ئێمە چۆن لە ئیعجاز دەڕوانین؟

72 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

ئێمە چۆن لە ئیعجاز دەڕوانین؟

ن: د. دارا گوڵ حامید
daragull@hotmail.com


زۆر جاران وا دێتە بەرچاو و ڕەخنەی ئەوەش لە ئیعجازخوازان لەلایەن یار و نەیارەوە –بەتایبەتی- دەگیرێت، كە گوایا مە ئیعجاز بەكۆتا پلەی لێكدانەوە و دوایین ڕاڤەی ئایەتێك یان فەرموودەیەك دەزانین و قوفڵی كۆتا و مۆری دوواهەمین لە كلیلی بۆچوون و لێكدانەوەی تر دەدەین و، نەك ئەوەش، واشی بۆ دەچین كە ئەوی ئەو ڕایەی مەی نەبێت نەیپێكاوە و لێی تێكچووە.
بەڵان ئێمە وانین!؟
بەكورتی نا ئێمە هەرگیز وانین، بەڵام چۆن؟
ئێمەی ئیعجازخوازان یا ڕاڤەكارانی زانستی بەگشتی و ناوەندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی بەتایبەت* پێمان وایە هیچ ڕاڤەیەك –بەزانستی و غەیری زانستییەوە-ناتوانێت پلەی كۆتا ڕاڤە و دوا لێكدانەوە وەربگرێت، مەگەر ڕاڤەی ئایەتێك یان وشەیەكی قورئان لەلایەن پیغەمبەرەوە –صلی الله علیە وسلم- یان هاوەڵێكی بەڕێزەوە بەئاگاداری پێغەمبەر –صلی الله علیە وسلم-.
ئەوەش لەبەر دوو هۆ:
یەكەم: ڕەنگە ڕاڤەی هەر ئایەتێك، تەواو و ڕاست بێت و پێكابێتی، بەڵام ئیمكانی ڕاڤە و لێكدانەوەی تر بۆ هەمان ئایەت هەر دەمێنێت، واتە ئایەتێك دەشێت لە یەك یا دوو ڕاڤە زیاتر بكرێت و هەردووك یان زیاتریشیان ڕاست بن.
دووەم: ڕاڤە واتە لێكدانەوە و شیكردنەوە و دەرخستنی مەبەستی ئایەتێك لەبەر ڕۆشنایی و لە چوارچێوەی ئەو مەرج و ڕێسایانەدا كە زانایانی پسپۆڕ لەسەری كۆكن.
ئەمەش واتە لێكدانەوەی مرۆڤ بۆ دەقێكی پیرۆزی خودایی و لێرەشەوەیە كە هەرگیز ناكارێ‌ بگوترێت لێكدانەوە مرۆڤانەكان، بەتەواوی گەیشتوونەتە مەبەستی دەقە خوداییەكانیان و ئەو مەبەستانەی ئەو دەقانە گەرەكیانە، كەشفیان كردوون و شوێن بۆ ڕاڤە و لێكدانەوەی دی نەماوە، چونكە گەر مەبەستی دەق تەواو ئاشكرا كرا ئیدی لێكدانەوە كاری بەوەفەری چی دەمێنێت؟
ئەمەش دەمانباتەوە بۆ خاڵێكی تر كە وەڵامێكیشی بۆ وانەی وای بۆ دەچن ئێمە ئیعجازی زانستی بەكۆتا لێكدانەوە دابنێین و، دەقەكە وەك چاوە و كانگایەكی خودایی، لە ڕاڤە وشك و بێ‌ ئاو بكەین.
ئەو خاڵەش بریتییە لەوەی ئێمە قورئان بەتایبەت و ئینجا فەرموودەی درووستی پێغەمبەر –صلی الله علیە وسلم- بەدەقانێكی پیرۆز دەزانین و هەرگیز –بەتایبەت قورئان- بۆ ڕاڤەكردنی زانستی لە پیرۆزی و ئامانجی خۆی بەتاڵ ناكەینەوە.
واتە ئێمە قورئان بەدەقی خودایی پیرۆز دەزانین، هەر ڕاڤە و ئیعجازێكیش تیایدا، دەخەینە خانەی لێكدانەوەی مرۆیی بۆ دەقێكی خودایی و، چەندە لامان یەقین بێت ئەم ڕاڤە زانستییە تەواو ویستی ئایەتەكەی دەرخستووە، هێشتا هەر ئەگەری هەڵە لەو ڕاڤەیەدا دەمێنێت لەلایەك، چونكە ئێمە مرۆڤین و ناتوانین پەی بەتەواوی ویست و عیلمی خودای گەورە لەو ئایەتانەدا ببەین و تەنێ‌ خۆی –جل جلالە- ئەو توانایەی هەیە.
لەلایەكی ترەوە وەك لە پێشدا گوتمان ئەگەر ڕاڤە زانستییەكە ڕاستیش بێت ئەوا ئەگەری ڕاستێتی ڕووی تری هەمان ئایەت هەر دەمێنێت و بەتێگەیشتنی ئێمە لە –ژكری حەكیم- ئەگەرێكی تەواو بەهێزە.
كەواتە ئەوانەی دژی ڕاڤەی زانستی یا ئیعجازی زانستی قورئانن بەو بیانوانەی لە پێشدا باسكران دەوەستنەوە، گەر وابێت كە وان بۆی چوون، ئەوا ئێمەش بەهەمان شێوەی وان دژینی و پێمان وایە تاڕادەیەك لە كارخستنی ئایەتە پیرۆزەكانی قورئانە وەك سەرچاوەی تەشریع و بەبێ‌ ئاگایی كردنی هەڵەیەكە كە خۆی لە دەسوەردانی زانستی خوای گەورەدا –جل جلالە- دەبینێتەوە.
بەڵام بەكورتی:
1- ئێمە قورئان بەسەرچاوەی یەكەمی تەشریعی ئیسلامی دەزانین و، هەر ڕاڤە و دەرخستنی ڕوویەكی ئیعجازیش تێیدا دەخەینە خزمەتی ناساندنی ئەو كتێبە وەك كتێبی هیدایەتی و قوتاركردن لە دنیا و قیامەتدا.
2- ڕاڤەی زانستی و ئیعجازی زانستیش وەك ڕاڤە و لێكۆڵینەوەیەكی پیرۆز دانانێین و بەكۆتا لێكدانەوە و شیكردنەوەی هەژمار ناكەین، تەنانەت گەر وەك زانستیش پلەی یەقینی لای ئێمە وەرگرتبێت ئەوا:
أ – ئەو زانستە لای ئێمەی مرۆڤ پلەی یەقینی وەرگرتووە و ڕەنگە لە داهاتوودا هەڵەی بسەلمێنرێت و، ئەو یەقینە ڕەنگە بەرگەی –وما أوتیتم من العلم الا قلیلا– بەتێپەڕ بوونی كات نەگرێت و ببێتە ئەگەر و لێكدانەوە.
ب – ئەگەر هەر ڕاستیش مایەوە ئەوا وەك وتمان هەمان ئایەت توانای هەڵگرتنی ڕووی زانستی تریشی هەیە.
3- گەر هەندێك نەیار وای بۆچوون كە ئێمەی مسوڵمان زانست بەتەرازووی پێوانی ڕاستێتی و مەحەكی بەحەق دەرچوونی قورئان دەزانین، واتە ڕاستێتی قورئان بەزانست دەپێوین، یا قورئان دەكەینە كتێبێكی زانستی وەك فیزیا و زیندەوەرزانی و… تاد، ئەوا بەهەڵەدا چوون، وەك ئەو بەهەڵەدا چوونەی كە قورئان بكرێتە كتێبێكی زمانەوانی و ئەدەبی چونكە ترۆپكی ڕەوانبێژی و چڵەپۆپەی بەلاغەی عەرەبییە.
بەڵكو مە بە ڕاڤەی زانستی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز، بەیارانی نیشان دەدەین كە دڵتان دامەزراو تر بێت و چەسپاو تر بن لە باوەڕ بوون پێی و بەو بەڵێنانەش كە لە دنیا و دواڕۆژدا بەكافر و ئیمانداریش دراوە، چونكە زیاتر دەبینن كە خاوەنی هەردووك قورئان و وجود یەكە.
هەروا بەنەیارانیش دەسەلمێنین كە گەر تەمای ململانێ‌ و بەكەم و كۆنگرتنی ئەم قورئانەی ئێمەتانە، ئەوا زۆر بەهەڵەدا چوون، جا تا زووە بۆ ئاسوودەبوونی خۆتان لە دنیا و قیامەتدا، باوەڕ بە خاوەنەكەی و ناوەڕۆكەكەی بێنن و واز لە ڕێچكان بێنن و وەرنە سەر شا ڕێگا –الصراگ المستقیم- وەك هەندێك بەهۆی بینینی ئیعجازی زانستییەوە كردیان، یا خۆتان بۆ دۆڕاندنێكی مسۆگەر و ملشكانێكی بێ‌ چەن و چوون ئامادە بكەن، چونكە دڵنیا بن قۆچی خۆیان لە شاخان دەدەن و بەری خۆر بەبێژنگان دەگرن، چونكە خۆتان باش دەزانن و دەبینن كە قورئان و فەرموودەی درووستی پێغەمبەری خودا بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەرانە دەگەڵ تەواوی مەصڵەحەت و ڕەوتی زانستی و ژیریی و ژیاری مرۆدا تەبایە و بەجۆرێكی موعجیزە ئاسا مرۆ دەحەوێنێتەوە و پڕپڕن لە ئاماژە و ڕاستی زانستی كە ناكرێن بەبێ‌ چارەیەكی خودایی، ئەوان ئاماژە و وەسفە زانستییانە لە كتێبێكی پێش 1430 ساڵەدا هەبێت!!!

* من زیاتر بۆم هەیە بەناوی ناوەندی خۆوە قسە بكەم و، باشتر لە بۆچوونی ئەندامان و نووسەرانی تێدەگەم، كە سیاسەتی ناوەندیشە.

Share Button

72 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top