كوفر و ژيانى دونيا

 

كوفر و ژيانى دونيا

نووسینی : شێخ زندانی   

وەرگێڕانی: موسعەب جەمیل

پرسيار:

مه‌ترسی و زیانی “كوفر” له‌سه‌ر قۆناغی یه‌كه‌می ژیانی مرۆڤ چیه‌؟

 لە ژیانیدا هه‌ست به‌ ونبوون ده‌كات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر گوزه‌رانی ده‌بێت، چونكه‌ دانی پێدا ده‌نێت كه‌ له‌ په‌نا هه‌ر دروستكراوێك حیكمه‌تێك له‌ به‌دیهێنانیدا هه‌یه‌، كاتێك ده‌ست به‌ خوێندن و وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری ده‌کات، ده‌زانێ كه‌ هه‌ر به‌شێك له ‌به‌شه‌كانی جه‌سته‌ی به ‌هۆی حیكمه‌تێكه‌وه‌ دروست كراون و بۆ گه‌مه دروست نه‌كراون!

 كوفرهه‌ستێكی لا دروست ده‌كات و پێی وایه‌ ژیان هه‌مووی گاڵته‌ و سەرتیاچوونە و مانایه‌كی نیيه‌ و بوونی ئه‌نجامێكی نيیه‌.. چونكه‌ پێی وایه‌ مه‌خلووقێكی وێڵە‌ و نازانێ بۆچی دروست كراوه ‌و هاتۆته‌ بوون و بۆچی ده‌ژی؟ به‌ڵكو وایده‌بینی كۆتایی ئه‌و گه‌شته‌ی كه‌ له‌م دونیایە پێی هه‌ستاوه،‌ بێجگه‌ له‌ گاڵته‌ هیچی دیكه‌ نیه‌، كاریگه‌ريی ئەو هەستەیشی  له‌ ژیانیدا به‌ ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێ، چونكه‌ به‌رده‌وام له‌ نائارامیدا ده‌ژی.. هه‌میشه‌ تووڕه ‌و ناڕازیشه‌ له‌ وجوودی و هه‌ركه‌سێكیش كه ‌له‌م وجوودەدا‌ ده‌ژی، چونکە ڕه‌شبینانە ته‌ماشای جیهان ده‌كات.

ئه‌م شڵه‌ژانه‌ ده‌رونییەش‌ بۆته‌ هۆی چەندین گرفتی گه‌وره‌، زۆریی خۆكوشتن و ئاڵوده‌بوون به‌ مادده‌ هۆشبه‌رەکان و سه‌رئێشانی به‌رده‌وام و زۆرێكی تر له‌گرفته‌كان، ئێستاكه‌ زاناكان به‌ یه‌ك چاره‌سه‌ر ڕوبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش: باوه‌ڕ و ئیمانه‌!

 كه‌سی توێژه‌ر ده‌بینێ كه‌ ژیانی ئیماندار ژیانێكی پڕ له‌ ڕه‌زامه‌ندی و ئاسووده‌ییه‌، ئه‌مه‌ش مانای ته‌مبه‌ڵی ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو ئیماندار پێویسته‌ له‌سه‌ری كار بكات و سەرقاڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنان بێت ..

 

پرسیار: کاریگەری ” کوفر” لەسەر ڕەفتار چیيە؟

 وەڵام: كه‌سی كافر بڕوای به‌ ژیانێكی دیكه‌ نیه‌ كه‌ پاداشتی هه‌موو كرده‌وه‌كانی تێدایه‌، چ باش چ خراپ.. لەبەرئەوە بۆ وه‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌نديی خۆی، سڵ له‌ ئه‌نجامدانی هیچ كار و كرده‌وه‌یه‌كی خراپ ناكاته‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی جێبه‌جێ ببن.. به ‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌رکارەکانی ببنه‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی خراپه‌كاری و وێرانكردنی ژیانی خه‌ڵكیش!

 ئنجا ئه‌مه‌ هه‌رچۆن بێت و چه‌ند قوربانی له‌م پێناوه‌ تێ بچێت به‌ هۆی كردار و ڕه‌فتاره‌ خراپه‌كانیه‌وه، ئه‌وا‌ لای ئاساییه‌ و لێی پاشگه‌ز نابێته‌وه ‌و ناچێته‌ دواوه،‌ چونكه‌ هیچ شتێك نيیه‌ بیترسێنێت مادام بڕوای به‌ سزا نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینی ڕه‌فتاری لە‌گه‌ڵ براده‌ره‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌نديی خۆیه‌تی و به‌س.. ئه‌گه‌ر دیتی به‌رژه‌وه‌ندیيه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌فا بۆ براده‌ره‌كانی یه‌كتر ناگرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌رژه‌وه‌نديی خۆی پێ باشتره‌ له‌ وه‌فا بۆ هاوڕێكانى.. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینی كه‌سی بێبڕوا به‌رژه‌وه‌ندیيه‌كانی چۆن بخوازێ وه‌ها مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌كات، ئیدی به‌مه‌ش ڕه‌فتارێكی زیانبه‌خشانه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات.

پرسیار: ڕه‌فتاری بڕوادار چۆنه‌؟

 وەڵام: گومانی تیادا نیيه‌ كه‌ بڕوای به‌ پاداشت و ڕۆژی دوایی هه‌یه‌ و جگه‌ له‌ ڕێگه‌ی چاكه‌ هیچ ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌ ناگرێته‌ به‌ر، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌نديی خۆيشی له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێیه یه‌كی نه‌گرته‌وه‌، ئه‌وا لای ئاساییه‌.. چونكه‌ ئه‌و چاك ده‌زانێت لێپرسینه‌وه‌ی لەگه‌ڵ ده‌كرێت.. به ‌شێوه‌یه‌ك بڕوادار بۆ وه‌ده‌ستهێنانی پاداشتی ڕۆژی دوایی گوێ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ دونیادا نادات .

زيانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى بێباوەڕى

پرسیار: ئه‌و زیانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیيانه‌ چین كه‌ له‌ ئه‌نجامی كوفره‌وه‌ دێنه‌ ئاراوه‌؟

 وەڵام : هه‌روه‌ك چۆن كوفر كاریگه‌ريی خراپی به‌سه‌ر خودی كافره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، له ‌هه‌مان كاتیشدا زیانی كۆمه‌ڵایه‌تیيشی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ن:

  •  ململانێی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگه‌: 

كۆمه‌ڵگه‌ی كافر تاكه‌كانی له‌ پێشبڕكێدان بۆ وه‌دیهێنانی حه‌ز و ئاره‌زووە‌كانیان. نه‌ ویژدان به‌ریان پێ ده‌گرێ نه‌ شتێكیش هه‌یه‌ بیانوه‌ستێنێت.. ئا لێره‌وه‌‌ ‌ ملاملانێیه‌كی تاڵ له‌ نێوان تاك و خه‌ڵكه‌كانی كۆمه‌ڵگه دروست ده‌بێت، بۆیە ئێستا وای لێ هاتووه‌ ئه‌م ملاملانێیه‌ بووه‌ته‌ فه‌لسه‌فه‌ و هه‌وادار و لایه‌نگری خۆی هه‌یه‌، ئه‌نجامی ئه‌مەش داڕمانی قەوارەی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بە جۆرێک‌ زۆر به‌خێرایی دووچاری هه‌ر هه‌ژانێك بێت ده‌ڕوخێ.

  • فه‌سادی كۆمه‌ڵگه ‌و په‌رته‌وازه‌بوونى:

وه‌ك ده‌زانرێت ژیریی كه‌سه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان جیاوازە، هه‌روه‌ك زانست و دركپێكردنی هه‌ركه‌سێك بۆ كه‌سێكی دیكه‌ جیاوازه‌، ئه‌زموونه‌كانیان جۆراوجۆر و جیاوازن،‌ باشه‌ له‌ژێر ئاڵای كامه‌ میتۆد و ڕێباز ده‌ڕۆن؟ ده‌چنه‌ ژێرباری حوكمی كامه‌ ژیری؟

 هه‌ر تاكێك له‌ هه‌ر كۆمەڵێک ڕێبازه‌كه‌ی له‌وى دیكه‌ جیاوازه‌ و هه‌میشه‌ش وایده‌بینێ كه‌ ڕێبازی ئه‌و ڕاست و دروسته‌ و، جگه‌ له‌ ڕێبازی ئه‌ویش ڕێبازه‌كانی دیكه‌ هه‌موویان ناڕاستن.. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی جیاوازییه‌ك كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا هه‌ستی پێ بكه‌ین و  ژیانێكی خراپ له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ به‌دی ده‌كه‌ین. ده‌توانی به شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی ئه‌مه‌ تاقی بكه‌یه‌وه‌: ڕادیۆ بكه‌ره‌وه‌ میله‌كه‌ی بسووڕێنه‌ و ده‌یان ئێزگه‌ی وڵاتان ده‌بینیته‌وه‌ و ده‌بینی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامێكی بۆ خۆی داناوه‌ و بۆ وه‌دیهێنانی ئامه‌نجه‌كانی كار ده‌كات و هه‌ر یه‌كێكیشیان خۆی پێ ڕاسته‌ و ئه‌وی دیكه‌ی پێ هه‌ڵه‌یه‌.. ئه‌گه‌ر توانیت توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر حاڵ و باردۆخی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ ته‌نها بكه‌ی، ده‌بینی ئه‌و جیاوازييه‌ی كه‌ له ‌نێو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ئه‌و هه‌یه،‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی تۆش هه‌یه‌.. {كل حزب بما لدیهم فرحون} ..

 چاره‌سه‌ر چیيه‌؟

وه‌ره‌ له‌گه‌ڵم.. تا ببینی و بزانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیماندار چۆن چاره‌ی ئه‌م گرفتە‌ ده‌كات؟

 تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیماندار وایده‌بینن كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی مرۆڤه‌كانى دروست كردووه،‌ هه‌ر ئه‌و زانایه‌ به‌ حاڵ و بارودۆخیان، باشتریش ده‌زانێت كه‌ چ شتێك ژیانیان خۆش ده‌كات و چ شتێكیش ژیانیان تێك ده‌دات.. چونكه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ و ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه كه‌‌ هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی كاتژمێر یان ڕادیۆی دروست كردووه،‌ كاتێك له ‌كار ده‌كه‌ون یان تێك ده‌چن، ئه‌وا هەر دروستکەرەکەی باشتر دەزانێت كه‌ چۆن چاک دەبێتەوە.‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved