شایه‌تیدانی پرۆفیسۆر (پاڵمار) ده‌رباره‌ی ڕاستێتی قورئان

87 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

شایه‌تیدانی پرۆفیسۆر (پاڵمار)
ده‌رباره‌ی ڕاستێتی قورئان

چۆن بەڵگە بەم ئاینە درووست دەكەین، بۆ ئەوانەی بە زمانی عەرەبی قسەناكەن و ئیعجازی ڕەوانبێژی لەم سەردەمەدا نازانن؟
ئایا لەسەریان پێویستە فێری زمانی عەرەبی بن و لە زانستەكانی باش شارەزا بن؟
یان پەروەردگار میهری لەگەڵ ئەوان و هەموو نەوەكان كردووە بە پێی جیاوازی گشت ڕەگەز و زمان و كات و سەردەمەكان، هێندە بەڵگەی داناوە كە بەشی هەموو مرۆڤایەتی بكات.

شێخ زیندانی دەڵێت: لەم حیوارەدا پڕۆفیسۆر (پالمار)مان لەگەڵدایە، لە ناودارترینی زانایانی جیۆلۆجیایە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، سەرۆكی لیژنەی ئاهەنگی سەد ساڵەی كۆمەڵەی جیۆلۆجیەكانی ئەمەریكا بوو، كاتێك پێی گەیشتین و ڕووەكانی ئیعجازی زانستی قورئان و سوننەتمان پیشان دا، سەرسوڕمان گرتی..!
چیرۆكێكی خۆش باس دەكەین كە سەرەتای دەستپێكردن بوو لە گەڵیدا، پێمان وت: قورئان باسی نزمترین ناوچەی سەر زەوی كردووە و دەستنیشانی كردووە كە نزیكی قودسە، كە لەویادا جەنگێك لە نێوان فارس و ڕۆمەكاندا ڕویدا وەك پەروەردگار ئاماژەی پێ‌ كردووە و دەفەرموێت:

الم ﴿١ غُلِبَتِ الرُّومُ ﴿٢ فِي أَدْنَى الْأَرْضِ وَهُم مِّن بَعْدِ غَلَبِهِمْ سَيَغْلِبُونَ ﴿٣الروم،

واتە: «ئەلیف لام میم، ڕۆمەكان تێكشكێنران، لە نزمترین شوێنی زەویدا بەڵام دوای ئەم شكانەیان سەردەكەونەوە.»
وشەی (أدنی) بە واتای نزیكترین و بە واتای نزمترین دێت.
زانایانی تەفسیر (خوا لێیان ڕازی بێت) بۆ واتای نزیكترین چوون، بەوەی نزیكترین شوێنە لە دورگەی عەرەبەوە، بەڵام واتای دووەمیش بە مەبەستە، چونكە قورئانی پیرۆز بەو جۆرەیە، تەنیا وشەیەك چەند واتایەك دەبەخشێت.
كاتێك ئەم باسەمان لای (پڕۆفیسۆر پالمار) كرد، وتی: نەخێر… چەندین ناوچەی تر هەن لەو ناوچەیە نزمترن، نموونەی چەند ناوچەیەكی تری لە ئەوروپا و ئەمەریكا هێنایەوە.
ئێمەش پێمان وت: دكتۆر ئێمە دڵنیابووین لەوە، لەویادا وێنەیەكی بەرجەستەی جوگرافی لا بوو كە بەرزی و نزمیەكانی لەسەر دیاری كرابوو، وتی: كارەكە ئاسان بوو، ئەوه‌ موجەسەمێكە نزمترین شوێنی تیا دیاری كراوە، گۆی زەویەكەی بە دەست خولاندەوە تا چاوی كەوتە سەر ناوچەیەكی نزیك لە بەیتول مەقدیس، تیرێك ڕاكێشرابوو لەسەری نوسرابوو نزمترین شوێن لە ڕووی زەوی، پاشان بەخێراییەك ئاوڕی دایەوە و، وتی: ئەوەی وتت ڕاست بوو، پاشان لەسەر نەخشەكە باسی ئەو شوێنەی لای دەریاچەی تەبەریای دەكرد و، وتی: ئەمە نزمترین شوێنی ڕووی جیهانە.
لە ڕاستیدا ئەم نەخشەیە پێمان دەڵێت نزمترین شوێن لە ڕووی جیهاندا تەنیشتی دەریای مردووە.
بێگومان كاتێك (پرۆفیسۆر پالمار) بینی قورئان وەسفی ڕابردوو دەكات كە چۆن دروست بوونی زەوی دەستی پێكردووە، ئاسمان چۆن بووە و، دەریاكان چۆن لەناو سكی زەوی دەرهاتن، چیاكان چۆن وەك لەنگەر دروستبوون و، ڕووەكەكان چۆن دەرهاتن و، چۆن ئەم ڕوداوانە هاتن و، چۆن وەسفی ڕووی زەوی لە ئێستادا دەكەن و، وەسفی چیاكان و دیاردەكانی سەری دەكەن، پاشان ئەو دۆخانەی زەوی پیا تێپەڕ بووە و سەبارەت بە دورگەی عەرەبی چی ڕووی داوە، تەنانەت وەسفی داهاتووی زەوی وڵاتی عەرەبی و حاڵەتی داهاتووی زەویش دەكات، كاتێك پرۆفیسۆر ئەمانەی بینی سەری سوڕما.
وتی: بە ڕاستی ئەم پەڕتوكە سەرسوڕهێنە، وەسفی ڕابردوو و وەسفی ئێستا و وەسفی داهاتوومان بۆ دەكات…
بەڵام هەروەك زانایانی تر ڕاڕا بوو هەتا لە دوایدا بیروڕای خۆی ئاشكرا كرد، توێژینەوەیەكی لە قاهیرە سەبارەت بە ئیعجازی بواری زەویناسی پێشكەشكرد و كۆتایی توێژینەوەكەی بەم وتانە هێنا:
من نازانم ئاستی ڕۆشنبیریی لەسەردەمی محمد (صلى الله عليه وسلم) چەند بووە و نازانم لەچ ئاستێكی زانستیدابوون، ئەگەر كارەكە بەو جۆرەبێت وەك دەیزانین لەبارەی پێشینەكانەوە ئاستی زانستیان زۆر لاوازبووە و توانای ئەمانەیان نەبووە، بێگومان دەسەلمێنێت كە ئەو زانستەی ئێستا لە قورئاندا دەیخوێنینە، ڕۆشنایی زانستی خواییە و بۆ محمد(صلى الله عليه وسلم) نیگا كراوە، ئەمەش ئەوە و كۆتایی توێژینەوەكەی بەم لێدوانە هێنا:
من هەستام بە توێژینەوەی مێژووی شارستانیەتی پێشووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا بزانم ئایا هەواڵی گرنگی لەو جۆرە باسكراوە، خۆ ئەگەر تۆمارێك نەبووبێت وەك ئەوەی لە قورئاندا هەیە، ئەوا ئەو بیروباوەڕە بەهێز دەبێت كە خودا لە ڕێگەی محمد (صلى الله عليه وسلم) ئەندازەیەكی كەمی ناردووە كە لەكاتی ئێستادا ئێمە بۆمان دەسەلمێت، ئێمە بە ئومێدین لە وتووێژێكی بەردەوامدا بین لە بابەتی زانستی قورئانی لەگەڵ زەویناسیدا (جیۆلۆجیا).
بەڵێ‌ ئەوە یەكێكە لە گەورە زانایانی جیۆلۆجیای جیهانی سەردەم لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، دوو دڵ نییە دان بە ڕاستییەكاندا بنێت و پێشكەش بكات و ڕوون بكاتەوە، تەنها ئەوەندەیە پێویستی بە یەكێكە ڕاستیەكانی بۆ ڕوون بكاتەوە، ڕۆژئاواییەكان و ڕۆژهەڵاتیەكان ماوەیەك لە جەنگی نێوان ئاین و زانست دا ژیان، دەبوایە ئەو جەنگە ڕویدایە، چونكە گشت ئاینەكان شێوێنراون خوای گەورە محمد(صلى الله عليه وسلم)ی بە ئیسلام بۆ ئەوە نارد تا ئەو شێواندنانە ڕاست بكاتەوە.
لەوانەیە یەكێك بپرسێت و بڵێت:
چۆن ئەو خەڵكانە لێمان وەردەگرن لە كاتێكدا ئێمە دواكەوتوین و لە ئاینەكەی خۆشمان دوورین؟
دەڵێین: زانست چاوی هەڵگرەكانی دەكاتەوە، ئەوان دەڕواننە ڕاستییەكان، نەك ڕواڵەت، سەرمایەی ئیسلام ئەمڕۆ ئەو زانست و پێشكەوتنە زانستییانەیە.
ئەوە زانایەكە كە سەری لە ئاست گەورەیی كتێبی خودا و سوننەتی پێغەمبەرەكەیدا (صلى الله عليه وسلم) نەوی دەكات.
پاشان فیترەتی خوایی كە خوا داویەتی بە خەڵكی بە ئیمان نەبێت ئارام نابێت، مرۆڤ بەبێ‌ ئیمان لە دوودڵی و سەرگەردانیە، پاشان ئەو ئازادییەی خەڵكی ڕۆژئاوا چێژی لێوەردەگرن زاناكانیانی وا لێكردووە ئەو بیرو باوەڕەی هەیانە وەك خۆی دەری ببڕن و گوێ‌ بەهیچ ترسێك نەدەن.
ئەوە ئەوانن هەروەك بیستمان لە زۆربەی ئەم ئاڵقانەدا دانیان نا بە موعجیزە زیندووە تازەبووەكانی قورئان تا ڕۆژی دوایی.

سەرچاوە: ئه‌م ووتوێژه‌ ڤیدیۆییه‌ به‌ ژێرنوسی كوردی له‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌ سه‌یر بكه‌:
https://www.youtube.com/watch?v=PWznMInROrA

Share Button

87 جار ئه‌م بابه‌ته‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌

Leave a Comment

You must be logged in to post a comment.

Scroll to top