موعجیزاتی قورئانی
موعجیزاتی قورئانی
ن: مامۆستا سەعیدی نوورسی و: فارووق ڕەسووڵ یەحیا
سێهەم تایبەتكاریی «پاراوی»:
قورئانی پیرۆز، هەندێ جار بە دوور و درێژی كارەكانی خوای گەورە باس دەكات، پاشان لە پوختەیەكی كەمدا كورتیان دەكاتەوە. جا قورئان بە درێژەپێدانی ئەو كارانە، قەناعەت و دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێت و، بە پوخت هێنان و كورت كردنەوەشیان كارێك دەكات كە بە ئاسانی لەبەر بكرێ و لە یاد بگیرێت، بۆ نموونە:
وَكَذَٰلِكَ يَجۡتَبِيكَ رَبُّكَ وَيُعَلِّمُكَ مِن تَأۡوِيلِ ٱلۡأَحَادِيثِ وَيُتِمُّ نِعۡمَتَهُۥ عَلَيۡكَ وَعَلَىٰٓ ءَالِ يَعۡقُوبَ كَمَآ أَتَمَّهَا عَلَىٰٓ أَبَوَيۡكَ مِن قَبۡلُ إِبۡرَٰهِيمَ وَإِسۡحَٰقَۚ إِنَّ رَبَّكَ عَلِيمٌ حَكِيمٞ (يوسف :٦)
قورئانی پیرۆز، بەم ئایەتە ئاماژە بۆ ئەو نیعمەتانە دەكات كە خوای گەورە بە حەزرەتی یوسف و باپیرانی پێشینی ئەوی بەخشیبوون. ئەوەتا دەفەرموێ: هەر تەنها خوای گەورە ئێوەی لە نێوان نەوەی ئادەمدا بۆ پلەی «پێغەمبەرایەتی» هەڵبژارد و، زنجیرەی گشت پێغەمبەرانی لەگەڵ زنجیرەكەی ئێوەدا گرێ دا و، كردنی بە سەرگەورەی زنجیرەكانی تری نەوەی ئادەم. هەروەك بنەماڵەی ئێوەشی كرد بە مایەی فێركردن و ڕێنمایی، ئەوەتا زانستە خوایی و دانستە پەروەردگارییەكان فێری خەڵكی دەكەن و.. بەو پێیە دەستەڵاتی بەختــەوەرانەی دنیا و بەختەوەریی هەمیشـەیی دواڕۆژیشـی بۆ كۆ كــردوونەتەوە و.. بە «عیلم» و «حیكمەت» تۆیشی كرد بە عەزیزی میسر و پێغەمبەرێكی مەزن و ڕابەرێكی دانا..
دوای ئەوەی كە قورئان ئەو نیعمەتانە باس دەكات و دەیانژمێرێت و، تێیدەگەیەنێت كە چۆن خوای گەورە: خۆی (واتە حەزرەتی یوسف) و باوك و باپیرانی بە «عیلم» و «حیكمەت» تایبەتمەند كردووە.. دوای ئەوە، دەفەرموێ: إِنَّ رَبَّكَ عَلِيمٌ حَكِيمٞ
! واتە پەروەردگاری و حیكمەتی ئەو خواستیان وا بووە كە خۆت و باپیرانت بەهرەمەندی ناوی جوانی: «العلیم الحكیم» ببن!
بەم جۆرە، ئەو نیعمەتە درێژەپێدراوانەی لەم پوختەیەدا كورت كردەوە!
هەروەها وەك ئەم ئایەتانە:
قُلِ ٱللَّهُمَّ مَٰلِكَ ٱلۡمُلۡكِ تُؤۡتِي ٱلۡمُلۡكَ مَن تَشَآءُ وَتَنزِعُ ٱلۡمُلۡكَ مِمَّن تَشَآءُ وَتُعِزُّ مَن تَشَآءُ وَتُذِلُّ مَن تَشَآءُۖ بِيَدِكَ ٱلۡخَيۡرُۖ إِنَّكَ عَلَىٰ كُلِّ شَيۡءٖ قَدِيرٞ (آلعمران :٢٦) تُولِجُ ٱلَّيۡلَ فِي ٱلنَّهَارِ وَتُولِجُ ٱلنَّهَارَ فِي ٱلَّيۡلِۖ وَتُخۡرِجُ ٱلۡحَيَّ مِنَ ٱلۡمَيِّتِ وَتُخۡرِجُ ٱلۡمَيِّتَ مِنَ ٱلۡحَيِّۖ وَتَرۡزُقُ مَن تَشَآءُ بِغَيۡرِ حِسَابٖ (آلعمران :٢٧)
عمران. ئەم ئایەتە پیرۆزانە كارەكانی خواوەندمان لە كۆمەڵگای ئادەمیزاددا پێشچاو دەخەن، ئنجا ئەوەش دەگەیەنن كە:
عیززەت و زەلیلی.. دەوڵەمەندی و هەژاری، ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ویست و ئیرادەی خواوەند خۆیەوە. واتە:
(دەست وەردان لە كاروباری چینە هەرە پەرتەوازەكانی بوونەوەرە زۆر و زەبەندەكان، تەنها بە «ویست» و «نەخشە» و «تەقدیر»ی خوای گەورەیە و، هەرگیز «ڕێكەوت» ناتوانێت توخنی ئەو كارانە بكەوێت)!
دوای ئەوەی كە ئایەتەكە ئەم حوكمەی گەیاند، ئنجا دەفەرموێ: گەورەترین شت لە ژیانی مرۆڤدا ڕۆزییەكەیەتی.. پاشان بە چەند پێشەكییەك دەیچەسپێنێت كە: «ڕۆزی» ڕاستەوخۆ لە گەنجینەی ڕۆزیدەری ڕاستەقینەوە دێت و دەنێررێت. چونكە دەفەرموێ: ڕۆزیتان بە ژیانی زەوییەوە بەستراوە و، ژیانی زەویش پابەندی بەهارە. خۆ بەهاریش تەنها بە دەست ئەو كەسەیە كە خۆر و مانگ ملكەچ و فەرمانبەردار دەكات و شەو و ڕۆژ بە دوای یەكتردا دەهێنێت. كەواتە بەخشینی سێوێك بە هەر مرۆڤێك – كە ڕۆزیی ڕاستەقینەی خۆی بێت – كاری تەنها ئەو كەسەیە كە زەوی لە میوە و بەروبوومە جۆراوجۆرەكان پڕ دەكات، كە «ڕۆزیدەری ڕاستەقینە»یە!
دوای ئەوە، قورئانی پیرۆز ئەو كارە درێژە پێدراوانە، لەم پوختەیەدا كورت دەكاتەوە و دەیانچەسپێنێت: وَتَرۡزُقُ مَن تَشَآءُ بِغَيۡرِ حِسَابٖ
چوارەم سەرنجی ڕەوانبێژی:
هەندێ جار قورئانی پیرۆز بە ڕیزكردن و تەرتیبێكی دیاریكراو باسی بەدیهاتووەكانی خواوەند دەكات. پاشان بەم كارەی دەری دەخات كە بوونەوەران بە: «ڕێسا» و «كاری بە تەرازوو» بەدی دێن، كە ئەم دوانەش بەری درەختی بەدیهاتووان پیشان دەدەن. وەك بڵێی جۆرە ڕوونی و درەخشانییەك بەو بەدیهاتووانە دەبەخشێت كە ناوە جوانەكانی خوایان تێدا دەدرەوشێتەوە.. دەڵێی ئەو بەدیهاتووانە بریتین لە «وشە» و ئەو ناوانەش «واتا»كانیانن.. یان بەدیهاتووەكان چەند «بەر»ێكن و ئەو ناوانەش ناوك و كاكڵەكانیانن! بۆ نموونە:
وَلَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلۡإِنسَٰنَ مِن سُلَٰلَةٖ مِّن طِينٖ (المؤمنون :١٢) ثُمَّ جَعَلۡنَٰهُ نُطۡفَةٗ فِي قَرَارٖ مَّكِينٖ (المؤمنون :١٣) ثُمَّ خَلَقۡنَا ٱلنُّطۡفَةَ عَلَقَةٗ فَخَلَقۡنَا ٱلۡعَلَقَةَ مُضۡغَةٗ فَخَلَقۡنَا ٱلۡمُضۡغَةَ عِظَٰمٗا فَكَسَوۡنَا ٱلۡعِظَٰمَ لَحۡمٗا ثُمَّ أَنشَأۡنَٰهُ خَلۡقًا ءَاخَرَۚ فَتَبَارَكَ ٱللَّهُ أَحۡسَنُ ٱلۡخَٰلِقِينَ (المؤمنون :١٤)
قورئانی پیرۆز لەم ئایەتانەدا بەدیهاتنی مرۆڤ و قۆناغە سەرسووڕهێن و نامۆ و ناوازە و هاوسەنگ و ڕێكوپێكەكانی هێندە بە تەرتیب باس دەكات كە وەك ئاوێنە: فَتَبَارَكَ ٱللَّهُ أَحۡسَنُ ٱلۡخَٰلِقِينَ
تێدا دەردەكەوێت! تەنانەت دەڵێی هەموو یەكێك لەو قۆناغانە خۆی دەردەخات و لەبەر خۆیەوە ئەم ئایەتە وەحی دەكات و دەیڵێتەوە! تەنانەت یەكێك لە «نووسەرانی وەحی» لە كاتی نازڵ بوونی ئەم ئایەتە و لە دەمی نووسینەوەیدا و پێش ئەوەی بگاتە سەر ئەم كۆتایییە، لە سەرسووڕماندا لەبەر خۆیەوە وتی:ﭽ ﯗ ﯘ ﯙ ﯚ ﭼ! بێ ئەوەی بزانێت كە ئەو ئایەتانە بەم بڕگەیە كۆتایی پێ دێت! بە ڕادەیەك كەوتە گومانەوە كە بڵێت: «ئایا وەحی بۆ منیش هاتووە؟» لە ڕاستیدا كەماڵی «ڕێسا» و «ڕوونی»ی لەڕادەبەدەر و «لەگەڵ یەك گونجان»ی تەواوەتیی گوفتاری یەكەم، پێش هاتنی ئەم ڕستەیە، خۆی دەردەخات!
هەروەها وەك ئایەتی:
إِنَّ رَبَّكُمُ ٱللَّهُ ٱلَّذِي خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٖ ثُمَّ ٱسۡتَوَىٰ عَلَى ٱلۡعَرۡشِۖ يُغۡشِي ٱلَّيۡلَ ٱلنَّهَارَ يَطۡلُبُهُۥ حَثِيثٗا وَٱلشَّمۡسَ وَٱلۡقَمَرَ وَٱلنُّجُومَ مُسَخَّرَٰتِۢ بِأَمۡرِهِۦٓۗ أَلَا لَهُ ٱلۡخَلۡقُ وَٱلۡأَمۡرُۗ تَبَارَكَ ٱللَّهُ رَبُّ ٱلۡعَٰلَمِينَ (الأعراف :٥٤)
قورئانی پیرۆز بەم ئایەتە: گەورەیی توانستی خوا و دەستەڵاتی پەروەردگارێتییەكەی، بە جۆرێك دەردەخات كە دەبێ بە بەڵگە لەسەر بە توانایەكی شكۆمەندی ئەوتۆ كە لە عەرشی پەروەردگارێتیی خۆیەوە نیشانەكانی «پەروەردگارێتی»یەكەی لەسەر لاپەڕەكانی گەردووندا دەنووسێت و، شەو و ڕۆژ بە وێنەی دوو شریت لـێ دەكات كە یەك لە دوای یەك پیشان دەدرێن و، خۆر و مانگ و ئەستێرەكانیش بە وێنەی سەربازی گوێڕایەڵ بۆ وەرگرتنی فەرمان ئامادە دەكات. لەبەر ئەوە، هەر «ڕۆح»ێك كە ئەم ئایەتە دەبیستێت یەكسەر دەڵێت: «بارك الله، ماشاء الله، فتبارك الله رب العالمین». واتە ڕستەی:تَبَارَكَ ٱللَّهُ رَبُّ ٱلۡعَٰلَمِينَ وەك پوختەیەكی ڕستەكانی پێشوو وایە و، لە حوكمی بەر و ناوك و ئاوی ژیانیاندایە!
پێنجەم تایبەتكاریی «پاراوی»:
هەندێ جار قورئانی پیرۆز لایەنە جوزئییەكانی ئەو ماددانە باس دەكات كە: دووچاری ئاڵوگۆڕ دێن و گەلـێ چۆنێتی و بارودۆخی جۆراوجۆریشیان تێدا ڕوو دەدات. ئنجا بۆ ئەوەی ئەو لایەنە جوزئییانە بكات بە چەند ڕاستییەكی چەسپاو، دەچێ تۆماریان دەكات و بە ناوە جوانەكانی خواوەند – كە نوورانی و هەمەكی و چەسپاون – كورتیان دەكاتەوە.. یان پوختەیەك دەهێنێت كە «ژیری»ی مرۆڤ بۆ بیركردنەوە و پەند وەرگرتن ڕاپێچ دەكات..
یەكێك لە نموونەكانی واتای یەكەم، ئەم ئایەتەیە:
وَعَلَّمَ ءَادَمَ ٱلۡأَسۡمَآءَ كُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمۡ عَلَى ٱلۡمَلَٰٓئِكَةِ فَقَالَ أَنۢبُِٔونِي بِأَسۡمَآءِ هَٰٓؤُلَآءِ إِن كُنتُمۡ صَٰدِقِينَ (البقرة :٣١) قَالُواْ سُبۡحَٰنَكَ لَا عِلۡمَ لَنَآ إِلَّا مَا عَلَّمۡتَنَآۖ إِنَّكَ أَنتَ ٱلۡعَلِيمُ ٱلۡحَكِيمُ (البقرة :٣٢)
ئەم ئایـەتە لە پێشـدا ڕووداوێكی جـوزئی باس دەكات كە بریتییە لەوەی: هۆی پێشـخسـتن و فەزڵدانی حەزرەتی ئادەم بەسەر مەلائیكەت لە مەسەلەی «جێنشینی»دا بریتییە لە: «عیلم».. پاش ئەوە باسی ڕوودانی شكستی مەلائیكەت لە بەردەم حەزرەتی ئادەمدا دەكات لە كێشەی «عیلم»دا.. پاشان ئەم دوو ڕووداوە بە هێنانی دوو ناوی كوللی لە نێوان ناوە جوانەكانی خوادا كورت دەكاتەوە: إِنَّكَ أَنتَ ٱلۡعَلِيمُ ٱلۡحَكِيمُ بەو واتایەی كە مەلائیكەتان دەڵێن: ئەی پەروەردگار! هەر خۆت «زانا»یت، ئەوەتا ئادەمت فێری «زانیاری» كرد وبەو زانیارییە سەركەوت بە سەرماندا.. هەرخۆیشت «دانا»یت، چونكە ئەو شتانەمان پێ دەبەخشیت كە لەگەڵ توانا و لێهاتنماندا گونجاو بێت و، فەزڵی ئادەمیش بە «خۆی و توانا و لێهاتنەكانی»یەوە بەسەرماندا دەدەیت.
یەكێك لە نموونەكانی واتای دووهەمیش، ئەم ئایەتانەیە:
وَإِنَّ لَكُمْ فِي الْأَنْعَامِ لَعِبْرَةً ۖنُّسْقِيكُم مِّمَّا فِي بُطُونِهِ مِن بَيْنِ فَرْثٍ وَدَمٍ لَّبَنًا خَالِصًا سَائِغًا لِّلشَّارِبِينَ ﴿٦٦﴾ وَمِن ثَمَرَاتِ النَّخِيلِ وَالْأَعْنَابِ تَتَّخِذُونَ مِنْهُ سَكَرًا وَرِزْقًا حَسَنًا ۗ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَةً لِّقَوْمٍ يَعْقِلُونَ ﴿٦٧﴾ وَأَوْحَىٰ رَبُّكَ إِلَى النَّحْلِ أَنِ اتَّخِذِي مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا وَمِنَ الشَّجَرِ وَمِمَّا يَعْرِشُونَ ﴿٦٨﴾ ثُمَّ كُلِي مِن كُلِّ الثَّمَرَاتِ فَاسْلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلًا ۚيَخْرُجُ مِن بُطُونِهَا شَرَابٌ مُّخْتَلِفٌ أَلْوَانُهُ فِيهِ شِفَاءٌ لِّلنَّاسِ ۗ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَةً لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ ﴿٦٩﴾ النحل.
ئەم ئایەتە پیرۆزانە، ئەوە پێشچاو دەخەن كە خواوەند: (مەڕ و بزن و مانگا و حوشتر) و بەدیهاتووانی هاوچەشنی ئەوانی كردووە بە چەند كانییەكی خاوێن و بەلەزەت كە شیریان لـێ هەڵدەقوڵێت و.. «ترێ و خورما» و هاوچەشنی ئەوانیشی وەك چەند سینی و دەفرێك لـێ كردووە بۆ نیعمەتە ناسك و بەلەزەتەكانی و.. لە شتێكی وەك «هەنگ»یش – كە یەكێكە لە موعجیزاتی توانست – هەنگوینێك دروست دەكات كە وێڕای تامی خۆش و شیرینییەكەی، شیفای دەردی خەڵكیشی تێدایە.. ئنجا لە كۆتاییدا، بە ئایەتی: إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَةً لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ
مرۆڤ بۆ تێفكرین و پەند وەرگرتن هان دەدەن و، فێری دەكەن كە: قیاسی نیعمەتەكانی تر لەسەر ئەوانە بكات كە باس كران.
شەشەم سەرنجی ڕەوانبێژی:
هەندێ جار قورئانی پیرۆز ئەحكامەكانی «پەروەردگارێتی» بەسەر بوونەوەرە زۆر و زەبەندە و فراوانەكاندا بڵاو دەكاتەوە، پاشان نیشانەكانی «یەكبوون»یان لەسەر دادەنێت و لە خاڵی یەكگرتنیاندا – وەك ڕوویەكی یەكێتیی نێوانیان- كۆیان دەكاتەوە.. یان لە دەستوورێكی كوللیدا جیایان دەكاتەوە.
بۆ نموونە ئایەتی: وَسِعَ كُرْسِيُّهُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ ۖ وَلَا يَئُودُهُ حِفْظُهُمَا ۚ وَهُوَ الْعَلِيُّ الْعَظِيمُ ﴿٢٥٥﴾ البقرة ئەم «ئایەتەلكورسی»یە «دە» ڕستە دەهێنێت كە لە چەند شكڵ و شێوەیەكی جیاوازدا «دە» چینی «تەوحید» دەنوێنن و دەیانچەسپێنن. دوای ئەمانە بە: مَن ذَا الَّذِي يَشْفَعُ عِندَهُ إِلَّا بِإِذْنِهِ ۚ دەماری «شیرك» و دەست تێوەردانی غەیری خوای گەورە، بە تەواوەتی و بەوپەڕی هێز و توانایی دەبچڕێنێت!
جا ئەم ئایەتە لەو ڕووەوە كە «ئیسمی ئەعزهم»ی تێدا درەوشاوەتەوە، واتاكانی لە بارەی ڕاستییە خوایییەكانەوە لە پلە و پایەیەكی یەكجار گەورە و تەواو بەرزدان، چونكە كاروبارە پەروەردگارییەكان لە پلە هەرە مەزنەكانیاندا پیشان دەدات. ئنجا دوای باسكردنی كارسازیی خواوەند كە لە گەورەترین پلە و بەرزترین مەقامدا ئاڕاستەی ئاسمانەكان و زەویی دەكات، باسـی پارێزگاری(حفیظیة)ی ڕەها و هەمەلایەن دەكات، بە هەموو واتاكانیەوە. ئنجا لە پەیوەندیدەرێكی یەكخەری یەكگرتوو و ڕوویەكی «یەكبوون»دا سەرچاوەی هەموو ئەو درەوشانەوە مەزنانەش بە: وَهُوَ الْعَلِيُّ الْعَظِيمُ كورت دەكاتەوە!
نموونەیەكی تر:
اللَّـهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَأَنزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجَ بِهِ مِنَ الثَّمَرَاتِ رِزْقًا لَّكُمْ ۖ وَسَخَّرَ لَكُمُ الْفُلْكَ لِتَجْرِيَ فِي الْبَحْرِ بِأَمْرِهِ ۖ وَسَخَّرَ لَكُمُ الْأَنْهَارَ ﴿٣٢﴾ وَسَخَّرَ لَكُمُ الشَّمْسَ وَالْقَمَرَ دَائِبَيْنِ ۖ وَسَخَّرَ لَكُمُ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ ﴿٣٣﴾ إبراهيم
إبراهيم.ئەم ئایەتانە دەری دەخەن كە چۆن خوای گەورە ئەم گەردوونەی لە حوكمی كۆشكێكدا بۆ مرۆڤ بەدی هێناوە و.. «ئاوی» ژیانی لە ئاسمانەوە بۆ زەوی ناردووە و.. «زەوی» و «ئاسمان»ی بە وێنەی دوو خزمەتگوزاری كارمەند ملكەچ و گوێڕایەڵ كردووە بۆ مەبەستی گەیاندنی ڕۆزی بە هەموو خەڵكی.. هەروەك «كەشتی»شی بۆ ڕام و گوێڕایەڵ كردووە تاكو دەرفەت بە هەموو كەسـێك بدات سـوود لە سەرجەم بەروبوومەكانی زەوی وەربـگـرێت و، بەم كارەش ژیانی بۆ مسۆگەر بكات و، هەموو خەڵكی بەری ڕەنج و كۆششیان لەگەڵ یەكدا ئاڵوگۆڕ پێ بكەن..
واتە خوای گەورە چەند شێوە و بارودۆخێكی بە: یەك بە یەكی «دەریا» و «كەشتی» و «با» بەخشیوە كە دەڵێی با وەك قامچی و، كەشتیش وەك ئەسپ و، دەریاش بە وێنەی دەشتایییەكی فراوان وایە لە ژێر پێی ئەو ئەسپەدا! هەروەك خوای گەورە پەیوەندیی بۆ مرۆڤ دروست كردووە لەگەڵ ئەو شتانەی ناو دنیادا كە بە كەشتی و هۆكارە سروشتییەكانی تری گواستنەوەی ناو جۆگە و ڕووبارەكان دەگوێزرێنەوە و.. «خۆر» و «مانگ»ی بۆ بەگەڕخستووە و كردوونی بە دوو شۆفێری كارگوزار لە بەڕێوەبردنی چەرخی گەورەی بوونەوەرانی گەردوون و، ئامادە كردنی وەرزە جیاوازەكان و، نیعمەتە خوایییەكانی ناویاندا. هەروەك «شەو» و «ڕۆژ»ی بۆ ژێربار خستووە و، شەوی وەك پۆشـاكێك بـۆ لـێ كردووە تاكـو تیایدا بحەوێتەوە و، ڕۆژیشــی بۆ كـردووە بە كاتی كەســـابەت و دەستخستنی مایەی ژیان و گوزەرانی..
ئنجا دوای ژماردنی ئەم هەموو نیعمەتە خوایییانە، ئایەتەكە ئەم پوختەیە دەهێنێت كە:
وَآتَاكُم مِّن كُلِّ مَا سَأَلْتُمُوهُ ۚ وَإِن تَعُدُّوا نِعْمَتَ اللَّـهِ لَا تُحْصُوهَا ۗإِ… ﴿٣٤﴾ إبراهيم.
تاكو مەودای فراوانیی بازنەی نیعمەت بەخشینەكانی خوا بەسەر مرۆڤدا دەربخات و، پیشانی بدات كە چۆن سەرانسەری ئەو بازنەیە لە نیعمەت پڕ كراوە. واتە هەر خواستێكی مرۆڤ كە چ لە ڕێی پێویستیی سروشتیی خۆی و چ بە زمانی توانا و لێهاتنەكانی لە خوا داوای كردووە، خوای گـەورە هـەمـوو ئەوانەی پێ بەخشــیوە. خۆ ئەو نیعمەتانەش گەر بژمێررێن، ئەوا هەر تەواو نـابـن و كۆتایییان پێ نایەت!
بەڵێ، گەر «ئاسمانەكان» و «زەوی» یەكێك بن لە سفرە ڕاخراوەكانی نیعمەتە مەزنەكانی خواوەند و، «مانگ» و «خۆر» و «شەو» و «ڕۆژ»یش هەندێك بن لە نیعمەتەكانی سەر ئەو سفرەیە، ئەوا بێ هیچ گومانێك دەردەكەوێت كە ئەو نیعمەتانەی ڕوویان لە مرۆڤە هەرگیزاو هەرگیز تەواو نابن و لە ژماردن نایەن.
ئەم بابەتە لە ژمارە ٣٧ ی گۆڤاری هەیڤ بڵاوکراوەتەوە
Related posts
Leave a Comment
You must be logged in to post a comment.