You Are Here: Home » بابەتەكانمان » هەنگ

هەنگ

خوای باڵا دەست لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت:

وَأَوْحَىٰ رَبُّكَ إِلَى النَّحْلِ أَنِ اتَّخِذِي مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا وَمِنَ الشَّجَرِ وَمِمَّا يَعْرِشُونَ ﴿٦٨ ثُمَّ كُلِي مِن كُلِّ الثَّمَرَاتِ فَاسْلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلًا ۚيَخْرُجُ مِن بُطُونِهَا شَرَابٌ مُّخْتَلِفٌ أَلْوَانُهُ فِيهِ شِفَاءٌ لِّلنَّاسِ ۗ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَةً لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ﴿٦٩النحل.
واتە: (پەروەردگاری تۆ (ئەی ئینسان) نیگا و ئیلهامی كردووه بۆ هەنگ كه جێگه بۆ خۆی ساز بكات له كون و كەلێنی چیاكاندا، هەروەها له كەلەبەری درەختەكان و لەو شوێنانەش كه ئادەمیزاد بۆی ئاماده دەكات. لەوەودوا (فێرمان كردووه كە) له هەموو بەرو بووم و (شیلەی گوڵان و شتی بەسوود) بخوات و پێمان ڕاگەیاندووە: ئەو نەخشانەی كه پەروەردگارت بۆی كێشاویت به ملكەچیەوه ئەنجامی بدە، (له دروست كردنی شانەو مژینی شیلە و دروستكردنی هەنگوین و پوورەدان بەدەوری شازدا و بەخێوكردنی گەراكان… هتد)، جا لەناو سكی ئەو هەنگانەوه شلەیەكی ڕەنگ جیاواز دێته دەرەوه كه شیفای تیادایه بۆ (زۆر نەخۆشی) خەڵكی (سەرەڕای تامی شیرین و خۆشی)، بە ڕاستی ئا لەمەشدا بەڵگەو نیشانەی بەهێز هەیه بۆ كەسانێك بیر بكەنەوه (سەرنج بدەن له هەنگ و شانەكانی له فڕین و هاتووچۆی، له هەنگوین و تام و بۆن و ڕەنگی… هتد).
لێكۆڵینەوە زانستییەكان لەسەر هەنگ ئاماژە بەوە دەكەن كە شانشینی هەنگ بەهۆی سرووشی خوای گەورەوە دەفڕن و، وایان لێ‌ دەكات بە دوای خۆراكدا بگەڕێن، بۆ ئەم مەبەستەش هەزارەها مەترە ڕێ دەكات و پاشان دەگەڕێتەوە بەبێ‌ ئەوەی ڕێگەی لێ هەڵە ببێت، یاخود بچێتە سەر شانەی هەنگێكی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا شانە هەنگەكان بە شێوەیەكی گشتی لە یەكچوون و لە پاڵیەكدان، ئەمە چونكە خوای گەورە ڕێگەكەی بۆ ئاسان كردووە و توانای ئیشكردن و هەڵسوكەوتی هێندە داوەتێ‌، لە بینینی ڕێچكەی ئیشەكەی و پەیداكردنی خواردن و پاشان دووبارە گەڕاندنەوەی بۆ هەمان جێی خۆی.
لە شانەیەكی تەواوی هەنگدا تەنها یەك شاژن هەیە و، سەدەها نێرە و دەیەها هەزار كارەكەر، هەنگی كارەكەر دەفڕێت بۆ پەیداكردنی خواردن و، كاتێك دەیدۆزێتەوە شوێنەكەی دیاری دەكات و، نموونەیەكی لێدەهێنێتەوە بۆ شانەكەیان و، زانیاری تەواو لەسەر شوێن و ڕێگە و ئاڕاستەی جێگەكەی بە تەواوی بە كۆمەڵەكەیان دەدات، لە ڕێگەی چەند جووڵە و ئاماژەیەكی دیاری كراوەوە جێگە و ڕێچكە و ئاڕاستەی سەرچاوەی خواردنەكەیان بۆ ئاشكرا دەكات. بەم شێوەیە هەموو هەنگەكانی دیكە بەڕێ دەكەون بۆ ئەوێ و چی خواردنیان پێویست بێت كۆی دەكەنەوە و، بە مەبەستی كۆكردنەوەی تەنها سەد گرام لە هەنگوین وا پێویست دەكات كە هەنگەكان سەردانی ملیۆنێك گوڵ بكەن، پاشان كۆمەڵێكی تر لە كارەكەرەكان دێن بە باڵەكانیان هەوا گۆڕكێ‌ دەكەن، تاوەكو شێ كەم بكەنەوە و نەیهێڵن و، شلەكە خەست دەبێتەوە و دەبێتە هەنگوین، پاشان كۆمەڵێكی دیكە دێن بۆ دڵنیا بوون كە هەنگوینەكە پێگەیشتووە و ئامادەیە، هەڵدەستن بە داخستنی چاوە شەش پاڵوییەكان بە چینێكی ناسك و تەنك لە مۆم، بە مەبەستی پاراستنی و هەڵگرتنی بە پاكی تاوەكو زستان، بۆ كاتێك كە كێڵگەكان گوڵیان تێدا نامێنێت.
لێكۆڵینەوەكان سەلماندویانە كە جیاوازی پێكهاتە و جۆری خاك و خۆڵەكانی كە هەنگەكان دەیانبڕن كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر ڕەنگی هەنگوینەكە، بۆ نموونە ئەو هەنگوینەی لە گوڵی لۆكە وەبەرهێنراوە ڕەنگەكەی تۆخە، كە جیاوازە لەو هەنگوینەی لە گوڵە بەرسیم بەرهەم هاتووە كە ڕەنگەكەی كاڵە و، هەنگوینی دارە سێو زەردێكی كاڵە و، هەنگوینی شاتووی ڕەش ڕەنگەكەی سپیە وەك ئاو و، هەنگوینی گوڵە نەعنا بە بۆن ڕەنگەكەی عەنبەرییە و… تاد.
لە ڕێ و ڕۆشتنی كارەكەرەكاندا بۆ كۆكردنەوەی خواردن، ئەمانە پەنادەبەنە بەر ئەو هەستانەی كە خوای گەورە پێی بەخشیون، بە تایبەت هەستی بۆنكردنیان زۆر بەهێزە، لە ڕێگەی بیلبیلەی چاوی كە هەستەوەرە و جیاوازە و بەهێزترە لە چاوی مرۆڤ، ئەویش بە هه‌ست كردنیان بە تیشكی سەروو وەنەوشەیی هەر بۆیە ئەوان ئەوە دەبینن كە چاوی ئێمە نایبینێت و، ناتوانین دەریخەین تەنها بە وێنەگرتنیان نەبێت بە تیشكی سەروو وەنەوشەیی، پاشان گەر لەسەر چرۆی گوڵێك نیشتەوە دەتوانێت بە تامكردنی هەڵاڵەكەی ئەندازەی شیرینیەكەی دیاری بكات و بزانێت.


بۆ گەڕانەوەی هەنگەكانیش بۆ ماڵەوەیان هەستی بینین و بۆن كردن پێكەوە بەكاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی شوێنەكەیان. تێبینی ئەوە كراوە كاتێك هەنگ ماڵەكەی جێدەهێڵێت ئاوڕێكی لێ دەداتەوە و ماوەیەك ڕادەمێنێت وەك ئەوەی بیپشكنێت و دیقەتی بدات تاوەكو لە هزریدا بچەسپێت، پاشان هەڵدەفڕێت بەشێوازێكی بازنەیی كە وردە وردە بازنەكە فراوانتر دەبێت و، كاتێك دەگەڕێتەوە ماڵەوە هەواڵی گەشتەكەی بە دوورودرێژی بۆ بنەماڵەكەی باسدەكات و، شوێنی خواردنەكان بە برادەرەكانی دەڵێت و، ئەوانیش بە كۆمەڵ دەچن بۆ مژینی هەڵاڵەی گوڵەكان و هەڵگرتنیان بۆ كاتی زستان و سارد و سەرما و بێ خۆراكی و، نامۆترین شت كە زانستی سەردەم دەریخستووە لە جیهانی مێرووەكاندا ئەوەیە كە هەنگ زمانێكی تایبەتییان هەیە كە لە ڕێگەی سەماكردنەوە لە یەكتری تێدەگەن كە زانایەكی ئەڵمانی لە كتێبێكیدا بەناوی «جیهانی هەنگی سەماكەر» (حیاة النحل الراقص) ڕاڤەی كردووە، پاش لێكۆڵینەوەیەكی یەك ساڵی كە لە ساڵی 1973 دا دیاری نۆبڵی لەسەر وەرگرت. ئەم زانایە بۆی دەركەوت كە هەنگە كارەكەرەكان ئامێرێك لە لاشەیاندا هەیە بەهۆیەوە دەتوانن دووری ڕێگە و گۆشەكان بپێون لە نێوان خڕی ڕۆژ و شانەكاندا، هەنگەكان زمانێكی نهێنی بەكاردێنن بۆ گفتوگۆ لە نێوان یەكتریدا لە ڕێگەی سەما تایبەتە دەربڕەكەیان، شوێنی بوونی هەڵاڵەی شیرین بە هاوەڵەكانی ڕادەگەیەنێت لەگەڵ دیاریكردنی ئاڕاستە و شوێنەكەی بە وردی و دووری لە ماڵەكەیانەوە، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: (وَأَوْحَىٰ رَبُّكَ إِلَى النَّحْلِ)، سرووش واتا ڕێنمایی و بەهرەمەندی، بێگومان دەبینین هەڵسوكەوتی هەنگ و هەڵبژاردنی جێگەی نیشتەجێبوونیان و ڕێنمایی بوونیان بە شوێنی خواردن و، وەبەرهێنانی هەنگوین لەڕێی رێنمایی بوون و سرووشی خوای گەورەوەیە. وەك دەبینین كارەكەرەكان خزمەتكارێكی خاوێن ڕاگری ماڵەكەن بە شێوەیەكی زۆر چالاك و گورجوگۆڵانە، لەلایەكی دیكە بەخێوكەرن و، خواردن دەدەن بە بێچووەكان و شەونوخونی لەسەر حەسانەوەیان دەكەن، هەروەها ئەندازیارێكی بە توانان لە بیناسازی و دیزایندا كە پێش لە كاری بە تواناترین ئەندازیار دەگرێت و، بەسەر باشترین ئامێری سەردەمدا سەردەكەوێت لە وردی پێوانەكاریدا و، هەروەها پاسەوانێكی دەستپاكە كە بە بێ‌ دوودڵی گیانی خۆی بەخت دەكات لە دژی هەر دوژمنێك كە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی شوێنی بنەماڵكەی. بەڵام نێرەكان ئیشیان كورت دەبێتەوە تەنها لە پێشبڕكێدا لە گەیشتن بە شاژن تەنها لە وەرزی جووتبووندا و، ئەركی شاژن دانانی گەرایە بەڵام كارەكەر مێیەكی نەزۆكە و، بەشەكانی دەمیان ئامادەكراوە بۆ كۆكردنەوەی هەڵاڵە و، قاچەكانی پاشەوەی سازكراوە بۆ كۆكردنەوەی تۆوی كوتان، هەروەها غودەی ژێر قوڕقوڕاگەیان هەیە بۆ ڕژانی خواردنی شاهانە لەگەڵ غوددەی ڕژاندنی مێو و غوددەی بۆن، كارەكەرە دۆزەرەوە ئەوانەن كە دەڕۆن بە دوای دۆزینەوەی سەرچاوەی خۆراك و، ئاگاداركردنەوەی برادەرەكانی بە جێگەكەی.


هەروەك لە قورئانی پیرۆزدا ڕوونی دەكاتەوە: يَخْرُجُ مِن بُطُونِهَا شَرَابٌ مُّخْتَلِفٌ، چونكە لە پێشدا شلەیەكە و هێشتا نەگۆڕاوە بۆ هەنگوین، پاشان بەهۆی خەستبوونەوەی و كەمبوونەوەی بڕی پێكهێنەرە ئاوییەكان تێدا دەگۆڕێت بۆ هەنگوین، بە جۆرێك كە ڕێژەی شێ تێیدا لە نێوان %14-18 زۆرتر نابێت. بەهۆی ئەو هەوا گۆڕكێیەی كە كارەكەرەكان پێی هەڵدەستن و، بە گۆڕینی دووانە شەكری (سوككەرۆز) بۆ تاكە شەكری (كلوكۆز- فركتوز) بەكاری ئەنزیمی (ئەنفریتیز) كە لیكە ڕژێنەكان دەریدەكەن و، پاش پێگەیشتنی هەنگوینەكە كە نزیكەی (5-2) ڕۆژ لە هەفتەیەكدا دەخایەنێت كارەكەرەكان هەڵدەستن بە مۆركردنی سەری شانەكە بە مێو بۆ پاراستنی هەنگوینەكە. وشەی (كلی) ئاماژە بە خواردنی هەڵاڵەی گوڵەكان و تۆوی كوتان دەدات كە تاكە سەرچاوەی پڕۆتینە كە ئەمیش پێكهاتووە لە (پڕۆتین، چەوری، شەكرەمەنی، خوێی كانزایی، ڤیتامینەكان)، كارەكەرەكان دەتوانن دەنكەهەڵاڵە و تۆوی كوتان لە شوێنێكی تایبەتدا كە لە خوارەوەی قاچەكانی دواوەیاندایە هەڵبگرن و، بۆ ئەمەش مووە چڕە لقدارەكانی سەر جەستەی یارمەتی دەدات، بە جۆرێك ژمارەیەكی زۆر لە تۆ و هەڵاڵەكان بەو مووانەوە دەنوسێن كە ژمارەیان لە نێوان دوسەد و پەنجا هەزار بۆ شەش ملیۆنە.

 

لایەنی ئیعجازی:
هەروەك پێشتر بە شێوەیەكی زانستی ڕونكراوەتەوە هەنگوین شیفای تێدایە و، جۆراوجۆرە و جۆرەكەشی بە پێی پۆلێنی جۆری گوڵەكانە كە دەیخوات و، ئەم ڕاستییە زانستییانەش هەمووی هەر وەك ئەوەن كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون و، مرۆڤەكان لە كۆندا ئەم ڕاستییانەیان نەدەزانی.

سەرچاوە:
كتێبی (هذا محمد رسول الله وبراهین رسالته)/ د. عبدالله المصلح.

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top