You Are Here: Home » بابەتەكانمان » بێباوەڕان لە ڕووی سۆزدارییەوە دەشڵەژێن کاتێك دەوێرن داوا بكه‌ن و بڵێن: خودا کاری خراپ لە دژمان ئەنجام بدات

بێباوەڕان لە ڕووی سۆزدارییەوە دەشڵەژێن کاتێك دەوێرن داوا بكه‌ن و بڵێن: خودا کاری خراپ لە دژمان ئەنجام بدات

بێباوەڕان لە ڕووی سۆزدارییەوە دەشڵەژێن کاتێك دەوێرن داوا بكەن و بڵێن:

خودا کاری خراپ لە دژمان ئەنجام بدات

 

وه‌رگێڕانی: فه‌رمان عوسمان / مامۆستا له‌ زانكۆی چه‌رموو.

 

گۆڤاری دەرونناسی ئایینی نێودەوڵەتی. ژمارە ٢٤، لا: ١٢٤- ١٣٢ ، ساڵی ٢٠١٤.

(DOI: 10.1080/10508619.2013.771991)

مارییانا لایندمان؛ پەیمانگای زانستی هەڵسوکەوت. زانکۆی هێلسنکی، دانیمارك

بێتانی ‌هێی وود؛ بەشی مرۆڤناسی، زانکۆی ئاشفۆرد، کالیفۆرنیا

تاپانی ڕێکی؛ پەیمانگای زانستی هەڵسوکەوت. زانکۆی هێلسنکی، دانیمارك

تۆمی ماکۆنێن؛ پەیمانگای زانستی هەڵسوکەوت. زانکۆی هێلسنکی، دانیمارك

پوختە

ئەمە توێژینەوەیەکە دەری دەخات کە ئایا بێباوەڕان لە ڕووی دەروونی و سۆزدارییەوە دەشڵەژێن کاتێك دەوێرن بڵێن: خودا شتی خراپ بەسەر خۆیان یان کەسە نزیکەکانیان بهێنێت؟ ئەم توێژینەوەیە لە دووبەش پێكهاتووە؛ بەشی یەکەمی توێژینەوەکە: بەشداربووان (١٦ کەسی بێباوەڕ و ١٣ کەسی باوەڕدار بە خوا) بە دەنگی بەرز ٣٦ ڕستەیان وتووەتەوە کە ئەم ڕستانە لە سێ جۆر پێكهاتبوون: داواکردن لە خوا کە کارەسات بەسەریان بهێنێت، دووەم، وتنی ڕستەی پڕ شەڕەنگێزی و بێ بەزەییانە، سێیەم، وتنی شتانی مامناوەند کە نە باشن نە خراپ. بەشی دووەمی توێژینەوەکە: (بەشدار بووان: تەنها ١٩ بێباوەڕ). ١٠ ڕستەی کارەساتهێن زیاد کرا کە بێباوەڕان لە توێی ئەو ڕستانەدا هیوا دەخوازن کە ڕووداوی خراپ و کارەسات بەسەریان بێت. بێباوەڕان هێندەی کەسە ئایینییەکان لەوە تێنەگەیشتبوون کە داواکردنی کاری خراپ لە خودا چەندە مەترسیدارە. هەروەها دەرکەوت کە (ڕێژەی گۆڕانکاریی پێست) لای هەردوو کۆمەڵەکە یەکسان بوو لە کاتی داواکردنی کاری گەورە و کاریگەر. ئەوەش دەرکەوت کە بێباوەڕان کاتێك داوای کارەستێکی خراپیان لە خوا دەکرد کاریگەریی زیاتریان لەسەر دەردەکەوت لەوەی کە ڕستەی دوژمنکارانە و بێ بەزەییانە بڵێن، یان هیوابخوازن بۆ کارەساتی خراپ بەسەریان بێت. ئەنجامەکان ئەوەیان نیشان دا کە سلووکی بێباوەڕان دڵەڕاوکێییە و شڵۆقە بەرامبەر چەمکی خودا و، ئەوەشی دەرخست کە باوەڕی زارەکی ئەوان یەکناگرێتەوە لەگەڵ وەڵامدانەوەی هەمیشەیی ناو ناخیان.

ناساندنی توێژینەوەکە

لەم توێژینەوەیەدا ئەوە نیشان دراوە کە مەیلێکی بەهێز هەیە لە مرۆڤدا بۆ باوەڕبوون بە هێزێکی سەروو سروشت و هێما دەکات بۆ ئەوەی کە ئایینداری بابەتێکی ڕەگداکوتاوی سروشتیی مرۆڤەکانە. باوەڕبوون بە هێزێکی سەروو سروشت و جێی مەبەست و ڕازونیاز وا گریمانە کراوە کە خاڵێکی لاوازی و ئەنجامی پەرەسەندن و خۆگونجاندنی مرۆڤە بۆ ئەوەی بشێت بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، ئەم توانای خۆگۆنجاندنەش لای مرۆڤ ئاشکرا و بەرجەستەیە (بارێت؛ ٢٠٠٠، بلوم؛ ٢٠٠٧). بێرینگ ئەوەی خستووەتە بەر باس کە باوەڕنەبوون بە هیچ خودایەك تەنها شتێکی ڕووکەش و دەستکردە و خەڵکی خۆیان بە بێباوەڕ لە قەڵەم بدەن یان نا، وتەی زارەکی خۆیان لەوانەیە کەمێك لەوەی تێدا بێت کە باوەڕیان بە هێزێکی سەرو سروشت هەیە (بێرینگ؛ ٢٠٠٦، ٢٠١٠).

مەیلی ئایینداری و فێربوونی ئایین لە کۆمەڵگا و کەلتوورەوە وەردەگیرێن، نەك تەنها لە هەستی هەمیشەیی کەسەکان خۆیانەوە (ئاتران و هێنیرك؛ ٢٠١٠). بێباوەڕەکانیش ناتوانن خۆگر بن لە بەرامبەر ئەم کاریگەریەی کۆمەڵگادا. چەند توێژینەوەیەکی نوێ ئەوەیان دەرخستووە کە بیرهێنانەوەی چەمکی خوا سلووکی ئیجابی بوون زیاد دەکات و بەرگری دژی خراپکاریی لە کۆمەڵگادا بەهێزتر دەکات (لاورین و کای؛ ٢٠١٢).

توێژینەوەی هاوشێوەی ئەمە کراوە لەلایەن (هێی وود؛ ٢٠١٠) بۆ شیکار کردنی بەشێك لە دەنگی ئەوانەی کە چەند ڕستەیەك دەڵێنەوە، بەڵام شیکردنەوەی دەنگەکان زۆر ئاڵۆز بووە و ئەنجامی ڕوونیان نەداوەتە دەستەوە، بۆیە لێرەدا گرنگی دراوە بە (گۆڕانکاری لە پێستی بەشداربووان) بۆ ئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت. ئێمە گریمانی ئەوەمان دانابوو کارلێکە فسیۆلۆجیەکانی ئەو کەسانەی کە ڕەتی دەکەنەوە باوەڕیان بە هیچ خودایەك هەبێت (واتە تەواو بێباوەڕن) یان پێچەوانەی باوەڕی ناو ناخیان دەبێت، یان کاریگەرییەکە هەر کەمێکە وەکو ئەوەی چەند بڕگەیەکی شەڕەنگێزی و بێ بەزەییانە بڵینەوە، یان وەکو لای باوەڕداران کاریگەری زۆر دەردەکەوێت.

بەشی یەکەمی توێژینەوەکە:

شێوازی کارکردن:

بەشدار بووان: ٢٩ هاوڵاتی فینلەندی (١٧ – ٤٥ ساڵ) کە لایەنی ڕۆشنبیریان جیاواز بوو. ١٦ بەشداربوو بێباوەڕ بوون (٧ ئافرەت و ٩ پیاو)، لەگەڵ ١٣ باوەڕدار ( ٨ ئافرەت و ٥ پیاو). بەشداربووان لە ڕێگای ئیمەیڵی ئەلیکترۆنیەوە پەیوەندیان کردووە, ئەویش بەوەی کە وەڵامی چوار پرسیاریان داوەتەوە دەری خستووە کە وەڵامدەوەرەوەکە بێباوەڕە بە تەواوی یان باوەڕداری تەواوە.

تاقیکردنەوەکە:

شڵەژانی لایەنی سۆزداری و دەروونی، ٣٦ ڕستە دیاری کرابوون بەم شێوەیە: ١٠ ڕستە داواکردنی کارەساتی خراپ بەسەریان بێت لەلایەن خوداوە، ١٠ ڕستەی بێ بەزەیی و توندوتیژی، ١٠ ڕستەی ئاسایی، واتە نەخراپ و نەباش. پاشان ٦ ڕستەی ئاسایی وەکو لایەنی کرداری توێژینەوەکە خوێنرانەوە. بەشداربووان لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر ڕستەکانیان بۆ دەهاتە پێشەوە و دەیان خوێندەوە هەروەك بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و تێکەڵ لە هەر سێ جۆرەکە دەهاتنە بەرچاوی بەشداربووان.

گۆڕانکارییەکان لە (پێست)دا پێورا بە بەکارهێنانی (NeXus-10 mk1 system) داتاکانیش بە بەرنامەی (BioTraceC V2010a). وەرگرەکان کە لەسەر پەنجەی بەشداربووان بوو بریتیبوون لە (Ag-AgCl electrodes). دەنگی بەشداربووەکە و هێماکانی سەر پێستی بەیەکەوە لەیەك کاتدا تۆمار دەکران. پشکنینیش بۆ داتاکان کرا بە بەکارهێنانی بەرنامەی (Matlab 7.10.0).

سلووکی شاراوە و سلووکی ئاشکرای بەشداربووان لە کاتی خوێندنەوەی ڕستەکانی کارەساتدا: بە بەشداربووان وترا کە پێویست ناکات بە دەنگی بەرز ڕستەکان بخوێننەوە. بەڵام دوای خوێندنەوەیان بارودۆخی پێستی هەریەکەیان پێورا. دواتر پێیان وترا شیکردنەوەی خۆت بکە بۆ ئەو ڕستانەی کە خوێندتەوە. لە وتەی خۆیان کە دژ بە خوا دەریان بڕی، کشانەوە و جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە لەو وتانە دووبارە پێورایەوە. پاشان داوایان لێ کرا کە ئایا ئەم ڕستانە بێزاری کردوون یان نا؟ بۆچی؟ بە وەڵامەکاندا زانرا کە ئایا وەڵامەکانیان لە ناخەوە هاتووە یان پێچەوانەی ناو ناخیانە یان باوەڕیان بەوە نییە کە دەیڵێن.

ڕستەکانی توێژینەوەکە:

داواکردنی بەسەرهاتنی بەڵا و کارەساتی خراپ:

  1. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات هەموو هاوڕێکانم ببنە دوژمنم.
  2. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات چەند کەسێك دایك و باوکم بە دڕندانە بکوژێت.
  3. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات چەند کەسێك تەعەددا لە هاوڕێکەم بکەن.
  4. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات دایکم یان باوکم ئیفلیج بکات.
  5. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات ژیانم زۆر زەحمەت و ناڕەحەت بێت.
  6. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ببم.
  7. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات هاوڕێکەم بکەوێتە خەمۆکییەکی زۆرەوە.
  8. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات من بە شێرپەنجە بمرم.
  9. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات ماڵەم ئاگری تێ بەرببێت.
  10. من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات دایك و باوکم لە ئاودا بخنکێن.

ڕستەکانی بێ بەزەیی و توندوتیژی:

  1. ئاساییە کە منداڵ سەیری فیلمی بێ ئابڕوو بکات.
  2. ئاساییە کە خەڵکی بێ ماڵ و سواڵکەر بسوتێنرێن.
  3. ئاساییە کە ئافرەت منداڵ لەبار ببات.
  4. ئاساییە کە شەق هەڵدەی لە دەم و چاوی سەگ.
  5. ئاساییە کە تەعەددا لەو ژنانە بکرێت کە جلی تەسك لەبەر دەکەن.
  6. ئاساییە کە خوشك و برا لەیەك مارە بکرێن.
  7. ئاساییە کە ئەو گەنجانەی خەمۆکییان هەیە خۆیان بکوژن.
  8. ئاساییە کە منداڵ بفرۆشرێت بەوانەی بۆ کاری خراپ بەکاریان دەهێنێت.
  9. ئاساییە کە منداڵی ناشیرین بکوژیت.

ڕستەی ئاسایی/ نەباش نەخراپ:

  1. ئاساییە کە چاویلکە لە چاو بکرێت.
  2. خۆزگە پەنجەرەکان دادەخران.
  3. ئاواتمە بچم بۆ سەفەرێك.
  4. ئاساییە کە ڕۆژی یەك شەممە بچیت بۆ پیاسە کردن.
  5. ئاساییە کە کۆتایی هەفتە تا درەنگ بخەویت.
  6. خۆزگە ئەمڕۆ ژەمێکی خۆشم دەخوارد.
  7. خۆزگە ئەمرۆ باران نه‌ ئه‌باری.
  8. ئاواتمە ئەمشەو باش بخەوم.
  9. ئاواتمە ئەم هاوینە گەرم بێت.
  10. ئاساییە کە گۆڤار بخوێنرێتەوە لە کتێبخانە.

بەشی دووەمی توێژینەوەکە:

ڕستەکانی هیواخوستن:

  1. هیوا دەخوازم کە هەموو هاوڕێکانم ببنە دوژمنم.
  2. هیوا دەخوازم کە چەند کەسێك دایك و باوکم بە دڕندانە بکوژێت.
  3. هیوا دەخوازم کە چەند کەسێك تەعەددا لە هاوڕێکەم بکەن.
  4. هیوا دەخوازم کە خودا دایکم یان باوکم ئیفلیج بکات.
  5. هیوا دەخوازم کە ژیانم زۆر زەحمەت و ناڕەحەت بێت.
  6. هیوا دەخوازم کە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ببم.
  7. هیوا دەخوازم کە هاوڕێکەم بکەوێتە خەمبارییەکی زۆرەوە.
  8. هیوا دەخوازم کە من بە شێرپەنجە بمرم.
  9. هیوا دەخوازم کە ماڵم ئاگری تێ بەرببێت.
  10. هیوا دەخوازم کە دایك و باوکم لە ئاودا بخنکێن.

ئەنجام و شیکردنەوە:

خوێندنەوەی ڕستەکان، چ ئەوانەی کە ڕووبەڕووی خوا بوون چ ئەوانەی تریش هیچ جیاوازی پیشان نەدا لە نێوان بێباوەڕ و ئاییندارەکاندا. بەڵام جیاوازی زۆر هەبوو لە نێوان ئەنجامی ڕستە ئاسایی و ئەنجامی ڕستە کارەساتهێنەکان کاتێك لە لایەن هەردوو کۆمەڵەکەوە دەخوێنرانەوە. بەڵام جیاوازی ئاشکرا بەدی نەدەکرا لە نێوان ڕستە بێ سۆز و بەزەییەکان و ڕستە بەڵا و کارەساتهێنەکان. هەمان جیاوازی هەبوو لای هەردوو کۆمەڵەکە کاتێك ڕستە ئاسایی و ڕستە بێ سۆز و بەزەییەکانیان خوێندەوە.

بێباوەڕان ڕاددەی هەراسان بوون تێکچوونیان کەمێك کەمتر بوو لە هی باوەڕداران کاتی وتنی ڕاستە کارەساتهێنەکان، کە دواتر دەیان وت: ”هەرچەندە باوەڕم بە خودا نییە بەڵام ناخۆشە داوای شتی ئاوا خراپ بکەیت بۆ خۆت یان کەسە نزیکەکانت هەر بۆیە ئەو تێکچوونانە دەرکەوتن”. زۆرینەیان ئەمەیان وت نەك بڵێن ”لەبەر ئەوەی ئەو ڕستانە سەلماندنی خودایە و منیش باوەڕم پێی نییە”. بەڵام سەرجەمی باوەڕدارەکان وتیان: ”من نامەوێت داوای کارەساتی خراپ لە خودا بکەم”.

بێباوەڕان ڕەتیان کردەوە کە بە دەنگی بەرز ڕستەکانی ڕوەو خوا (کارەساتهێنەکان) بخوێننەوە، هەر وەك چۆن باوەڕدارەکانیش ڕەتیان کردەوە و بەو شێوەیە ئەنجامیان نەدا.

لە نێو سەرجەمی بەشداربوواندا، دەرکەوت کە ئایینداری پەیوەنديی هەیە بە ڕاددەی بێزاری و هەراسان بوون  بەو ڕستانەوە کە ڕوەو خودا وتران. ئەم پەیوەندییە لای بێباوەڕ و باوەڕداران وەکو یەك دەرچوون. وەك بڵێی بێباوەڕان هەمان هەست و دەروونی باوەڕدارانیان هەیە.

ئەنجامەکان ئەوەییان دەرخست کە داواکردنی کاری گەورە و باش و بە نرخ لە خودا هەمان کاریگەريی دەببێت لای بێباوەڕ و باوەڕدارەکان. هەرچۆنێك بێت تەنها ڕستەکانی بەڵا و موسیبەتهێنەکان کۆتاییەکی خەڵەتێنەر و نادیاریان هەبوو کە بۆ تێگەیشتن و شیتەڵ کردن دەست نادات. ئەمەش لێرەدا وامان لێ دەکات کە نەتوانین بە تەواوی بڵێین کە بێباوەڕەکان لە ناخیاندا باوەڕیان بە خودا هەیە. هەر بۆ دەرخستنی ئەنجامی ڕاستەقینەی ئەم کێشەیە، بەشی دووەمی توێژینەوەکە بەکار خرا بەم شێوەیە.

بەشی دووەمی توێژینەوەکە:

ڕێگای کارکردن:  ١٩ (١٠ ئافرەت و ٩ پیاو) بێباوەڕی وڵاتی فینلەندا (تەمەن: ٢٠-٣٠ ساڵ) لەگەڵ ئاستى ڕۆشنبیریی جیاواز بەشدار بوون. بە هەمان شێوازی بەشی یەکەم بانگهێشت کران بۆ بەشداربوون لەم توێژینەوەیەدا و هەمان ڕستەکانی ئەوانیان خوێندەوە. لەگەڵ ١٠ ڕستەی تر کە هەمان ئەو ڕستانە بوون بۆ داواکردنی کارەساتی خراپ لە ”خودا”، بەڵام لێرەدا لە جیاتی وشەی ”خوا” وشەی ”هیوا دەخوازم”  دانرا. وەکو ئەم نموونەیە (من دەوێرم و جورئەت دەکەم کە خودا وا بکات من بە شێرپەنجە بمرم. کرا بە: هیوا دەخوازم کە من بە شێرپەنجە بمرم.).

ئەنجامەکان:

ئەمجارە بەشداربووان ڕەتیان نەکردەوە کە بە دەنگی بەرز ڕستەکان بخوێننەوە و هیچ ڕستەیەکیشیان نەپەڕاند. لێرەدا ئەو ڕستانەی وشەی ”خودا” تێدا بوو ئاماژەی زیاتری پیشان دا لە هی ئەو ڕستانەی کە بە ”هیوا دەخوازم” دەستیان پێ دەکرد لە کاتێکدا هەمان ناوەرۆك و مەبەستیان تێدا بوو. ئەمەش سەلماندنی گریمانەی دووەمە کە لە سەرەتادا باس کرا. گۆڕانکارییەکان لە سلووکی پێستدا لە هەردوو حاڵەتی ڕستە توند و تیژ و بێ بەزەییەکان و  ڕستە هیواخوازیەکان جیاوازی نەبوو. بەڵام جیاوازيی ئاشکرا هەبوو لەگەڵ ڕستە یاساییەکاندا.

گفتوگۆی گشتی لەسەر ئەنجامی هەردوو بەشەکە:

ئێمە داوامان کرد لە کەسە بێباوەڕەکان و کەسە ئاییندارەکان کە چەند ڕستەیەك بخوێننەوە کە تیایدا داوا بکەن خودا شتی خراپ و نەخۆشی بەسەر خۆیان یان کەسە نزیکەکانیان بهێنێت. بێباوەڕەکان و ئاییندارەکانیش هەراسان بوون بەم ڕستانە. کاتێك ئەم شڵەژان و هەراسان بوونە سۆزدارییانە شیکار کران، وێنەیەکی جیاوازمان لەسەر بابەتەکە دەست کەوت. لە بەشی یەکەمدا خوێندنەوەی ڕستە هەژێنەکانی پەیوەند بە خواوە لایەنی سۆزداری بێباوەڕانی زیاد کرد زیاتر لەوەی ڕستەیەکی ئاسایی بخوێننەوە. دووەم، هەمان ئەنجام دەرکەوت لە کاتی خوێندنەوەی ڕستەی ڕوەو خوا و ڕستە توند و تیژەکان. سێیەم، هەمان شێوازی ئەنجامی بێباوەڕەکان بەدەست هات بۆ باوەڕدارەکان. ئەنجامەکان کە لەگەڵ قەناعەتی خۆیان بەراورد کرا بە پرسیارکردن و ڕوونکردنەوەی زیاتر، دەرکەوت باوەڕی ناو ناخی بێباوەڕان زۆر لە باوەڕی ناو ناخی ئاییندارەکان دەچێت کاتێك داوای خراپەیەك دەکەن خودا بەسەریان بهێنێت!

ئەنجامەکان ئەو پرسیارە دروست دەکەن کە ئایا ئەم تێکچوونە دەروونیە هی ئەوەیە کە داوا لە خوا دەکەن یان هی ئەوەیە کە داواکە پەیوەستە بە خۆیان یان دایك و باوکیان؟ بۆیە لە بەشی دووەمی تاقیکردنەوەکە تێبینی ئەوە کرا کە داوا کردن لە خودا هەمان هەڵچوون و گۆڕانکاری لای هەردوو کۆمەڵەکە دروست کرد. تەنانەت بێباوەڕەکان ڕەتیان کردەوە کە بە دەنگی بەرز ڕستەکان بخوێننەوە و هەستیان کرد پێویستە هەندێ جار ڕوون کردنەوە بدەن لەسەر ئەو ڕستانەی کە دەیان خوێندەوە و وەك بڵێی جۆرێك لە (خۆزگە نەموتایە)ی تێدا بێت، بە هەمان شێوەی کەسە باوەڕدارەکان. هەروەها هەردوو کۆمەڵەکە وەکو یەك وا بوون لەوەدا کە نەیان دەویست هەندێ ڕستە بخوێننەوە یان تێپەڕبن بە سەریدا.

لە بەشی دووەمی توێژینەوەکە لە جیاتی وشەی (خودا) وشەی (ئاواتە خوازم) دانرا، بینرا هەڵچوون و ئەنجامەکان لەم بارەشدا زیاترن لە وتنی ڕستە ئاساییەکان. ئەم ڕستە گۆڕاوانەش بە هەمان شێوە ڕەنگە دەمارگرژی لای بێباوەڕان دروست بکات. ئەوەی شایانی باسە بێباوەڕان زۆرترین شڵەژانی دەروونیان هەبوو کاتێك ڕستەکانی ڕووەو خودایان دەخوێندەوە زیاتر لەوەی ڕستەی هیواخوازی یان ڕستەی ئاسایی بخوێننەوە. لەوانەیە ئاسایی بێت ئەوە بخەینە ڕوو کە بێباوەڕان متمانەیەکی کەمیان هەیە و بێ جوورئەت ترن بەرامبەر خودا وەك لەوەی تەنها بیر لە ڕووداوی ئازاربەخش بکەنەوە.

ئەوەش دەرکەوت کە بێباوەڕان و باوەڕداران جیاوازن لە باسکردنی خۆیان، کەچی لە کاتی وتنی شتی خراپ بەرامبەر خودا هەدوو لا وەکو یەك شڵەژانی دەروونيی تیایاندا دەرکەوت. ئەم توێژینەوەیە هەمان ئەنجامی توێژینەوەی (لاورین؛ ٢٠١٢، شەریف و نۆرینزایان؛ ٢٠٠٧) هەیە کە تیایدا دەڵێن باوەڕی بێباوەڕان یەکناگرێتەوە لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئاشکرایان، تەنانەت لەگەڵ کاردانەوەیاندا پێك نایەتەوە. بێرینگ (٢٠٠٦ ، ٢٠١٠) ئەوەی خستۆتە ڕوو کە لەوانەیە بێباوەڕەکان قوڵاییەکی تەواوی مەعریفیان نەبێت سەبارەت بە مانای بێباوەڕی، کە ئەمەش لەوەدا دەردەکەوێت باوەڕی ئاشکرای خۆیان جیاوازە لە کاردانەوەی ناو ناخیان کە لە کاتی بەئاگاییدا لێیان دەبینرێت. ڕەنگە بێباوەڕان لەبەرئەوەیان بێت کە وشەی ”خودا” لەلایەن دەوروبەرەوە بەکاردێت و وا تێگەیشتوون کە دەتوانێت هەموو شتێك بکات. هەروەها بەشداربووان هیچ ڕێژە و نمرەیان بەوە نەدا کە خودا هۆکاری هەراسان بوونیان بێت، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی هیچ کات خوا بێ حيکمەت و بچوك و بێ مانا نەبووە بۆ بێباوەڕان، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش ئەم کاریگەریەی لای ئەمان دروست کردووە. لەلایەکی ترەوە، دەگونجێت بێباوەڕان لە ئێستادا باوەڕیان بە خوا نەبێت، بەڵام لەوانەیە کاریگەريی باوەڕی پێش وەختیان لەسەر بێت و تا ئێستا مابێتەوە. هانسبێرگەر و ئەڵتیمەیەر (٢٠٠٦) ڕووپێوی ئەوەیان کردووە کە ٧١-٧٦% بێباوەڕان ماوەیەك لە ژیانیان باوەڕیان بە خودا هەبووە.

پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت و بە سەرجەم بەشداربووان بوترێت کە نابێت هیچ ڕستەیەك بپەڕێنن و هەندێك ڕستەی تر زیاد بکرێت سەبارەت بە ئەوانەی کە لە داهاتوودا ڕوودەدەن، بۆ نموونە؛ من دڵنیام کە کەس هیچ کات تەعەددا لە هاوڕێکەم ناکات. هەروەها چەند ڕستیەکی تریش.

دەکرێت ئەنجام لەوەدا پوخت بکەینەوە کە بێباوەڕەکان بۆیان قورس و پڕ زەحمەتییە کە جورئەت بکەن داوا بکەن خودا کە کارەساتی خراپ بەسەر خۆیان و خۆشەویستانیان بهێنێت. ئەنجامەکان بە تەواوی ئەوە دەدەن بەدەستەوە کە باوەڕی ئاشکرای بێباوەڕان لەگەڵ کاریگەری و هەڵوەستە کردن کە خوای تێدا بێت پێچەوانەهاوتای یەکترن.

(( وجحدو بها واستیقنتها أنفسهم… النمل؛١٤))

تەفسیری نامی: (( فیرعەون و کۆمەڵەکەی ئینکاری پێغەمبەرایەتییەکەی مووسایان کرد هەرچەند بە دڵ ئەیانزانی ڕاستە پێغەمبەرە، بەڵام بە خۆبەزلزانین و ستەمکارییان سەرپێچییان لێ کرد، جا سەیرکە سەرئەنجامی ئەو خراپکارانە چۆن بوو چیمان بەسەرهێنان)).

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top