You Are Here: Home » بابەتەكانمان » پەرچۆی پەیڤاندن لە قورئاندا

پەرچۆی پەیڤاندن لە قورئاندا

پەرچۆی پەیڤاندن لە قورئاندا

 

نووسینی : مامۆستا عبدالكريم فتاح به‌روێنى/ زانكۆى هەڵەبجە / كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور

قورئان شێوازێکی سەرسووڕهێنەری گرتووەتەبەر لە کاتی ئاخاووتن و گەیاندنی مەبەستدا کە لە هەردوو بە کارهێنانی مرۆڤ جیا بوو (النثر) و (الشعر), بەدڵنیایی هونەری ڕاڤەکردن و وشەسازی و هۆندندنەوە و هەڵبەست ئاکاری مرۆڤن بە تایبەتی گەلی عەرەب نەژاد ڕۆچوونێکی یەکجارییان تۆمار کرد لە ڕەوانبێژی و زوبان پاراویدا، ئەم جۆرە بەکارهێنانە ئەرزشدارەی قورئان لە مێژووی زوبانی گەلی عەرەبدا شتێکی نامۆ و بەکارنەهێنراو بوو، ئاخاوتنێک بکەوێتە نێوان ئەو دوو جۆرە پەیڤاندنە بە مانا نە (النثر) بێت و نە (الشعر). بەڵگەی سەلمێنەر و گەواهیدەری ئەم شێوازە داڕشتنە هزروبیری هۆشمەندانی وێڕای ملکەچبووانی ئاینی هەشاندوە و جووڵاندووە، سەرسامی کردوون و پەستی و کەم تەوانایی پێڕاگەیاندوون بەرەو ئەوەی ئەم جۆرە دەربڕین و دواندنە گۆشەیەکی خۆڕسکە و دوورە لە داهێنانی بەدیهێنراوان. ئەڵبەت پەیامی سرووش بەم هەناسە لە ئاستێکی زۆر پێویست بوو، شتێکی هەڕەمکی و خەمڵاندن و گۆترەبازی نەبوو لەبەرئەوەی پسپۆڕانی زوبانی عەرەبی تەواو لە لوتکە و ئاستێکی زۆر باڵابوون، دەبوو بە چەشنێک دەرگای پەیڤاندنیان لە گەڵدا بکرایەتەوە سەرسامی بکردایەن و چۆکی پێدانوواندنایە بۆ وەرگرتنی ئەو کەتوارە نوێیە، ئەمەی دەیخەینە بازاڕی هەڵسەنگاندن و توێژینەوە داوایەکی بێ بەڵگە نیە، بەڵکو خودی قورئان ئاماژە بۆ زیندوێتی ئەم گەلە دەکات لە ڕووی قووڵبوونەوەیان لە داڕشتن و وشەسازی و پیتسازی: ﴿ قُل لَّئِنِ اجْتَمَعَتِ الْإِنسُ وَالْجِنُّ عَلَىٰ أَن يَأْتُوا بِمِثْلِ هَٰذَا الْقُرْآنِ لَا يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيرًا (88) عەرەب لە ڕەخنە و پلارسازیدا دەستێکی باڵایان هەبووە، یەزدانی مەزن لە پەیامی نێردراوی ڕاستەوخۆ ئاستبەرزیان دەووروژێنێت و دەیخاتە بەر باس و خواس و دەفەرمووێت: “ئەگەر هەموو جینن و مرۆڤان هەرچی تەوانا و هەوڵی زانستیان هەیە بیخەنە گەڕ بۆ ئامادەکردن و ڕەخساندنی پەڕتووکێکی هاوشێوەی قورئان ئەوا ناتوانن و بە مایەپووچی و دەستخاڵی دەگەڕێنەوە حەشارگەی هیچ تیانەبەستەبوویان و هیچ هەڵناکڕێنن”. بۆ سەلماندنی مەبەستمان بەڵگانێکی زۆر و زەبەنە خۆیان نوومایش دەکەن، بە کۆمەکی خوای دلۆڤان خاڵگیریی مەبەستمان دەکەین لەم دوو ئایەتە پیرۆزەی دێت:

١- حم (١) تَنزِيلٌ مِّنَ الرَّحْمَـنِ الرَّحِيمِ* كِتَابٌ فُصِّلَتْ آيَاتُهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لِّقَوْمٍ يَعْلَمُونَ (٢) بَشِيرًا وَنَذِيرًا فَأَعْرَضَ أَكْثَرُهُمْ فَهُمْ لَا يَسْمَعُونَ (٣) [فصلت: ٣] دەووترێت: فەزڵێک شانازی پێدەکرێت نەیار و ناحەز متمانەی پێببەخشێت، نەیاری سەرسەختی ڕۆژگاری پێغەمبەر- دروودی خوای لە سەر- (عتبة بن ربيعة) کاتێک ئەم چەند ئایەتەی بیست سەرسام بوو پاشگەز بوویەوە لەوەی بڵێت: “ئەم قورئانە هەڵبەستراوو دەستکیسەی مرۆڤە بلیمەتەکانە”، دەستبەجێ ئەم ڕستەی وت: “والله لقد تعلمون أني من أكثر قريش مالا، ولكني لما قصصت عليه القصة أجابني بشيء والله ما هو بشعر ولا كهانة ولا سحر، ثم تلا عليهم ما سمع منه..” دووشت هۆکاری سەرەکی بێدەنگ کردن و ملکەچکردنی ئەم کەسایەتییە ناودارەی تیرەی قوڕەیش بوو:

١- ئاستبەرزی و پاراوی ئەو چەند ئایەتە.

٢- وروژاندنی نهێنیانێکی هەناوی ئەو کەسە بوو کە وێڕای خۆی کەس لێی بێدار نەبوو.

ئەڵبەت ئەمەی ئاماژەمان پێکرد وەڵامێکی هەنووکەیی بوو بۆ نەیارانی پەیام و سرووش لە ڕۆژگاریی دابەزینیدا، پەرچۆ نەوەستاوە و بەڵکو هەتا بەردەوامی هەڵهاتنی ڕۆژ لە خۆرهەڵات و نیشتنی لە خۆرئاوا درێژەی دەبێت و نوێ دەبێتەوە، تێفکرە لەم ئایەتە:

٢- (تَبَارَكَ الَّذِي جَعَلَ فِي السَّمَاءِ بُرُوجًا وَجَعَلَ فِيهَا سِرَاجًا وَقَمَرًا مُّنِيرًا), [الملك: ٣] ئەم ئایەتە وروژێنەری دوو گۆشە نیگایە:

١- ڕێکخستنی جوانی و قەشەنگیی لە وشەسازیدا.

٢- دەرگای توێژینەوەی لەسەر زانستی گەردوونناسی کردەوە، لەوەی هەردوو خۆر و مانگ ڕووناکبەخشن بەڵام هەریەکەی بە چەشنێکی تایبەت، جیهان بێ پێویست نیە لە هیچیان و هەردوو تەواوکارن: ڕووناکی خۆر گەرم و تاودارە و کاریگەری جێدەهێڵێت لە سەر بوونەوەران، بە پێچەوانەوە ڕووناکی مانگ خاوەندارێتی ئەو تایبەتمەندییە ناکات و ڕووتە لە تاو و گەرمیی لە لایەک، ئەنجا مانگ وزە و ڕووناکی وەردەگرێت لە خۆر لە لایەکی تر، پوختەی پەیڤ:  ئەو دۆخەی بۆ مانگ پەیدا دەبێت لە کاردانەوەی خۆرەوەیە و لە سەرچاوە دەگرێت.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top