاوشانی ئەوە بێت لەم ڕۆژگارەدا وەحی (سرووش)ی بدرێتە پاڵ، جگە لە قورئان نەبێت. درککردن بە لایەنە شاراوەکانی بەساڵاچوون لەم سەردەمەی ئێمەدا لە کاتێکدا کە ئەو تەکنیکانە بەردەستن، ئەمەش گەواهیدەرێکە بۆ قورئانی پیرۆز کە وا بە وەحی دابەزیوە لەلایەن خودای گەورەوە.

سەرچاوەکانی نووسەر:

Encyclopedia Britannica, 2001.

Encarta, 2001.

Scientific American presents June, 2000.

Compton’s Encyclopedia, 1998.  

ئەم بابەتە لە ژمارە 50 ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوکراوەتەوە.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved