نهێنییهكانی هێزی سوپاسگوزاریی- بهشی دووهم –
نهێنییهكانی هێزی سوپاسگوزاریی- بهشی دووهم نووسينى: عبد الدائم الكحیل وهرگێڕانی: بهرزان ئهبوبكر زۆربەی گرفتە خێزانییەكان كە كۆتاییەكەی بە جیابوونەوە دێت، هۆكار گەلێكی زۆر سادەو ساكار لە پشتییەوەیەتی، توێژەروان دەڵێن: ژیانی هاوسەرداریت بەختەوەرو خۆشبەخت دەبێت تەنها بە پیادەكردنی دەربڕینی سوپاسی خێزان بۆ هاوسەرەكەی، تا هەست بە ئەمەكو وەفاداریو پێزانینت بكات.. لە لێكۆڵینەوەیەكی نوێدا پڕۆفیسۆر (Toddkashadn) لە زانكۆی(George Mason) جەختدەكاتەوەو دەڵێت: ئەو ئافرەتانەی سوپاسی هاوسەرەكانیان دەكەن، زۆر بەختەوەرنو تەمەنێكی دوورودرێژ پێكەوە ژیان دەگوزەرێنن. هەمان لێكۆڵینەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئافرەتان توانای زیاتریان هەیە لەسەر دەربڕینی هەستەكانیان بەرامبەر بە هاوسەرەكانیان، هەروەها شارەزاییو توانای باشیان هەیە لە دەربڕینی هەستو سۆزو پێزانینی خۆیان بەرامبەر بە هاوسەرەكانیان. ئەو لێكۆڵینەوەیە لە گۆڤاری كەسایەتی (Personality) بڵاوی كردووەتەوە دەڵێت: ئافرەت دەتوانێت بە ئاسوودەییو ئارامی ژیان بگوزەرێنێت، تەنها بە پێشكەشكردنی سوپاسو پێزانینی خۆی بۆ هاوسەرەكەی. پاكوبێگەردی بۆ خودا، پێغەمبەری ئازیز (صلی اللە علیە وسلم) ئەم فەرمانەی فەرامۆش نەكردووە، بەڵكو پێش (1400)ساڵ، لەمەوبەر ئاگاداری كردووینەتەوە، پێغەمبەری ئازیز (صلی اللە علیە وسلم)سوپاسكردنی خێزانی بۆ هاوسەرەكەی بە پەرستنی خوای گەورە داناوە، خوای گەورە سەیری ئافرەتێك ناكات كە نكوڵی لە كاری جوان دەكات، هەروەكو پێغەمبەری ئازیز (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرمووێت: (لا ينظر الله إلى امرأة لا تشكر لزوجها وهي لا تستغني عنه) [السلسله الصحیحه الالبانی]. واته: (خوای گەورە سەیری ئافرەتێك ناكات كە سوپاسی هاوسەرەكەی ناكات، له کاتێکدا هەمیشە پێویستی بە هاوسهرهکهیهتی).. بیهێنە پێش چاوی خۆت، چەند وشەیەكی ئاسان كە ڕۆژانە پێشكەشی خێزانەكەتی دەكەیت، هەست بە نرخی كارو ماندووبوونی دەكەیت، ڕێزی هەوڵەكانی دەگریت لە نێوماڵدا، لە پەروەردەكردنی منداڵەكانتدا، ئەم وشانە دەبنە هۆكارێك لە چارەسەری زۆربەی گرفتەكان، بە دەستهێنانی زۆرێك لە بەختەوەری، ئەوەش تەنها هێزی سوپاسكردنە. سوپاسكردن بەشێكە لە پەرستنی خوای گەورە.. ئیسلام سوپاسكردنی كردووە بە بەشێك لە پەرستنی خوای گەورە، هەروەكو دەفەرمووێت: (فَكُلُوا مِمَّا رَزَقَكُمُ اللَّهُ حَلَالًا طَيِّبًا وَاشْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ إِنْ كُنْتُمْ إِيَّاهُ تَعْبُدُونَ) [النحل: 114]. واتە: ئەی باوەڕداران بخۆن لەو ڕزقو ڕۆزییە حەڵاڵو پاكەی خودا پێی بەخشیوون، هەمیشە شوكرو سوپاسی نازونیعمەتی خودا بكەن، ئەگەر ئێوە تەنها ئەو زاتە دەپەرستن. لە ڕاستیدا ئەمە ئایەتێكی زۆر گەورەیە، كە دەبێتە هۆكاری بەختەوەریو سەركەوتنت، لەبەرئەوە خوای گەورە نەخشەی ڕێگەی خێروچاكەت بۆ دەكێشێت، هۆكارەكانی سەركەوتنت بۆ ئامادە دەكات، بەڵام پێویستە هەموو ساتێك بیری بكەیتەوەو سوپاسی خوای گەورە بكەیت، لەسەر ئەو نیعمەتو بەهرانەی هەتا ئەوەی دەتەوێت، خوای گەورە پێت ببەخشێت.. بۆئەوەی وردبینەوە لەم ئایەتە كە وێنای حاڵی باوەڕدارمان بۆ دەكات، لە ڕۆژی قیامەتدا: (وَقَالُوا الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي هَدَانَا لِهَذَا وَمَا كُنَّا لِنَهْتَدِيَ لَوْلَا أَنْ هَدَانَا اللَّهُ) [اڵاعراف: 43]. واتە: (هەمووان بە یەك دەنگو ئاواز) دەڵێن: سوپاسو ستایش بۆ ئەو خودایەی كە هیدایەتو ڕێنموونی كردین بۆ ئەم جێگەو ڕێگە خۆشە، ئەگەر ئەو خودایە هیدایەتو ڕێنموونی نەكردینایە، هەرگیز ڕێگای هیدایەتمان نەدەزانیو ئەم پاداشتەمان وەرنەدەگرت.. كۆتا بانگەواز بۆباوەڕدار لە ڕۆژی قیامەتدا بریتییە لە سوپاسو ستایشكردنی خوای گەورە: دَعْوَاهُمْ فِيهَا سُبْحَانَكَ اللَّهُمَّ وَتَحِيَّتُهُمْ فِيهَا سَلَامٌ وَآَخِرُ دَعْوَاهُمْ أَنِ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ) [یونس: 10]. واتە: دوعاو نزاو پاڕانەوەیان(لە بەهەشتدا ئەمەیە): پەروەردگارا، پاكیو بێگەردیو ستایش شایستەی تۆیە، ئەی خوای میهرەبان، چاكو چۆنیشیان لەوێدا سڵاو كردنە، دواهەمین گوفتاریش دوای هەموو نازو نیعمەتێك، دوای هەموو بەخششێك، ئەوەیە كە: پڕ بە دڵ، لە ناخی دەروونیانەوە بە سۆزەوە دەڵێن: (الحمدلله رب العالمین). ئارامگرتنو سوپاسكردن: شارەزاو پسپۆڕانی ئەمڕۆ ئامۆژگاریمان دەكەن بە سوپساكردن بۆ چارەسەری نەخۆشییەكان، توێژەوان جەخت دەكەنەوە، بوونی تواناو هێزی چاكبوونەوە لە پێزانینو سوپاسكردندا، دەتوانێت بە هۆیەوە چارەسەری نەخۆشییە گرانەكان بكرێت، ئەگەر سوپاسكردن لە ئارامگرتن نزیكبووەوە، دەبێتە چارەسەرێكی زۆرباش بۆ زۆرێك لە نەخۆشییەكان، لەبەرئەوەی كۆئەندامی بەرگری چاك دەبێتو توانای بەهێز دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكان. پاكوبێگەردی بۆ خوای گەورە، لەگەڵ مندا لەم ئایەتە پیرۆزە بیربكەرەوە: (إنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِكُلِّ صَبَّارٍ شَكُورٍ) [الشوری: 33]. واتە: بەڕاستی ئا لەو تواناو دەسەڵاتەدا، بەڵگەو نیشانەی زۆر هەن، بۆ هەر كەسێك كە زۆر خۆگرو سوپاسگوزارە. خوای گەورە بەراورد دەكات لە نێوان ئارامگرتنو سوپاكردندا: بیرمان نەچێت كە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) جەخت دەكاتەوە كە كاروباری باوەڕدار زۆر سەرسوڕهێنەرە، كاتێك تووشی زیان دەبێت، ئارام دەگرێت، كاتێكیش دووچاری چاكەو خۆشییەك بوو، سوپاسی خودا دەكات، هەموو كارەكانی خێرو چاكەیە. پێغەمبەران (سەلامی خوایان لیبێت)، پەرستشی سوپاسكردنیان پیادە كردووە: ئەوە پێغەمبەر سولەیمان (سەلامی خودای لێبێت)، سوپاسی خودای گەورە دەكاتو قەدری نیعمەتەكانی خوای گەورەی گرتووە، خوای گەورە لەسەر زاری سولەیمانەوە دەفەرمووێت: (قَالَ هَذَا مِنْ فَضْلِ رَبِّي لِيَبْلُوَنِي أَأَشْكُرُ أَمْ أَكْفُرُ وَمَنْ شَكَرَ فَإِنَّمَا يَشْكُرُ لِنَفْسِهِ وَمَنْ كَفَرَ فَإِنَّ رَبِّي غَنِيٌّ كَرِيمٌ) [النمل: 40]. واتە: (سولەیمان -سەلامی خودای لێبێت-) وتی:ئەمە لە فەزڵو بەخششەكانی پەروەردگارمە بۆ ئەوەی تاقیم بكاتەوە، كە ئایا سوپساگوزار دەبم، یان ناشكورو بەدنمەك، جا ئەوەی سوپسگوزار بێت، ئەوە بەڕاستی سوپاسگوزارە بۆ خۆی، ئەوەش كە سپڵەیە، ئەوە بێگومان پەروەردگارم دەوڵەمەندو بێ نیازە، خاوەنی بەخششە بۆ هەمووان. هەروەها پێشەوا لوقمان (سەلامی خودای لێبێت) سوپاسی خوای گەورەی كردووە، لە كاتێكدا خوای گەورە فێری حیكمەتو دانایی كردووە، یەكەمین یاساو بنەمای حیكمەتو دانایی بریتییە لە سوپاسكردنی خودای گەورە، خوای گەورە دەفەرمووێت: وَلَقَدْ آَتَيْنَا لُقْمَانَ الْحِكْمَةَ أَنِ اشْكُرْ لِلَّهِ وَمَنْ يَشْكُرْ فَإِنَّمَا يَشْكُرُ لِنَفْسِهِ وَمَنْ كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ حَمِيدٌ) [لقمان: 12]. واتە: سوێند بە خوا ئێمە حیكمەتو داناییمان بە لوقمان بەخشی، فەرمانمان پێداو (پێمان وت): شوكرانە بژێرو سوپاسگوزاری خودا بكە، ئەوەی سوپاسگوزار بێت ئەوە قازانجو سوودی سوپاسگوزارییەكەی هەر بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوەش سوپاسی خوی گەورەی نەكرد، ئەوە بێگومان خودا بێ نیازەو سوپاسكراوە. (پێویستی بە سوپاسی كەس نییە). وەكو ئەوەی خوای گەورە بیەوێت ئاماژەیەكی بەهێزمان پێ ببەخشێت سەبارەت بە گرنگی(سوپاسكردن)، هەروەهاسوپاسكردن بەشێكە لە حیكمەتو دانایی، بەڵكو خودی حیكمەتیشە خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَقَدْ آَتَيْنَا لُقْمَانَ الْحِكْمَةَ أَنِ اشْكُرْ لِلَّهِ… خوای گەورە لە بەرامبەر پێغەمبەر (نوح)دا سەلامی خودای لێبێت، دەفەرمووێت: (ذُرِّيَّةَ مَنْ حَمَلْنَا مَعَ نُوحٍ إِنَّهُ كَانَ عَبْدًا شَكُورًا) [الإسراء: 3].. واتە: (ئەمانەو خەڵكی تریش)، نەوەی ئەو كەسانەن كە (لە كەشتییەكەدا) لەگەڵ نوح دا (سەلامی خوای لێبێت) هەڵمان گرتن، (تا سوپاسگوزار بنو قەدری نازونیعمەتەكان بزانن)، چونكە بە ڕاستی (نوح) بەندەیەكی زۆر سوپاسگوزار بوو. بڕوانە چۆن قورئانی پیرۆز جەخت لەسەر سوپاسكردن دەكاتەوەو كردوویەتی بە یەكێك لە سیفاتی پێغەمبەران سەلامی خودایان لێبێت، بۆئەوەی شوێنیان بكەوینو بیانكەینە سەرمەشقی ژیانمان، ئەمەش بریتییە لە سەركەوتنی ڕاستەقینە، سەركەوتن بریتی نییە لە بەدەستهێنانی سەروەتو سامان. سوپاسكردنی دایكو باوك: سەرەتا سوپاسكردنی خوای گەورە، پاشان سوپاسكردنی دایكو باوك، خوای گەورە دەفەرمووێت: وَوَصَّيْنَا الْإِنْسَانَ بِوَالِدَيْهِ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَى وَهْنٍ وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِيرُ) [لقمان: 14]. واتە: (خوای گەورە ئامۆژگاریمان دەكاتو دەفەرمووێت): ئێمە فەرمانمان داوە بە ئادەمیزاد كە لەگەڵ دایكوباوكیدا چاك ڕەفتار بكات، دایكی بە ئێشو ئازارو بێتاقەتییەكی زۆرەوە (بە پێستی سكی نۆ مانگ)، هەڵی گرتووە، بڕینەوەشی لە شیر لە دوای دوو ساڵە، هەروەها فەرمانمان پێدا، كە ئەی مرۆڤ سوپاسگوزاری منیشو دایكو باوكیشت بە، دڵنیابن كە گەڕانەوەتان هەر بۆ لای منە. لەگەڵ مندا لەم فەرمانە خوداییە بیربكەرەوە، (أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ)، لەبەرئەوەی كاتێك مرۆڤ ڕێزی دایكو باوكی نازانێت، هەست بە هەستو سۆزیان ناكات، ناتوانێت سوپاسی خەڵكی بكات، هەروەها ناتوانێت سوپاسی خوای گەورەش بكات، سوپاسكردن تەنها نەریتێك نییە پیادەی بكەیت، بەڵكو بریتییە لە پەرستنی خودای گەورە، هاوەڵی هەموو كردارەكانتە، زۆربەی سەركەوتووانو داهێنەران كارەكانیان هاوڕێك بوون بە سوپاسكردنی خوای گەورە، ئەمەش ئەوەیە كە خوای گەورە فەرمانی پێ كردووین، بۆ نموونە: خوای گەورە فەرمان بە ئالی داود دەكات بە سوپاسكردن لە كاتی كاركردندا، وەك دەفەرمووێت: (اعْمَلُوا آَلَ دَاوُودَ شُكْرًا وَقَلِيلٌ مِنْ عِبَادِيَ الشَّكُورُ) [سبأ:13]. واتە: (پێمان وتن): ئەی نەوەو شوێنكەوتووانی داود (سەلامی خوای لێبێت) ئێوە بە كردارو گوفتار سوپاسگوزار بن، (چاكە لەگەڵ خەڵكیدا بكەن)، هەرچەندە ژمارەیەكی كەم لە بەندەكانم سوپاسگوزارن. كاركردن بریتییە لە جۆرێك لە جۆرەكانی سوپاسكردن. زانایان وا دەڕواننە سوپاسكردن كە ئاسانترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە هیواو ئاواتەكان، تۆ بە سوپاسكردن دەتوانیت سەرنجی كەسانی تر بۆ لای خۆت ڕابكێشیتو متمانەیان بە دەست بهێنیت، نامەیەك بگەیەنیت بە ژیری ناوەكیان كە ڕێزو دڵسۆزیو سۆزت بۆ دەرببڕن، لە ئەنجامدا دەتوانیت بەرهەمێك لە دەورت كۆبكەیتەوەو هانیان بدەیت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵتدا، هەروەها دەتوانیت پەیوەندی سەركەوتووی زیاتر بە دەست بهێنیت، بە دەستهێنانی كار بە خێراییو دڵسۆزییەوە. سوپاسكردن لە لەناوچوون دەتپارێزێت: ئەو كەسەی سوپاسی خودا دەكات، لە هەڵوێسەتە سەختەكان ڕزگاری دەبێت، هەروەكو پێغەمبەر لوگ (سەلامی خودای لێبێت) بە هۆی سوپاسكردنی بۆ خوای گەورەوە، خوای گەورە لە سزا ڕزگاری كرد، لە كاتێكدا گەلەكەی لە ناوبرد، وەكو خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّا أَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ حَاصِبًا إِلَّا آَلَ لُوطٍ نَجَّيْنَاهُمْ بِسَحَرٍ * نِعْمَةً مِنْ عِنْدِنَا كَذَلِكَ نَجْزِي مَنْ شَكَرَ) [القمر: 34-35]. واتە: بێگومان ئێمە ئەوانیشمان بەردباران كرد (هەروەها ژێرەو ژووریش كران)، جگە لە (لوط) و خاووخێزانی باوەڕداری كە لە بەرەبەیاندا ڕزگارمان كردن/ ئەو ڕزگار كردنە نازونیعمەتێكی تایبەتی بوو، لە لایەن ئێمەوە، جا هەر ئاوا پاداشتی كەسێك دەدەینەوە كە سوپاسگوزاری كردبێت. لەگەڵ من لەم دەستەواژەیە وردبەرەوە: (كَذَلِكَ نَجْزِي مَنْ شَكَرَ)، ئەگەر خەموپەژارە چواردەوری داویت، كێشەو گرفتەكان لە هەموو لایەكەوە دەوری داویت، لە هەمان كاتدا چارەسەرێكی ئاسانو خۆڕاییت دەوێت:كەواتە ستایشی خوای گەورە بكەو زۆر سوپاسی بكە، هەروەها هەوڵ بدە كارێكی بە سوود پێشكەشی كەسانی دەوروبەرت بكەیت، بە تایبەت كەسە نزیكەكانتو كەسوكارتو دراوسێكاانت، سوپاسكردن نهێنییەكە كەس نایزانێت، تەنها ئەو كەسە نەبێت كە بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەیدا پیادەی دەكات! سوپاسكردن بە گوفتارو كردار دەبێت، لە ڕێگەی سوپاسكردنەوە هەموو ڕۆژێك پەیوەندییەكی سەركەوتوو بە دەست دەهێنیت، كاتێك تۆ دەست درێژ دەكەیت، بۆ كەسانی دی، لەگەڵ سوپاسكردنو زەردەخەنەیەك، ئەگەر ئەم سێ شتە كۆبووەوە، یارمەتیت دەدات بۆ بە دەستهێنانی متمانەی كەسانی دی، بە دەستهێنانی خۆشەویستیان، دەستەبەركردنی هاوكاریو یارمەتیدانیان بۆ ئەو شتەی پێویستت پێیەتی، لەبەرئەوە سوپاسكردن (هێزی ڕاكێشانە) بە تایبەت ڕاكێشانی كەسانی تر، پەیامێكی پۆزەتیفیان پێ دەگەیەنیت، كە پەیوەندییەكی پاكو دروست دەكات لەگەڵیاندا، ئەمەش ڕەنگ دەداتەوە لەسەر كەسایەتیتو زیادكردنی تواناكانت لە چارەسەری گرفتو ناڕەحەتییەكان. چۆن سوپاسی خوای گەورە بكەین؟ سوپاسكردنی خوای گەورە، پێویستە بە گوفتارو كردار بێت، سوپاسكردن بە یادی خوای گەورە لە هەموو حاڵەتێكدا، لە هەموو چركەیەكدا، بە سوپاسكردنو دەربڕینی پاكوبێگەردی بۆ خودای گەورە، (الحمدللە، سبحان الله، أللەأكبر)، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) لە دوای هەموو نوێژێكەوە 33 جار سوپاسی خودای گەورەی كردووە، هەروەها بە كردەوە سوپاسی خوای گەورەی كردووە، بۆ نموونە خوای گەورە گەلێك بەهرەی پێ بەخشیوویت، وەكو بەهرەی بینین، چۆن لەسەر نیعمەتی چاوەكانت سوپاسی دەكەیت؟ گەر دەتەوێت سوپاسی خودا بكەیت لەسەر نیعمەتی بینین ئەوا لە توڕەبوونی خوای گەورەدا بە كاری مەهێنە، بە چاوەكانت مەڕوانە بۆ ئەو شتەی خودا حەرامی كردووە! هەروەها خوای گەورە نیعمەتی ژیری پێبەخشیویت، چۆن لەسەر ئەم نیعمەتە بەرزو بێ وێنەیە سوپاسی خودا دەكەیت؟ هیچ كات بە ژیریت بیر لە سەرپێچیو یاخیبوونو تاوان، یان ئازاردانی خەڵكی، مەكەرەوە، بەڵكو هەموو بیركردنەوەكانت با بریتی بێت لە هاریكاریكردنی كەسانی دەوروبەرت، خێرو چاكە پێشەكەشی ئەوانو خۆت بكە. هەر بەو شێوەیە بۆ هەموو ئەو نیعمەتانەی كە خوای گەورە پێی بەخشیوویت، پێویستە سوپاسی خوای گەورەیان پێ بكەیت، بە تایبەت نیعمەتی ماڵو سامان، كە كەسانێكی زۆر هەن سوپاسی خوای گەورەی لەسەر ناكەن، خۆشەویستانم دڵنیابن ئەو ماڵو سامانە هی تۆ نییە، بەڵكو موڵكی خوای گەورەیەو بە ئەمانەت بە تۆی بەخشیووەو خستوویەتییە بەردەستی تۆ، سوپاسكردنی ماڵو سامان تەنها بە دەربڕینی وشەی (الحمدلله) تەواو نابێت، بەڵكو بە شوێن ئەم وتە پیرۆەزەدا دەبێت لێی ببەخشیت، بەو كەسەی پێویستی بەو ماڵو سامانەی تۆ هەیە، خێرو بەخشین كاریگەرییەكی گەورەو بەهێزی هەیە، لە داهێنانو سەركەوتن، هەروەكو زۆرێك لە شارەزایانی ئەو بوارە جەختی لەسەر دەكەنەوە مۆخی ئەو مرۆڤەی سوپاسی خەڵكی دەكات، زۆر چالاكدەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە كەسێكی گەشبینو لە خەمۆكی دوور دەكەوێتەوە، لەو نێوەندەدا دەبینین ئەو مۆخە خەماوییەی سوپاسكردن پیادە ناكات، دەبێتە هۆی هەستكردن بە پێزانینو پیادەكردنی سوپاسكردن، بۆ دەرچوونی ماددەی كیمیاوی لە لەشدا، وەكو ماددەی (Dopamine) هەروەها مادەی (Serotonin) ئەم مادانە وەكو شێوەیەكی سروشتی لە كاتی بەختەوەریدا دەردەچن. دەردانی هۆرمۆنی ماندووبوون (Cortisol)، هەروەها دەبێتە هۆی پاراستنی دڵ، لە جەڵتەی دڵو نەخۆشی ملوولەكانی دڵ، بە پێی (Professor RobertA. Emmons). لە كۆتاییدا دەڵێین: ئێمە هەموو ڕۆژێك سوپاسی خوای گەورە دەكەین، بۆ وەڵامدانەوەی بانگەوازی ڕاستەقینەی خودای گەورە، هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی فەرمانی پێغەمبەری ئازیز (صلی الله علیە وسلم)، سوپاسكردن بەشێكە لە بیروباوەڕمان، پرۆگرمێكی گرنگە لە ژینماندا دەیگرینە بەر، بەڵام ڕۆژئاوا هێزو كاریگەری سوپاسكردنی دۆزیوەتەوە، دوای چەندین ئەزموونو گیرۆدە بوون، ئەگەر ئەوان یاساو ڕێساكانی ئیسلامیان بخوێندایەو سوودیان لێ وەربگرتایە، ئەوا تووشی ئەو هەموو ماندووبوونیو هیلاكییە نەدەبوون. خوێنەری ئازیز: پیادەكردنی سوپاسكردن، دەرمانێكی خۆڕاییە، بۆ چارەسەری نەخۆشیو كێشەو گرفتە دەروونییەكانت، تۆ هیچ دەرمانێك ناكڕیت، هیچ پارەیەك خەرجناكەیت، خۆت ماندوو ناكەیت بە پیادەكردنی وەرزش، یان بە دانانی بەرنامەیەكی خۆراكی، تەنها سوپاسكردن پیادە بكە، ئەو كات چێژ لە باشترین تەندروستی وەردەگریت. لە ڕاستیدا ئەو شتانەی لەم توێژنەوەیەدا دەیانبینین، جەخت دەكهنهوه لەسەر ڕاستیو دروستی یاساكانی ئەم ئیسلامە پیرۆزە، نەك وەكو ئەوەی هەندێك لە بە گومانەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، ئیسلام لە ئێمەی دەوێت كە سوپاسی خوای گەورە بكەین، هەروەها سوپاسی یەكتری بكەین، هەروەها داوامان لێدەكات دادپەروەریو ئاشیو خۆشەویستی لە تەواوی زەویدا بڵاوبكەینەوە، ئایا لەگەڵ مندا پەسەندی دەكەن ئەم یاسایانە شاكارن، كەواتە با لەم ساتەوە دەست پێبكەین بە پیادەكردنی سوپاسو سوود وەرگرتن لەو هێزو توانا شاكارە!! |
|||||||