You Are Here: Home » بابەتەكانمان » خۆڕاگری و بەرخوودان – دووەم

خۆڕاگری و بەرخوودان – دووەم

خۆڕاگری و بەرخوودان – دووەم

جەمسەری باشوور، ساردترین شوێنی جیهانە كە تیایدا زستان بۆ شەش مانگ درێژە دەكێشێ. پەروەردەكردنی بێچوویەكی بچكۆلانەی ناسك لە ژینگەیەكی ئاوەها سەخت دا، پێویستی بە خەبات و تێكۆشانێكی ئەوتۆ هەیە كە بە گران بە بیرماندا دێت و پەی پێ دەبەین! لەم ژینگەیەدا جۆرێك گیاندار دەژی كە دایك و باوكەكان زۆرترین و گەورەترین قوربانی دەدەن لە نێوان زیندەوەرانی تری ئەم ژیانەدا كە ئەویش بەتریقە.؛
ئەم بەتریقانە دەست دەكەن بە گەشتێك بۆ ئەو شوێنەی بەیەك گەیشتنێك و كارێكی سەرسوڕ هێنەری تێدا ڕوو دەدات، گەشتەكە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت.
ئەو ماوەیەی كەپێویستە ئەم گیاندارانە بەم جۆرە بیبڕن زیاد لە (100) كیلۆمەترە!
لەبەرئەوە بڕینی ڕێگەكەی هەندێ جار بەپێ دەبێت و هەندێك جاریش بە خلیسكان لەسەر سك دەبێت.
هەموویان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بۆ هەمان شوێن دەچن و كۆدەبنەوە!
لە كۆتایی ئەم گەشتە دوورودرێژەدا هەزاران بەتریق لە شوێنێكی دیاری كراودا بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر كۆدەبنەوە.
ئەم كۆبوونەوەیە مەبەستێكی گەورە و گرنگی لە خۆگرتووە، چونكە ئەو شوێنەی كە كۆبوونەوە گەورەكەی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەمان ئەو شوێنەیە كە نەوەی نوێی تێدا یەتە دنیاوە. ئەم گەشتە قورس و گرانە سەرەتای ئەو قوربانی و ناڕەحەتیانەیە كە تووشی دەبن لە پێناو كۆرپەكانیاندا. ناڕەحەتی سەرەكی لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە مێكان هێلكەكانیان دادەنێن!
لەبەرئەوەی پاش دانانی هێلكەكە بە ماوەیەكی كەم، زستان هێرش دەهێنێت. پلەی گەرما لە مانگەكانی زستاندا بۆ (50) پلەی ژێر سفری سلیزی دادەبەزێت!
ڕەشەبا بەفر و سەرما بە خێرایی (100) كم لە كاتژمێرێكدا لەگەڵ خۆی دەهێنێت.
مێیەكان هێلكەكان لای نێرەكان دادەنێن و دەگەڕێنەوە ناو دەریاكە. پاراستنی هێلكەكان دەخرێتە ئەستۆی نێرە گیان بەخشەكان. نێرەی بەتریقەكان هێلكەكان لەسەر پێكانی دادەنێت و هەڵیان دەگرێت بۆ ئەوەی لەسەرما بیانپارێزێت. تووكە گەرم و نەرمەكانی هێلكەكە لەسەرما دەپارێزن.
گەر بێتوو هێلكەكە بكەوێتە سەر زەوی خێرا دەیبەستێت. لەبەرئەوە نێرەی بەتریقەكان جوڵە و هەڵس وكەوتیان زۆر وردوو جوانە!
ئەو هەوڵ و بەرخوودانەی كە دەیدات سنوری ژیریی مرۆڤ دەبەزێنێت. بەتریقە نێرەكان بە درێژایی چوارمانگ هیچ ناخۆن و، نایەڵن بە هیچ شێوەیەك بۆ ساتێكی كەمیش بێت هێلكەكان بكەونە سەر زەوی بەڵكو لە پێناوی مانەوەی هێلكەكاندا بەردەوام دەبن لەسەر وەستان بە پێوە.
بەتریقەكان بەشێوەی بازنەیی كۆدەبنەوە و بە پاڵیەكەوە لە پێناو پاراستنیان لە سەرما، ئەوەی كە ئەم بەتریقە نێرانە دەتوانن لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا بیكەن و پێی هەستن تەنها خۆڕاگرتن و قوربانیدانە.
پاش ئەو چوار مانگە قورس و گرانە بەهار دەست پێدەكات. هێلكەكان تروكان و بەتریقە بچوكەكان هاتنە دەرەوە و چاوەكانیان بە دونیای نوێ هەڵهێنا.
تا ئێستاش هەر لەسەر پێكانی باوكە میهرەبانەكانیان ماونەتەوە چونكە هێشتا ئەو توێژاڵە چەورییەی لەسەرما دەیپارێزێت درووست نەبووە لە لەشیدا. یەكەم ژەمە خۆراك و خواردن كە كۆرپە تازەكە دەی خوات ئەو شیرەیە كە باوكەكەی لە چیكلدانۆچكەیدا هەڵی گرتووە بۆیان، باوكەكانیان قوربانییەكی بێ وێنەیان ئەنجام داوە لە پێناو بێچووەكانیاندا ئەویش ئەوەیە كە لە ماوەی چوار مانگ كە بە برسێتی دانی بەخۆیدا گرتووە و ئەو خۆراك و شیرەشی هەڵیگرتووە ئامادە نەبووە بیخوات و دایناوە بۆ كۆرپەكەی!
دەستبەجێ لەم كاتەدا مێیەكان و دایكەكان لە دەریاوە بەرەو ڕۆخی دەریاكان دەگەڕێنەوە. مێكانیش لە ماوەی ئەم چوارمانگەدا هەروا بێ ئیش دانەنیشتوون. بەڵكو خواردنێكی باشیان بۆ بێچووەكانیان كۆكردووەتەوە لە ئەنجامی ڕاوكردنی بەردەوامیان لەوماوەیەدا.
هەركا مێكان گەڕانەوە، خێرا نێرە خۆڕاگرەكان بەرەو ڕووبارەكە دەڕۆن و كۆتایی بەو برسێتییە دەهێنن كە لە ماوەی چوار مانگدا خۆیان ڕاگرتووە لەسەری ئەویش بە ڕاوكردن، هەر كە نێرەكان گەدەیان پڕ دەكەن و برسێتییان نامێنێت، خێرا دەگەڕێنەوە بۆلای بێچووەكانیان بۆ چاو دێریكردن و پەروەردەكردنیان لەگەڵ بەتریقی دایك دا!
پاش ماوەیەكی كەم بەتریقە بچوكەكان گەشەدەكەن و گەورەدەبن بە جۆرێك كە بتوانێت لەگەڵ باوك و دایكە تێكۆشەرەكەیدا بگەڕێت و بژی.
ئەوانەی هەڵگری بیردۆزی پەرەسەندن و بەرگری لێدەكەن و ئینكاری لە درووستبوونی بوونەوەر لەلایەن پەروەردگارەوە دەكەن گومانیان وایە و ڕای دەگەیەنن كە گیانداران تەنها لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان هەوڵدەدەن، لە ئاوها كاتێكدا بە هیچ جۆرێك ناتوانن و دەستەوسان دەبن لە ڕاڤەكردنی ئەو هەموو فیداكاری و قوربانییەی كە بەتریق دەیدات، خۆڕاگرتن لەسەر برسێتی و سەرما بۆ ماوەی چوار مانگی تەواو.
باشە كێ ئەم درووستكراوانەی فێری ئەو فیداكاری یە كردووە؟!
تەنها یەك وەڵامی ڕاست و درووست بۆ ئەم پرسیارە هەیە.
خوای گەورە بەتریقی درووست كردووە و هەر ئەویش فێری كردووە كە هەستێت بەو فیداكاری و قوربانیانە لە پێناو بێچووەكانیدا.
خوای پەروەردگار توانا و دەسەڵاتی بەسەر گیانداراندا ڕووندەكاتەوە بۆمان و دەفەرموێت:

مَّا مِن دَابَّةٍ إِلَّا هُوَ آخِذٌ بِنَاصِيَتِهَا ۚ إِنَّ رَبِّي عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ ﴿٥٦هود.

واتە: هیچ گیانلەبەرێك نییە جڵەوی بە دەست خوای گەورەوە نەبێت، بێگومان پەروەردگارم لەسەر بەرنامە و ڕێبازێكی ڕاست و درووستە.

سەرچاوە: لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا وەرگیراوە

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Copyright © 2020 Haiv All Right Reserved

Scroll to top